Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ختیار عه‌لی

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ختیار عه‌لی

Closed
by January 26, 2009 ئەدەب

  
 
 پرسیار: دەسەڵاتی شۆڕشگیری کورد تا ئێستاش بەردەوامە. دیارە ئەمانە ئەزموونی دەسەڵاتیان نیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەمانە بەدیلیان چیە؟ ئایا بیرکردنەوە لە بەدیل گرنگە یان ڕیفۆرم؟ ئەی چۆن دەکرێت باس لە ڕیفۆرم بکەین و ئایا لە کوێوە دەست پێبکەین؟

 بەختیار: پێموانییە خراپی دەسەڵاتی کوردی پەیوەندی بە ئەزمونەوە ھەبێت. بەپێچەوانەوە حیزبە کوردییەکان ئەزموونێکی بێوێنەیان لە پاراستنی حوکم و مانەوە لە دەسەڵاتدا ھەیە. دیموکراسییەت کۆمەڵێک پرەنسیپە کە ھێزێکی سیاسی نەیویست ڕەچاویبکات، نایکات. کە سەرکردەیەک ویستی تا مردن خۆی و بنەماڵەی ھەر سەرۆک بن، کە حیزبێک ویستی تا ڕۆژی قیامەت ھەر لە حوکمدا بێت و ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، کە سەرچاوەی زانیارییەکان شاردرانەوە، کە کۆمەڵگای مەدەنی کرا بە پاشکۆی حیزب، کە دەسەڵاتی بەرپرسان لەسەروو قانونەوە بوو، کە حیزب و کادێرەکانی پێکڕا دەستیان خستە ناو بواری ئابوورییەوە، کە دەسەڵاتی تەشریعی بووە ھەیئەتێکی کارتۆنی و دەسەڵاتی تەنفیزی کەس پرسیاری لێنەکرد، کە ژێرخانی ئابووری وێرانکرا و کۆمەڵگایەکی مەسرەفکەری بەرخۆر دروستبوو… ئەمانە دوور و نزیک پەیوەندیان بە ئەزمونەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیان بە ستراکتورەوە ھەیە. کێشەی دەسەڵاتی کوردی کێشەیەکی ستراکتورییە و گرێدراوی بونیاد و میکانیزمی مانەوەو بەردەوامی ئەم دەسەڵاتەیە. وشەی ئەزمون کۆمیدیترین وشەی ئەم پازدە ساڵەیڕابوردووە…          وشەیەکەھیچ مانایەکی نییە.
 سەبارەت بە بەدیل لە ڕاستیدا من سیاسی نیم تا بزانم بەدیلی سیاسیانەی دەسەڵاتی کوردی چییە. من ھەستدەکەم کۆمەڵگای ئێمە لە دوای ڕاپەڕینەوە بە ڕێگایەکی ھەڵەدا ڕۆیشتووە، لە سەرجەمی نوسینەکانمدا و بەشێوەی جۆراوجۆر قسەم لەو ڕێگا ھەڵەیە کردوە. من ھەستدەکەم سیاسەتی کوردی ئێستا ناتوانێت بەدیل پێشکەشبکات… من باوەڕم بەوە نییە سیاسەتێکی حیزبی بکەینە بەدیلی سیاسەتێکی دیکە… دەردەکە لە کوردستاندا بەجۆرێکە دەبێت ڕاشکاوانە بڵێین کە دەردی سیاسەت بە سیاسەت چارەسەرناکرێت. سەرتاپای جەستە و عەقڵی سیاسی کوردی ناساغە… ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەش کە لەدەرەوەی دەسەڵاتدان ھەمان کێشەیان ھەیە، ھەمان عەقڵییەت و ھەمان مۆراڵیان ھەیە. سەیری نوسینی ئەوانەبکە کە لایەنگری دەسەڵاتن و سەیری ئەوانەش بکە کە دژی دەسەڵات دەنوسن… ھەردوولا ھەمان مۆراڵ و ھەمان سیستمی تێڕوانین و ھەمان زمان و ھەمان ستراتیژی تەخوین و تەکفیر بەکاردەھێنن. ئێمەی کورد یاخود ڕیفۆرم لەسەرتاپای جەستەی سیاسیدا دەکەین، یاخود بەمجۆرەی ئێستا درێژە بە یارییەکە دەدەین تا بزانین قەدەر چی بۆ ھەڵگرتووین… واتە ئەوەی پێویستی بە ڕیفۆرمە حیزبێکی سیاسی یان دەوڵەت نییە بە تەنیا، بەڵکو تەواوی عەقڵی سیاسی کوردی پێویستی بە گۆڕانە. لەوەوبەر لە چاوپێکەوتنێکی کۆنی ڕۆژنامەی ھاوڵاتیدا گووتم، کێشەکە ئەو دابڕانە ترسناکەی نێوان سیاسەت و ھەموو بوارە فیکری و ڕۆحی و ستاتیکی و ئەخلاقییەکانە. ئێمە لە بنەڕەتدا پێویستیمان بە پێناسەکردنەوەی سیاسەت خۆی ھەیە، سیاسەت بەو مانەیەی ئەمڕۆ لە خۆرھەڵاتدا بەگشتی و لە کوردستانیشدا دەیبینین. سیاسەت لەم دەڤەرەی ئێمەدا بۆتە ھاوواتای ناعەقڵانییەت و وەحشیەتگەرایی. ھەر قسەیەک لە ڕیفۆرمکردنی دەوڵەت یان حیزب بەبێ قسەکردنێکی جیدی لە ڕیفۆرمکردنی سیاسەت وەک بوارێک و کایەیەکی گشتی، قسەیەکی بێسوودە. ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت بەدیلی پارتی و یەکێتی دروستبکات، چونکە لە بنەڕەتدا ھەموو بەدیلەکان دواجار لە ھەمان شێوە و لەھەمان مۆراڵ و لە ھەمان سیستمی تێڕوانیندا کۆتاییاندێت. لەم دۆخە عەقڵی و ئەخلاقییەی ئێستادا دوژمنانی یەکێتی ھەر یەکێتی دروستدەکەنەوەو دوژمنانی پارتیش ھەر پارتی دروستدەکەنەوە… بۆیە گەر چەند پلەیەک قووڵتر نەڕۆین ھیچمان بۆ ناکرێت. بەڕای من سەرەتای ھەموو ئەلتەرناتیفەکان لە دونیای ئێمەدا سەندنەوەی دەسەڵاتە لە جەھل. دەڵێم سەندنەوەی دەسەڵات نەوەک سەندنەوەی سیاسەت… ئەمە دوو شتی زۆر جیاوازن. سیاسەت زۆر درەنگ لە جەھل دەسەنرێتەوە. سیاسەت لە کوردستان گەورەترین و قایمترین و بەھێزترین قەڵای جەھلە، زیادەڕەوی نییە گەر بڵێم سیاسەت لە کوردستاندا وەکو بوار پایتەختی جەھلە … ئێستا دەبێت وەک سەرەتا ھەوڵبدەین کایەی ڕۆشنبیری و بواری ئەکادیمی و زانکۆکان لە جەھل بستێنینەوە… لە کوردستاندا دەبێت شەڕێکی بست بە بست لەگەڵ نەزانین و کەمتەرخەمی و ناعەقڵانییەتدا بکرێت … نازانم کێ دەیەوێت ئەوە بکات؟ یاخود ھێزێک ھەیە بیەوێت یان بوێرێت ئەوەبکات؟ ئەوەیان نازانم… بەڵام دەزانم بەبێ ئەوە ھیچ ناکرێت. لای من ھیچ شتێک لەوە کۆمیدیتر نییە مرۆڤ پێیوابێت دەتوانێت بە ناوی کوردایەتی یان گەندەڵی یان ھەر شتێکی ترەوە، خۆی وەک ئەلتەرناتیفی سیاسەتی ئەمڕۆ نیشانبدات. ڕیفۆرمیش و بەدیلیش لە کوردستانی ئەمڕۆدا بە یەکجار لەدایک نابن… دروشمی «من بەدیلم» یان «من ڕیفۆرمیستم» یان «من مۆرالیستم» دروشمێکە بە تەنیا ناتوانێت ھیچ بەیانبکات. ڕیفۆرم و بەدیل لە دابڕانێکی ستاتیکی و مەعریفی و ئەخلاقییەوە دروستدەبن… لەھەر جێگایەکدا ستاتیکای نوێ، پێناسەی نوێ بۆ ژیان و کۆمەڵگا و زانست ھاوشان بە ھەستێکی ئەخلاقی نوێ لە کاردا بوو، بەدیلیش دەردەکەوێت. بەڵام تا ئەو جێگایەی کە نەیارەکانی دەسەڵات ھەر بە ئەخلاقی دەسەڵات بیردەکەنەوەو دەژین، ھیچ شتێکی نوێ ڕوونادات. کۆمەڵگایەک ڕووی لە نوێبوونەوە نەبێت ھەموو بیرکردنەوەیەک لە بەدیل یان ڕیفۆرم کارەساتی گەورە دروستدەکات. عێراقی سەردەمی سەدام حسەین تەنیا بیری لە بەدیل دەکردەوە نەوەک بیر لە نوێبوونەوەو گۆڕان بکاتەوە، لەبەرئەوە بەدیلەکانی کە ھاتن ئەم فاجیعە تاریک و دڵتەزێنەی ئەمڕۆیان دروستکرد. ئێرانی شاھەنشاش ھەروەھا بوو. ھەر کەسێک نەتوانێت جیھانبینییەکی جیاواز دروستبکات ناتوانێت ئەلتەرناتیفێکی جیاوازیش دروستبکات. بەدیل بەڕای من نەوەک لە ناو حیزبەکان خۆیاندا دەستەبەر نابێت، بەڵکو لە ناو کایەی سیاسەت خۆشییدا بەتەنیا دروست ناکرێت… بیرکردنەوە لە بەدیل گەر گرێدراوی پڕۆژەیەکی نوێکردنەوە و تازەکردنەوەی فیکری و ستاتیکی و ڕۆحی نەبێت، کە بنەماکانی ڕوون لە جۆرە جیھانبینییەکی مرۆڤدۆستانەو ژیاندۆستانەدا بێت، دەبێتە دروشمێکی مردوو… ئەگەر نەڵێم دەبێتە دروشمێکی ترسناک.
