Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ محه‌كی غه‌دردا

خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ محه‌كی غه‌دردا

Closed
by September 2, 2010 گشتی

 ئه‌گه‌ر به‌شێنه‌یی قسه‌و باس له‌سه‌ر قۆناغه‌كانی مێژوویه‌تی كورد بوونی  شاری كه‌ركوك بكه‌ین ئاوا زیاتر له‌ تێزی دكتۆرایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت , ئاسه‌واره‌ دێرینه‌كان و به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنته‌ مێژوویه‌كان له‌سه‌ر كورد بوونی خاك و خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ زۆر و زه‌به‌ندن  و كه‌س ناتوانێت نكۆڵی و حاشای لێبكات  , به‌ڵام له‌ كورته‌ باسێكی ئاوادا ده‌كرێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ بكه‌ین  كه‌ بڕیار و حوكمێكی مێژوویی و  سیاسی و چاره‌نوسساز  ده‌سته‌و یه‌خه‌ی ئه‌و شاره‌ بووته‌وه‌ , ڕه‌هه‌نده‌ مێژووی و جوگرافییه‌كان فه‌رامۆش و پشت گوێ خراون  ته‌نها ڕاپرسی و ڕیفراندۆم دۆخه‌كه‌ و كورد بوونی یه‌كلای ده‌كاته‌وه‌  .
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی خێرا  له‌ مێژووی ئه‌و شاره‌ بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت  هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی ئێراقدا سه‌ره‌تای مشتومڕێكی گه‌وره‌ له‌نێوان نماینده‌كانی توركیا و ئێراقدا  به‌چاودێری ڕاسته‌و خۆی  ووڵاته‌ زلهێزو بڕیار به‌ده‌سته‌كانی ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی دونیا له‌سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ دروست بوو كه‌ هه‌رلایه‌ك هه‌وڵی ده‌دا و ده‌یویست  ئه‌و ویلایه‌ته‌ به‌ خه‌ڵك و خاكه‌وه‌ بكه‌وێته‌ ژێر ڕكێف و ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌  و به‌شێك بێت له‌ سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی  ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خۆی  , پاش بێنه‌ و به‌رده‌یه‌كی زۆر ده‌ره‌نجام بڕیاری لكاندنی ویلایه‌تی موسڵ  به‌ ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه‌ له‌ڕێگای راپرسی و ڕاسپارده‌یه‌كی ساخته‌وه‌ درا ,ئیتر شاری كه‌ركوك بووه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی قسه‌ و باس و گفتوگۆكانی نێوان ڕژێمی ئێراقی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی كورد  تاكو ئه‌م ساته‌ وه‌ختانه‌ش  سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی  له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك  دانوستانیان كردووه‌ و یه‌كێك بووه‌  له‌خاڵه‌ جه‌وهه‌ری و هه‌ره‌ ئاڵۆز و ناكۆك و به‌یه‌كنه‌گه‌یشتووه‌كانی  نێوان هه‌ردوولا , نه‌ته‌وه‌ی كورد مافی ڕه‌وای خۆی بووه‌  ئه‌وانیش نكۆڵیان  له‌دانی ئه‌و مافه‌ كردووه‌ , داكۆكی كردنی به‌و هۆ و سۆنگه‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ شاری كه‌ركوك ده‌وڵه‌مه‌نده‌  به‌ نه‌وت و كانزا ژێرزه‌مین و سه‌رزه‌مینیه‌كانی  به‌ڵكو ڕاستییه‌ مێژووی وجوگرافییه‌كان  ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ كه‌ركوك هه‌میشه‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ خاك و جوگرافیای مێژووی كوردستان .
