Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

خه‌مه‌کانی شه‌وێک

Be First!
by January 10, 2011 هۆنراوە

ته‌نیایی
کزه‌بایه‌کی بێ شه‌رمی سرکه‌و
خۆ ئه‌گه‌ر ژیان
جه‌نگه‌ڵێکی به‌یه‌کداچووی چڕیش بێ
ئه‌و به‌نێو لاقی
دره‌خته‌کانی ڕۆژگارا دزه‌ ئه‌کاو
ژێر کراسی نهێنیه‌کان هه‌ڵئه‌داته‌وه
له‌و ساتانه‌داو
له‌ئاوێنه‌ی چاوی حه‌شاماتا
واهه‌ست ئه‌که‌م .. ڕووت و قووتم

غه‌ریبی
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بووه‌ هاوڕێت
ئیتر ئه‌بێته‌ سێبه‌رو لێت ناگه‌ڕێت
لای ئه‌و ، گرنگ نیه‌ له‌کوێی
ڕه‌دووشی که‌وی نایگری و
ناتوانی له‌ده‌ستی هه‌ڵدێی
شکۆی سێبه‌ری ئاسایی له‌ژێر خۆرا
خۆی ئه‌نوێنی
ئه‌م سێبه‌رێکی بێ عاره‌و شه‌وان زیاتر
به‌روحه‌وه‌ خۆی ئه‌لکێنێ

غرور
کێوه‌ به‌فرێکی لوت به‌رزی له‌خۆبایی
له‌سه‌ر پشتی زه‌ریایه‌که
نه‌رم ، به‌ڵام بێ متمانه‌و ناخ وروژاو
تا له‌باوه‌شی ته‌ما بێ
جه‌نگاوه‌رێکی پڕ غیره‌ته‌و
له‌گه‌ڵ ڕێژنه‌بارانیشا
سازشکارێکی زۆر عه‌ییار
که‌چی ئه‌ژنۆی دێته‌ له‌رزین
به‌دزه‌ نیگایه‌کی هه‌تاو

یادگاری
هه‌ندێ هێڵی پچڕ پچڕ
ئه‌مانه‌وێ به‌یه‌کیانی بگه‌یه‌نین
هه‌ندێ توله‌ڕێی ته‌ماوی
گه‌ره‌کمانه‌ به‌هیمه‌تی مۆمێکه‌وه
به‌سه‌ریانا بڕۆینه‌وه
هه‌ندێ په‌ڵه‌ خه‌وی گه‌واڵ
ئاره‌زوومانه‌ بای شه‌ماڵ به‌لوتفی خۆی
له‌یه‌کتریان گرێ بداو
ببن به‌زینده‌خه‌وێکی هه‌میشه‌که‌سک
مه‌راقێکی پاییزی ته‌مه‌نیشه‌ بۆ
کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نکه‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌کانی
هه‌ناری مێخۆشی لاوی
وه‌لێ .. حه‌یفێ

 

Previous
Next

Leave a Reply