Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
داری تەڕ بە وشکەوە دەسوتێ!… نەهرۆ

داری تەڕ بە وشکەوە دەسوتێ!… نەهرۆ

Closed
by May 29, 2012 چیرۆک

 

نازەنین کچێکی ڕەش ئەسمەر بوو، دوو چاوی پێوەبوو دەتگوت دوو ترێ ڕەشن، دەمولووتی باریک بوو، چهرەی سێگۆشەیی بوو، ئەمەش نیشانەی ئەو کەسانەیە کە گۆشەگیرن! بەژنی زۆر درێژ نەبوو، تەنیا ١.٥٦ سانتیمەتر بوو، زۆر حەزی لە خویندنەوەی کتێب بوو ، تەمەنی ٣٧ ساڵان بوو، بەدرێژایی ئەو تەمەنە زۆر کتێبی خویندبوەوە دوا خویندنەوەی رۆمانەکانی گۆنترگراس بوو بەناوی میشک وپشیلە و تەپڵی تەنەکە هەروا رۆمانەکانی ئۆرهان پەموک بەناوی ماڵی بێدەنگ و ژیانی نوێ وقەڵای سپی و من ناوم سورە، ئەم رۆمانەی دوایی زۆر بەدڵ بوو، زۆر جار ئەوەی بە خەیاڵ داهات، بیرەوەری خۆی بنووسی بەناوی من ناوم نازەنینە، نازەنین لەژیانی دا زۆر کوڕی خوشویستبوو، هەر لەکوڕانی گەڕەک ودراوسێیەوە بگرە تا دەگاتە قوتابیانی زانکۆ دواتریش فەرمانبەرانی فەرمانگەکەیان، بەڵام تێکرای خوشەویستیەکانی نهێنی و شاراوەو یەک لایەنە بوو، ئەو چاوەرێ بوو یەکی بێتە داوای مێردی پێبکا، بروای بەخۆشەویستی دوای هاوسەری هەبوو، بەدرێژایی ژیانی داخوازی ڕاستەقینەی نەهاتبوو، تەنیا ئەو فەرمانبەرە نەبێ کە خەڵکی شارێکی دیکە بوو، ئەویش پیش ئەوەی بێتە داخوازی پەشیمان بوەوە، یان ڕاستر بڵیم پەشیمانیان کردەوەو! قسە کەوتە زارێ کەوتە شارێ! خەڵکی لای ئێمە هەتا خراپە وەستا بێ دان بە چاکەیا نانێن، تۆ پەنجا ساڵ چاکەت هەبێ، تاقە سەعاتێک خراپەت کردبێ بەچەمکی ئەوان بۆ خراپە، تەنیا باسی خراپەکە دەکەن، یان هەمیشە چاویان لەوەیە کونیەت بزانن، لەو رێگایەوە خاڵە لاوازەکانت دەستنیشان دەکەن و کۆنترۆڵی میژووت دەکەن، تەنیا بە خویندنەوەی میژوی خۆت ڕاناوەستن بەڵکۆ بە میژوی کەس و کارو ڕەچەڵەکت دەچنە خوارێ، وەک جووتیاریکی شارەزا خۆڵ و بەردی دەورو بەری ڕەگەکەت دەردێنن تا بە ئاسانی بتوانن ڕەگەکەت بقرتێنن، بەقازمە لەڕەگەکەت بەر دەبن بەمەبەستی بریندارکردن، لەو دەمە دەنگی ئازارت گویچکەی خوا کاس دەکا بەڵام خوایش بە پیرتەوە نایێ، خوا بەهانای کێ یەوە هاتوە هەتا بە هانای تۆوەوە بێ! خوا تەنیا دەبیستی بەڵام کاردانەوە نانوێنی، لەوانەشە متو کەڕوکاس بووە لە ئاهو ناڵەی بێنەوایان! دەڵێن خوا سەبر دەکا بەڵام فەرامۆشی کەس ناکا! لەوانە خوا یادەوەری دەستەجەمعی بێ، لە بۆشایی ئاسمان لەنگەری گرتووە، هەموو ناڵەیەک تۆمار دەکا، ئیدی عەقلە بەهێزەکان چارەنووس وقەدەر دەستنیشان دەکەن، لەوانەیە لە دیوی شاراوەی واقیع هەر کۆمەڵ و نوێنەرێکی هەبێ، ئیمانداران بێ ئیمانەکان، دەوڵەمەندەکان، هەژارەکان، چەوساوەکان، چەوسێنەران، ئەمانە