 گه‌رید و ڕۆژهه‌ڵاتناس (ارشاك  سافرستان )  له‌كتێبی (كورد و كوردستان ) دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆچوونێكی وا هه‌یه‌  كه‌ ناوی كورد له‌یه‌كێك له‌ قه‌بائله‌ كۆنه‌كانی كورده‌وه‌ وه‌رگیرابێت  ئه‌ویش قه‌بائلی (گۆتی) یه‌ , به‌ تێپه‌ڕبوونی كات و سه‌رده‌م ئه‌م ناوه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ وبووه‌ به‌ (كورد) خۆیشی پیشتگیری ئه‌و ڕا و بۆچوونانه‌ ده‌كات  كه‌ تۆماری كردووه‌ , (اربخا یان سلۆقس) ناوی كۆنی  شاری ئێستای كه‌ركوكه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ به‌ر له‌هاتنه‌ دونیای مه‌سیح  پایته‌ختی گوتیه‌كان بووه‌  كه‌ ده‌كرێ بووترێ‌ كه‌ركوك هاوشانی ئه‌كباتانا (هه‌مه‌دان ) پایته‌ختی كوردان بووه‌  له‌سه‌ره‌تای ئاشنا بوونی مرۆڤ  به‌ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه‌بردن و كارگێری  كۆمه‌ڵگا  به‌شه‌رییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م و زه‌مانه‌ .
پێش هاتنی ئیسلام و تاكو سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامی  هیچ عه‌ره‌بێك له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ساسانیه‌كاندا  و هه‌رێمی چیاكان نه‌بووه‌  , دوای هاتنی له‌شكری ئیسلام بۆ ناوچه‌كه‌  هه‌ندێك ماڵه‌ عه‌ره‌ب هاتنه‌ باشور و ناوه‌ڕاستی ئێراقی ئێستا   به‌هۆی ژیانی كۆچه‌ری و مه‌ڕداری و و به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵاته‌وه‌  له‌شێوه‌ی ڕه‌وه‌ند هه‌ندێكیان  تاكو نزیكی سنوره‌كانی كوردستان هاتوون , به‌ڵام له‌ژێركاریگه‌ری پیاده‌كردنی سیاسه‌تی  پاكتاوی نه‌ژادی  و ته‌عریب و ته‌رحیلدا ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌و ماڵه‌ عه‌ره‌بانه‌ له‌ڕێگای به‌خشینی ئیمتیاز و ده‌م چه‌ور كردنه‌وه‌ی  له‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیستدا هاتنه‌ شاری كه‌ركوك و چه‌ندین كۆمه‌ڵگا و گه‌ڕه‌كی نوێیان له‌سه‌ره‌وه‌ختی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسێندا له‌شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ردا بۆ دروستكرا .
دوای نغرۆ بوونی یه‌كجاره‌كی ده‌سه‌ڵاتی دكتاتۆری له‌ ئێراقدا  كورده‌ ئاواره‌ و ده‌ركراوه‌كانی  شاری كه‌ركوك  ئۆغژنێكیان به‌ به‌ردا هاته‌وه‌  كه‌ مه‌ینه‌تی و ئاواره‌ی و ده‌ربه‌ده‌ری  كۆتایی هاتووه‌ و خوای گه‌وره‌ ده‌رویه‌كی خێرایانی لێكروه‌ته‌وه‌ ئیتر ده‌توانن  به‌ ئاسوده‌ی و بێ ترس و سڵمینه‌وه‌یه‌ك و به‌كامه‌رانی  له‌و شاره‌ی  كه‌ گۆڕی باپیران و كه‌س و كار و یاده‌وه‌ریه‌كانیان  لێیه‌ بژین , به‌ڵام  مه‌خابن  ئه‌و هیواو ئاواته‌یان به‌ته‌واوی نه‌هاته‌ دی چه‌نكه‌ ئه‌وانه‌ی  كه‌ ڕژێمی ئه‌فله‌قی بۆ پیاده‌ كردنی  گۆڕینی سیما و مۆركی كوردانه‌ی ئه‌و شاره‌ ئه‌نجامی دابوو  به‌ئاسانی ڕه‌ش نه‌كرایه‌وه‌  ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی  دوای سه‌دامیش  له‌سه‌ر هه‌مان ڕێڕه‌و ده‌چوون له‌مه‌ڕ جێگیر كردنی  سیاسه‌تی ته‌عریب و پشتگیری  ئه‌و سیاسه‌تیان به‌وه‌ ده‌كرد  كه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان