دوو کوپ قاوە …. نەوزاد بەندی
Closed
بەردەوام ئەتوانین دوو کوپ قاوە پێکەوە بخۆینەوە
تا ئێستا لە مێژووى کوشتندا ،
هیچ کەسێک لەسەر دوو کوپ قاوە نەکوژراوە ..
ئەگەر هەموو دەرگاکانیش دابخرێن ،
بەردەوام دەرگاى کافیتریایەک کراوەیە ..
ئەگەر هەموو گارسۆنەکان چووبن بۆ هەندەران
یان لە شەڕى براکوژى و
مەزهەبیدا کوژرا بن
یان بە نەخۆشى
ئەنفلۆنزاى باڵندە و
بەراز ، فەوتا بن ..
بەردەوام گارسۆنێک هەیە
جزوەیەک قاوە بۆ من و تۆ بکوڵێنێ ..
ئەگەر هەموو بەڕازیلیەکان
ببن بە یاریزانى فتبۆڵ و
یانەکانى ئیسپانیا پڕ بکەن لە مارسیلۆ و نیمار..
بەردەوام دوو جوتیارى بەڕازیلى ئەمێنن ،
ئەوەندەى دوو کوپ ، قاوە بۆ ئێمە بڕوێنن ..
ئەگەر لافاو و بومەلەرزە و موفەخەخاتى
ئەمریکى و شیعى و سونى ،
دونیا ویران بکەن ..
بەردەوام مێزێک و دوو کورسى ئەمێنێت ،
بۆ ئەوەى من و تۆ
دوو
قاوەى
لەسەر بخۆینەوە ..