لە رێگای ململانێیەوە باڵانسی چارەنووس ڕادەگرن، لەوانەیە ئەو گوتەیە راست بێ کە دەڵی خوا دەنگی گەلە! بە چەمکی ماتریالی و تێگەیشتن لە سیمبولی خوا! لەوانەیە ئاهۆمزداو ئەهریمەن لە دەسەڵاتی خودی کەسەکان نەبێ بەڵکو لە فەزای شاراوەی عەقڵی دەستەجەمعی بێ، تا ئیستاش وەڵامی ئەوە نەدراوەتەوە ئینسانەکان موخەیرن یاخود موسەیرن! هەموو کەس حەزی لە ئاسایش و ئازادی ورێزە تەنانەت خەڵکی دێوانەش حەزی لێیانە، ئەدی بۆ هەندی مرۆڤ تاوان ئەنجام ئەدەن، ئەم بیرکردنەوانە میشکی نازەنینی دەگوشی، نازەنین زۆر زگی بەحاڵی خۆی دەسوتا، تا ئێستا لێوی بە لێوی پیاوێک نەکەوتوە، جەستەی بەجەستەی پیاوێک نەخشانوە، هەستی بە هاڵاوی گەرمی نیوان دوو جەستە نەکردووە، کاتێک یەکی لە فەرمانبەرەکان بەتەما بوو بێتە داخوازیی، پیش وەخت هەندی قسەی رۆمانسی بە گویچکەیا چرپاندبوو، بۆیە نازەنینیش شەوێکیان پێش نووستن هەر بیری لەو پیاوە دەکردەوە بۆیە کە چاوی چووە خەو، خەونبینین دەستی پێکرد، خەونی بینی کە لە ژووریک دایە دەستی جلی سپی لە بەردایە، بە ئەسپایی ڕاکێشاوە، پیاوەکە خۆی کرد بە ژوورا، پارچەیەکی سپی بەدەستییەوە بوو، هەموو جلەکانی لەبەر کردەوە دواتر خۆی رووت کردەوە، پارچە سپیەکەی ڕاخست، دەستی نازەنینی ڕاکێشا لەسەر پارچە سپیەکە داینیشاند، پێگوت ئەمە بەڵگەی کچیەتی تۆیە، زۆر کەس لەسەر نەبوونی خۆین لەسەر ئەم پەرۆیە کۆژراون یان تەڵاقدراون! نازەنینیش کە سەیری ناوگەڵی کابرای کرد ترسی لێنیشت، ئەوە یەکەم جارە زەکەری پیاو بەڕەپی ببینێ، پێدەچوو پیاوەکە ئەزموونی سێکسی نەبێ، یەکسەر پڕی داو لاملی ماچ کرد، دەمی هینایە خوارەوە گەزەیەک لە گۆی مەمکی چەپی گرت، نازەنینیش هاواری لێهەستا، بەشیوەیەکی خۆرسکی لنگی فش کردەوە، پیاوەکە بەبێ ئەوەی زەکەری خۆی تەڕ بکا پیاکرد، نازەنینیش هەستی دەکرد دەرزی پیا ئەچەقێنن پەردەکەی تەقی و زەکەری کابراش سور بوو، چەند دڵوپە خوێنێک کەوتنە سەر پارچە سپیەکە بەڵام نازەنین ترسا خوینەکەی ڕانەوەستی بۆیە پەڕوەکەی پەستایە ناو گەڵی خۆیەوە، لە نیوان خۆشی ئازاردا ڕاچەنی! باش بوو ئەمە خەون بوو، لەوانەیە بپرسن یان حەز بکەن بزانن کە بۆ چی ئەو کەسە پەشیمان بوەوە یان پەشیمانیان کردەوە، منیش نەمدەزانی ژیان زۆر نهێنی تیایە، نهێنیەکان وەک پشتی ماسی، جاروبار لەرووبارەکان خۆ دەردەخەن و سەرەتاتکی لەگەل زەینی مرۆڤ دەکەن، نازەنین بروای بە برج نەبوو بەڵام وەک ئەزموونێکی بەشەری سەیری دەکرد، لە خویندنەوەیاندا دڵنەوایی خۆی دەدۆزییەوە، جاروبار گۆڤاری دەکڕی بۆ ئەو مەبەستە، بورجەکەی نەهەنگ بوو، هەندی جار بەرێکەوت ناوەرۆکی بورجەکە لەگەڵ باری ژیانی دەگونجا!
