Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

خه‌بات عارفێ هه‌بوو

Comment

 

 

ئەزانی چۆن لافاو لەدڵتا ماڵیکەی! ئەو پاسەوانی شەوانەی ئەم دوورگەیە، ئەی ئەوەی لەنێوان مردن  و نەمریدا سەرت تەنیا ئاگریکەو باوەش بە دەروونما ئەکا، هێندە ماڵیم بە چەپۆکی پاچەکانت، نەک هەر سەرم، بەڵکو تەنانەت ئەو دڵەش کە جێگای نووستنی شەوانەی ئافرەتێکە، لەساتێکا چەندەها جار بەناو خاکی مردنا ئەڕوات و ئەنجام دێتەوە بۆ لای خۆم.

 شیعری- ئەوسا ئەوین: شیرین بوو وەک نیگای مەستی چاوەکانت، تاڵ بوو وەکوو دوورکەوتنەوەت – ١٩٧٩

  خەبات عارف، لە نیوەی دووەمی حەفتاکان دا دیارترین دەنگی شیعریی بوو لەناو نەوەکەی خۆیدا. ئێمە، هەموو هەفتەیەك بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەرچوونی هەفتەنامەی “بیری نوێ”مان ئەکرد، تا شیعری خەبات عارف بخوێنینەوە. ئەو هەر لەسەرەتاوە دەستبەرداری بنەما تەقلیدییەکانی شیعر بوو، وەکو کێش و سەرواو، هەروەها نوقم بوون لە رۆمانسییەتێکی هەرزەکارانە، کە ئەوساو ئێستاش، شیعری کوردیی ئیفلیج کردووەو ڕێی لە گەشە سەندنی گرتووە. خەبات لەو شاعیرە کەمانە بوو کە لە سەردەمێکدا پەخشانە شیعر، یاخود شیعری ئازادی ئەنووسییەوە، کە بە هیچ جۆرێ دەرچوون لە کێش بە شیعر دانەئەنرا. بەڵام خەبات سەلماندی، کە شیعر شیعرەو بە کێش و سەروا ناپێورێ.

  بەختیار عەلی ئەڵێ:” لەگەڵ خەبات عارف پێکەوە قوتابی بووین لە دوا ناوەندیی ئەزمڕ لە سلێمانی، ئەو ساڵێک لەپێش منەوە بوو. لاوێکی قۆز بوو. یەکێک بوو لەشاعیرە باشەکانی ئەو سەردەمە”.

خەبات لە هەندێ لەو شیعرانەی بڵاوی ئەکردنەوە ئەینووسی (پێشکەشە بە “س”)، بەڵام هەموو ئەمانزانی ئەو سینە سەرگوڵە، کە پێکەوە لە زانکۆ خوێندکار بوون و پاشان بوو بە هاوسەری. چیرۆکی خۆشەویستیی خۆی و سەرگوڵ هەموومانی تووشی مەراق کردبوو کە ئەبوایە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەزموونی ژیانی ئەو شاعیرە ببین.

 بەهۆی هاورێیەکەوە کە لە زانکۆی سلێمانی دا خوێنکار بوو لەگەڵ خەبات، نامەمان ئەگۆڕییەوە. دەستخەتێکی ئەوەندە نایاب و جیاوازی هەبوو، بە ڕادەیەک عاشقی بووم دەستم کرد بە لاسایی کردنەوەی. تەنانەت محەمەد عومەر عوسمان، پێم وایە ساڵی ١٩٩٠ بوو کاتێ پێکەوە لە پرۆژەی به‌نداوی عوزێم دا کارمان ئەکرد، بڕیاری دا دیوانی شیعری داهاتووی بە دەستخەتی من بەچاپ بگەیەنێ. کۆمەڵێ شیعرێکی خۆی پێ نووسیمەوەو، پێم وایە رووناکییشی نەبینی!

