Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
راپەڕین و كۆڕەو دوو ریفراندۆم بۆ رەتكردنەوەى بەعس

راپەڕین و كۆڕەو دوو ریفراندۆم بۆ رەتكردنەوەى بەعس

Closed
by April 2, 2008 گشتی

  بەهرەوەر مەرزانى……
 
 گەلى كورد بەدرێژایى مێژووى داگیركردن و لكاندنى كوردستان بە دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە تا بەئەمڕۆ دەگات لەخەبات و تێكۆشان لەپێناو سەربەخۆیى نیشتمانەكەیدا نەوەستاوەو بەهەزاران قوربانیى لەو پێناوەدا بەخشیوە, بەدرێژایى ئەو مێژووەو لەقۆناغە جیا جیاكان و لە چەندین ناوچەدا گەلەكەمان توانیویەتى لە ئەنجامى شۆڕش و راپەڕینە بەردەوامەكانیدا حكومەت و ناوچەى سەربەخۆو نیمچە سەربەخۆ دروست بكات, هەر لەمیرنشینەكانەوە تادەگاتە حكومەتەكەى مەلیك مەحمودى نەمرو كۆمارى كوردستان لەمەهاباد بەرێبەرایەتى قازى محەمەد و رێككەوتننامە مێژووییەكەى 11ى ئازارى ساڵى 1970 بەسەرۆكایەتى باوكى رۆحى نەتەوەكەمان, سیمبولى خەبات و بەرخودانى بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كورد بارزانى نەمر, كە بەدرێژایە تەمەنى پڕ سەروەرى خزمەتى ئازادى و ددپەروەرى كرد, ئەمەش وەرچەرخانێكى مێژویى بوو لەدیرۆكى گەلەكەمان و بۆ یەكەمجار رژێمێكى داگیركەرى كوردستان دانى بە ئۆتۆنۆمى بۆ گەلەكەماندانا كەبووە هەوێنى راپەڕینە پڕ سەرەوەریەكەى خەڵكى كوردستان دواى شكستهێنانى سوپاى داگیركەرى عێراق لەشەڕى دووەمى كەنداودا.
 جەماوەرى گەلى كورد لەبەهارى 1991 بە پاڵپشتى هێزى پێشمەرگەى كوردستان بەرووى دەوڵەتى داگیركەرى عێراقدا تەقییەوەو لەماوەى چەند رۆژێكدا زۆربەى هەرە زۆرى ناوچەكانى باشوورى كوردستان لە دام و دەزگا سەركوتكەرەكانى رژێمى بەعس پاك كرانەوەو دەنگۆى راپەڕین تامەزرۆیى گەلى بۆ ئازادى شكاندوو ئاهەنگ و خۆشییەكان ئاوێزانى سەركەوتنەكانى راپەڕین بوون, بەمەش راپەڕین بوو بە ریفراندۆمێكى سەرتاسەرى خەڵكى كوردستان كە بەیەكدەنگ و بەیەك رەنگ داگیركارییان رەتكردەوەو سەلماندیان كە هەركاتێك دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت هەرگیز بە ژێر دەستەیی و كۆیلایەتى ژێر چەپۆكى داگیركەران رازى نابن, راپەرین هەر لەسەرەتاوە زەبرێكى كوشندەى لەرژێمى داگیركەرى بەعسداو هێزە فشۆڵ وبەزیوەكانى لەهیچ شوێنێكى ئەم كوردستانە نەیاندەتوانى رووبەڕووى رقى ئەستوورى پێشمەرگەو جەماوەر ببنەوە, كە لەزۆربەى شوێنەكاندا چەكەكانیان فڕێدەداو هەوڵى خۆدەربازكردنیان دەدا بۆ ئەوەى بتوانن مەرگى خۆیان لە دەست رق و بێزارى خەڵكى راپەڕیوى كوردستان رزگار بكەن, هەرچەندە راپەڕینى سەرتاسەرى باشوورى كوردستان چەند رۆژێكى كورتى خایاندو لەبەرامبەردا رژێمى داگیركەر بەسوود وەرگرتن لەوەستانى هێرشەكانى هاوپەیمانان بۆ سەر دام و دەزگا سەربازییەكانى لەلایەك و وەستانى هێرشەكانى پێشمەرگەو جەماوەرى خەڵكى كوردستان دواى ئازادكردنى خاكى نیشتمان لەلایەكى ترەوە, توانى بەشێك لە هێزە تێكشكاوو دۆڕاوەكەى كۆ بكاتەوەو جارێكى تر بە ئاگرو ئاسن بكەوێتەوە وێزەى خەڵكى راپەڕیوى كوردستان, بەڵام ئەمجارەیان خەڵكى ستەمدیدەى كوردستان ئامادە نەبوون مل كەچى ئەو رژێمەبن و جارێكى تر دام و دەزگا سەركوتكەرەكانى ببنەوە حاكم و گەلەكەشمان رێنجبەر بێت لەسەر زێدو نیشتمانى خۆى, بۆیە لە كوَڕەوێكى چەند ملیوَنیدا بەرەو سنورەكانى ئَێران و توركیا ماڵ و حاڵى خوَیان جێهێشت و كۆڕەویان كردە ریفراندۆمێكى تر بۆ رەتكردنەوەى زوڵم و ستەم و ژێر دەستەیى رژێمى بەعس كە ویژدانى دونیاى هەژاندوو كێشەى كوردى كرد بەكێشەیەكى نێو دەوڵەتى.