لەوانەیە ئینسان بگاتە یەقین بەڵام هەتا دەمرێ هەر گومان دەکا، نازەنین بروای بە خواو ئاین نەبوو سوڕ دەزانی بەهەشت ودۆزەخ درۆیەکی شاخدارە بەڵام بەهۆی چارەنووسیەوە دەستی کرد بە نوێژ کردن، ئەو دەیگوت خوزگە ئەو کانیە ڕاست بووایە کە لە چیرۆکی سەدو یەک شەو باسی دەکا، کاتی کچ ئاوی لێدەخواتەوە دەبێ بەکوڕ، ئەو دەیگوت ئەگەر کوڕ بومایە هەفتەی جاری نوێژی جەماعیم دەکرد، ئینسان هەمیشە هەست دەکا تاوانبارە! بەپێ ئەفسانەی ئاینەکانیش هەر وایە، کاتێ ئادەم سێوەکەی خوارد، ئیدی مروڤ بوو بە کائنێکی تاوانبار، فرویدیش دەڵێ کاتێ ئینسان خوا دەپەرەستی لە نائاگاهی دا لەکەمالی خۆی دەگەرێ! ئینسان ئەگەر ڕاستەوخۆ تاوانبار نەبێ، خەون وخەیاڵاتی پڕە لە گوناهو تاوان، ئەم هەستە زۆر جار ئازاری نازەنینی ئەدا، دەیگوت ئەگەر مەسیحی بومایە دەبووم بە ڕاهبە! بەڵام کە رۆمانەکەی نیکوس کانزاکی یی خویندەوە بە ناوی براکوژی، چارەنووسی ڕاهبەکانی بۆ ئاشکرا بوو، ڕاهبەکان ماوەیەک لە دێرەکان مانەوە خەریکی خوا پەرەستی بوو سەر ئەنجام لە بری وێنەی عیسا وینەی رووتیان دەکێشا کەواتە ئاین و خواپەرەستی ناتوانێ ئێمە لە میردزمەی سێکس رزگار بکا!
نازەنین گەیشتە ئەو بروایەی کە لە مەسەلەی پەشیمان بوونەوەی پیاوەکە بکۆڵیتەوە، تەلارو گوڵاڵە فەرمانبەری هەمان دائیرە بوون، هەر یەکەیان بە شێوەیەک ڕاڤەی مەسەلەکەی بۆ دەکرد، کەس ڕاستی یی پێنەدەگوت، دەیانگوت لەوانەیە ئێوە لەکەیەکی میژووییتان هەبێ بەڵام مەرج نیە لە خۆدی خۆت دا بێ، لەوانەیە تۆ باجی خەتاو هەلەی یەکێکی دیکە بدەی، بۆیە نازەنینیش بێزار بوو لە قسەو قسەڵۆک، هەراسان بوو لە شارو خەڵکی شار، نازەنین دەیگوت شارەکەی ئێمە بە ناو شارە ئەگەر نە کۆمەڵێک گوند کوچیان کردوەو لیرە کۆبۆنەتەوە، ئاگاداری نهێنی یەکترن، حەز دەکەن نهێنی یەکتر بزانن ودەم بە دەم دەیگوازنەوە.
