Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

خه‌مبار مه‌به …… به‌ندی عه‌لی

Be First!
by August 22, 2010 هۆنراوە

 2010

 

خه‌مبار مه‌به ئه‌ی ڕێبوار
گشت ڕیگه‌کان
هه‌ر ده‌چنه‌وه‌ بۆ سه‌رکانی
چێژی کۆچیش له‌وه‌دایه‌
له‌گاپێڵ و له‌هه‌ورازا
هه‌ست به‌دڕکی غوربه‌ت بکه‌ی
له‌ژێر پێتا
له‌شه‌وه‌ پاییزیه‌کانیشا
هه‌ڵاڵه‌ی خه‌وه‌کانت بفڕن
له‌گه‌ڵ با
ئه‌و خه‌وانه‌ی له‌ئامێزی
عه‌با لوول بووه‌که‌ی شه‌وا
هه‌ر به‌ڕوخساری مانگه‌وه‌
ده‌یانبینی و به‌یانیانیش
یان بۆڵه‌بۆڵی هه‌ورێکی وێڵی جێماو
دیه‌ت له‌خه‌و ده‌تۆرێنێ
یان خرینگه‌ی ڕێژنه‌ بارانێکی توڕه‌
که‌له‌وه‌ختێکی ناوه‌خت و
له‌جێیه‌کی نابه‌جێا دێته‌خوارێ
تۆش هه‌ر چاوه‌ڕێی هه‌تاوی
بۆ بژاری سه‌رو مایه‌ت
هه‌موو دێن و هه‌موو ده‌ڕۆن
 ئه‌و هه‌ر نایه‌ت
خه‌مبار مه‌به ئه‌ی ڕێبوار
گشت ڕێگه‌کان
هه‌ر ده‌چنه‌وه‌ بۆ سه‌رکانی
هه‌ر هیچ نه‌بێ خه‌ونت هه‌یه‌و
خه‌ویش .. هیوا
له‌کۆچێکی به‌ره‌و ژوورا
خۆ ئه‌گه‌ر به‌ر له‌مه‌رگیش بێ
ئه‌شێ ڕۆژێ
ماڵی چۆڵ و هۆڵی روحت
پڕ بێته‌وه‌ له‌گۆرانی
خه‌مبار مه‌به‌ .. ئه‌ی ڕێبوار
گشت ڕێگه‌کان
هه‌رده‌چنه‌وه‌ بۆ سه‌رکانی

Previous
Next

Leave a Reply