 پرسیار : گەندەلى ودیموكراسى چى پەیوەندیەكیان پیكەوە هەیە ئایا دەكرێت ئیمە وڵاتیكى دیموكرات بین و ریگاش بەگەندەڵى بدەین؟
 
 بەختیار: گەندەڵی وەک دیاردە پتر سەر بە سیستمی دیکتاتۆرییە نەوەک سیستمی دیموکراسی. لەھەرجێگایەک گەندەڵی ھەبوو، واتە کۆمەڵگای مەدەنی بوونی نییە، حوکمی قانونیش کەمتین و بێدەستە. گەندەڵی ناوێکی دییە بۆ دیکتاتۆرییەت و حوکمی نوخبە. بۆ یاریکردنی تاقمێک بە ئابووری نەتەوەیی. لە ھەرجێگایەک گەندەڵی ھەبوو واتە دیموکراسییەت بوونی نییە. گەندەڵی بریتییە لە پراکتیکی ڕۆژانەی دیکتاتۆرییەت بۆ دەسەڵاتی خۆی. کێشەکە لەوەدایە پەروەردەی سیاسی ئێمە دیموکراسییەتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا کورت و بچوککردۆتەوە. مانای دیکتاتۆرییەتشی لە حوکمی ڕەھای حاکمێکی نەرجسیدا دیلکردوە… ھەردوو ئەم دوو پێناسە بێمانا و کورتبینن و بە مەبەستی شاردنەوەی ڕووە جۆراوجۆرەکانی دیکتاتۆرییەت ئیشیان پێدەکرێت. دیکتاتۆرییەت بریتییە لە بەکارھێنانی دەسەڵات لە پێناوی نوخبەیەکی دیاریکراودا کە چوونەتە سەروو قانون و سەروو کۆمەڵگاوە. دیکتاتۆریەت ناوە سیاسییەکەی ئەو سیستمەیە گەندەڵیش ناوە ئابووری و ئەخلاقییەکەیەتی… واتە گەندەڵی ناوی دووەمی دیکتاتۆرییەتە کاتێک بۆ ناوێکی دی دەگەڕێت کە کەمێک کەمتر سیاسیانە بێت.

 پرسیار : گەندەلى ودیموكراسى چى پەیوەندیەكیان پیكەوە هەیە ئایا دەكرێت ئیمە وڵاتیكى دیموكرات بین و ریگاش بەگەندەڵى بدەین؟
 بەختیار: گەندەڵی وەک دیاردە پتر سەر بە سیستمی دیکتاتۆرییە نەوەک سیستمی دیموکراسی. لەھەرجێگایەک گەندەڵی ھەبوو، واتە کۆمەڵگای مەدەنی بوونی نییە، حوکمی قانونیش کەمتین و بێدەستە. گەندەڵی ناوێکی دییە بۆ دیکتاتۆرییەت و حوکمی نوخبە. بۆ یاریکردنی تاقمێک بە ئابووری نەتەوەیی. لە ھەرجێگایەک گەندەڵی ھەبوو واتە دیموکراسییەت بوونی نییە. گەندەڵی بریتییە لە پراکتیکی ڕۆژانەی دیکتاتۆرییەت بۆ دەسەڵاتی خۆی. کێشەکە لەوەدایە پەروەردەی سیاسی ئێمە دیموکراسییەتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا کورت و بچوککردۆتەوە. مانای دیکتاتۆرییەتشی لە حوکمی ڕەھای حاکمێکی نەرجسیدا دیلکردوە… ھەردوو ئەم دوو پێناسە بێمانا و کورتبینن و بە مەبەستی شاردنەوەی ڕووە جۆراوجۆرەکانی دیکتاتۆرییەت ئیشیان پێدەکرێت. دیکتاتۆرییەت بریتییە لە بەکارھێنانی دەسەڵات لە پێناوی نوخبەیەکی دیاریکراودا کە چوونەتە سەروو قانون و سەروو کۆمەڵگاوە. دیکتاتۆریەت ناوە سیاسییەکەی ئەو سیستمەیە گەندەڵیش ناوە ئابووری و ئەخلاقییەکەیەتی… واتە گەندەڵی ناوی دووەمی دیکتاتۆرییەتە کاتێک بۆ ناوێکی دی دەگەڕێت کە کەمێک کەمتر سیاسیانە بێت.

