Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

ده‌لاله‌ته‌كانی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی

Be First!
by April 23, 2012 گشتی

 

له‌مێژووی هه‌موو گه‌ل ‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا جۆره‌ها سه‌روه‌ری هه‌ن، كه‌ ڕۆڵه‌كانی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌توانن شانازی پێوه‌ بكه‌ن و بیكه‌ن به‌هێزێكی كارا و یارمه‌تیده‌ر بۆ كاركردنی زیاتر له‌و بواره‌دا.
ده‌ركردنی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی، به‌بێ هیچ گومانێك، یه‌كێك له‌سه‌روه‌رییه‌ هه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی نێو مێژووی ئێمه‌یه‌، كه‌ 114 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕۆڵه‌ دڵسۆز و به‌ ئه‌مه‌كه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان، توانییان له‌ ئاواره‌یی و له‌وڵاتی میسر، ئه‌م سه‌روه‌رییه‌ مه‌زنه‌ بۆ خۆیان و بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان تۆمار بكه‌ن و سه‌ره‌تایه‌كی دره‌وشاوه‌ بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دابمه‌زرێنن. ئه‌وه‌تا میلله‌تی ئێمه‌ ساڵ دوای ساڵ به‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی و شكۆی گه‌وره‌تره‌وه‌ ئه‌و یاده‌ ده‌كاته‌وه‌ و سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ به‌درخانییه‌كان و یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی و هه‌موو دڵسۆزانی ئه‌و بواره‌ داده‌نه‌وێنێت. جگه‌ له‌وه‌ی هیچ كه‌سێك له‌ ئێمه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، گومانی له‌ بایه‌خ و ڕۆڵی گه‌وره‌ی ڕۆژنامه‌ و ڕۆژنامه‌گه‌ریی نییه‌، رۆژنامه‌ی (كوردستان)یش به‌تایبه‌ت، چه‌ندین ده‌لاله‌تی بۆ ئێمه‌ی كورد، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ‌ كیان و بێ‌ ده‌وڵه‌ت، هه‌بووه‌، كه‌ من به‌ نیازم لێره‌دا، به‌ كورتی ئاماژه‌ بۆ چوار له‌و ده‌لاله‌تانه‌ بكه‌م، چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌، یان قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، یان كه‌متر قسه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌.
یه‌كه‌م: مرۆڤ له‌شه‌ڕی به‌رگری ‌و مانه‌وه‌دا پێویستی به‌زۆر هێز ‌و پشتیوان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ر له‌رۆژنامه‌ی كوردستان، جگه‌ له‌هه‌ندێك شیعری مه‌زن، ئێمه‌ هێزێكی دیكه‌ی مه‌عنه‌وییمان نه‌بووبێت، به‌قه‌د گه‌وره‌یی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌رمان بووه‌، گه‌وره‌ بێت، یان هیچ نه‌بێت، تا ڕاده‌یه‌كی باش لێی نزیك بووبێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانین یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی به‌سه‌ره‌تایه‌كی باشی ئه‌و هێزه‌ مه‌عنه‌وییه‌ دابنێین. ده‌توانین به‌ مانایه‌كی دیكه‌یش بڵێین: ئه‌گه‌ر پێشتر جگه‌ له‌ شیعر، ته‌نها چیا دۆستی كورد بووبێت، ئه‌وا رۆژنامه‌ی كوردستان چیایه‌كی دیكه‌ بوو به‌درخانییه‌كان بۆیان خستینه‌ پاڵ چیاكانمان.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر پێشتر ئێمه‌ خه‌ونی زۆرمان بینی بوو، به‌ڵام نه‌مان زانی بوو، یان ڕاستتر، نه‌مان توانی بوو ڕێگایه‌ك بۆ نه‌مركردن و گشتاندنی خه‌ونه‌كانمان بدۆزینه‌وه‌، رۆژنامه‌ی كوردستان، جیاواز له‌وه‌ی به‌شیعر كردبوومان، سه‌ره‌تایه‌كی باش بوو بۆ نه‌مركردن و گشتاندنی خه‌ونه‌كانمان.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌مووشت، ته‌نانه‌ت قاموس-یشمان به‌شیعر دانابوو، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین رۆژنامه‌ی كوردستان سه‌ره‌تای شۆڕشێكی باشی ( نووسینی په‌خشانی) بوو.
(نوسینی په‌خشانی)ش، هه‌م ڕزگاركردنی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی كوردی بوو له‌گه‌مارۆی كێش ‌و سه‌روا، هه‌م ڕزگاركردنی شیعری كوردی بوو له‌ئیشگه‌لێك كه‌ئیشی ئه‌و نه‌بوون.
 چواره‌م: ئه‌گه‌ر پێشتر، به‌تایبه‌ت له‌ڕێی شیعره‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان بۆ كرابوو ڕوحی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه‌ -زمان-ه‌كه‌یه‌تی بپارێزین، رۆژنامه‌ی كوردستان سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێكی باش بوو بۆ گه‌شه‌كردنی زمانه‌كان. له‌و وه‌رچه‌رخانه‌ مه‌به‌ستم كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ده‌رگای نووسینی رۆژنامه‌وانییه‌، كه‌ بێگومان ده‌توانێت ئاسۆی گه‌شه‌كردنی زمان به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر و تا ئاستێكی باڵا فراوان بكات. ئه‌م ڕاستییه‌ دواتر و له‌سه‌رده‌می پیره‌مێرددا باشتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌. به‌بڕوای من له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی كورد، كه‌ به‌رده‌وام بارودۆخێكی تایبه‌تمان هه‌بووه‌، ئه‌م خاڵه‌، مه‌به‌ستم گه‌شه‌كردنی زمانی كوردییه‌، له‌ خاڵه‌ زۆر گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كان بووه‌، چونكه‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ته‌نها به‌ داگیركردنی خاك و وڵاته‌كه‌ی له‌ناو ناچێت، به‌ڵام به‌ داگیركردنی زمانه‌كه‌ی له‌ناو ده‌چێت. ده‌یان و سه‌دان ساڵه‌ كورد به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و نیمچه‌ به‌رده‌وام خاك و وڵاته‌كه‌ی داگیر كراوه‌ و ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ی خۆی پاراستووه‌، توانیوویه‌تی بمێنێته‌وه‌.


محه‌مه‌د كوردۆ

**************************

* كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5759) 23/4/2012

Previous
Next

Leave a Reply