Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

دیمانە لە گەڵ نووسەر فەهمی کاکەیی

Be First!
by August 19, 2013 زمان

 

 

 

فه‌همی كاكه‌یی:

زمانێکی کوردیی ستاندارد بۆ هەموو کوردستان وەک خەونێکی وەنەوشەیی وایە!

 

زمانی كوردی به‌پێی پێشكه‌وتنی زه‌مه‌ن به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ساڵانی هه‌شتا و حه‌فتاكان ئه‌م زمانه‌ باشتر به‌ره‌و پێش ده‌چوو، ئه‌مه‌ بۆچوونی هێندێك له‌ زمانزانانی كورده‌، به‌ڵام بۆچوونێكی دیكه‌ ده‌ڵێ: زمان و رێنووسی كوردی ئێستا له‌وپه‌ڕی گه‌شه‌كردن دایه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌. بۆئه‌وه‌ی له‌ ورده‌كاری ئه‌م باسه‌ تێ بگه‌ین به‌باشمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ به‌رێز مامۆستا فه‌همی ساز بكه‌ین. 

 

                دیمانە: حەیدەر عەبدوڵڵا

 

پ1/ زمانى کوردى یەکێکیە لە زمانە هەرە دێرینەکانى دنیا، بەڵام وەک  ئاشکرایە تاکو ئێستا لەسەر پێى خۆى نەوەستاوە، بە دەربڕینێکى دیکە نەیتوانیوە بگاتە ریزى زمانە زیندووەکانى جیهان، بۆ؟ 

نازانم مەبەست لە زمانە زیندووەکانی جیهان چییە، جارێ بەر لە هەموو شتێک هەر زمانێک قسەی پێ بکرێت زمانێکی زیندووە و ئەمڕۆکە نزیکەی شەش هەزار زمان هەیە لە جیهاندا کە قسەیان پێ دەکرێت، لەمانە نزیکەی نیوەیان هەڕەشە فەوتانیان لەسەرە و ڕەنگە تا چل ساڵێکی دیکە لەناو بچن، بەڵام زمانی کوردی یەکێک نییە لەو زمانانەی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەر بێت. بەخۆشحاڵییەوە دەڵێم زمانی کوردی لە ڕیزی سەد زمانی گەورەی دونیایە، ئەگەر کورد تەنێ سی ملیۆن بێت ئەوە زمانی کوردی دەکەوێتە نێوان ژمارە چل و چلوپێنجەوە لە زنجیرەی سەد زمانی گەورەی جیهان. زمانی کوردی نە ئێستا و نە لە داهاتوویەکی دووردا هیچ مەترسییەکی فەوتانی لەسەر نییە. بەڵام ئەگەر مەبەست لە پرسیارەکە ئەوە بێت کە بۆچی زمانی کوردی نەگەیشتووەتە ڕیزی زمانە جیهانییەکان، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە هەلومەرجی بەجیهانیبوونی تێدا نییە. بۆ ئەوەی زمانێک ببێتە زمانێکی جیهانی، پێویستە: ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا، بەربڵاوییەکی جیهانیی هەبێت، لەنێوان گەلاندا بەکار بهێنرێت و قسەکەری زۆر بێت. بۆیە دەکرێت بگوترێت لەو چوار مەرجانەی باسمان کردن زمانی کوردی تەنێ لە یەکێکیان بەهرەدارە، ئەویش زۆری قسەکەرانی. لەم ڕووانگەیەوە دەکرێت بگوترێت زمانی کوردی زمانێکی گەورە و زیندووە، بەڵام جیهانی نییە. 

 

پ2/ هێندێ لە نووسەر و زمانزانان پێیان وایە زمانى کوردى ئێستا لەوپەڕى لاوازیدایە، بەبۆچوونى تۆ هۆکار چییە؟ چارەسەر چییە؟

