Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
خۆمم بە سەر شانەوەیە مەست مەست ئەڕژێمە ناو ژوورەكەتەوە

خۆمم بە سەر شانەوەیە مەست مەست ئەڕژێمە ناو ژوورەكەتەوە

Closed
by November 21, 2010 ئەدەب

 
1. وەرە بەبۆنمخە ئەی گوڵی شین     
لە دەرگام ئەدەیت
ئەیكەمەوە ..
بۆ ئەملاو لای خۆم و
ئاسمان و زەوی .. ئەڕوانم
كەس نیە ..
دەرگاكە دائەخەمەوە
كەچی تۆ لە تەنیشتمەوە دانیشتویت
تۆ من ئەبینیت و
لە حاڵم ئەپرسیت
من تۆ نابینم ..
دەزولەییەك دوكەڵی سپی نەبێت
لە ناو خاشاكی تەپڵەكەكەوە
بە قرخەو كۆكە ..
نیوە جگەرەیەكی تەواو كردووە
تۆ لە من ئەپرسیت
من تۆ نابینم ..
شوشەیەك شەراب نەبێت
تا نیوەی خۆی مەستە
تۆ ئەڕۆیت و پەنجەكانت بە جێھێشتوون
من تۆ نابینم ..
جگەرەیەك نەبێت
تەپڵەكەكەی پڕ كردووە
لە ئاھو حەسرەتم
كە تۆ ڕۆشتیت ..
من وشوشەیەك شەراب تا بەیانی
ئەو دەرگای ئەكردەوە و
منیش دامئەخست .

2. بای ئەجەل گەردەلولی لە ناو ژوورەكەمدا ھەڵكردووە

لە دەرگام ئەدەیت
ئەیكەمەوە و كەس نیە
بایەكی فێنك بە ڕوومدا دێت
دایئەخەمەوە ..
كەچی لەسەری سەرەوە با دانیشتووە

3. دەی داكە بە خوڕ ئەی دەنگی بێدادیم
ئەم پایزە شێتە گەڵایەكی پێوە نەھێشتووم

لە دەرگای منەوە
جگە لە مێرولە و قالۆنچە
كەس نایەتە ژوورەوە
جگە لە باران و پایز
كەس لە دەرگام نادات
ئێوارەیەك ..
پایزە فەقێ بە سینیەك گەڵاوە
بە دەرگاكەدا ئەكێشێت ..
ھیچم نیە لە مشتێ گڤەی با زیاتر
بۆ سەمفۆنیای ئەم ئێوارەیە
ئەیخەمە ناو شمشاڵەكەیەوە .

4. ئەم بیابانەم بە دەمتەوە بگرە و پەنجەكانت بخەرە سەر كون و كەلەبەرەكانی ڕۆحمەوە كەمێك بە لێوەكانت بمژەنە

كە لە دەرگام ئەدەیت ..
گەڵایەكی پیر بە دەستی باوەیە
خشەخش خۆی ئەكات بە ژووردا
گۆچانەكەی ئەداتە دەستم و
پاڵتۆكەی ئەداتە دەست كزەی با
پێكەوە گوێ لە شمشاڵەكەی پایز ئەگرین .

5. لەم ژوورەدا بە دەست نوزە نوزی بێدەنگیەوە سەرم كاس بووە

لە دەرگای منەوە
خۆر ..
بەیانیان زوو
بە سەبەتەیەك بەرسیلەی تیشكەوە
دێتە ژوورەوە
بەرلەوەی بۆ شەرابی شەوانم
پێبگات ..
بێدەنگی بە نوزە نوز
ئەیفلیقێنێتەوە و
دەنكێكیش ناھێڵێتەوە
كە من عەیامێكە بێزووی پێوە ئەكەم

6. منت كردووە بە ھێلانەی ھێلكەی شكاو

لە دەرگام ئەدەیت
ئەیكەمەوە .. لەو دیو
جاڵجاڵۆكەیەكی قرچۆكە
دێتە ژوورەوە ..
لە سوچێكی ئەم ژوورەدا
ئەویش .. تەنافێك
قالۆنچە و مێشی ھەڵخستووە

7. ھەتیوترین ھەتیوی ھەتیوخانەكەتم ئەی بێ دڵ

دەرگاكەی من
پەڕو باڵی چۆلەكەیەكە
چۆلەكەیەكی ھەتیو ..
بە جریوەیەكیش ئەكرێتەوە

8.  لەو ژوورەدا پیرخدرێكی عاشق نوستووە

لەم دیو ئەو دەرگایەوە
ھەزار ساڵە چاوەڕێم
تۆ ھەر نەھاتیت
تا ووردە ماچێك بۆ ناوگۆمی چاوەڕوانی
فڕێدەیت ..
ئەم ژوورە چۆڵە
كونێكی تێكەو بیشڵەقێنە
با كەشتیەكەی نوحیش بەرێت
كەی دێیتەوە ..
ئەی میراوی دڵڕەقی چاوەڕوانی
وەرە لە ناو ئەم تەپڵەكەدا
لە ژێر نەفەسی ئەو جگەرە قرخنە
دەرمكە ..
وەرە دڵت پڕكە لە گومان
ئەوە شوشە خانە
بە تەنیشتمەوە نوستووە
كەی دێیتەوە ..

Simkan97@hotmail.de

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.