Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

ده‌رباره‌ی زۆربوونی بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كان

Be First!

ماوه‌یه‌كه‌ له‌نێو نووسه‌ر‌و رۆشنبیر‌و راگه‌یاندنكارانی كوردستاندا پرسی زۆربوونی بڵاوكراوه‌كان به‌ په‌رش‌وبڵاوی ده‌وروژێنرێت‌و  هه‌ر یه‌كه‌‌و لای خۆیه‌وه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان باسی لێوه‌ده‌كات، هه‌مووشیان مه‌به‌ستییانه‌ له‌سۆنگه‌ی ناڕه‌زاییه‌تی‌و ره‌خنه‌گرتنه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ بخه‌نه‌ به‌رباس، له‌راستیشدا هیچ هه‌وڵێكی جیددی به‌دینه‌كراوه‌ بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر گرفته‌كه‌.
دیاره‌ ئه‌م گرفته‌ش هاوشانی چه‌ندین گرفتی دیكه‌ی سه‌ر گۆڕه‌پانی رۆشنبیریی كوردی، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌نه‌بوونی دیسپیلینی ئیداری‌و وابه‌سته‌شه‌ به‌ قه‌یرانی تێكه‌ڵكردنی كایه‌ی سیاسیی‌و هه‌یمه‌نه‌ی حزب به‌سه‌ر ته‌واوی كون‌و كه‌له‌به‌ركانی ژیانه‌وه‌. بۆیه‌ لێره‌دا گه‌ر بویسترێـت ئیراده‌یه‌ك بۆ سنورداركردنی “ده‌ركردنی رۆژنامه‌‌و گۆڤار‌و ده‌زگا میدیاییه‌كانی تر” بێته‌ئاراوه‌، پێویسته‌ هه‌وڵی ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی گرفته‌كه‌ بدرێت، هه‌روه‌ك ده‌ره‌نجامه‌كانیشی تاوتوێ‌ بكرێن، تا بتوانرێت پرسه‌كه‌ وه‌ك هه‌یه‌ ببینرێت.
راستیه‌كه‌ی ناكرێ‌ به‌ته‌نها له‌ گۆشه‌یه‌كدا سه‌یری زۆربوونی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن‌و چاپه‌مه‌نی‌و بڵاوكراوه‌كان بكه‌ین، به‌واتای ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ده‌ره‌نجامێك حاڵه‌ته‌كه‌ به‌ پۆزه‌تیڤ یان نێگه‌تیڤ هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك زۆربوونی چاپه‌مه‌نی‌و بڵاوكراوه‌كان كارێكی باشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ خه‌ریكی خۆگونجاندن‌و بونیادنانی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ ئاستی پێشكه‌وتنه‌كاندا، چونكه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ شێوه‌یه‌ك له‌ كرانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئێستا له‌به‌رچاومانه‌‌و له‌نێوه‌ندی راگه‌یاندنی كوردییه‌وه‌ به‌دیده‌كرێت، رێچكه‌یه‌كی ته‌ندروستی نه‌گرتۆته‌به‌ر به‌وه‌ی كه‌ نه‌كه‌وتۆته‌ ژێر چه‌ترێك پرۆفێشناڵانه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی به‌جێبگه‌یه‌نێت، كواڵێتی‌و سانسۆر له‌به‌رچاو ناگیرێت، واته‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان كه‌شێكی ناله‌باری هێناوه‌ته‌ئاراوه‌، شێوه‌یه‌كی له‌ په‌رش‌وبڵاوی‌و ناسه‌قامگیریی خستۆته‌ نێو كایه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌، ره‌نگه‌ چه‌ندین هۆكار هه‌بن ئه‌و بارودۆخه‌یان خوڵقاندبێ‌ له‌وانه‌ ئاستی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا‌و شێوازی مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندن‌و یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ریی به‌شێك له‌ ئۆباڵی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان بكه‌وێـته‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ك نه‌بوونی دیسپلین‌و كاری رێكخستنی بڵاوكراوه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ هۆكارێكی تری هاتنه‌كایه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ن، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تریش پێده‌چێت ئاسانكاری ته‌كنه‌لۆژییای زانیاریی هۆكارێك بێت بۆ زۆربوونی بڵاوكراوه‌كان كه‌ دواجار كه‌سی راگه‌یاندنكار وا لێده‌كات به‌ ئاسانی‌و بێ‌ ماندووبوون ده‌ستی بگاته‌ زانیارییه‌كان، كه‌ ره‌نگه‌ زۆربه‌شیان وه‌كو پێویست نه‌توانن سود له‌ ته‌كنه‌لۆژیاكه‌ ببینن، ئه‌مه‌ش زۆرجار له‌سه‌ر حیسابی له‌ده‌ستدانی كۆمه‌ڵێك به‌های رۆژنامه‌وانییه‌وه‌یه‌.