من وای بۆ دەچم کە ئێمە لێرەدا باسی ڕەوشی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا دەکەین، بۆیە هەوڵ دەدەم لەو چوارچێوەیەدا بۆچوونی خۆم بێژم. دیارە ئەو نووسەر و زمانزانە هێژایانە بەڵگەی خۆیان هەیە. من پێم وایە ئەمڕۆکە زمانی کوردی پاشاگەردانی و بێسەروبەرییەکی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، لە لایەکەوە خەمساردییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە زمانی کوردی هەم لەلایەن دەسەڵات و دەمودەزگا پەیوەندارەکانەوە، هەمیش لەلایەن تاکی کوردەوە. ئەمڕۆ لە سایەی ئەو ئازادییەوە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەوەی بایەخی پێ نەدرێت زمانی کوردییە. کاتی خۆی کە زمانی کوردی ڕەقیبی بەسەرەوە هەبوو، دامودەزگا زەمانەوانییەکان، نووسەران، مامۆستایان، خوێنەران و خەڵکی دیکەش گرنگییەکی زۆریان بە زمان دەدا، هەنگین خەڵک پێی وا بوو لەدەستدانی زمانی کوردی دەبێتە هۆی لەدەستدانی ناسنامەی کوردی، کە ئەم بۆچوونە تا بڵێێت ڕاستە، کەچی ئەمڕۆکە کەس گرنگی بەو مەسەلەیە نادات، هەم دەسەڵات و هەم دامودەزگا پەیوەندارەکان ئەو دروشمەی کە دەڵێت: زمانی من ناسنامەی منە، بەرز نانرخێنن. چونکە کوردستان ئەمڕۆکە ئازادە و ڕەنگە  پێیان وا بێت ئیدی تاکی کورد ناسنامەی خۆی لەدەست نادات، ئەم لێکدانەوەیە تا بڵێیت هەڵەیە. پاراستنی زمانی کوردی هێندەی کاتی خۆی گرنگ بوو، هێندەی کاتی خۆی مەترسیی لەسەر بوو، ئەمڕۆ دە هێندەی ئەو سەردەمە گرنگە و مەترسیشی لەسەرە. ئێمە ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتێک دابمەزرێنین دەبێت هەر لە ئێستاوە حازریی خۆمان بکەین. یەکێک لەو ئامادەکارییانە گرنگیدانە بە زمان، کە چەند لایەنێک دەگرێتەوە ڕەنگە لە پرسیارەکانی تردا جێگەیان ببێتەوە. 

ڕەنگە هۆیەکی دیکەی ئەو لاوازییە، زۆری و بۆری بێت لە بواری چاپەمەنی و ڕاگەیاندندا، بە بینراو و بیستراوە و ئەلکترۆنییەوە. ئەمڕۆکە هەر کەسە بیەوێت دەتوانێت بۆ خۆی سایتێک بکاتەوە، ڕۆژنامە یان گۆڤارێک دەربێنێت، چوار کەس بەیەکەوە کۆ دەبنەوە و ڕادیۆیەک دادەمەزرێنن، هەر حیزب و ڕێکخراو و لایەنێک هەلدەستێت و کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بۆ خۆی دەکاتەوە، ئەمەیە کە پێی دەڵێن: زۆری و بۆری. لەم حاڵەتەدا کێ دەتوانێت ئەو هەموو سەدان ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و دەیان ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنە بخاتە ژێر چاودێریی زمانەوانییەوە؟ تا ئێوارە پێیان بڵێ: کاکە گیان دوو دانە واو لەسەرەتای وشەدا نایەت، کەس گوێت لێ ناکرێت و ڕەنگە بڵێن: ئێمە تا ئێستا وامان کردووە، بووە و ڕۆیشتووە، پێیان دەڵێیت: ئاخر پیتی بزوێن لە سەرەتای وشەدا بێ هەمزەی سەر کورسی نایەت، کەچی ئەو تەقەی سەری دێت و نازانێت ئەلفبێی کوردی چەند بزوێنی تێدایە، ڕەنگە هەر نەشزانێت ئەم ئەلفبێیەی ئێمە بریتییە لە چەند پیت. ئەمە بەڕاستی کارەساتە. من پێم وایە هەبوونی ناوەندێکی زمانەوانی کە چاودێریی ڕەوشی زمانی کوردی بکات، خاوەن دەسەڵات و کاریگەر بێت، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم ڕەوشە، گەلێک گرنگە.