 پرسیار : وەك ڕۆشنبیرانى حیزب دەڵین گەندەڵى موبالەغەى تێدادەكریت ئایا ئەمە تاچەند راستەو چونى دەبینى؟
 بەختیار: گەندەڵی مەسەلەی چەندایەتی نییە، بەڵکو مەسەلەی چۆنایەتییە؟ مەسەلەکە ئەوە نییە بڕی گەندەڵی چەندە، بەڵکو ئەوەیە پەرچەکرداری عەقڵی سیاسی ئێمە و ئەخلاقیاتی مامەڵەکردنی نوخبەی سیاسی لەگەڵ گەندەڵیدا چۆنە وە شوێنی نوخبەی سیاسی لە پرۆسەی گەندەڵیدا لە کویادایە. کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە چەند دەدزرێت یان چەند لە سەروەتی کۆمەڵایەتی بە ھەدەر دەڕوات؟ بەڵکو ئەوەیە ئەم پرۆسەیە چەند لە ژێر چاودێری سیستم و لە ناو سیستم و بەبەرچاوی سیستم و وەک بڕێک لە شەرعییەتی سیاسی و ئابووری پراکتیکدەکرێت. کێشەی گەندەڵی لە کوردستاندا بریتی نییە لە دیاردەیەک بەدزی سیستم و نوخبەی سیاسییەوە ئەنجامبدرێت، بەڵکو گەندەڵی لە میکانیزمی ئیشکردنی سیستمی سیاسی ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە گەندەڵی بەس لەو پرۆسە ناشەرعییانەدا نییە کە لێرە و لەوێ دەکرێت، بەڵکو پەیوەندی بە مانا و تێگەیشتنی خودی شەرعییەت خۆیەوە ھەیە. دەسەڵاتی سیاسی کورد ھێزێکی فیکری و ئەخلاقی بەسەر کۆمەڵگای کوردییەوە نەماوە… شتێک بەرھەمناھێنێت ئەم کۆمەڵگایە سەرسامبکات و سەرەنجی ڕابکێشێت… تاکە شتێک کە ئەم دەسەڵاتە ئێستا ھەیەتی بۆ خۆنواندن و خۆنمایشکردن، ھێزی پارە و ئابوورییە. ئەم دەسەڵاتە ھەموو جۆرە ھێزە کاریزمییەکانی خۆی دۆڕاندوە… تاکە سیحرێک کاری پێدەکات سیحری پارە و ھێزی پارەیە. گەندەڵی بریتییە لە گۆڕینی ئابووری نەتەوەیی بۆ شانۆیەک کە تێیدا دەسەڵات نمایشی دوا شێوازی قودرەتی خۆی دەکات. ئەوەی بواری بۆ ڕۆشنبیرانی دەسەڵات خۆشکردوە وابڵێن ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا ئەوان جۆرە پێناسەیەکی گەندەڵی دەخەنە بازاڕەوە کە پێناسەیەکی کورتبڕ و کۆمیدییە. یەکێک نوسیبووی ھەتا شۆڤێری تاکسییەک کە بەتەواوی نامگەێنێتە بەر دەرگای ماڵەوە ئەویش گەندەڵە، ئەم قسانە بێماناترین و پڕوپوچترین قسەن سیاسییەک یان ڕۆشنبیرێک بیکات. ڕۆشنبیرانی دەسەڵاتی کوردی دەیانەوێت تەپوتۆزێک لەدەوری وشەکە دروستبکەن تا ھیچ مانایەک نەبەخشێت، تا دواتر بڵێن ئەوە ھەموومان گەندەڵێن و ئیدی کەس قامەتی لە قامەتی ئەویتر باڵاتر نییە و لێگەڕێن یارییەکە بابەوجۆرە بڕوات کە دەڕوات. ئەمجۆرە تێزە کۆمیدیانە ھەوڵێکی ڕۆشنبیرانی دەسەڵاتە بۆ سووککردنی ئەو بارە ئەخلاقییە قورسەی کە ڕۆژانە ناو و ناوبانگی دەسەڵاتی کوردی لە دونیادا زڕاندوە. گەندەڵی لە کوردستاندا گەندەڵییەکی ستراکتورییەو لەسەرەوە دێت بۆ خوارەوە، نەوەک لە خوارەوە بچێت بۆسەرەوە. گەندەڵی بریتی نییە لەوەی ھەندێک کەس یاری لە مەسروفاتی ڕەسمیدا بکەن، گەندەڵی