نازەنین برایەکی هەبوو بە نێوی بورهان، کرێکاری ساختمان بوو بەڵام گەڕۆک بوو تاران و ئیستانبول و بەغدای بینیبوو، باسی بەختەوەری و نەگبەتی خەڵکی ئەو شارانەی بۆ نازەنین دەکرد، باسی قەرەباڵغی ئەو شارانەی دەکرد، دەیگوت هەست دەکەی ئەو شارانە وەکو ئاوی نێو مەنجەڵ دەکوڵێ، کەس ئاگای لە کەس نیە، هەر کەسەو خەریکی پەیدا کردنی بژێوی سبەینیەتی، لەو شارانە کچ زوو مێرد دەکا، کوڕ زوو ژن دێنێ، کوسپ و تەگەرەی کۆمەڵایەتی زۆر نیە، کارخانە وزەی خەڵکەکە هەڵدەمژێ فریای ئەوە ناکەون وەک کوندەبەبوو لە یەک بخوێنن.
نازەنینیش زۆر جار لای دایکی ڕازی دڵی خۆی درکاندبوو کە حەزی لە مێرد کردنە، پەشیمانبوونەوەی پیاوەکە ببوە گریی کوێرە لای، دایکیشی هەموو جاری دەیگوت خوا کەریمە، خوا دەروازەیەکت لێدەکاتەوە.
نازەنین دەستی ڕاستی خستە ژێر چەناکەی و بە تیڕامانەوە گوتی، دایە ئاخۆ لەکەی میژوویی بنەماڵەی ئێمە چی یە کە من نەیزانم، دایکی لە وەڵام دا گوتی تازە شتێک بوو ڕۆیی، رووداوێک بوو بەردمان لەسەر دانا، بریارمان دا لە نێوخۆمان باسی نەکەین، لەبەر ئەوەی نەنگی یە.
نازەنین گوتی دایە تازە من بووم بە داوی ئەو نەنگی یە، هەر دەبێ بیزانم، دایکی لەوەڵام دا گوتی، کچم ئێمە مناڵ بووین، خۆشکێکی گەورەمان هەبوو بە بیانوی جل دوورینەوە هاتوچووی ماڵێک ئەکا، دوای چەند مانگێک زگی بەرز بوەوە، تومەز کوڕی ئەو ماڵە پێ فیر ئەبێ و خراپی ئەکا، دوایی خاڵوەکانت بەو مەسەلەیان زانی، لە نیوان خۆیان دا بەین بەسیان کردوو گوتیان پێش ئەوەی حەیامان بچی بە دەمانچە لە شیرینی خەودا کوشتیان، پێدەچی ئەمە نهێنی پەشیمابونەوەکەی بێ، لەوانەیە دراوسێیەکان ئەم نهێنیەیان بۆ پیاوەکەو ماڵ باوکی درکاندبێ.
نازەنین بەبیستنی ئەم قسانە چاوی پڕ بوو لە فرمێسک ، یەکسەر گوتی دایە حەزم لێیە ئەم شارە جێبهێڵین.
پایز بوو، بایەکە یاری بەگەڵا هەڵوەریوەکانی دەکرد، لەو دەمەدا لورییەک لە بەردەم ماڵی نازەنین ڕاوەستا بوو، خەریک بوون شتومەکیان تێئەخست، مقۆ مقۆ کەوتە نێو ماڵە دراوسێیەکان، هەر ئافرەت بوو بە بیانویەک خۆی کرد بە ژوورا، دایکی نازەنینیش پێدەگوتن، کوڕەکەم لە بەغدا ئیش دەکا، داوای کردووە بچین بۆ ئەوێ، نازەنینیش بە توڕەبونەوە پێگوتن لە دەست و دەمی ئێوە هەڵدێن و روو لە غەریبایەتی دەکەین، زۆر جار خەڵکی نامۆ باشترە لە خەڵکی ناسیاو!!

                                                                    نەهرۆ/ نەرویج
                                                                      ٢٤   /٥/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.