ڕەنگە کەسێک بڵێت: ئەی ئەوە نییە ساڵانە کۆنفرانسی زمان دەگیرێت؟ هەنگین دەبێت منیش بپرسم: ئەدی لۆ حاڵی زمانی کوردی هێندە شڕە؟ کێن ئەوانەی کۆنفرانس دەگرن؟ بانگ دەکرێن بۆ کۆنفرانس؟ چ پێشنیاز و بڕیارگەلێک دەدەن؟ کوانی بەدوواداچوونیان؟ کوا بەرهەمی کۆنفرانسەکانیان؟ 

ئەمڕۆکە هەموو شتێک لە کوردستان بەسیاسەت کراوە، هەر بۆیەش هەموو شتێک بەسیاسەت چووە، یەکێک لەوانەش زمان و کۆنفرانسەکانی زمانە. تۆ دەبینیت، ئەوانەی بانگ دەکرێنە ئەو کۆنفرانسانە لەسەر ئەساسێکی سیاسی بانگ دەکرێن، ئەوانەی بانگیش ناکرێن هەر لەسەر ئەساسێکی سیاسی بانگ ناکرێن. بۆیە جیاکردنەوەی زمان لە سیاسەتەوە، جیا کردنەوەی ڕاگەیاندن لە سیاسەتەوە، جیاکردنەوەی قوتابخانە لە سیاسەتەوە و چەندین جیاکردنەوەی دیکەش، زۆر گرنگن. 

 

پ3/ رێنووسى کوردى لە کوردستانى باشوور چەندان ڕێڕەوى وەرگرتووە،  بە نموونە: چەند دەزگایەک جووت (واو)یان پێ زیادە و ئەوەى بۆشیان بنووسێ لاى دەدەن. چەند دەزگا و بڵاوکراوەیەکیش پێیان وایە نەنووسینى دوو (واو) و دوو(یـ)، جۆرێکە لە بێئاگایى لە رێنووس، هێندکیش کە تاقمى سێیەمن تەقەى سەریاندى و پێیان وایە ئەم جۆرە باسانە هیچ سوود بە زمانى کوردى ناگەیەنن، ئەى بۆچوونى تۆ لەم بارە چییە ؟

کێشەی ڕێنووس لە کوردستاندا کێشەیەکی گەورە و مەترسیدارە، بە هەڵە نووسین تێگەیشتنی هەڵەی لێ دەکەوێتەوە، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە خۆی لە خۆیدا ڕەنگە دەرئەنجامی زۆر خراپی لێ بکەوێتەوە. لەو سێ گرووپەی باست کردن، گرووپی سێیەم زۆر دژوارە، چونکە ئەوانە بێئاگایانە کەوتوونەتە ناو بواری زمانی کوردییەوە، هەرچی گرووپی یەکەم و دووەمن هەرچۆنێک بێت لەوە دەچێت بیانەوێت گفتوگۆ بکەن و ڕەنگە بەڵگەشیان بۆ بۆچوونەکانی خۆیان هەبێت، بەڵام نەک گرووپی سێیەم. ڕێنووس یاسای خۆی هەیە، هەندێک لەو یاسایانە بەڵگەنەویستن و هەندێکیشیان پێویستە بسەلمێنرێن، لەپاڵ ئەمانەدا جاری وایە هەیە زمانناسان لەسەر چۆنیەتیی نووسینی وشەیەک یان دەستەواژەیەک ڕێک دەکەون و ئیدی دەبێت بە یاسا. ئەم کێشەی ڕێنووسە بەشێکە لەو سەرگەردانییەی زمانی کوردی تێی کەوتووە. من پێم وایە ئەو دەزگایانەی لە کوردستاندا ڕچاوی ڕاستنووسی دەکەن زۆر کەم بن، دەکرێت بگوترێت دەزگای پەخش و بڵاوکردنەوەی ئاراس یەکێک بێت لەوانە هەروەها دەزگای سەردەم. ئەمڕۆکە زۆربەی نووسەران هەندێکیان لە زانایییەوە و هەندێک لە نەزانییەوە کێشەیان لەگەڵ دەزگاکانی بڵاوکردنەوەدا هەیە. تۆ دەبینیت من لە ڕستەکەی پێشوودا لە وشەی (زانایییەوە)دا سێ دانە پیتی (ی)م بە دوای یەکدا نووسیوە، ڕەنگە پیتچینێک پێی وا بێت ئەوە هەڵەی چاپ بێت و دانەیەکیان لا بدات، بەڵام ئەمە هەڵە نییە، خۆی سێ دانە (ی) بە دوای یەکدا دێت، ئەگەر ڕێکەوتنێک هەبێت لەسەر ئەوەی کاتێ سێ دانە (ی) بە دوای یەکدا هاتن یەکێکیان لا بدرێت، ئەو کاتە دەبێت هەمومان دوای ئەو ڕێسایە بکەوین. بۆچی سێ دانە (ی) بە دوای یەکدا هاتووە؟ چونکە وشەی زانایی خۆی دوو دانە (ی)ی هەیە، لەگەڵ پاشگری (یەوە) کە دەخرێتە سەری دەبێتە سێ دانە، هەندێک بەم شێوەیە دەینووسن: زانایی یەوە، بەڵام ئەمە هەڵەیە و نابێت وشەکە کەرت بکرێت، بەڵکوو دەبێت بە دەم یەکەوە بنووسرێت، ئا لەوێدا هەندێک نووسەر پێیان ناشیرینە سێ دانە (ی) بە دوای یەکدا بنووسرێت، بۆیە یەکێکیان لا دەبەن، بەڵام ئەمەشیان هەڵەیە. ئەگەر ئێمە ئەو وشەیە دابەش بکەن بەسەر بڕگەدا، دەبینین ئەم بڕگانەی لێ دەردەچێت: زا/نا/یی/یە/وە، واتە پێنج بڕگە، بە گوێرەی ژمارەی بزوێنەکانی ناو وشەکە کە پێنج بزوێنن. ئەم وشەیە کە بە پیتی لاتینی بینووسیت هەرگیز بواری ئەوەت دەست ناکەوێت یەکێک لە (ی)یەکان لا بدەیت. تەماشا بکە، وشەکە بە لاتینی ئاوا دەنووسرێت: Zanayîyewe، بەکەرتکراوی: we/ye/yî/na/Za

