Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دیوار…..د.مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌

دیوار…..د.مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌

Closed
by November 16, 2008 ئەدەب

 دیوار
 د.مستەفا زەنگنە

 
 ئەم دیوارانە چین،
 سەدان ساڵە راوەستاون و پێیان نییە!
 بەبىَ جاجم..
 تاریكى شەوانە لەبەردەكەن
 سەرما نامۆكان دەنۆشن و
 پێكى تیشكى هاوینان هەڵدەدەن!
 ئەم دیوارانە چین، بەپێوە دەنوون
 چاویان نییە و بوونەتە چاوى مێژوو
 ئەستێرەكان جریوە بارانیان دەكەن و
 كۆترەكان لەسەرپشتى ئەوان دەم دەنێنە ناو دەمى یەك!
 ئەم دیوارانە چین..
 ئێمە دەشارنەوە
 سینگیان ئەدەنە بەر گوللەكانى زەمەن
 لەسەر لەپى خۆیان مێژووى…
 عەشقە نهێنى و
 ماچە نهێنى و
 دابڕانە نهێنییەكان دەنووسنەوەو
 تیروكەوانەكان دەیان سمن!
 ئەم دیوارانە چین
 برینى خشتە دەرهاتووەكانیان…
 دەكەن هێلانە و پەنجەرە
 پەنجەرەى غەدرى مرۆڤ و
 هێلانەى پاسارییانەى هەر دەزانن…
 مرۆڤ لەخەو هەڵبسنن بۆ كوشتنى خۆیان و
 تێكدانى هێلانەكان
 ئەو پاسارییانەى هەر دەزانن بفڕن
 تا كەمىَ زێتر لەپەلە پیتكەى مرۆڤ دووربن
 ئەو پاسارییانەى نازانن لەقەفەزدا بژین و
 هەوا دەریاى ئەوانە!
 ئەم دیوارانە چین
 بوونمان پەنایان بۆ دەبات و
 مێژوو بەوان روونە!
 ئەم دیوارانە سەدان ساڵە لە تاریكى ناترسن
 بەبەفر خۆیان دادەپۆشن
 پشتیان كۆڵبەرى میچەكانە
 ناچنە دادگاو
 ناچنە سەنگەرو
 ناچنە كۆچكردن
 بكەونە… لەشوێنى خۆیاندا دەمرن
 بڕۆن.. تەنها سێبەرەكان دەڕوات و
 كاتى نوستنەكانیان نهێنییە
 تا ئەمرۆش..
 كەس گوێیى لەگریانەكانیان نەبووە
 تەنها مێژووناس..
 هەوارناس..
 هونەرە و
 تەنها باڵندە و جاڵََجالۆكە و خۆرو تاریكى
 تەنها بەفروباران..
 دەتوانن لەزمانى ئەوان بگەن.
 كەسیش نەیتوانیوە تەلەسمى ئەم دیوارانە..
 بكاتەوە!
 ئەم دیوارانە چین..
 بەسەر ئەسپن
 بەلەش پیرە ساڵن
 بەهەنگاو رەگێكى زیندوون
 بەچاو گەرمیانى و
 بەدەنگ، مناڵەكەى باوەشى كاكە حەمەى هەڵەبجەى شەهیدن!
 ئەم دیوارانە چین؟!
 مەگەر خوا هەر بەخۆى بزانىَ
 چونكە سەدەى داهاتووش زمانى لاڵە!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.