بریتییە لەوەی حیزب ئابووری وڵات بۆ بەھێزکردنی خۆی بەکاربھێنێت، ئەم ئابووریە بۆ پروپاگەندە بۆ خۆی مۆنۆپۆلبکات، خەونەکانی حیزب و عەقڵی کادێرە حیزبییەکان ببن بە نەخشەدانەری ئابووری و پلاندانەری وڵات. ژێرخانی ئابووری فەرامۆشبکرێت و پارە بڕژێتە سەرخانی سیاسییەوە. دروستکردنی بونیادە بنەڕەتییەکان فەرامۆشبکرێت و پارە بخرێتە ناو پڕوپاگەندەو ڕاگەیاندنەوە. پارە لە جوتیارەکان بگیرێتەوە و بدرێت بە پۆلیسەکان.سەدان ھەزار بێئیش ھەبن و کرێکار لە بەنگلادیشەوە بھێنرێت… دەسەڵاتی سیاسی ھەر خۆی دەسەڵاتی ئابووری و دەسەڵاتی ئیعلامی و دەسەڵاتی سەربازی بێت. ئەو نوخبە سیاسییەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا حوکمی بواری سیاسی دەکات، ھەر خۆی حوکمی بازاڕ دەکات، حوکمی قەزاو دەزگا عەدلییەکان دەکات، حوکمی ڕاگەیاندن دەکات، حوکمی سوپا و عەسکەر و پۆلیس و ئاسایش دەکات. بۆئەوەی گەندەڵی نەمێنێت دەبێت سیاسەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بازاڕ لە قەزا لە ئیعلام لە پۆلیس و ئاسایش بچێتەدەرێ و ھەموو ئەو کایانە لە یەک جیابکرێنەوە… ئەو گەندەڵییەی ئەمڕۆ لە کوردستان ھەیە لە ناو عەقڵی سیستم و ڕۆحی سیستمەکەوە ھاتۆتەدەرێ. پەیوەندی بە دیارنەمانی بڕێک پارەوە نییە لێرە یان لەوێ، پەیوەندی بەوەوە نییە یەکێک لێرەدا وەسڵێک زیاتر یان کەمتر دەنوسێت، یەکێک موچەیەک یان سیان وەردەگرێت. ئەمانە ھەموو دیاردەی لاوەکین کە ڕۆحی ڕاستەقینەی گەندەڵی نیشاننادەنەوە، ئەمانە دیوە پەراوێزییەکەی گەندەڵین. گەندەڵی بریتییە لە تێکدانی لۆژیکی ئیشکردنی کۆی سیستمەکە، لارکردنەوەی کۆی ژیان و خوارکردنەوەی ھەموو شتێک تا بکرێت گەندەڵی سروشتی و ئاسایی بنوێنێت. سەیرنییە ڕۆشنبیرانی حیزب وادەڵێن، ڕۆشنبیرانی حیزب لەم چەند ساڵەدا دەپلەش لە خوار سیاسییەکانی حیزبەوە بوون، سیاسییەکان خۆیان زۆر زۆرتر ڕەخنە لە حیزب و ڕەوشی ئیشکردنی دەگرن لە چاو ڕۆشنبیرانی حیزبدا. سیاسییەکان زۆربەیان لە دۆخەکە ڕازینین، کە بەرگریش لە شتەکان دەکەن ئاشکرا قەناعەتیان پێی نییە، تاکە مەخلوقێکی ڕازی و بەختەوەر لە کوردستاندا ڕۆشنبیرانی حیزبن. ئەوان مەحکومن بەوەی بە یەک چاو شتەکان ببینن، بینین بە دووچاو لای ئەوان جۆرێکە لە موبالەغە. وەک گووتم گەندەڵی و دیکتاتۆرییەت دوو ناوی جیاوازن بۆ یەک سیستەم… دیکتاتۆرییەتیش بریتییە لە تێکدانی سروشتی دەزگاکان و لەبەینچوونی لۆژیک… سەیرنەبێت بەلاتەوە گەر بڵێم دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی پڕن لە کۆمیدیا… لە ھیچ جێگایەکیشدا ئەم کۆمیدیایە وەھا ناگاتە ترۆپکی خۆی، وەک ئەو جێگایەی کە بەرپرسەکان و قسەکەرەکانیان «کە بە ھەڵە پێیاندەگووترێت ڕۆشنبیرەکان» باس لە گەندەڵی دەکەن.