له‌و شاره‌ بمێننه‌وه‌ و به‌ ئاسانی كۆڵنه‌ده‌ن هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر ناهه‌قن , له‌ باسه‌كانی ڕابردوومدا  هه‌ندێك ئاماژه‌م به‌و كۆسپ و  ته‌گه‌رانه‌ كردووه‌ كه‌ فه‌رماڕه‌وایانی  ئێراقی ئه‌مڕۆ  خۆیان گرفت ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی (140) له‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌ی ئێراقدا بۆیه‌ نامه‌وێت جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باسو خواسانه‌ .
هه‌ندێك  بڕگه‌ له‌ماده‌ی (140) ی ده‌ستوردا به‌حیساب  خراونه‌ته‌وه‌  به‌ر پڕاكتیزه‌ كردن  به‌ڵام  له‌ناوه‌ڕۆك و جه‌وهه‌ردا  سودێكی ئه‌وتۆی  تێدا نیه‌  ئه‌وه‌نده‌ شه‌رت و قه‌ید و مه‌رجیان دانه‌وه‌  كه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار كه‌می  كورد  سودمه‌ند ده‌بن  له‌و بڕگه‌ و بابه‌تانه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ واری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زه‌مینه‌ی ڕه‌خساندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌  هاورده‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌  و كورده‌كانیش  هه‌رچه‌نده‌  بڕه‌ پاره‌یه‌كی  نیو ئه‌وه‌نده‌ عه‌ره‌ب هاورده‌كانیان پێده‌درێت به‌ڵام دوای سه‌رژمێری ساڵی 1957یان لێده‌كرێت  كه‌ئه‌ویش دنیایه‌ك  چه‌واشه‌كاری  و ته‌زویركاری  له‌سه‌رده‌می رژێمه‌كانی پێشووی ئێراقدا تێدا كراوه‌ .
وا رۆژ به‌ رۆژ له‌واده‌ی سه‌رژمێری گشتی عێراق نزیك ده‌بینه‌وه‌ و هێشتا ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ بڕه‌ی سمێڵیان له‌ كه‌ركوكدا دێت و ده‌بنه‌ خانه‌ خوێی عه‌ره‌باكانی تر و به‌رده‌وام له‌ زۆر بوون و زاو زێكردندا ، ئه‌وانیش دوای سه‌رژمێری ده‌ڵێن ئێمه‌ش خاوه‌ن هه‌قین و ده‌بنه‌ خاوه‌نی به‌ڵگه‌ی سه‌رژمێری دوای حه‌وت ساڵی ده‌سه‌ڵاتی دوای ئازادی عێراق ، سه‌رژمێریه‌كه‌ش مافیان پێده‌دا له‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی یه‌كلا كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی كه‌ركوكدا به‌ ریفراندۆم به‌شدار بن .
هه‌قه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان  چاوێك به‌و بڕگه‌ و خاڵانه‌دا بخشێننه‌وه‌ تاكو زۆرترین  ژماره‌ی كورده‌ ئاواره‌ بووه‌كانی شاری كه‌ركوك قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ و هه‌ل و ده‌رفه‌تێكیان ده‌ست بكه‌وێت  بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر پیشه‌ و ئیش وكاری پێشوویان گوزه‌رانی ئاسایی خۆیان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌  نه‌ك كرێچی و كرێكاری ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ بن له‌ شاری خۆیاندا ، هه‌وڵ بدرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو كوردێكی كه‌ركوك كه‌ له‌ هه‌ركوێ‌ ده‌ژێن بینه‌وه‌ كه‌ركوك و به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی نانوسینی خۆیان بكه‌ن له‌ كه‌ركوكدا.

 

حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ
husin2008@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.