Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

خەریكە بمرم مۆڵـەت هەیە هەناسەیەك هەڵبمژم ؟

Be First!
by December 16, 2008 گشتی

  خەریكە بمرم مۆڵـەت هەیە هەناسەیەك هەڵبمژم ؟
  ( ئەوەى كورد نازانێت تامى چیى ئەدات , ئازادیە )
 پێشڕەو حەمید: دەربەندیخان

 ئەگەر ئازادى بەمانا فیزیكییەكەى خۆى ئامادەیى هەبێت ئەوا  موڵكى سروشتە و مرۆڤیش وەك بونەوەرێكى هەستیار لە سروشتى خویدا خاوەنى ئازادەییەكانە لەهەربوارێكدا , بەڵام ئەم ئازادیە چۆن دەگاتە مرۆڤ و مرۆڤەكانى تر بەناوى پاراستنى خودى چەمكى ( ئازادی ) یەوە چۆن ئازادى لە كەسانى تر وەردەگرنەوەو بەدیارى بە كەسانى تر ى دەبەخشن ؟!
 كێن ئەوانەى بەناوى هەمومانەوە بڕایار ئەدەن و بەناوى پاراستنى ئازادیەوە ئازادى تیرۆر دەكەن ؟ كێن ئەوانەى لەسایەى قوربانى دانى مرۆڤ بۆ ئازادى … ئازادى كەسانى تر پێشێل دەكەن ؟
 من ناڵێم : ئەوەندە ئازادى , تاسنورى ئازادى من نابەزێنى !؟ بەڵكو دەڵێم : ئەوەندە ئازاد بە تا هەست دەكەى ئازادیى منت بردو وە و دەبێت بۆم بگەڕێنیتەوە .
 ئەوەى لەڕۆژى ( 13 ) ئەم مانگەدا ئاسایشى سلێمانى دەرهەق بە كۆمەڵێك چالاكوانى مەدەنى كردیان لەشارى سلێمانیدا بەناوى پاراستنى یاساوە جۆرێكە لەپێشێلكردنى سەرە تاترین مافەكانى مرۆڤ كە ( ئازادى ڕا دەربڕینە ) ؟ چونكە ئەگەر بیانوى ئاسایش بۆ دەستگیركردنى ئەو كۆمەڵە مرۆڤە تەنها وەرنەگرتنى مۆڵەتى یاساییە بۆ ئەنجام دانى چالاكییەكەیان ئەوا كارێكە , بە خوێندنەوەى واقیعى ئەمڕۆى كوردستان ( ناتەندروستە ) و ئازادیى مافى ( تاك ) یان پێشێلكردوە لەبەر چەند هۆكارێك :
  1/  بڵاوكردنەوەى بەیاننامە خۆپیشاندانى جەماوەرى نییە , یان گردبونەوەى بەكۆمەڵ نییە لە یەكێك لە پانتایەكانى شاردا , یان كۆڕو سیمینارێكى كتو پڕنییە تا لە فەزایەكى كراوە دا لەسەر شەقامێك سازبكرێت و مۆڵەتى بۆوەربگیردرێت .
 بەڵكو تەنها بڵاو كردنەوەى بەیاننامەیەك بو لە دژى بۆردومانكردنە بەردەوامەكانى هەردو حكومەتى ( ئێران و توركیا ) كەڕۆژانە ترس و ناخۆشى بۆ دەرونى مرۆڤەكوردەكانى سەرسنور دروست دەكەن و سروشتى كوردستان دەسوتێنن و ماڵى خەڵكە بێ دەسەڵاتەكەى كورد كاول دەكەن .
 2/ ئەوكەسانەى بەیانەكەیان بڵاو كردەوە سەربە هەر ئایدیایەك بن  بەجلى كوردییە وە چونەسەرشەقامەكان و لەگەڵ ئەوەى ناوەڕۆكى بەیانەكەیان ئیدانەكردنى هێرشەكانى ئەو دو وڵاتە و ڕەخەنەكردنى سیاسەتەكانى هەرێم بو لەمەڕ هەڵوێستى لەبەرامبەر ئەوەدا بەهەمانشێوەش  دەستەكانیان پڕبو لە شیرینى و دەمى ئەو خەڵكەیان شیرین دەكرد كەدەمێكە تەنها تاڵى ناعەدالەتیەكانى دەسەڵاتى كوردى تام دەكەن .
