Skip to Content

Sunday, June 20th, 2021

دوو شیعری هه‌ردی شه‌فیق

Be First!
by December 9, 2012 ئەدەب

 

 

لەبیرت چوو

 

لەبیرت چوو مەینۆشێک بووم و لەکەناری چاوەکانتا پێکی نائومێدیم ئەنۆشی 

لەبیرت چووبەدمەستێک بووم و 

بوتڵەشکاوەکەم لەدڵی ئەو خێوانەدا جێئەهێشت دەستیان لێت ئەوەشاند

لەبیرت چوو زستانێک بووم و

بەفرم نەئەباراندە حەوشە پڕ لەگوڵەکەی خۆزگەو داڵغەت 

لەبیرت چوو هاوینێک بووم و نەمئەویست خۆری دڵم چاوەکانت بکات بەهەڵم

لەبیرت چوو چەندجار جگەرەم بەیادی جگەرەکەتەوە داگیرساندو 

چەندجار بەیادی ئاگرەکەی ناو دڵتەوە لەناو دڵما ئاگرم کردەوە 

من ئەزانم گوڵی شۆخم من ئەزانم 

لەبیرت چو سەرخۆشی ناو دەیجورێک بووم و 

لەوشەوەساردەی عاتیفەدا 

بۆ خاتری ئەوەی دەستەکانت گەرم ببنەوە 

ئاگرم بەرئەدا لەڕۆحم

 

 

لەبیرت چوو خۆرێک بووم و لەئێوارەی ڕۆژەکانی تۆدا ئاوا نەئەبووم 

لەبیرت چوو باخچەیەک بووم لەپایزیشدا گوڵەکانی خۆمم لێت نەئەشاردەوە 

لەبیرت چوو پایزێک بووم و بۆ چرکەیەکیش دڵتەنگیم پێنەئەبەخشیت 

لەبیرت چوو ماسیەک بووم و لەناو دەریای چاوەکانتا ئەخنکام 

لەبیرت چوو سەرەتایەکی شیرین بووم و پێکێ تێزابی تاڵی ماڵاوایت پێ نۆشیم 

لەبیرت چوو قەرەجێکی دەربەدەربووم و لەنیشتیمانی دڵتا دەرتکردم 

لەبیرت چوو تەکیەگایەک بووم و هەمیشەتۆم ئەبردەوە بۆ خەڵوەتەکەی خەیاڵ

شاعیرێک بووم و 

لەسەرباڵی پەپولەو پەڕەی گوڵ شیعرم بۆت ئەنوسی و نەتئەخوێندەوە 

من ئەزانم گوڵی خەیاڵم لەبیرت چوو 

دەروێشێ بووم و بۆتەریقەتی عەشقی تۆ 

هەزار چەقۆم ئەدا لەدڵم

—————————–

 

نیوەشەو

 

وەكو پەروانەیك خۆم بەچراكانا ئەكێشاو ئەتوامەوە

وەك كۆترێك خۆم بەپەنجەرەكانا ئەكێشاو ئەكەوتم

… وتم بابێدەنگ بین

لەوانەیە كچێك ئەمشەو لەسەر هەوری خەیاڵ خەوتبێت

باناڵەی دڵی من ڕای نەچڵەكێنێت

وتم لەوانەیە فریشتەیەك بەبێدەنگی

بەناو داڵغەی خۆیدا لەجەهەننەمەوە بۆ بەهەشت بچێت ، بانەگەڕێتەوە

وتم ئەشێت باڵندەیەك بەدەم شنەی ئومێدەوە لەبێدەنگیا بفڕێت

ڕەنگە جگەر گۆشەی دڵشكاوی سۆزانیەك

گوێ‌ ی بۆ لایلایەی دایكێكی ڕۆحشكاو شل كردبێت

لەوانەیە سواڵكەرێك مناڵەكەی بەبرسێتی كردبێتە خەو

 

من بەبێدەنگی گوێ‌ لەشكانی دڵی خۆم ئەگرم

ئاخر ئەشێت ئێستا…

لەسەر مەمكی درەختێكی بریندار

یادگاریەك خوێنی لێبێ و بیەوێت لەبێدەنگی شەودا بگری

لەوانەیە هێشتا كەسێك مابێت

كەسێكی لەخەیاڵیدا خۆشبووێ و بیری لێبكاتەوە

ڕەنگە دەستی بگرێ‌ و بەناو دنیایی دڵغەكانیدا پیاسەبكات

، بالێی نەشێوێ‌

بابێدەنگبین نەوەك بریندارێك لەخەویدا مەرهەمی دەست كەوتبێت

نەوەك خودا بەیەكجاری ئەم ئەستێرەی بەفەرامۆشی سپاردبێت

 

Previous
Next

Leave a Reply