Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

روَژگاری شاشەو بەڕواڵەت بوونی ناوەڕوَك

Be First!
by October 14, 2008 گشتی

 روَژگاری شاشەو بەڕواڵەت بوونی ناوەڕوَك
  زوبێر رەسول

 
 ئەوانەی سەروكاریان لەگەڵ ئەدەب و هونەر بەگشتیو ژانرەكانی ئەدەب هەبێت باش دەزانن مەبەست لە ڕواڵەتگەرایی یاخود شێوەگەرایی – formalism چییە، شێوەگەرایی میتوَدێكە زیاتر لەبواری ئەدەبدا بەكارهاتووە بەتایبەت لەنێوان ساڵانی 1915 و 1930 دا بەجوَرێك كەتوانی كاریگەریێكی گەورە بخاتە سەر تێڕوانینو هزری ئەدەبكارەكان لەبارەی چونیەتی خوێندنەوەو لێكوَلینەوەی نوىَ لەبواری ئەدەبدا، لەدیدی ئەم میتوَدەدا زێدە لەپێویست بایەخ دەدرێت بە چوَنێتیو جوانی لەووتنو نوسینو دەربڕیندا، واتا چوَن شتەكان دەڵێََیت، نەوەك چی دەلێییت، دواتر گرنگی دان بەڕوالەتو وێنە لەجیاتی ناوەروَكو مانا، هەربەم بوَنەیەوە دامەزرێنەری ئەم میتوَدە، (ف. سلوَفسكی) دەلێت: مەبەست لە میتوَدی رواڵەتگەرایی لە بنەڕەتدا زوَر سادەیەو لەڕستەیێكی پوختدا دەتوانین بلێیین: بریتییە لەگەڕانەوە بوَ پسپوَری لە دروستكردنو پیشەگەراییو – Craftsmanship چوَنێتی پڕاكتیزەكردنی فوَرمی تەكنەلوَجیا لەبواری وەبەرهێنانی مروَییو جەمسەر گرتنی لەسەر بابەتو روالەتو وێنەی شتەكانو ئاستی دەنگیو پێكهاتەی ریتم، لەسەر حسابی ئاستی دەلالیو ناوەڕوَكی ماناكان. لەم نوسینەماندا نامانەوێت ئاستو پێكهاتەكانی ئەم میتوَدە شیبكەینەوەو هەڵوەستە بكەین لەسەر رەهەندە هزریو ئەدەبیەكانیدا، بەقەد ئەوەی مەبەستمانە بەرواردێك بكەین لەنێوان ئەو میتوَدە ئەدەبیەو رەنگدانەوەو دوبارەبوونەوەی لەپێكهاتەی ئێستای ژیانی مروَڤایەتی، لەسایەی ئەو پێشكەوتنە تەكنەلوَژیو خێرایانەی كەلەبواری شوَرشی گەیاندنو میدیاو دەستكاریكردنی دەنگو رەنگدا رویانداوە، ئەمەش بوەتە هوَی لاوازبوونو لەناوچونی جەوهەری شتەكان، تا ئەو ئاستەی ئەوەندەی دونیای موَدێڕن لەساتەوەختی ئێستادا گرنگی دەدات بەڕوالەتو وێنەو رەنگی شتەكان نیو ئەوەندە گرنگی نادرێت بەناوەروَكو باشیو توَكمەبوونی جوَری شتەكان، ئەم ئاراستە تازەیە خەریكە تەواوی پانتایی كاڵاو پیشەسازیو سینەماو هونەرو ئەدەبو راگەیاندنو..تاد، ژیانی ئەمسەردەمەمان داگیر داكات، تا ئاستێك ئەوەندەی خەڵك سەرسامە بەجوانی كاڵاكانو رەنگی هونەرمەندەكانو روالەتی سینەماكارەكانو وێنەو جوانیو موَدێلی شتەكانە نیو ئەوەندە سەرقاڵنابێت بەكروَكی ماناو جوَرێتیو چوَنێتی شتەكان، ئەوەندەی لای گوێگری گوَرانیێكو وێنەی كلیپەكەو رەنگی كاراكتەرەكانی ناو كلیپەكە گرنكە، هەرگیز ئاستی ماناو شیعریەتو جوَری دەنگەكە گرنگ نیە، ئەوەندەی لەسینەماو درامادا تەكنیكی وێنەگرتنو شوێنی وێنەكانو تەنسیقی رەنگەكانو هونەری