ده‌چم ده‌مرم…سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد
Closed
ئه‌و هه‌ساره‌يه جێدێڵم
به که‌س ناڵێم له گه‌ڕه‌کی چ هه‌ساره‌یه‌کی تردا
ژوورێکی چۆڵ به کرێ ده‌گرم
***
تا ژماره‌ی خوداکانم لێ تێکنه‌چێ
ته‌زبێحێکی هه‌زار و يه‌ک ده‌نکی ده‌کڕم
***
به روخسه‌تی رۆحی سپی (ئازاد شه‌وقی)
تابلۆی گونده‌که‌مان ده‌کێشم
کۆڵانه‌کانی پڕ ده‌که‌م له شوێن پێی به‌خته‌وه‌ری
گردۆڵکه‌کانی
به ره‌نگی دڵنييایی ده‌ڕه‌نگێنم
له ناوه‌ڕاستی گونديشدا
پهيکهرێک بۆ ئينتيما ده‌چه‌قێنم
پاشان له‌سه‌ر په‌يجی تايبه‌تی خۆم (که تا ئه‌و ده‌ققه‌یه نيمه)
بڵاوی ده‌که‌مه‌وه
دونيای پێ ده‌خه‌ڵه‌تێنم
***
به‌م پێڵاوه پهنچهرانهوه
بۆ کوێ ده‌چن ..
خه‌ونی ئاسمانێک ئه‌ستێره بۆ کوێ ده‌به‌ن
پياوانی عالی مه‌قام!؟
***
ده‌چم ده‌مرم
تکایه که‌س با‌نگم نه‌کات ، هه‌سته شه‌ڕه
***