Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دوو کورته‌ چیرۆک… تێکۆشه‌ر خالید

دوو کورته‌ چیرۆک… تێکۆشه‌ر خالید

Closed
by March 14, 2012 چیرۆک

1
قسەکردن لەگەڵ مەرگدا

بیرم نییە ئەو شەوە سەعات چەند بوو کە تارمایییەکەم هاتە پێش چاو، هەستم بە لەرزینێکى خۆنەویست و سامناک کرد، سەیر بوو وەک ئەوەى ئەو شەوە یەکێ چەقۆى لەسەر ملم بێت و بڕیار بەدەستى وى بێت بە ژنەکەمم وت کەوا دڵم ئازارێکى زۆرى هەیە، بەڵام ئەو بێ ئاگە لەو ڕووداوە وەک هەمیشە بە بۆڵە و ورتەورتێکى ژێر لێویەوە کە تێنەگەیشتم یان گومانم کرد کە وەڵامى دابێتمەوە، خۆى لە ژێر بەتانییە شینەکەوە گرمۆڵە کرد. حاڵم باش نەبوو تاو نا تاوێک دەمویست ژنەکەم لەو تارماییە ئاگەدار بکەمەوە. لێ وەک یەکێ دەمم توند بپەستێت، وەها نەمدەتوانى چ لە بارەى ئەو مۆتەکەیەوە بڵێم. ئەوە نزیکەى سیونۆ ڕۆژى ڕێکە من ئەو تارمایییەم لێ نابێتەوە، بۆ هەر کوێ دەڕۆم کارى وییە، چى دەڵێم قسەى ئەوە، لەو ڕۆژەوە و هەتا ئێستایش کە ئەم نامەیە دەنووسم چ کارێک کردوومە، ئەو تارماییە پێى کردوووم، تەنانەت ناتوانم ئەوەى دەمەوێت بینووسم، دەمێک خوێنم نیشان دەدا، دەمێک وردە ماسى پرتەقاڵى، بەردەوام پووچییەکانى خۆم وەبیر دێنێتەوە. هەست دەکەم ئەو ڕەنگانەى ئەو نیشانم دەدات هیچ لەو ڕەنگانە نین کە لە سرووشتى ئێمەدا هەن. ئەم بەیانییە قەرزەکانم هەمووى دانەوە. بۆ یەکەمین جار دواى چلو یەک ساڵ ژنەکەمم ماچ کرد، ئاریۆسى کوڕە چکۆلەم توند لە ئامێز گرتوو تا توانیم بۆنى ژێر گوێچکە نەرمەکانیم کرد. ئەو کارانە بەدەستى خۆم بوون، تارماییەکە ئەم بەیانییە بە ڕەوانى هاتە قسە و پێى وتم دەتبەم لەگەڵ خۆم چیت هەیە، یان چیت دەوێ جێ بە جێى بکە، … من دەچمە بەر دەرکە و تۆزێک هەوا هەڵدەمژم، بیرم نەچێت جگەرەیەکیش بکێشم، دەبێت بەیانى زوو لەگەڵ ئەو تارمایییە بڕۆم. .. ئاى ئەوە بوون بە دوو تارمایی ئەى خوایە گیان پێڵوەکانم قورس بوون  دڕک ئەچێ بە گیانما ئاى خوایەکیان هەناسەم بو ناد……………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………………….


2
کوژرانى خاتوو “رونس ئەلینى”

ئەوەندە گەڕابووین تا لەبن دارسنەوبەرێکدا کڕ بووبوین، چاوەکانمان بووبوون بە گۆمى خوێن، سیانزە شەوى ڕێک سێ چارەک خەوتین، تا ئەومان لە بن دارێکدا لە نێزیک خۆمانەوە دۆزییەوە و بە دیل گرتمان. ئێمە پیشەمان لەتوپەتکردنى تاوانبارانى جەنگ بوو، لێ ئەو کچە دیلەیش لە جەنگدا بوو لەگەڵ پیاوەکەیدا. لە ڕاستیدا ناسکترین کووشتن کە من تێیدا بەشدار بووم و بینیوومە کووشتنى ئەو کچە سوور و سپییە بوو کە نێوى رونس ئەلینى بوو. کووشتنێکى بێدەنگ و سامناک. دەبێت ئەوەیش بڵێم من هەرچى بە تەور دەمکێشا بە سەریدا وەک ئەوە بوو کە ئەو تەورە زەبەلاحە بە ئاسماندا ڕاوەشێنم، لێ شەهرامى سەید ئەحمەد زۆر زیرەکانە بە گوێزان لە نێوگەڵییەوە هەڵیدڕى تا قوڕقوڕاگەى، تەنانەت بۆرى هەناسەى کرد بە دوو لەتەوە. ئەگەر چى بە جێى خوێن  هێندێ وردە لمى شین و تێکەڵەى ئاوى ڕەش و قاوەیی بەرەبەرە زەویەکەى تەڕ دەکرد، مرد، مردنێک کە تاریکى و شێواندنى مەوسمى لێکەوتەوە، بە جۆرێک هەموو ئاژەڵەکانى نێو ئەو نیمچە دارستانە دەنگیان گۆڕا، ئێمەیش ئەندامى نێرینەمان بووە ئەندامى مێینە، ئەوە تەنیا من بووم کە هەر بە تێڵاکەى خۆمەوە مابوومەوە، (درووست لێرەدا خووشکە چکۆلەکەم بە ئاگاى هێنامەوە، یەخەی گرتبووم هاوارى دەکرد: دادە هانا… دادە هانا… قالۆنچەیەک لە چێشتخانەکەیە… . هەر کە ناوى قالۆنچەم بیست، وەک ئەوەى ژێرم هەمووى ئاگر بێت لە ترسدا بە ڕاکردن تا بەر دەرکە نەوەستامەوە.

*له‌ ژماره‌ 8ی کۆواری وێران بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ساڵی 2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.