هەڵخەڵەتاندنی بینەرو جوَری ئەو تەكنەلوَژیایە تیادا بەكارهێنراوە گرنگە، نیو ئەوەندە ماناو ئەداو پەیامی سینەماكە گرنگی نیە، ئەوەندەی جوانیو موَدێلی كاڵاو روالەتی ئوَتوَمبێلەكان بایەخو رەواجی هەیە، قەت ئەوەندە باشیو ناوەڕوَكی كاڵا پیشەسازیەكان بایەخی پێنادرێت، ئەوەندەی ڕوالەتو وروژاندنی سێكسیو جوانی گوَرانیبێژێك سەرنج راكێشە، نیو ئەوەندە واتای شیعرەكانو دەنگی گوارانیبێژەكە بایەخی نیە، ئەوەندەی پێشكەشكاری بەرنامەیێكی تەلەفزیوَنی شوهرەتی هەیە نیوئەوەندە بیرمەندو فەیلەسوفێكو كوَمەلناسێك شوهرەتی نیە، ئەوەندەی گوَرانیبێژیك دەتوانێت شوهرەتو جەماوەر بوَ كوَپلە شیعرێكو شاعیرێك پەیدا بكات، هەرگیز شاعیرەكە ناتوانێت لەگەنجینەی چەند ساڵی شاعیرێتیدا ئەمە بكات. مەگەر كلیپی گوَرانیێك هونەری شاعیرێكمان پێبناسێنی ئەگینا قەت ناتوانین لەخودی شاعیرەكەوە هونەرەكەی بناسین، ئەو جەماوەری سینەما لەڕوپەریی شاشەوە بوَ سیناریوَیێك حەشامەتی دەكات، قەت ئەوەندە خودی روَمانەكە ناتوانێت خوَی نزیكبكاتەوە لەخەڵك، ئەگەر لەرێگای دراماو تەكنەلوَژیایی سینەماكەوە نەبێت. بوَیە دەتوانین بڵێن ئەم روَژگارەی ئێستامان سەردەمی بینینە نەوەك سەردەمی بیستن، سەردەمی وێنەو روالەتە، نەوەك جەوهەرو پێكهاتەكان، روَژگاری خوَنمایشكردنە نەوەك خوَحەشاردان، ساتەوەختی بێمانابوونی شتەكانە نەوەك پڕمانابوون، گرنگ نیە چی دەڵێَیت، گرنگ ئەوەیە چوَن دەیڵێیتو لەكوێ دەیلێیتو، چەندە دەردەكەویت لەروپەڕی شاشەو میدیاكاندا، ئەگەر تەواوی تەمەنت لەخوێندنەوەو نوسیندا سەرفكردبێت، ئەگەر پێشكەشكاری بەرنامەیێك لەشاشەی تلیفزیوَنێكدا، یا روَژنامەوانێك لەروپەری روَژنامەیەكدا نەناسێنیت قەت ناسراو نابیت. كەرەستەی سەرەكی ئەم ئاراستە تازەیەش بەپلەی یەكەم بریتیە لە سێگوشەی وروژناندن بوَ سێكسو پیروَزی سامانو نمایشكردنی دەسەڵات (دەسەڵات تەنیا بەمانا رامیاریەكەیەو نا) ئەمە لەئاستە رامیاریو كوَمەڵایەتیو فەرهەنگیەكانیشدا دەتوانرێت دەركی پێبكرێت، هەربوَیە لە ئێستاوە دەتوانین بڵێین چیتر دەنگدەری سەركی لە هەلبژاردنەكاندا تەنیا هاوڵاتیان نین، بەڵكو ئەوە پروپاگەندەو میدیاو بازاڕەكانن كەدەتوانن گرەنتی بردنەوەی كام ئاراستە سیاسی دیاری دەكەن، فەرمانڕەواو سەروَك حزبەكانیش چیتر بەتەنیا پیاوانی سیاسیو شوَرشگێرە كاریزماكان نین، بەڵكو پیاوانی بیزنسمانو سەروَك بانكو سینەماكارو توڕەكانی راگەیاندنن، بەجوَریك وەك (عەلی حەرب) دەڵێت سیاسەت خەریكە لە دەسەڵاتی یەكەمەوە دەچێتە دەسەڵاتی سێیەم، واتا دوای دەسەلاتی ئابوری راگەیاندن.              
 
  
                                               Biyar_zuber@yahoo.com
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply