Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

خۆپیشانده‌رانی17ه‌ی شوبات،شاعیره‌ شێته‌که‌ی جێمس ویته‌ بوو

Be First!
by February 15, 2012 گشتی

جێمس ویته،له‌ شاکارێکی ئه‌ده‌بیی خۆیدا چیرۆکی (شاعیره‌ شێته‌که‌) وا ده‌ده‌ڕێژێت،
کورته‌ی به‌سه‌رهاتی چیرۆکه‌که‌:
شاعیرێک ،وه‌ک داکۆکیکه‌رێکی سه‌رسه‌ختی به‌شمه‌ینه‌تان،ته‌واوی نووسینه‌کانی خۆی بۆ ئه‌وبواره‌ ته‌رخانده‌کات،به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی مناڵانی لاکۆڵان و که‌وتنه‌باس و خواس له‌گه‌ڵیاندا کاری ڕۆژانه‌یه‌تی،زۆرجارو له‌شه‌وه‌ سارده‌کانداو له‌په‌نادیواری شه‌قامه‌کاندا،وه‌ک به‌شێک له‌وان، له‌گه‌ڵیاندا ئاگر ده‌کاته‌وه‌و خۆی گه‌رمده‌کاته‌وه‌.
هه‌رجارێک له‌کار ده‌گه‌ڕایه‌وه‌،وا ڕێکه‌وتبوو ده‌بوایه‌ به‌به‌رده‌می باڕێکی گه‌وره‌دا تێپه‌ڕێت و به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ بێته‌وه‌،دووباره‌بوونه‌وه‌و بیستنی قاقای ناوه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌،‌ خه‌ونی ئه‌وه‌ی لا دروستکرد هه‌رچۆنێک بوه‌ شه‌وێک له‌وباڕه‌دا به‌رێته‌سه‌ر،هه‌رچه‌نده‌ دڵنیابوو له‌ گرانیی شه‌وێکی ئه‌وباڕه‌،به‌ڵام بڕیاری پاشه‌که‌وتکردنی پاره‌‌ی داو ده‌ره‌نجام  به‌شی ئه‌وه‌ی کۆکرده‌وه‌ که‌ شه‌وێک له‌و باڕه‌دا به‌سه‌ربه‌رێت.
پاش هه‌وڵدان و پاشه‌که‌وتکردنێکی زۆر،ده‌ره‌نجام شانسی چوونی بۆ ئه‌وباڕه‌ی خه‌ونی پێوه‌ده‌بینی ،بۆ دروستبوو.له‌گه‌ڵیشیدا هه‌رده‌م ئه‌و پرسیاره‌ی له‌خۆی ده‌کرد:
گه‌لۆ ئه‌بێ له‌ناو ئه‌و باڕه‌دا چی بگوزه‌رێت؟
دوای پۆشینی پۆشاکێکی شایسته‌،به‌ره‌و باڕه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ڕێ ،هه‌ر به‌چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌م بۆناو باڕه‌که‌،وه‌ک مشته‌رییه‌کی تازه‌هاتوو،ناتالیای سۆزانیی،چاوی ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌م و ئه‌م به‌ که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌که‌ ده‌زانێت.به‌ ڕێکه‌وتیش،ڕوخساری ئه‌م له‌که‌سێکی به‌ناوبانگی شاره‌که‌ ده‌چێت،ناتالیاش بۆ وه‌ده‌ستخستنی پاره‌یه‌کی زیاتر،دێت و له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی ئه‌م داده‌نیشێت و ده‌ست به‌نازی ئاسایی خۆی ده‌کات. شاعیری بێئاگا له‌م پێشهاته‌،سه‌ره‌تا چۆن ناتالیا ئه‌خوازێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌تی،دوای که‌مێک ناتالیا داوا له‌ شاعیر ده‌کات له‌گه‌ڵیدا بچێته‌ سه‌ر شانۆ و سه‌مابکه‌ن،ده‌چێت،هه‌ر به‌چوونی ئه‌مان بۆ سه‌ر شانۆکه‌،دانیشتوانی هۆڵه‌که‌،ده‌ست به‌ فیکه‌لێدان و هاوارده‌که‌ن و ده‌یانجار گوێت له‌ (بژی ناتالیا) ده‌بێت.شاعیره‌ش دوای هه‌ستکردنی به‌وه‌ی سۆزانیی ئه‌م به‌ که‌سێکی دیکه‌ تێگه‌یشتوه‌،ده‌ستی ناتالیا ده‌گرێت و دێته‌ پێشی شانۆکه‌وه‌و به‌ ده‌نگی بڵند به‌ دانیشتووی ناو هۆڵه‌که‌ ده‌ڵێت:
ئێوه‌ هه‌مووتان ناتالیان خۆشده‌وێت؟
هه‌موو به‌یه‌کده‌نگ هاوارده‌که‌ن:
به‌ڵێ.
دووباره‌ی ده‌کاته‌وه‌:
هه‌ر زۆرتان خۆشده‌وێت؟
ـ به‌ڵێێێێێ،هه‌ر زۆرررر
پاشان ده‌پرسێت:
کێ له‌ ئێوه‌ ئاماده‌یه‌،ناتالیا به‌ خێزانی خۆی قبووڵبکات و بیخوازێت؟
دانیشتوانی ناو هۆڵه‌که‌،هه‌ر له‌گه‌ڵ گوێیان له‌م پرسیاره‌ ده‌بێت،سه‌ره‌تا بێده‌نگییه‌کی سامناک هۆڵه‌که‌ داگیر ده‌کات،بێجگه‌ له‌ چرپه‌و بۆڵه‌بۆڵ، گوێت له‌ هیچ نیه.
 پاش ئه‌وه‌ی شاعیر  وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ ناڕازیی هه‌موویان وه‌رگرته‌وه‌،پێی وتن:
ئێوه‌ هه‌مووتان درۆزنن.
پاشان ده‌ستده‌کرێت به‌هاوارو ده‌ڵێن:
ئه‌م کابرایه‌ شێته‌،شێته‌،دایگرنه‌ خواره‌وه‌،به‌ڕاستی شێته‌،ئه‌وه‌ باسی چی ده‌کات؟
خاوه‌ن باڕ،به‌مه‌به‌ستی له‌ده‌ستنه‌دانی میوانه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانی ،ده‌ستبه‌جێ هه‌له‌که‌ ده‌قۆزێته‌وه‌و ڕوو له‌ دانیشتوانی هۆڵه‌که‌ ده‌کات و پێیانده‌ڵێت:
به‌ڕێزینه‌،خۆتان ده‌زانن ماوه‌یه‌کی ئێجگار درێژه‌ شه‌وه‌کانتان هه‌مووی له‌یه‌کده‌چوو،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بێتاقه‌تییه‌تان بڕه‌وێنینه‌وه‌،ویستمان نمایشێکی کتوپڕتان بۆ دروستکه‌ین،تا له‌ ناخۆشیی، خۆشیی ببینن.وه‌ک بینیتان کابرایه‌کی شێتمان بۆ هه‌ڵبژاردن(ده‌ست بۆ شاعیر ڕاده‌کێشێت)،به‌هیواین خزمه‌تێکی ئه‌گه‌ر بچووکیشبێت ،به‌ ئێوه‌ی میوانی هه‌میشه‌ییمان کردبێت.فه‌رموون به‌رده‌وامبن له‌ خۆشیی بینی خۆتان و ئێمه‌ش له‌ خزمه‌تتانداین.
به‌مشێوه‌یه‌ که‌ ڕاستیی درکاندوه‌و حه‌قیقه‌تی خۆیانی پێوتوون،نازناوی شێتی به‌سه‌ردا داده‌بڕرێت و له‌ و شوێنه‌ به‌ پاڵ ده‌کرێته‌ ده‌ره‌وه‌.
17ه‌ی شوباتیش ،ئه‌نجامی په‌نگخواردنه‌وه‌ی ڕقی پیرۆزی خه‌ڵک له‌ ده‌سه‌ڵات و خه‌ونبینینیان به‌ دنیایه‌کی یه‌کسانه‌وه‌و،له‌سه‌روه‌ختی ئه‌وه‌شدا که‌ به‌رپرسانی هه‌رێمه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان،به‌ پاره‌ی دزراوی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، مودمینی شه‌وه‌سووره‌کان بووبوون و دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌وه‌کانیان که‌ له‌ ڕشانه‌وه‌ نزیکبووبۆوه‌،کار گه‌یشتبوه‌ ئه‌وه‌ی خانوو جێگه‌ی ژیانیشیان له‌ زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا جیابکه‌نه‌وه‌ ،له‌ هه‌رێمێکی کیمیابارانکراوو ئه‌نفالکراودا،ژیانێکی شاهانه‌ بۆخۆیان و دۆزه‌خێکی ئێسکهاڕیشیان بۆ خه‌ڵک دروستکردبوو. ،له‌م لاشه‌وه‌ خه‌ڵکی دانیشتووی ئه‌م هه‌رێمه‌ خێرله‌خۆنه‌دیوه‌ی خۆشمان شه‌وی ده‌خسته‌ سه‌ر ڕۆژ هێشتا به‌فریای ژیانێکی مه‌مره‌و مه‌ژی بۆ خۆی و خێزانی ناکه‌وێت وچه‌ند ده‌کات ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و بازاڕه‌ بێڕه‌حمه‌ گرانه‌ی جووتحیزب نایه‌ت که‌له‌م هه‌رێمه‌دا ،مۆته‌که‌ ئاسا،دروستیانکردوه‌.
