Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
داهێنان لە نێوان قژ و شاکاردا

داهێنان لە نێوان قژ و شاکاردا

Closed
by January 14, 2013 گشتی

 

 

 

هەڵەن ئەوانەى قژ داهێنان بە سوک تەماشا ئەکەن ، لەوانیش هەڵەتر ئەوانەن کە قژ داهێنان بە داهێنان ئەژمار ئەکەن .. ئەڵێن کاتى خۆى کابرایەک دێتە خزمەتى خەلیفەى عەباسى ( هارونەڕەشید ) ، ئەڵقەیەکى بچوک لە زەوى ئەچەقێنێ و لە دوورەوە سەد دەرزى هەڵدەدات و هەموویان لە کونى ئەڵقەکەوە دەردەچن ..خەلیفەى عەباسى ئەڵێ : سەد درهەمى بدەنێ و سەد قامچیشى لێبدەن .. کابرا داواى رونکردنەوە دەکات ، خەلیفەى عەباسى پێى ئەڵێ : سەد درهەمەکە لەبەر زاناییت لەو بوارەدا ، سەد قامچیەکەیش لەبەر ئەوەى ئەم هونەرەى تۆ هیچ سودێکى بۆ مرۆڤایەتى نییە !!

منیش کە بە شەقامەکاندا ئەڕۆم هەندێک کوڕ و کچ ئەبینم کە بە ستایڵى زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش قژیان بڕیوە و ڕێکخستوە و جۆرەها خەت و هێڵیان لێدروست کردووە بە جۆرێک تەمەنا ئەکەم بتوانم بڕێک پارەیان وەک خەڵات پێشکەش بکەم و .. کۆمەڵێک قامچیشیان لێبدەم بۆ ئەوەى بیرێک لە خۆیان بکەنەوە و ئەو هەموو کاتە لە قژ داهێناندا بەسەر نەبەن ..

ئەکرێ بوترێ قژ داهێنانیش داهێنانە ، بەڵام داهێنانێکى زۆر ئاسانە ، تەنانەت ئەتوانیت سوێند بخۆى پیاوێکى وەکو ئەلبێرت ئانیشتاین هەرگیز قژى دانەهێناوە ، ئەوەیش نەبوەتە ڕێگرى بۆ ئەوەى گەورەترین تیۆر و یاساى فیزیا دابنێت و بە زیرەکترین مرۆڤ و خاوەنى گەورەترین مێشک ئەژمار بکرێ ….کەواتە ئەکرێت بە بێ داهێنانى قژ ، داهێنان ئەنجام بدرێت بەلام ناکرێت بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان بە کەسێکى شارەزا لە بوارى داهێنانى قژدا ، بوترێ ئەگەر ئەو داهێنانە نەبووایە ، داهێنانەکانى تریش نەدەبوون …ئەوانەى کە زۆر لە داهێنانەکاندا قاڵ بوون بواریان نییە بە سەر و قژ و ڕیش و سمێڵیانەوە سەرقاڵ ببن یان ڕاستتر ئەوەندە کاتیان نیە خەریکى تیف تیفە کردنى سمێڵ و ڕیش تاشین بن ، ئەمەیش باساوى خۆى هەیە جونکە لە ئاینى ئیسلامیشدا هاتوە کە ڕۆژیک دێت ئەرکەکان لە کاتەکان زیاتر ئەبن ، بە تایبەتى کاتى خەڵکانى داهێنەر کە زۆر جار ساڵان و مانگان بە دواى یەک دیاردەدا ئەگەڕێ ، تاکو بە ڕێکەوت لە سەعاتى سفردا ئەرخەمیدس لەناو حەوزى گەرماوەکەیاندا یاساى پاڵەپەستۆى ئاو ئەدۆزێتەوە و .. لە خۆشیاندا بە رووت و قوتى ئەڕواتە سەر شەقام و هاوار ئەکات : دۆزیمەوە …ئەمە و گەلێک لایەنى نائاسایى تر کە لە مەعشەرى داهێنەرانى جیهانیدا هەبووە ، ئەکرێ قبوڵى بکەین ، چونکە بەشێکى لە بەرائەتەوە بووە و بەشێکى تریشى لە بێ کاتیەوە بووە و .. دوا بەشیشى بە هۆى ماندوو بونەوە بووە لەبەرامبەریشدا داهێنانێک هەبووە کە بوارى نەداوە هیچ کەسێک بە جۆرێکى نائاسایى تەماشایان بکات ..بەڵام موسیبەتەکە لەوەدایە وەک چۆن چل و چوار هەزار ناداهێنەر لاسایى سەر و پۆتەڵاکى مۆنالیزایان کردەەوە کە لیۆناردۆ دافنشى داهێنەر وێنەى کێشابوو ، بەو جۆرەیش هەزاران و هەزاران خەڵکى بێ هونەر و بێ کەڵک و بەکارى هیچ نەهاتوو هاتنە بوونەوە کە بە سەر و سیما کەوتنە لاساییکردنەوەى داهێنەرەکان و بە ڕوخسار و شێوە ڕێک و پێک لەو کەسانە ئەچوون کە داهێنەرن ، بەڵام لە ناوەرۆکدا ئەوەندە دەبەنگ و بێ هونەر بوون ، ڕەنگە تەنانەت شایەنى ئەوەیش نەبووبن پێیان بوترێ : هاووڵاتى ..چونکە کورت و موختەسەر هاووڵاتى ئەو پارچە پەزڵەیە کە لەگەڵ هاووڵاتیەکانى تردا ، تێکرا تابلۆیەک پێک دێنن کە پێى ئەوترێً کۆمەڵگا .. بەڵاک کاتێک هاوڵاتیەک ڕوخسارێکى درۆزنە و ناوەرۆکێکى بۆشى هەبێ ، ئەوسا نەک نابێتە تەواوکەرى تابلۆى کۆمەڵگا ، بەڵکو ئەبێتە پەڵەیەک بەو تابلۆیەوە ، کە پێًویست بە کوژاندنەوە یان کڕاندن ئەکات ..هەڵبەت بۆ خۆیشتان زۆرتان بینیوە لەو پەڵە و لەکە و هەڵوێستە نااقۆڵایانەى کە نازانیت چۆن-چۆنى مامەڵەیان لەگەڵدا بکەى ، وەک ئەوەى برادەرێک باسى کرد یەکێک لەو بێهونەرانە ئەبێتە دراوسێى ، بەیانیەک هەڵدەوستێت ، بە ئوتومبیلەکەى لە ئوتومبیلەکەى ئەمى داوە ، کە ئەمیش کەمێک ناڕەزایى نیشان ئەدات ، ئەو ئەڵێ : بەسە .. بەسە .. وەلڵاهى تا ئیستا دوو کەسم بە سەیارەکەم کوشتوە ، ئەوەندەى تۆ بۆڵە بۆڵیان بەسەردا نەکردووم .. !!