ئەو سێ دانە (ی)یەی ناوەڕاست بە لاتینی ئەمانەن (yîy) دوو دانەیان نەبزوێنن و یەکێکیان بزوێنە، پرسیار لێرەدا ئەمەیە: کام لەم (ی)یانە لا بدەین؟ یەکێک لە نەبزوێنەکان یان ئەوەی بزوێنە؟ هەر کامیان لا بدەین هەڵەیە. بەر لە هەموو شتێک وشەکەمان پێ ناکرێتە بڕگە و دوای ئەوەش دوو دانە بزوێن بە دووی یەکدا دێن کە ئەمەشیان یاساکانی ڕێنووسی کوردی ڕێگای نادەنێ. ئەوانەی پێیان وایە نووسینی دوو (و) و دوو (ی) جۆرێکە لە بێئاگایی لە ڕێنووس بێگومان بێئاگایانە ئەم قسەیە دەکەن. بۆیە گرنگە ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کار دەکەن بخرێنە کۆرسی بارهێنانی زمانی کوردییەوە، هەروەها دەزگاکانی ڕاکەیاندن و پەخش و بڵاوکردنەوەی چەند زمانەوانێکیان هەبێت بۆ پێداچوونەوەی بابەت و گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب بەر لە بڵاوکردنەوەیان.

لە دانیشتنێکدا لەگەڵ مامۆستایانی زمانی کوردی لە شاری (یۆتەبۆری) لە سوێد، گوێم لە تێبینییەکانیان دەگرت سەبارەت بە کتێبی خوێندنەوەی (کوردی٢) کە من ئامادەم کردووە، ئەو مامۆستا بەڕێزانە کۆمەڵێ تێبینیی باشیان هەبوو، بەڵام هی واش هەبوون دەبوایە بەڵگەیان بۆ بهێنمەوە کە ئەوی لە کتێبەکەدا نووسراوە، ڕاستە. بۆ نموونە تێبینییان لەسەر ئەم دوو ڕستەیە هەبوو:

مێشوولەکە چیی بە فیلەکە گوت؟

وەڵامی فیلەکە چی بوو؟

بۆچی وشەی (چی) جارێکیان بە دوو دانە (ی) و جارێکیشیان بە یەک دانە نووسراوە؟ دەبێت ئەوەی یەکەم هەڵە بێت. من تا ڕادەیەک دڵنیام ئەگەر ئەو دوو ڕستەیە بچێتە بەردەم هەر پیتچینێک لە کوردستاندا، یەک دانە لە (ی)یەکانی وشەی (چیی) لا دەبات، بەڵام ئەمە هەڵەیە، (ی)ی دووەم (ی)ی پەیوەندییە و دەبێت هەبێت.

