Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دەسەڵات لەنێوان ڕەخنە و ستایشدا

دەسەڵات لەنێوان ڕەخنە و ستایشدا

Closed

     …حزبە سیاسیەكان چەند بەرپرس بوون لە هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆى كوردستاندا، ئەوەندەش نوسەرانى شەڕى ناوخۆ بەرپرس بوون…… مەریوان وریا قانیع
 عەزیز ڕەئووف…….
 
 هیچ دەسەڵاتێك لە دنیادا نیە ستایش بیپارێزێت. ستایشكردنى دەسەڵات بێشك دۆخێك دەخولقێنێت لە ئاسۆى دیكتاتۆریەت و ستەمكارى نزیكمان دەخاتەوە. ستایشكردن پیشەى دەسەڵاتە تۆتالیتارەكانە، ئەو دەسەڵاتانەى چاوەڕێى ئەوە بكەن كە نوسەران بەشان و باڵى سەركردەكانیاندا هەڵبدەن، بێشك دەسەڵاتگەلێكى نەخۆش و ناتەندروستن.
 مێژوو لێوانلێوە لەم جۆرە دەسەڵات و ڕژێمانە. زۆر بوون ئەو نوسەر و هونەرمەندانەى كە ستایشى شۆڕشى سورى ڕوسیایان دەكرد، بەڵام ئەم دەسەڵاتە تا دەهات خوێناویتر دەبوو،دەرئەنجام ستایشكردن نەیپاراست و سەرجەم دام و دەزگا و پەیكەرەكانى تێكوپێكدرا. لەبەرامبەردا زۆر بوون ئەو بیرمەندانەى كە ڕەخنەى توندیان لە دەسەڵاتەكانى ئەوروپاى خۆرئاوا دەگرت، بەڵام ئەوروپا تا دەهات كراوەتر و دیموكراسیتر و ئازادتر دەبوو.
 ئەوەى ڕوخسارەكانى دەسەڵات جوان دەكات ڕەخنەیە نەك ستایشكردن. نوكتەیەكى گەورەیە گەر دەسەڵاتێك بیەوێت ناشرینیەكانى خۆى بە ستایشى نوسەرەكانى بشارێتەوە. هەر نوسەرێك ستایشى دەسەڵات بكات و ڕەخنە پشتگوێ بخات، بێشك بانگێشتكردنى بە نوسەر هەڵگرى پێكەنینە.
 سێ و پێنچ ساڵ دەسەڵاتى حزبى بەعس دنیایەك نوسەرى هەبوو كە شیعر و پەخشانى بەسەر پەیكەرەكانى سەدامدا هەڵدەدا. مێگەلێك سرودبێژى هەبوو لە كەناڵى تەلەفزیۆن و ڕادیۆكانەوە گوێچكەیان كەڕ دەكرین هێندە بە حەماسەوە ستایشى ڕژێمى بەعسیان دەكرد. ئەو ڕژێمە هەندەى پەیكەرتاش هەبوو كە بەدرێژیى مێژووى هونەرى پەیكەرتاشى لە عیراقدا بارتەقاى ئەو سی و پێنچ ساڵە پەیكەر بۆ سەرۆك دانەتاشرا. بەڵام دەرئەنجام بێسود بوو. سەدام نە سەربازەكانى توانى بیپارێزن، نە شاعیرەكانى، نە سرودبێژەكانى توانى بیپارێزن، نە پەیكەرتاشەكانى.
 كۆمەڵگەى كوردیش لێوانلێوە لە نوسەرى ستایشكەر و ڕەخنەگر. لە دەسەڵاتى شێخ مەحمودەوە تا حكومەتى هەرێم ئێمە ئەزمونێكمان لەگەڵ ڕەخنە و ستایشكردنى سەركردەكانماندا هەیە. زۆر بوون ئەو شاعیرانەى كە لە دیوەخانەكاندا ستایشى شێخ مەحمودیان دەكرد، بەڵام كەمیان وەك پیرەمێردى شاعیر توانی ڕەخنە لە مەلیك بگرێت و پێى بڵێت (سوراحى سەر فرو دێنىَ لە بۆ پیاڵە كەتێكا بۆى). لە دواى دروستبوونى پارتى دیموكراتى كوردستانى عیراق ئیدى ڕەخنە پاشەكشێ بەخۆوە دەبینێت. دنیایەك سرودبێژ و نوسەر دەبینین كە ستایشى بارزانى دەكەن، بەڵام كەم بوون ئەوانەى وەك ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێكانى ڕەخنە لە بارزانى بگرن و بەو فۆرمە لە شۆڕش ڕازى نەبن كە بارزانى هەڵگرى بوو.