هەندێک کەس ئەڵێن : بەردێکى لەسەر دانێ ..بەڵام مەسەلەکە هەر بەرد دانان نییە ، چونکە ئەگەر وابێ ، کۆمەڵگاکەمان یەکپارچە ئەبێ بە وشکە کەڵەک ..بەڵکو ڕاستتر وایە بیرێک بکەینەوە بە لایەنى کەمەوە بۆ ئەوەى بزانین ئێمە لە کوێداین .. کە زانیمان لە کوێداین ، ئەوسا ئەتوانین بزانین بەرەو کوێ ئەڕۆین ..من کاتى خۆى لە ئەدەب و هونەرى کوردستانى نوێدا کورتە چیرۆکێکم بڵاو کردەوە بە ناوى ( بەیانیەکى باراناوى ) لەو چیرۆکەدا باسى ئەوەم کردبوو کە بە داخەوە ئەو شتانەى کە هەمانە و کە بەکارى دێنین یەکپارچە هاوردەى وڵاتانە و تەنها شتێک کە داهێنانى خۆمانە ( جنێو ) ە ..دواى ئەوە ئینجا چیرۆکێکى عەزیز نەسینم خوێندەوە کە باس لەوە ئەکات تورکەکان شارەزا و داهێنەرن لە بوارى جنێودا .. ئەوسا بۆم دەرکەوت ئێمە تەنانەت جنێوەکانیشمان تەرجومەى حەرفى جنێوى نەتەوەکانى ترن یاخود هەر دەقا و دەق لەوانمان وەرگرتووە وەکو : گدیش و یاغنیش و قەرەپشى …..

لەو حاڵەدا ، ئەگەر بۆ هەناسەیەک پیاو توشى بیانە کەوتن بێ و ..گوێ لە ( هەلەو ) ى لایۆلین ڕیچى بگرێ و .. تەماشاى ( گەڕنیکا) ى پاپلۆ پیکاسۆ بکات و .. (تەپڵى تەنەکە ) ى گۆنتەر گراس بخوێنێتەوە و ..بە ئاوازى ( تارماییەکانى ) جیۆڤانى مارادى خەو لە خۆى بخات ، ناچێتە قاڵبى بێگانە پەرستیەوە ، دوورى بۆ نەڕۆین ئەو هەموو پزیشکە پسپۆڕەى کە تابلۆکانیان ، بووەتە هۆى بێزار کردنى عەمودەکانى کورد تێل و کارەبا ، کەچى خۆیان کە پەنجەیان گەرم ئەبێ ، لە نەخۆشخانەکانى ئوردون و هیندستان تۆز ئەکەن ..ئەمانخاتە بارودۆخێکەوە کە هەست بکەین ئێمە زیاتر لە مەملەکەتى تارماییەکانداین ..یان نازانم چى ناو بنێم ؟؟؟

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.