 خەبات عارف وەکو شاعیرێك هەڵگری بیری چەپ بوو، بیری چەپیش لە حەفتاکان و، تەنانەت هەشتاکانیش دا، ئینجیلی ئەدیب و رۆشنبیری کورد بوو، بەڵکو هێڵی سوور بوو کەس بۆی نەبوو بیبەزێنێ. ئەبوایە لە کۆتایی هەموو چیرۆکێکدا چینی پرۆلیتاریا سەرکەوتنی بەدەست بهێنایەو، لە کۆتایی هەموو شیعریکیشدا خۆرێکی گەش هەڵبهاتایە، ئەگینا ئەو شاعیرە بەر نەفرەتی مارکسیستەکان ئەکەوت و بە شاعیری وردە بۆرژوا، تەنانەت پیاوی ئیمپریالیزم تۆمەتبار ئەکرا!. خەبات لەم رەوتە ئایدیۆلۆجییە رزگاری نەبوو. به‌ڵام ئەوە تەنیا گرفتی خەبات نەبوو، بەڵکو گرفتی نەوەیەک بوو، نەوەی خەبات عارف. لە هەندێ لە شیعرەکانیشیدا رەنگی دابۆوە، بەڵام دواتر لێیان پەشیمان ئەبێتەوەو دووبارە دایانئەڕێژێتەوە. بۆ نموونە، لەشیعری “ئەوسا ئەوین شیرین بوو” کە ساڵی ١٩٧٩نووسیویەتی و لە کۆڕێکی شیعردا خوێندیەوە ئەڵێ:

“کە مناڵ بووین لە وڵاتێکی ئازیزا پەروەردە بووین تۆ ناوت لێ نابوو عێراق”.

بەڵام ساڵی ١٩٩١، پاش رووخانی بلۆکی سۆشیالیستی، هەروەکو لە کۆمەڵە شیعرەکەیدا دەرئەکەوێ، بەم شێوەیەی داڕشتۆتەوە:

“کە منال بووین لە وڵاتێکی ئازیزا گەورە ئەبووین تۆ ناوت لێ نابوو: وڵاتی دڵی زیندووە مردووەکان”. 

   خەبات هەرچەندە بەدەر نەبوو لەو رەوتە باوە، بەڵام ئەو پتر گرنگیی بە هونەری شیعریی، بە شیعرییەتی دەق ئەدا وەك لە ئایدیۆلۆجیای سیاسی. شیعری وەکو “ئەمە خۆشەویستیی منە”، “نیکۆس بیلۆیانێس”، “سەمای مەرگ”، “ئەوسا ئەوین شیرین بوو وەک نیگای مەستی چاوەکانت، تاڵ بوو وەکو دوورکەوتنەوەت”، “تۆ چرایەکی ئازاری لەشەوانی تەنیاییمدا دائەگیرسێی” سەرسامی کردبووین؛ بە تەکنیکە نوێکانی، بە بینای ڕستەو وشە نوێکانی کە غەریب بوو بۆ ئەوسای شیعری کوردیی. شیعری کوردیی ئەوساو، تەنانەت ئێستاش، پڕە لە گوڵ و ئەستێرەو خۆرو باران و بەهارو رووبارو شەوو ئاسمان و عەشق و،… موفره‌داتی شیعری کوردی له‌و سنووره‌به‌رته‌سکه‌تێناپيڕێ و، خەیاڵی شاعیری کورد لەوە زیاتر بڕ ناکات.