 لە شۆڕشى نوێشدا بەم فۆرمە لە ستایشكردن ئاشنا دەبین . سرودەكانى حەمە جەزا و دەنگى فەرهاد سەنگاوى باشترین نمونەن، لەسەر ئاستى شیعریش لاى شێركۆ بێكەس ستایشى پێشمەرگە دەگاتە لوتكە. هەرچەندە ستایشكردنى هێزێك كە هێشتا نەهاتبێتە سەر دەسەڵات جیاوازى هەیە، بەڵام ناتوانین لە بازنەى ستایشكردن بە شێوەیەكى فراوان وەدەربنێین.
 لەدواى ڕاپەڕینەوە ئیدى ئێمە خۆمان لەبەردەم مێگەلێك لە نوسەرى ستایشكەر و ڕەخنەگردا دەبینینەوە. كەم نەبوون ئەو نوسەرانەى كە ئاگرى شەڕى ناوخۆیان خۆش دەكرد و پێش قسەى سەركردەكان نوسینى جنێوئامێزیان لە ڕۆژنامە حزبیەكاندا دەنوسى. كەم نەبوون ئەو نوسەرانەى كە لە شەڕى ناوخۆ سودمەند دەبوون و قەڵەمەكانیان دژ بە هێزى بەرامبەر دەخستەكار و دواجار هەردوو سەركردە لە دانیشتێكدا وتیان لە شەڕى ناوخۆدا ئێمە بێتاوانترین كەسین. ئەوسا نوسەرانى شەڕى ناوخۆ هەستیان بەوە كرد كە چ هەڵەیەكى گەورەیان كرد كە ستایشى هێزێكیان بەرامبەر بە هێزێكى تر دەكرد، بەو پێیەى هەردوو هێزە كوردیەكە لە شەڕى ناوخۆ زەرەرمەند بوون.
 لەپاڵ نوسەرانى ستایشكەردا چەندین نوسەرى ڕەخنەگر لە دواى ڕاپەڕینەوە سەریان هەڵدا، كە هەم لەسەر دەسەڵات و جیاوازى و شەڕى ناوخۆ، تەفسیر و قسەى جدیان هەەبوو، ڕاڤەى وەها دۆخێكیان دەكرد كە چ شپازلەیەكە لە بناگوێى تاكى كوردى و تێكشكانى ئەزمونەكەمان. دەرئەنجام هەر تەفسیرى ڕەخنەگرەكان دروست دەرچوو.
 لەدواى پرۆسەى ئازادى عیراق و دەرچوونى چەندین ڕۆژنامەى ئەهلى، ئیدى ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات بوو بە دیاردەیەكى تەواو ئاشكرا. زۆرن ئەو نوسەرانەى كە ستایشى دەسەڵاتى كوردى دەكەن بەو هەموو ناشرینى و گەندەڵى و ناعەدالەتیەوە، بەڵام كەمیش نین ئەو نوسەرانەى كە قەلەقن بەو دۆخە و خەون بە دەسەڵاتێكەوە دەبینن كە خاڵى بێت لە گەندەڵى و خاكى بێت وەك پێشمەرگەكانى پێش ڕاپەڕین. بێشك هەر ئەو نوسەرانە پەرۆشى ئەزمونى كوردین كە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و بەرپرسى ئۆفیسەكانى حكومەتى هەرێم لە هەر گەندەڵى و كەموكوڕیەك ئاگادار دەكەنەوە و نیگەرانیەكانى خەڵك بەرز دەكەنەوە. لەپاڵیشدا ئەو نوسەرانە مشەخۆرن و دواى ئارەزووەكانى خۆیان كەوتوون كە  هەردەم قەڵەمەكانیان لەسەر پێیە بۆ ستایشكردنى دەسەڵات و ناشرینیەكان پشتگوىَ دەخەن.
 ئەزمونى هەرێمى كوردستان هەرگیز بە ستایش ناپارێزرێت، بەڵكو بە ڕەخنەگرتن و وەستان لەسەر دیاردە ناشرینەكان پێش دەكەوێت. دەسەڵات گەر بیەوێت بە ستایشكردنى نوسەرەكانى لەسەر پاى خۆى بوەستێت، ئەوا دەبێت فاتیحاى بۆ بخوێنین. دەسەڵاتێك لەدنیادا شك نابەین نوسەرەكانى بە ستایشكردن پاراستبێتیان، هەرچەندە دەسەڵاتێكیش شك نابەین كەنوسەرەكانى بە ڕەخنەگرتن ڕوخاندبیتیان.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.