Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

ده‌نگه‌کان بۆ هاککرا ؟

Be First!
by January 10, 2011 تایبەت

 

                                                   

دوێنێ 09/01/2011 سایتی ده‌نگه‌کان بۆ زیاتر له‌ 3 کاتژمێر هاک کرا. لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی ده‌نگه‌کان بووه‌ به‌ دیمه‌نی چه‌قاندنی ئاڵای تورکیاو جوێندان به‌ کوردستان وئیسرائیل و پ.ک.ک . له‌ خواره‌وه‌ به‌ تورکی نووسراوبوو:-

   TuRKİYeNiN iSLaMiC HaCKeRLaRi

به‌ ئینگلیزی((TURKEY’S ISLAMIC Hackers)) ” ئیسلامیه‌ تورکه‌ هاک که‌ره‌کان”.

 ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نیه‌ سایتی ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ستی تیمی هاک که‌ری تورکی هاک ده‌کرێ،ئه‌م هاک کردنانه‌ قه‌ت له‌و کاتانه‌ ڕووی نه‌داوه‌ که‌ بابه‌ته‌کانی ده‌نگه‌کان تایبه‌ت بووبێ به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیاو سیسته‌مه‌ فاشیه‌که‌ی ، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م هاک کردنانه‌ له‌و کاتانه‌ ڕووده‌دات که‌ هه‌ڵوێستی ده‌نگه‌کان وئه‌و بابه‌تانه‌ی بڵاوی ده‌کاته‌وه‌ تایبه‌ته‌ به‌ قوڵبونه‌وه‌ی ناڕازایه‌تی و ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ گشتی وڕه‌خنه‌ له‌ توندڕه‌وی ئاینی به‌ تایبه‌تی .

بوونی پاره‌ی خه‌یاڵی‌،بوونی په‌یوه‌ندیه‌ حیزبیه‌کان و موخابه‌راتیه‌کان ، ئه‌و بواره‌ فه‌راهه‌م ده‌کا تیمی هاک که‌ر به‌کرێ بگرێت بۆ کپکردنی ئه‌و ده‌نگه‌ی که‌ له‌وسه‌ری دونیا له‌ که‌نه‌داوه‌ ده‌نگی هۆشیاری بۆ کوردستان په‌خش ده‌کات . ئێمه‌ وه‌کو ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی ده‌نگه‌کان دڵنیاین له‌ تورک بوونی تیمی هاک که‌ر هه‌روه‌ک چۆن دڵنیایان له‌وه‌ی که‌ ئه‌وانه‌ی پاره‌یان پێده‌ده‌ن وبه‌کرێیان ده‌گرن له‌ کوردستانن .

هه‌موو جارێک ئه‌م هاک کردنانه‌،زیانی ته‌کنیکی و مادی وهیلاکی بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر دروست ده‌کا.به‌ڵام،له‌ دوای هه‌موو جارێکی ئه‌م هاک کردنانه‌ش وره‌و مۆتیڤی به‌رده‌وام بوون به‌هێزترو ڕوونتر ده‌بێ.

ئێمه‌ دڵنیاین ترسێکی گه‌وره‌ دروست بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌شانه‌وه‌ی هۆشیاری له‌ کوردستان ونزیک بوونه‌وه‌ی کۆتایی ده‌وره‌یه‌کی تر له‌ ژیانی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی ، ئه‌م ترسه‌یه‌ وا ده‌کا دادوه‌رێکی نه‌خوێنده‌وار ببێ به‌ مقه‌س دژ به‌ گیانی ئه‌م کتێب و ئه‌و گۆڤار و ئه‌و نووسه‌ر و شاعیر، ئه‌م ترسه‌یه‌ وا له‌ جه‌لادێکی ژێر پێستی مه‌لایه‌ک ده‌کا فووی مه‌رگی ئه‌م وئه‌و له‌ مایکرۆفۆنی مزگه‌وته‌کان بکا،هه‌ر ئه‌م ترسه‌شه‌ چه‌ند ساڵێکه‌ به‌ شوێن سایتی ده‌نگه‌کانه‌وه‌یه‌ به‌ڵام دڵنیایان ده‌که‌ین قه‌ت ناتوانێ کپی بکا.

وه‌کو به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی ده‌نگه‌کان، به‌ڵێن به‌ خوێنه‌ران و نووسه‌رانمان ده‌ده‌ین که‌ ئه‌م جاره‌ش تیمی هاک که‌رو ئه‌وانه‌ی له‌ پشتیانه‌وه‌ن شکست ده‌هێنن، ده‌نگه‌کان ده‌نگی حه‌قیقه‌ت و هۆشیاریه‌،ده‌نگێکی ڕاگوزه‌ر نیه‌و هه‌تا هه‌تایه‌ دژ به‌ سانسۆرو دژ به‌ تاریکی ده‌مێنێته‌وه‌.

                  ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی ده‌نگه‌کان

 

Previous
Next

Leave a Reply