 پرسیار: دیارە وڵاتى ئێمە لەماوەى ئەم سەدەیەدا بەنێو شەرو شۆڕدا تێپەریوە ئەمە چ تەئسیرى لەسەر دروستبوون و تەشەنەكردنى گەندەڵى هەیە؟
 بەختیار: شەڕوشۆڕ گەندەڵی دروستناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە گەندەڵی شەڕو شۆڕ دروستدەکات. گەندەڵی میکانیزمێکی ئیشکردنی سیاسەتە لەسەر کۆمەڵگا و کایەکانی… واتە گەندەڵی سەد دەر سەد دیاردەیەکی سیاسییەو لە سیاسەتەوە ھەڵقووڵاوە، پەباستی عەقڵییەتی نوخبەی سیاسییە. ھەر پێناسەیەکی تر بۆ گەندەڵی ئەم خاڵە ڕەچاو نەکات بەھەڵەدا دەچێت. سیاسەت کە شوناسنامەیەکی فیکری و شارستانی و ئەخلاقی نەبوو، کە ھەڵگری ڕۆحی کولتوور و ستاتیکا نەبوو، درەنگ یا زوو لە گەندەڵیدا کۆتاییدێت. لەدوای ڕاپەڕینەوە سیاسەتی کوردی وازی لەوە ھێنا ھەڵگری ھیچ پەیامێکی فیکری و شارستانی و ئەخلاقی و ستاتیکی بێت، بووە خولیایەکی ڕەش و کوێرانەی کۆنترۆڵکردن و حوکومکردنی کۆمەڵگا لەڕێگای چەک و پارەوە… واتە بووە دەسەڵاتێکی پریمتیڤ «بدائی» کە جگە لە کۆنترۆڵ و حوکمکردن و دەستگەیشتن بەسەرچاوەی پارە زیاتر ھیچی دی بۆ گرنگ نییە. میللەت نییە لەم سەر زەمینەدا بە شەڕو شۆڕدا نەڕۆیشتبێت. گەر گەندەڵی پابەندی شەڕوشۆڕبووایە دەبایە ئەوروپای دوای دوو جەنگی گەورە و وێرانکەر حاڵیان وەک حاڵی ئێمە بایە. دوائەوە گەر مرۆڤ دوای ئەم تەفسیرە بکەوێت، دوادەرەنجام وادەکەوێتەوە وەک ئەوەی قوربانییەکانی جەنگ لە کوردستاندا لە پشت گەندەڵییەوە وەستابن، وەک ئەوە خێزانی شەھیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بن یان سەربازە پێکراو و بەدبەختەکانی سوپا یان پێشمەرگە پاکەکان بن کە گەندەڵیبکەن… ھەڵبەت کە ئەمە دروست نییە. بەش بەحاڵی خۆم باوەڕم بەوجۆرە گرێدانەوەیە نییە… بە پێچەوانەوە ڕۆحی گەندەڵی شەڕی ناوخۆی دروستکرد و درێژەی بەو شەڕەدا و ئێستاش جارجارە ئەو کلکە دەجوڵێنێتەوە، ڕۆحی گەندەڵییە لێرەو لەوێ سەرباز و پێشمەرگەی کورد دەگلێنێتە ئەو شەڕە پیس و دڕندانەیەی نێوان سونە و شیعەوە کە بەبڕوای من دەبایە کۆمەڵگای ئێمە یەکپارچە دژی تێوەگلانی دەستی ئێمە بێت لەو جەنگەدا. گەندەڵییە شەڕدروستدەکات نەوەک بە پێچەوانەوە.

 پرسیار: ئەوحوكمەتەى موجەدەداتە زوربەى زورى هاولاتیانى ئیمە وە ئاسارى ئەم سیاسەتە و مەترسیەكانى چیە ئەى حوكومەت ریگەچارەى ترى هەیە؟
 بەختیار: گەندەڵی تەنیا دزینی پارەو داگیرکردنی ناشەرعی مومتەلەکات نییە. دزیکردن لەدەوڵەت و فێڵکردن لە ھەموو دونیادا ھەیە، ئەمەیان شتێکی ترە، سروشتی گەندەڵی لە کوردستان تەواو جیاوازە. لە کوردستاندا گەندەڵی بریتییە لە تێکدانی ستراکتوری ئیداری و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە گشتی. گەندەڵی بەر لەھەر شت گۆڕینی کۆمەڵگایە بۆ کۆمەڵگایەکی کۆمیدی کە ھیچ شتێک لە جێگای خۆیدا نەبێت. بێگومان دەبێت حکومەت موچەبدات بە خەڵک، ھەر کەس ئیشیکرد و لەجێگایەکدا دامەزرا دەبێت موچەی بدەیتێ، ئەمە بچوکترین و سەرەتاییترین مافی مرۆڤە. کێشەی گەندەڵی ئەوە نییە کە حکومەت موچە دەدات، بەڵام ئەوەیە بەرابەر بە چی دەیدات و چی وەردەگرێتەوە. ئایا موچە لە ناو پرۆسێسێکی ئابووریدا دەدرێت یاخود لەناو پرۆسێسێکی سیاسیدا؟ بەخشینی موچە بۆ بەگەڕخستنی سیستمی ئابووری و ئیدارییە یان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتییەتی نوێ و بەرپرس و سەرۆک و تەکەتولە بێشومارەکانە؟ ئەمە پرسیاری جەوھەری گەندەڵییە. ئایا پارە لە بواری ئابوورییەوە دێت و دەڕژێتەوە نێو سیستمی ئابووری، یاخود پارە بە شێوەی سیاسی پەیدادەکرێت و دەخرێتەوە خزمەت سیاسەت؟ موچە دەبێت بۆ بەگەڕخستنی سیستمی ئابووری بێت، نەوەک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی… بۆ ئەکتیڤکردنی توانای بەرھەمھێنان بێت نەوەک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێئیش، کە بێدەنگی خەڵک بە موچە دەکڕێت. ھەموو دەوڵەتێکی ئەم دونیایە کە موچەدەدات، بەرابەر بە موچە بەرھەمی دەستدەکەوێت … گەر حکومەتێک گووتی من موچە دەدەم بۆیە شتەکانی دیم بۆ ناکرێت، واتە حکومەتێکی سەرنەکەوتووە. ئەم ڕستەیە واتە گرفتێکی قووڵی ستراکتوری و سەرتاسەری ھەیە و سیستمەکە ئیش ناکات و ناچێت بەڕێوە. بەڕێزتان دەپرسن: ڕێگا چارە ھەیە؟ بێگومان ڕێگا چارە ھەیە. سەرەتای دەبێت دەست لەوە ھەڵگرین سامانی کوردستان لە دروستکردنی بینای قەبەی بۆش و ڤیستڤاڵی پڕوپوچ و ڕاگەیاندنی فاشل و پڕۆژەی نیوەناچڵدا بەھەدەربدەین کە تەنیا مقاولەکانی حیزب و کۆمپانیاکانی تێیدا سوودمەندن. ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان ناتوانین ژێرخانێکی پیشەسازی بەھێز بۆ خۆمان دروستبکەین، دوژمنەکانمان ڕێگا نادەن کوردستان بکەینە وڵاتێکی پیشەسازی گەورە، کەس گلەیی ئەوەش لە حکومەت ناکات بۆ پیشەسازی قورس لە کوردستاندا نییە، بەڵام بەھێزکردنی ژێرخانی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی مۆدێرن و ژێرخانی پەروەردە دوو پرۆسەی زۆر گرنگن و لەدەستی کورد خۆیدایە. ڕۆحی گەندەڵی لە ناو ھەرەسی سیستمی خوێندن و ھەرەسی سیستمی کشتوکاڵی کوردستاندایە… ئەوەی ئێمە لەم پازدە ساڵەی ڕابوردوودا بەم دوو سیستممەمان کردوە ھیچ دوژمنێکی کورد لە عەرەب و تورک و فورس بەم دوو سیستمەی نەکردوە. گەندەڵی لای من ئەوە نییە بزانم مەسئولێک چەند عەشیقەی ھەیە، ئەوەیە تێبگەم چۆن پەیوەندی مرۆڤی کورد بە سروشتەوە کوژرا، چۆن خۆشەویستی و عەشقی فێربوون لە ڕۆحی مرۆڤی کوردا کوژرا… بەعس شارەکانی کوردستانی گۆڕی بۆ ئۆردوگای گەورەی چاوەدێری و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤی کورد، دەسەڵاتی کوردیش درێژەی بە ھەمان سیاسەتدا… کوردستان لە ھەموو خانەکاندا پێویستی بە گۆڕانی ڕادیکال ھەیە، واتە پێویستی بە خەڵک ھەیە فەلسەفەی گۆڕانیان ھەبێت و ھوشیاری گۆڕانیان ھەبێت، کوردستان پێویستی بە نوخبەیەک ڕیفۆرمیستی ڕادیکال ھەیە، کە بۆچوونێکی ڕۆشنیان لەسەر ئیدارە و ئازادی و نوێگەری ھەبێت. باوەڕیان بە گۆڕان لە باوەڕیان بە حیزب بەھێزتر بێت.