  ساڵی ١٩٧٩ لە سلێمانی کۆڕێکی شیعری بۆ شاعیرە لاوەکان کرایەوە، کە جگە لە خەبات عارف، عوسمان شەیداو حەمە سەعید حەسەن و زۆر شاعیری دیش بەشدارییان تیا کردو، حەمە فەریق حەسەن بەڕێوەی ئەبرد. لەو کۆڕەدا، بە پێچەوانەی زۆربەی شاعیران کە بە هاوارو قیڕە قیڕ شیعریان ئەخوێندەوە، خەبات بە دەنگێکی زۆر هێمن و له‌سه‌رخۆ، تەنانەت هەندێ جار بە چرپە، کە بە حاڵ گوێت لە دەنگی ئەبوو، شیعری ئەخوێندەوە. بە پێی پێویست دەنگی بەرز یان نزم ئەکردەوە، بەڵام نەیئەقیڕاند. خەبات کاسێتیکی کۆڕەکەی بۆ ناردم، زۆر لە شاعیرانی کەرکوك لەبەریان گرتەوە. من ئەوەندە بە دەنگ و ئیلقای شیعریی خەبات کاریگەر بوبووم، لە کۆڕە شیعرییەکانمدا لاساییم ئەکردەوە. ساڵی ١٩٨٠ کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد لە هەولێر کۆڕێکی شیعریان بۆ کردینەوە، کە جگە لە من، ئەنوەر مەسیفی و دڵپاک تاهیرو زۆر شاعیری دیش بەشدارییان تیا کردو، عەبدولوەهاب تاڵەبانی کۆڕەکەی ئەبرد بەڕێوە. ئازاد جندیانی لەسەر کۆڕەکەی نووسی و لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا بڵاوی کردەوە، تیایدا ئەڵێ: بەڕای من شیعرەکەی ئازاد ئەحمەد لەڕووی شێوەو ناوەڕۆک و شێوەی خوێندنەوەدا باشترین شیعر بوو.

سوپاس بۆ خەبات عارف کە فێری ئەو شێوە خوێندنەوەیەی کردم.

  پێم وایە هاوینی ساڵی ١٩٨٠بوو خەبات، جارێک لەو جارانەی هاتوچۆی کەرکوکی ئەکرد، ڕێی کەوتە ماڵمان. ئەو ژوورەی تیای دانیشتین، پانکەی تیا نەبوو. خەبات، کراسە سپییەکەی بەری لە ئارەقەدا خوسا!. لەو دانیشتنەدا، کە نەوزاد ئه‌حمه‌د ئەسوەدی براشم ئامادە بوو، باسی شیعرو مارکسیزم و، گۆڕینی دنیامان ئەکرد!، تاقە بابەتی حەفتاکان و هەشتاکان، هەروەکو خۆی لە ئیمەیلێکدا بۆی نووسیووم:” ئەمویست بەهار بهێنمە بەر دەرگاتان”!  

  خەبات عارف ساڵی ١٩٨١ وڵاتی بەجێهێشت بەرەو سوید. ئیدی ئاگامان لێی بڕاو، پێم وایە لەشیعر نووسین کەوت. ساڵی ١٩٩٧ کۆمەڵە شیعرێکی بەچاپ گەیاند بەناوی “گەڕانەوەی ئەستێرەکان”، کە بریتی بوو لە شیعرە کۆنەکانی، لەگەڵ هەندێ شیعری نوێدا بەرواری ساڵانی نەوەتیان پێوەیە، کە واپێ ئەچێ بە درێژایی ساڵانی هەشتا شیعری نەنووسیبێ. بەڵام خەبات ئێستا خەریکی وەرگێڕانە. بەڕای زۆر کەس، یەکێکە لە سویدی زانە هەرە باشەکانی نێو کوردی ئەو وڵاتە، لەپاڵ فەرهاد شاکەلی و رزگار شێخانی و عەبدوڵلا قادر دانسازو هەندێ کەسی دیش. گەلێ رۆمان و شانۆگەریی لە سویدییەوە وەرگێڕاوە، وەکو “لێگەڕێن مرۆڤ بژی”، “شازادە چکۆل”، “شێرێکیان کوشتووە”، “پەناهەندە”، “گوێ بگرە پیاوی بچووک”…. هەروەها شیعری شێرکۆ بێکەس و رەفیق سابیری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سویدی و، لەم دواییەشدا فەرهەنگێکی کوردی – سویدیی بڵاو کردەوە.

 بەڵام خەریک بوون بە وەرگێڕان، لە باشترین حاڵەت دا، خەریک بوونە بە داهێنانی کەسانی دییەوە.

 وەرگێڕ سەربازی ونە.  

 

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته ‌له‌ژماره‌ 708ی لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ڵام ناونیشان و هه‌ندێ شتی دیش ده‌سکاری کراوه‌.  

 

 

ئازاد ئه‌حمه‌د – به‌ریتانیا

azadaswad@yahoo.co.uk   

Previous
Next

Leave a Reply