 كۆڕەو ورەو بڕوایەكى بەتینى بۆ سەربەخۆیى بەهێزى پێشمەرگەى كوردستانی بەخشیەوەو بەپاڵپشتى جەماوەر توانیان ریزەكانى خۆیان رێك بخەنەوەو لەزۆربەى میحوەرەكانى شەڕدا زەبرێكى هێندە كوشندە لەداگیركەر بوەشێنن كە ناچاربێت داواى دانووساندن بكات و سەروَكایەتى بەرەى كوردستانى, ئەوكات چونە بەغداو دواى چەند دانیشتنێك لەگەڵ ئەو رژێمە سەرسەختە, كوبونەوەكان بىَ ئەنجام دەرچوون چونكە رژێم سەرەڕاى روخانى ورەى هێزەكانى و داتەپینى ژێرخانى ئابوورى وڵاتەكە بەڵام رازى نەبوو دان بەداخوازییە رەواكانى گەلەكەمان دابنێت, كە لەو ماوەیەشدا هێزەكانى پێشمەرگە بەرابەرایەتى بەرەى كوردستانى ریزەكانیان یەكخرایەوەو خزانەوە نێو شارەكان, ئەمەش وای لە رژێم كرد لە ژێر پاڵەپەستۆى زۆرى پێشمەرگەو جەماوەر دام و دەزگا سەركوتكەرەكانى لەكوردستان بكێشێتەوە, دواتریش دام و دەزگا مەدەنیەكانى لەناوچە ئازاد كراوەكاندا كێشایەوە بۆ ئەوەى  وا لەدەسەڵاتى سیاسى كورد بكات بەناچارى پەناى بۆ بەرنەوەو بەهەموو مەرجێكى ئەو رژێمە رازیبن, لەبەرامبەر ئەو هەوڵوێستانەى رژێمى بەعسداو بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەو نیازە گڵاوەى سەددام و سەرانى رژێمەكەى بەرەى كوردستانى لە بڕیارێكى بوێرانەدا بڕیارى هەڵبژاردنى داو لە 19/5/1992 یەكەمین پەرلەمانى كوردستان هەڵبژێردراو دواتریش كابینەى یەكەمى حكومەت پێكهێنرا.
 هەرچەندە لە راپەرینەوە تا ئەمڕۆ كوردستان لە قەیرانێكى بەردەوامى ئابووریدایەو خەڵكەكەى لەزۆربەى هەرە زۆرى پێداویسیتەكانى رۆژانە بێبەشن بەڵام تینوویەتى ئەم گەلە ستەمدیدەیە بۆ ئازادى هەموو تاڵى و سوێریەكانیان وەلاناوە لە پێناو پاراستن و داكۆكیكردن لە پەرلەمان و حكومەتى كوردستان كە رەنج و خەباتى دەیان ساڵەى نەتەوەكەمان و بەرهەمى خوێنى سەدان شەهیدە.
 دواى شەڕى ئازادى عێراق و لەگۆڕنانى یەكیك لەرژێمە هەرە شۆڤێنى و دیكتاتۆرەكانى سەدەى بیستەم گەلى كورد پشت ئەستوور بەسەركردایەتیەكى دووربین و حەكیم توانى بەشێكى زۆر لەمافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانى لەدەستورى هەمیشەیى عێراق دیارى بكات كە ئاسۆیەكى گەشیان لێبەدیدەكرێت بۆ ئایندەى گەلەكەمان و وەك سەرۆك بارزانى دەڵىَ هەركاتێك هەل و مەرج بڕەخسىَ و لەباربێت كوردیش وەكو هەمو نەتەوەیەكى دونیا مافى كیان و دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى هەیە, بۆیە پێویستە خەڵكى كوردستان یەكدەنگ و یەك هەڵوێستبن بۆ رووبەروو بوونەوەى پیلانەكانى داگیركەران و پارستنى دەسكەوتەكانى راپەڕین و بەدیهێنانى تەواوى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانمان بەتایبەتیش كە ئەمساڵ ئەركێكى قورس لەسەر شانى پەرلەمان و حكومەتى كوردستانە بۆ جێبەجێكردنى ماددەى 140ى دەستورى هەمیشەیى عێراق و گێڕانەوەى ناوچە دابڕاوەكان بۆسەر هەرێمى كوردستان بەكەركوكى دڵى كوردستانیشەوە.
 
 
Bahrawar_s@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.