 

پ4/ لە مەنهەجى قوتابخانەکان وشەى سۆرانى و بادینى تێکەڵ بە یەک کراون، گوایە ئەمە زمانى ستاندارد پێک دێنى، ئایا دەکرێ لەسەر ئەم میتۆدە کار بکەین بۆ ئەوەى زمانێکى یەکگرتوو بێنینە کایەوە؟ 

با ئەو ناولێنانە بەکار نەهێنین، دیارە مەبەستم سۆرانی و بادینییە، کە زۆربەمان لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین بە کرمانجیی سەروو و کرمانجیی ناوەڕاست ناویان ببەین. ئەوەی من ئاگام لێی بێت وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن زۆر شێوازی تاقی کردووەتەوە بە مەبەستی لیک نزیککردنەوەی ئەو دوو زاراوە سەرەکییە، کە موتربەکردنی کرمانجیی ناوەڕاست بە وشەگەلێک لە کرمانجیی سەروو یەکێک بووە لەو شێوازانە، بەڵام لێرەدا دەمەوێت بڵێم هیچ یەک لەو شێوازانە سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە. ئەگەر مەبەست لەم هەنگاوە، واتە تێکەڵکردنی هەندێ وشەی زاراوەی کرمانجیی سەروو لەگەل کرمانجیی ناوەڕاستدا ئەوە بێت کە ئاخێوەرانی ئەو زاراوەیە ڕازی بکرێت و کرمانجیی ناوەڕاست وەک زمانی ستاندارد قبووڵ بکەن، ئەوە من یەکسەر دەڵێم ئەوان بەمە ڕازی نابن، پێویست ناکات بە مێژووی ئەم کێشەیەدا بچێنەوە، لە لایەکەوە نامانەوێت کای کۆن بە بادا بکەین و لە لایەکی تریشەوە ڕەنگە زۆربەی خوێنەران ئاگایان لەم کێشەیە هەبێت. هەڵبەتە ناکرێت لەم لایەنەوە خەتاکە بخرێتە سەر یەک لا، بەڵکوو خەتاکە دوولایەنەیە. هەر بۆیە دەمەوێت لێرەدا یەکسەر بڵێم: ئەم میتودە بێکەڵکە و بەم شێوەیە زمانی یەکگرتوو لەدایک نابێت.


پ5/چەسپاندنى رێنووسى لاتینى توورکى لە جیاتى ڕێنووسى کوردى –عەرەبى، جۆرێک نییە لە ستەم لە زمانى کوردى، یان پێشخستنى زمانى کوردییە بەرووخسارێکى سەردەمیانە؟

من بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناسەلمێنم  کە بەکارهێنانی ئەلفبێی کوردی/لاتینی ڕووخسارێکی سەردەمییانە بە زمانی کوردی ببەخشێت، یان بە هۆی ئەو ئەلفبێیەوە پێشکەوتنی گەورەتر بە خۆیەوە ببینێت، یاپان و چین و هەندێ وڵاتی دیکەیش لە ڕێزی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانن، بەلام بە ئەلفبێی لاتینی نانووسن. جگە لەمەش بەکارهێنانی ئەلفبێی لاتینی بەڵگەیەک نییە  بۆ ئەوەی خەڵکی بیانی بتوانن ئاسانتر لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی کوردی بکەن، وەک هەندێک پێیان وایە. جارێ بەر لە هەموو شتێک پیت ڕەمزێکە بۆ دەنگێک، ئەمە لە گشت ئەلفبێیەکاندا وایە، خودی ئەلفبێیەکە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، گرنگییەکە تەنێ لەوەدایە تا چ ڕادەیەک پیتەکان دەربڕی دەنگەکانی ئەو زمانەن، یان تا چ ڕادەیەک ئەو پیتانە گونجێنراون بۆ ئەوەی دەنگەکانی ئەو زمانەن دەربڕن. لە لایەکی دیکەوە بەکارهێنانی ئەلفبێیەک بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی ئەوەی گرفتەکان تا ڕادەیەک چارەسەر بکرێن. ڕاستە ئێمە هەندێ کێشەمان لەگەڵ ئەلفبێی کوردی/عەرەبیدا هەیە، بەڵام ئەو کێشانە زۆر کەمترن بە بەراوردکردن لەگەل کێشەکانی نووسینی کوردی بە ئەلفبێی کوردی/لاتینی، کە ڕەنگە لێرەدا بواری ئەوە نەبێت باسی کێشەکانی هەردوو ئەلفبێ بکرێن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بمانەوێت یان نەمانەوێت کورد لە ئێستا و داهاتوویەکی نزیکیشدا بەردەوام دەبێت لەوەی بە دوو ئەلفبێ بنووسیت، ئێمە هەرچییەک بکەین ناتوانین و ناشکرێت و نابێت داوا لە کوردی باکوور بکەین بە ئەلفبێی کوردی/عەرەبی بنووسن، بەڵگە زۆرن بۆ ئەم بۆچوونە. ڕەنگە ئەوەی ئێمەی کەمێک نیگەران کردبێت ترسی ئەوە بێت ئەلفبێی کوردی/لاتینی لە هەرێمی باشووری کوردستاندا جێ بە ئەلفبێی کوردی/عەرەبی لەق بکات، کە من پێم وایە ئەم نیگەرانییە لە جێی خۆیدا بێت.