17ه‌ی شوبات سه‌دای ئه‌و ده‌نگه‌ په‌نگخواردوه‌ چه‌ندانساڵه‌یه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بوو دژ به‌‌حوکومڕانێتی ئه‌م جوویحیزبه‌،به‌جۆرێک بێجگه‌‌ له‌خۆیان،هه‌ناسه‌یان بۆ که‌سی دیکه‌ نه‌هێشتبۆوه‌.
17ه‌ی شوبات ئه‌و په‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی هاواری خه‌ڵک بوو فڕێدرایه‌ گۆمی مه‌نگی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌،که‌ لووتبه‌رزییان گه‌یشتبوه‌ ئاستێک،ئاماده‌نه‌بوون تا ده‌یانساڵی دیکه‌ بۆ ته‌نهاجارێکیش بێت ته‌ماشای خواره‌وه‌ی خۆیان‌ بکه‌ن.
بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی،ڕۆڵی هه‌مان خاوه‌ن باڕیان وازیکرد،به‌ مه‌به‌ستی تێکنه‌چوونی شه‌وه‌ سووره‌کانیان،له‌ شاشه‌ی میدیا زه‌به‌للاحه‌کانیانه‌وه‌و له‌ سه‌رڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ ڕووزه‌ردو سه‌وزه‌کانیانه‌وه‌،خۆپیشانده‌رانیان به‌ وێنه‌ی شاعیره‌ شێته‌که‌،به‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی،گرووپی تیرۆریست،تێکده‌رانی ئاسایشی هه‌رێم و زۆریتر،ناوزه‌د ده‌کرد، سه‌رباری تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ خۆپیشانده‌ران،له‌ ته‌قه‌کردن و له‌خوێنداگه‌وزانی ڕۆڵه‌ی گه‌له‌که‌یان ده‌ستیان نه‌پاراست به‌ زه‌بری هێزو چه‌ک بڵاوه‌یان به‌ خۆپیشانده‌ران کردو ناردیاننه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ،وه‌ک چۆن شاعیره‌که‌ ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ کرایه‌وه‌.
به‌هیوام لێکچواندنێکی شایسته‌م له‌نێوانی ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌دا کردبێت. خوێنه‌ریش ده‌توانێت به‌راوردێکی ژیرانه‌ له‌نێوانی ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌دا بکات.‌
من له‌ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ شکۆداره‌که‌ی 17ه‌ی شوباتدا،وێڕای سه‌ردانه‌واندنم بۆ ڕۆحی بێخه‌وشی شه‌هیدانی ئه‌و ڕۆژه‌و ڕۆژانی دوایی،خوازیاری ده‌ستکۆتاکردنی هه‌رچی زوتری حوته‌تێرنه‌خۆره‌ گیرفانکونه‌کانی هه‌رێمه‌که‌مانم و له‌ جێگه‌یاندا،دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و ده‌وڵه‌تێکی فره‌ده‌نگ و کاراو داڕشتنی ده‌ستوورێکم که‌ که‌سانی پسپۆڕو شاره‌زای ئه‌و بواره‌ دانه‌ریبێت و سوود له‌ ته‌جروبه‌ی گه‌لانی پێشکه‌وتوو وه‌رگیرێت ،که‌ تیایدا،ڕێز له‌به‌ها مرۆییه‌کانی تاکی کورد بگرێت و تاک میحوه‌ری سه‌ره‌کیی بێت تیایداو ڕێز بۆ تاک بگه‌ڕێنرێته‌وه‌و کۆمه‌ڵگای کوردیی له‌ ژێر ئاڵای سیستمێکی پێشکه‌وتوو سیکۆلاردا ژیان بگوزه‌رێنن،کارێک بکرێت ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریی و بنه‌ماڵه‌یی بۆ هه‌تایه‌ بخرێنه‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌.


عه‌بدوڵا محه‌مه‌د    
   13.02.2012

Previous
Next

Leave a Reply