بێگومان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات‌و حزبه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباركردنه‌كه‌ نه‌كه‌وێته‌ قاڵبێكی هه‌ستیار‌و نه‌قۆزرێته‌وه‌ بۆ ململانێی سیاسیی نێو خودی لایه‌نه‌كان، وا به‌پێویست ده‌بینم زمانی تۆمه‌تباركردن‌و ره‌خنه‌گرتن‌و تاوتوێكردنی گرفته‌كه‌ له‌م ئاراسته‌یه‌ی ململانێ‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌ دیاریكراوه‌كان به‌دووربگیرێت، مه‌سه‌له‌كه‌ش بۆیه‌ واكه‌وتۆته‌وه‌ چونكه‌ پرسی راگه‌یاندن به‌هۆی گرنگی پێگه‌كه‌یه‌وه‌، خه‌سڵه‌تی هه‌ستیاریشی وه‌رگرتووه‌، به‌هۆی ئه‌م هه‌ستیاریه‌شیه‌وه‌ راگه‌یاندن ده‌كه‌وێته‌ ژێر فشاری ده‌وروبه‌ر واته‌ هه‌وڵده‌درێت كۆنتڕۆَل بكرێت، به‌و واتایه‌ی كه‌ ده‌خوازرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی  تایبه‌ت به‌كاربهێنرێت، حزبیش وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگا ته‌قلیدییه‌كاندا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ راگه‌یاندن بكاته‌ ئامرازێك بۆ جێبه‌جێكردن‌و گه‌یاندنی په‌یامه‌كانی. بۆیه‌ كه‌ باس له‌ راگه‌یاندنی كوردیش ده‌كرێ‌ ده‌توانین به‌هه‌مان پێوه‌ر ئه‌م پرسه‌ بوروژێنرێت، كه‌ حزب توانیویه‌تی تا راده‌یه‌كی زۆر، بیكاته‌ ئامرازێك بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاری بهێنێت، بۆیه‌شه‌ تا ماوه‌ی 10 ساڵی دوای راپه‌ڕین هیچ ده‌زگا‌و سه‌كۆیه‌كی راگه‌یاندن له‌ كوردستاندا به‌دینه‌ده‌كرا دوور بێت له‌ حزبه‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌شدا بێگومان حزب كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت به‌سه‌ر كایه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر قه‌یران پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی وردتر هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌ر وادانرا راگه‌یاندنی كوردی له‌ قه‌یراندایه‌، ئه‌وا ده‌بێ بگه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ بلێین نه‌بوونی باكگراوه‌ندێكی كه‌لتوری ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی‌و هه‌روه‌ها خاوه‌ندارێـتی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كه‌ زۆربه‌یان حزب‌و گروپه‌كانی سه‌ربه‌ ده‌زگا حزبییه‌كان بوون، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی رۆڵی به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندنه‌كانیان هه‌بووه‌ هۆكارێك بوون بۆ هاتنه‌كایه‌ی قه‌یرانه‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌ی نه‌بوونی پلانێكی گونجاو بۆ راگه‌یاندن‌و ناله‌باریی بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگا‌و ده‌وڵه‌ت به‌گشتی. كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكاربن بۆ هاتنه‌كایه‌ی قه‌یرانی راگه‌یاندن، له‌ده‌ره‌نجامدا زوو بێ‌ یا دره‌نگ پێویستده‌كات به‌ڕاستی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌ بدرێت، گه‌ر به‌كردار مه‌یلی پێشكه‌وتنمان هه‌بێت‌و بمانه‌وێت له‌ كاروانی چه‌سپینی دیموكراسی دانه‌بڕێین‌و به‌ ئاراسته‌ی مه‌ده‌نیبوونه‌وه‌ هه‌نگاوبنێین.

 

جه‌مال پیره‌

Previous
Next

Leave a Reply