من خۆم هیچ بەڵگەیەکی مەنتقی نابینم بۆ ئەوەی ئێمە دەست لە ئەلفبێی کورد/عەرەبی هەڵبگرین و لە جیاتیی ئەوە ئەلفبێی کوردی/لاتینی هەڵبژێرن، چونکە کەموکۆڕییەکانی ئەم ئەلفبێیە زۆر کەمن و دەکرێت چارەسەر بکرێن، من جارێکی دیکەیش ئەم قسەیەم کردووە کە ئەمە وەک ئەوە وایە تۆ خانوویەکت هەبێت دەرگایەک و دوو پەنجەرەی شکا بێت، لە جیاتیی ئەوەی دەرگا و پەنجەرەکان چاک بکەیتەوە هەڵسیت و هەموو خانووەکە بڕووخێنیت و سەر لەنوێ خانوویەک دروست بکەیت و پێت وا بێت لەوەی پێشتر باشتر دەبێت، کە وا نییە. یانی بە کورتی بێژم: ئێمە بەم شێوەیە سەر لە خۆمان دەشێوێنین، سەرباری ئەوەی گەنجینەی ئەدەبیی هەزار ساڵەشمان زەرەری بەر دەکەوێت.

 

پ6/ رۆژانە دەیان ئامرازى نوێ دەکەوێتە بازاڕ، بە نموونە ئامێر و کەلوپەلەکانى کارەبا نزیکەى بە یەک ملیۆن مەزەندە دەکرێن، بۆ ئەمە چى بکەین، وشە عەرەبى و ئینگلیزییەکان بێنین و وەریانگێرینە سەر زمانى کوردى یان هەر بە ناوى ئەسڵى خۆیانەوە ناویان  ببەین؟

ئەمە پرسیارێکی گرنگ و بابەتێکی سەردەمییانەیە، نە تەنیا گرفتی بۆ ئێمە دروست کردووە بەڵکوو بە میللەتانی دیکەیش کە ئینگلیزیئاخێو نین، بەڵام کێشەی ئەو میللەتانەی وڵاتیان هەیە تا ڕادەیەک ئاسانترە لە ئێمەی کورد، هیچ نەبێت ئینستیتۆی زمانەوانییان هەیە یان دامودەزگای تایبەت بەم جۆرە کێشانە کە هەوڵ دەدەن چارەسەریان بکەن، هەرچی ئێمەی کوردین ڕەنگە لەم لایەنەوە کێشەمان زۆرتر بێت، لە لایەکەوە لەبەر نەبوونی وڵاتی سەربەخۆ زمانی کوردی بە پێی پێویست گەشەی نەکردووە، لەلایەکی دیکەوە ئێمە ئەوەندە خەمی زمانەکەمان ناخۆین، مەبەستم لە ئێمە ئەو دەسەڵاتەیە کە ئەمڕۆکە لە باشوری کوردستاندا هەیە. لەم حاڵەتەدا چی بکرێت باشە؟ من پێم وایە چاکە ئەگەر ئەکادیمیای کوردی بەڕێوەبەرایەتییەکی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کێشانە، هەر هیچ نەبێت بەشێکیان، ئەوانی دی کە چارەسەریان بۆ نادۆزرێتەوە باشتر وایە وشە ڕەسەنەکەی خۆی بەکار بهێنین، بۆچی دەبێت وشەی عەرەبی بەکار بهێنین؟ ئەگەر ئێمە لە باشوور وا بکەین و کوردەکانی ڕۆژهەڵات فارسییەکەی بەکار بهێنن و ئەوانەی باکوور تورکییەکەی، ئەمە کەی خزمەت بە زمانی کوردی دەکات، با وەک پێشتر چۆنمان کردووە لەگەڵ هەندێ ئامراز و کەرەستە ئێستایش وا بکەین، با تەلەفۆن هەر تەلەفۆن و کۆمپیوتەر هەر کۆمپیوتەر و موبایل هەر موبایل بێت، من وام پێ باشترە.