 3/ ئایا دەزگاى ئاسایش سەربەوەزارەتى ناوخۆیە تاداواى مۆڵەتى لێبكرێت ؟ ئەگەر وەڵام بۆئەوە , ئەوەیە كە بۆچى داواى مۆڵەت لەوەزارەتى ناوخۆ نەكراوە , ئەوا من دەڵێم دەبو یان دەبێت بۆ كارى ئایندەى ئاسایش و وەزارەتى ناوخۆش ئەوەبێت كە لیستێك ئامادەبكات و تەواوى ئەو چالاكیانەى كەدەكرێت و پێویستیان بەمۆڵەتە خەڵك و حیزب و ڕێكخراو و…. تد , لێ ئاگاداربكرێتەوە بۆئەوەى ئەگەر ( هەڵمژینى هەناسە بۆبەردەوام بون لە ژیان ) كەوتە لیستى مەرجى مۆڵەتەوە مرۆڤ بتوانێت زۆرترین مۆڵەت وەربگرێت بۆئەوەى شتى سەیرت ببینێت كە لەسایەى ئازادى دەسەڵاتى كوردیدا ڕو ئەدەن .
 4/ئاسایش مۆڵەتى لە كێ وەرگرت تا ئەو كەسانە دەستگیربكات ؟ ئایا بە فەرمانى داد وەردەستگیركراون یان ئەوە تەنها بیانویەكى یاسایانە ؟ ئەگەر دادوەر فەرمانى بەندكردنى بۆ دەركردون , ئەوا دادوەر بە ( چى بڕگەیەكى یاسایى )  ئەو فەرمانەى دەركردو ئەو كۆمەڵە خەڵكەى لەژورى زیندان قایمكرد؟
 5 و 6 و 7 و ….تد , با چەندین پرسیارى تر لەلایەن خوینەران و ڕێكخراوەكانى مافى مرۆڤ  ئاراستە بكرێن تا بزانرێت وەڵام لاى كێیە و كێیش بەوەڵامەكان ڕەزامەندن ئەگەر وەڵامێك هەبێت ؟
 نوسینى ئەم چەند دێرە یان ئاراستەكردنى ئەم چەند پرسیارە تەنها ژمارە زیاد كردن نیە بۆ بابەتەكانم ئەوەندەى ئەوە ترسى گەورەمە لە هەڕەشەكردن بۆسەر ئازادیەكانى تاكى كوردى ؟؟ چونكە  مرۆڤ لەكوردستاندا ئەوەندە ئازادە كە پایەكانى دەسەڵات نە لەرزێنىَ   ئەوەندە ئازادە قسە لە سەر ئەو شتانە نەكات كە بە پشتوێنى ( تابۆ ) پێچراونەتەوە !!
 ڕەنگە ئێستا سیاسیە باڵادەستەكانى كورد, پێكەنینیان بێت بەو كەسانەى  لەسەر ئیهانەكردن و بە سوك تەماشاكردنى كۆمەڵگاى كوردى لەلایەن وڵاتانى دراوسێى وە , بەیاننامە بڵا دەكەنەوە دەڕژێنە سەرشەقامەكان ؟؟ چونكە ئەوان واتە ( دەسەڵاتداران )   كوردستان بە مرۆڤ و خاك و ئاسمانەكەیەوە بەموڵكى خویان ئەزانن و هەرخوشیان بڕیار ئەدەن كىَ ئازادە  هەواى كوردستان هەڵبمژێت و كێش بوى نییە توخنى بكەوێت .
 دواجار و لەكۆتایدا دەپرسم :
 خوپیشاندانانەكانى ئەم دوایەی خەڵكى كوردستان   بۆڕاستكردنەوەى هەڵە گەورەكانى سیاسیەكانى كورد لەكوردستاندا ,  مۆڵەتیان لەكىَ وەرگرت و كێش مۆڵەتى پێدان كە بڕژێنە سەرشەقامەكان و سەرۆكى پەرلەمانى عێراق بە سەدامى نوىَ و بە هیتلەر ناوزەند بكەن  ؟ بۆچى كەس دەستگیرنەكرا ؟
  تەنها لەبەر ئەوەى سەركردەكانمان , نەیان زانى گەمە زانێكى باشى ناو گۆرەپانى سیاسى عێراق ببن و بەخۆپیشاندانەكانى ئێمە توانیان هەڵەكانیان ڕاست بكەنەوە ؟ . 
 peshrawhameed@gmail.com
 

Previous
Next

Leave a Reply