Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دوالیزمى رەهاگەرایى… دوالیزمى ڕێژەگەرایى

دوالیزمى رەهاگەرایى… دوالیزمى ڕێژەگەرایى

Closed
by August 26, 2010 گشتی

بەرلەوەى مرۆڤ بە پرۆسەى کۆمەڵگابووندا تێبپەڕێ روانین و پێناسەکانى بۆ بوونەوەر و شتەکانى دەوروبەرى نەگەیاندبووە ئاستى ئەبستمۆلۆژیدا، بەڵکو لەمیانەى پێکداخشان و کارلێک و کار و کاردانەوە لەگەڵیاندا لە نێو گەنەکانیدا تۆماربووە. بەڵام دواتر کە پرۆسەى کۆمەڵگابوون و لەگەڵیشیدا پرۆسەى کەویبوون و ماڵیبوون پێشدەکەوێ، ئیدى لەلاى مرۆڤ روانین و پێناسەکانى بۆخۆی و بوونەوەر و شتەکانى دەوروبەرى دەگاتە ئاستى “ئەبستەم- مەعریفە”. بۆ نموونە؛ گیانلەبەرەکانى بۆ گیانلەبەرى کێوى و گیانلەبەرى کەوى و ماڵى، رووەک و گژو گیاکان بۆ شیاوى خواردن و شیاوى نەخواردن دابەشکرد. سەبارەت بەخودی خۆیشی پێکهاتەیەکى دوالیزمانەى “کێویبوون و کەویبوون”ى بەخۆی دا و خۆی وه‌ها پێناسه‌کرد. دەکرێ بڵێین؛ مەعریفەى دوالیزمیانە سەرەتاییترین مەعریفەى مرۆڤە. لەم روانگەیەوە؛ پێناس و روانین و رامانەکانى داتاشی و پۆلێنی کرد.  بەڵام وا دیاردەبێت سەرەتا مەعریفەى دوالیزمى، کە مەعریفەیەکى جیاکاری و هەڵاوێردکردنە، مەعریفەیەکى رەهاگەرایی بووە، نەک رێژەگەرایی. بۆیە دەتوانین بڵێین؛ تایبەتمەندێتى “رەهاگەرایی+ دوالیزمیانە”ى مەعریفەى سەرەتایی، مرۆڤى پەلکێشى مەعریفەیەکى دۆگمایانە کرد. مەعریفەى دۆگمایی مەعریفەیەکە هەموو بوونەوەرەکانى گەردوون و تەنانەت خودى مرۆڤ و پێکهاتە سەرەتاییەکانى کۆمەڵگاى بۆ دوو بەشی ناکۆک و دژ بەیەک پۆڵێن دەکات. لێرەوە چەمکى رەهاگەرایی؛ باش و خراپ، جوان و ناشیرین، حەڵاڵ و حەرام و…هتد لە هزراندن و رامانى مرۆڤ دەچەسپێ. شێوە هزراندنە سەرەتاییەکانى مرۆڤ وەک”شامانیزم – میتۆلۆژیا – غەیبانیەت” لەو شێوە هزراندنە دۆگماییانەن کە مرۆڤ سیستەمى مەعریفی خۆی لێ پێکهێناوە. بێگومان لەگەڵ پێشکەوتنى فەلسەفە و دواتریش زانست هێدى هێدى مەعریفەیەکى رێژەیی پێشدەکەوێ، کە لەگەڵ خۆیدا چەمکى دوالیزمى رەهاگەرایی لاواز و بێ بنەما دەمێنێت  و چەمکى دوالیزمى رێژەگەرایی گەشە دەکات. ئیدی مەعریفەى رەهاگەرایی دۆگمایی رووبەرووى مەعریفەى رێژەگەرایی زانستى دەبێتەوە.

لە بنەڕەتدا ئەقڵیەت و چەمکى دوالیزمى – بە شێوە رەهایی و رێژەییەکەوە – لەسەر بنچینەى لۆژیکى”پێهەڵگیرى – انطلاق” و “کۆتگیرى – تقید” بونیادنراوە. ئیدى ئیشکالیەتى پێهەڵگرتنەکان”انطلاقات”و کۆتگیرییەکان”تقیدات”رەهادار دەکرێن یاخود کۆتگیر، ئەمە کێشە قووڵەکانى نێو شێوە هزراندنەکان”شامانیزم- میتۆلۆژیا- تیۆلۆژیا- فەلسەفە- زانست”پێکدێنن. هەموو ئەو دوالیزمانەى لە ئەبستمۆلۆژیادا بە درێژایی مێژووى هزرى مرۆڤایەتى پۆلێن کراون لە چوارچێوەى”لۆژیکى پێهەڵگیرى- کۆتگیری”بونیادنراوە. تا رادەیەکى زۆریش ئاراستەى پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان بەو لۆژیکە پێوراون. بەڵام ئەوەى جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە؛ فاکتەرى “زەمەن- شوێن- رووداو”رۆڵێکى گرنگى هەبووە لەوەى چ بە”پێهەڵگیری”ناوزەد بکرێ و چیش بە کۆتگیرى لە قەڵەم بدرێت. ئەوەى دوێنێ پێهەڵگیری بووە ئەمڕۆ یاخود بەیانى دەکرێت ببێتە کۆتگیری. هەروەها ئەوەى لێرە کۆتگیرە لە شوێنێکى دیکە پێهەڵگیر بووە، رووداوێک لە کات و شوێنێکى دیاریکراودا پێهەڵگرتنە، بەڵام لە هەمان کات و شوێندا رووداوێکى دیکە کۆتگیرییە…هتد. ئیدی فاکتەرى”زەمەن- شوێن- رووداو”رۆڵێکى گرنگى هەبووە لەوەى شوێنگۆڕکێى نێوان پێهەڵگیرییەکان و کۆتگیرییەکان بێتەدى و لە بۆتە رەهاگەرییەکەى خۆی دەربکەوێ و بۆتەیەکى رێژەگەرایی وەربگرێت. ئەمەش واى کردووە ئەبستمۆلۆژیا تا رادەیەک لە دوالیزمى رەهاگەرایی رزگارى ببێت و ئاراستەیەکى رێژەگەرایی وەربگرێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.