 

پ7/ زاراوەسازى کارى کێییە؟ ئایا تاک دەتوانێ زاروەیەکى نوێ لە کوردییدا دابێنێت، یان داتاشێت؟ 

هەڵبەتە ئەم پرسیارە پەیوەندیی بەوەی پێشەوە هەیە. زاراوەسازی خۆی لە خۆیدا بابەتێکە و دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، من لێرەدا نامەوێت جۆر و شێوەکانی زاراوەسازی بە درێژی باس بکەم. دەتوانم بڵێم زاراوەسازی بریتییە لە دۆزینەوە، یان دانان، یان وەرگرتن، یان داتاشین، یان کورداندنی وشەگەلێک کە دێنە ناو زمانی کوردییەوە بە حوکمی گەشەسەندنی لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیان. وا ڕێکدەکەوێت کە ئامێرێکی تازە دروست دەکرێت و هەندێک پێیان وایە دەبێت ئێمە دانیشین چارەسەرێک بۆ ناوی ئەو وشەیە بدۆزینەوە ئایا ناوێکی کوردیی لێ بنێین، یان ناوەکە وەک خۆی تەرجەمە بکەینە کوردی، یان وشەیەکی نوێی بۆ داتاشین یان هەر وەک خۆی وەری بگرین؟ من پێم وایە ئەگەر وشەیەک لە زمانی کوردیدا هەبێت و بۆ هاوچەشنی ئەو داهێنانە بەکار هاتبێت یەکسەر سوود لەو وشەیە وەر بگرین، کاتی خۆی کە باوەشێن دۆزراوەتەوە (ئەگەر وەک دۆزینەوە حیسابی بۆ بکەین) ئایا کەس دەزانێت کێ ئەم ناوەی لێ ناوە؟ باشە کە پانکە (پەنکە بە فارسی) بۆ یەکەم جار هاتە ناو کۆمەڵگای ئێمەوە بۆچی چووین و ئەو وشەیەمان بەکار هێنا، کە من نازانم لە چ زمانێکەوە وەرگیراوە، ئەی بۆچی هەر باوەشێنمان بەکار نە‌هێنا، مەگەر کاری پانکە با وەشاندن نییە؟ ئەی ئێستا بۆچی وشەی (باوەشێن) لە جیاتیی وشەی (سپلیت) بەکار نەهێنین؟ ئەگەر هەر ناچار بین وشە بێگانەکە بەکار بهێنین ئەوە چاکترە لە زمانە ئەسڵییەکەوە وەری بگرین، واتە لەو زمانەدا چۆن دەگوترێت ئێمەیش هەر وا بڵێین، مەبەستم ئەوەیە لە زمانێکی دووەمە وشەکە وەر نەگرین.

من پێم وایە زاراوەسازی بە شێوەیەکی گشتی کاری زمانەوانەکانە، بەڵام چاکە ئەگەر لیژنەیەک هەبیت بۆ ئەم مەبەستە و سەر بە دەزگایەکی زمانەوانی بێت، لەم حاڵەتەدا ئەکادیمای کوردی، (نازانم بەم کارە هەڵدەستن یان نا)، بەڵام بێگومان تاکیش بۆی هەیە پێشنیاز بکات (ڕەنگە زۆربەی جارەکانێش پێشنیازەکان باش بن) و بینێرێت بۆ جێی پەیوەندار بۆ ئەوەی جۆرە ڕەزامەندییەکی لەسەر وەربگیرێت، چونکە دەبێت ئەو زاراوە تازانە بە ڕەسمییەت بناسرێن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لە قوتابخانە و ڕاگەیاندن و نووسراوەکانی دەوڵەتدا بەکار بهێنرێن، تاکەکەس دەستی بەو جێگایانە ناگات.