 پرسیار: حیزبى كوردى بۆخۆى پرۆگرام دادەنێت كەرەنگە دیموكراسیەتی تێدانەبیت ئایادەكریت ئێمە لەدەرەوە تەئسیرمان لەسەر پرۆگرامى حیزب هەبێت ؟
 بەختیار: من پێموایە لە مێژە حیزبی کوردی بەجۆرێک لە جۆرەکان مردوە، حیزب تەنیا دەمامکە بۆ چینێکی ئەرستۆکراتی نوێ کە حیزب وەکو کەرەستە بەکاردەھێنێت. حیزب تەنیا ڕۆڵی دایەن و پارێزەری ئەم چینە دەبینێت. ئەوەی حیزب دەبات بەڕێوە پەیڕەو پرۆگرام نییە. سیاسەتی کوردی پەیڕەو پرۆگرامی نییە، ھیچ ڕۆژێک لە ڕۆژەکانیش و لە ھیچ قۆناغێکدا پەیڕەو پڕۆگرامی نەبووە. ئیدیا و بیر ڕۆڵێک لە داڕشتنی سیاسەتی حیزبی کوردیدا نابینێت، حیزبی کوردی پتر لەوەی ئۆرگانێکی فیکری بێت، ئۆرگانێکی بایۆلۆژی خۆگونجێنە. لەسەر ئەخلاقیاتی خۆگونجان و خۆ ژیاندن ڕەفتاردەکات، مانەوە و پاراستنی دەسەڵات جەوھەری سیاسەتەکانێتی. لە دوای ڕاپەڕینەوە حیزب وەک ھەیکەلێکی ئیداری و عەسکەری لێھاتووە کە تەنیا ئیش بۆ ئەرستۆکراتییەتی کوردی دەکات. لە نەوەدەکانەوە حیزبی کوردی تەنیا لەسەر سێ تەوەر ئیشدەکات، کە ھەر سێکیان لە خزمەت ئەو چینە ئەرستۆکراتەدان کە ئەمڕۆ باڵادەستە. تەوەری یەکەم: داگیرکردنی سەرتاسەری کایەی ئابووریی و بازاڕ. تەوەری دووەم: خەساندن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و گۆڕینی بۆ قەوارەیەکی بێھێز. سێھەم: سیاسەتی خۆگونجاندن و پێکەوە ژیان لەگەڵ نوخبە دەسەڵاتدارەکانی دەوروبەردا و خۆپاراستن لە ھەر شتێک ڕیسک و موجازەفەی تێدابێت. بەڕای من ئەزموونی ئەم چەند ساڵە پێماندەڵێت کە ئەم چینە تازەیە چینێکی مەسرەفگەرای نەزان و کوێرە کە گوێ لە ھیچ دەنگێکی عەقڵانی ناگرێت. من لەوەڵامی پرسیاری پێشووی بەڕێزتاندا باسم لە ھەرەسی سیستمی کشتوکاڵ و پەروەردەکرد. گەر بپرسین بۆ ئەم دوو سیستمە لە کوردستان وەھا ھەرەسیانھێناوە، وەڵامەکەی لە ئەخلاقیاتی ئەو چینە ئەرستۆکراتییەدا دەدۆزینەوە. یەکەم ئەو چینە ھەموو سامانی نەتەوەیی دەڕێژێتە شارەوە کە مەڵبەندی خۆیەتی و تا ئەندازەیەکی زۆر لە بوژاندنەوەی کایەی کشتوکاڵیدا شتێکی گرنگ ئەنجام نادات. لەوساتەوەی ئەرستۆکراتییەتی نوێ بە تەواوی پشت لە بواری کشتوکاڵی کردوە و لە ژینگەی گوندەکی ترازاوە، تەواوی سیستمەکەش ئابووری سروشتی فەرامۆشکردوە و چۆتە سەر نەزمی ئابووری بازرگانی و نەقدی. لەبەرئەوەی ئەرستۆکراتییەتی نوێش چینێکی جاھیل و دژەزانستە کە بەتەواوی سەر لە سوودی زانست دەرناکات، مەسەلەی پەروەردە تەنیا وەک دیکۆرێکی شارستانی تەماشادەکات، کە سیفەتە دیکۆرکارەکەی بۆ گرنگە نەوەک جەوھەرە نوێگەر و گۆڕانخوازەکەی… بە کورتی کێشەکە زۆر لە مەسەلەی پەیڕەوپڕۆگرام قووڵترە… بەداخەوە لە چاوپێکەوتنێکی وەھا کورتدا ناتوانم بچمە قووڵایی باسەکەوە، بەڵام لەوەوبەر لە وتاری خۆڵەمێشی قەقنەسدا شتێکی کەمم لەسەر گووتووە، بڕیارە لە داھاتووی زۆر نزیکیشدا بە ھەندێک کاری درێژتر پتر بچمەوە سەر ڕۆڵی ئەرستۆکراتییەتی نوێ لە کوشتنی حیزبدا و گۆڕینی بۆ ڕێکخراوێکی ئیداری و عەسکەری کە پۆلیس و پاسەوان بۆ ئەو چینە نوێیە بەرھەمدەھێنێت. حیزب ئێستا بۆ خۆی ئیشناکات، بەڵکو کۆمپانیایەکی مقاوەلاتە و ئیش بۆ ئەو ئەرستۆکراتانە دەکات کە ھەر لەورگی خۆیەوە ھاتوونە دەرەوە… پەیڕەوو پڕۆگرام کار لە خەڵکێک دەکات کە فیکر و ئیدیا و بەھا سیاسی و ئەخلاقییەکان ڕابەریانبێت، بەڵام ئەو ئەرستۆکراتییە نوێیەی حیزب و دەوڵەتی کردوە بە خزمەتکاری خۆی، نە فیکری ھەیە نە ئیدیا، نە نەگۆڕی سیاسی و نە بنەچەی ئەخلاقی
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.