پ8/ تۆ زەمەنێکى زۆرە کار لە سەر زمان و رێنووسى کوردى دەکەیت، دەکرێ پێیمان بڵێى بە چ ئامانجێک گەیشتوویت؟  ئایا لە درووستبوونى زمانێکى یەکگرتووى کوردى گەشبینى یان ڕەشبین؟ 

پێویستە لێرەدا بڵێم کە  من نە زمانەوانم نە زمانزانم، کە قسە لەسەر زمان دەکەم وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی قسە دەکەم، ئەو قسانەی کە دەیانکەم لە ئەنجامی خوێندنەوە و زیاتریش شارەزایی پیداکردنمە لە بواری دەرسگوتنەوەدا، بێگومان بەشێک لە شارەزاییەکەشم دەگەڕێتەوە بۆ بواری نووسینی کتێبی خوێندنگە لە دەرەوەی وڵات. 

هەرچی پەیوەندارە بە زمانی ستانداردی کوردییەوە زۆری لەسەر گوتراوە، زۆری لەسەر نووسراوە و زۆریش هەوڵی بۆ دراوە، ئەمیشیان خۆی لە خۆیدا بابەتێکە دەکرێت زۆری لەسەر بگوترێت. من لە هاتنەکایەوەی زمانێکی ستاندارد بۆ هەموو کوردستان، بە باشوور و باکوورەوە، بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە بە هیچ شێوەیەک گەشبین نیم. کاتی خۆی کە کوردی باشوور لەژێر دەسەڵاتی مەرکەزیدا بوون زیاتر بە تەنگی زمان و ناسنامەی خۆیانەوە دەهاتن، ئێستا کە دەسەڵات بە دەستی خۆمانەوەیە کردوومانە بە شاییەکەی بناویلە، هەر یەکەمان لە ئاوازێک دەخوێنێت. هەر یەکەو ئێژێت بۆ ئەوەی تۆ بێت و ئەوەی من نەبێت، خەریکین ماڵی خۆمان جیا دەکەینەوە. بڕێک بە کەمانجیی ناوەڕاست دەخوێنن و بڕێک بە کرمانجیی سەروو، هەندێکی دیکەیش داوای زاراوەی خۆیان دەکەن و پێیان وایە کە ئەمانیش لەوانی تر کەمتر نین. ئەم جۆرە ناحاڵیبوونە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە زمان و فەرهەنگ و ناسنامەی کوردی ناکات. پێویستە لێرەدا بڵێم من لەگەڵ زاراوەیەک نیم دژ بە زراوەکەی تر، بەڵام من لەگەڵ زمانێکی کوردیی ستانداردم، هەر هیچ نەبێت بۆ باشووری کوردستان.

زمانی کوردی نە لە ئێستادا و نە لە داهاتوودا یەکستاندارد نابێت لەبەر کۆمەڵێ هۆی: سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و بگرە فەرهەنگییش، ڕەنگە کەسێکم لێ ڕاست بێتەوە و بڵێت مەگەر ئێمە هەموومان کورد نین؟ بۆچی دەبێت هۆی فەرهەنگی هەبێت، مەگەر جیاوازیی فەرهەنگیمان هەیە؟ بەڵی جیاوازیی فەرهەنگی لەناو کورداندا هەیە، ئەویش کۆمەڵی هۆی خۆی هەیە، جیاوازیی فەرهەنگی نەک تەنێ لە نێوان بەشێک و بەشێکی دیکەی کوردستاندا هەیە بە هۆی کارتێکردنی فەرهەنگی سەردەستەوە، بگرە جیاوازی لە نێوان هەرێمێک و هەرێمێکی تر، شارێک و شارێکی تر هەیە. نامەوێت لەوە زیاتر لەسەری بڕۆم، بەڵام زمانێکی کوردیی ستاندارد بۆ هەموو کوردستان وەک خەونێکی وەنەوشەیی وایە.

سوێد

٢٨/١/٢٠١٣

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ 195ی گۆڤاری دیمه‌ن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

Previous
Next

Leave a Reply