Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

رۆژنامه‌و سیاسه‌ت ….. ئاسۆعه‌بدولله‌تیف

Be First!
by August 11, 2010 گشتی

 

زۆربه‌ی جار سیاسه‌ت گفتوگۆی خۆی ئه‌كات له‌رێگه‌ی حیزبه‌وه‌و حیزبیش گه‌مه‌ی تۆتالیتاریانه‌ی خۆی ئه‌كات له‌ناو میدیای ئێمه‌داو كاراكته‌رگه‌لێكی بێ مۆراڵ و بێ ئیراده‌ی ئینشانووس ئه‌خزێنێته‌ ناو كایه‌كانی میدیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پیشه‌سازی به‌ هه‌واڵی ساخته‌وه‌ بكه‌ن و میدیا كه‌مبایه‌خ بكه‌ن، ئه‌م نه‌ریته‌ كاتی خۆی له‌ یه‌كێتی سۆڤێت و سه‌رده‌می ستالین باش خویان پێوه‌ گرتبوو تا یه‌كێتی سۆڤێتیان به‌وده‌رده‌ برد له‌ سه‌روه‌ختی گۆرباتشۆف و به‌رنامه‌ ریفۆرمیه‌كه‌ی”گلاسنۆست، بیرۆسترۆیكا”دا

ئه‌و رووداوه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌دا قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین وه‌ك چه‌مك، ئه‌وه‌ قسه‌كردنی خۆمان نییه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ریه‌ نه‌گه‌تیڤه‌كانی میدیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌ كه‌ میدیای سێبه‌ره‌و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی خۆی ئه‌وه‌شێنێ به‌سه‌ر كۆی بیركردنه‌وه‌و نوسینه‌كانماندا، میدیای سێبه‌ریش خراپترین و ناجۆرترین میدیایه‌ كه‌ زانیاریه‌كان به‌ ساردی ئه‌خاته‌ به‌رده‌م سفره‌و خوانی خوێنه‌رو بیسه‌ر، بۆنمونه‌ له‌ قه‌ندیل چی روو ئه‌دات؟ میدیای كوردیمان هه‌یه‌ خراپترین گرته‌ی ڤیدیۆیی شۆڤێنیترین كه‌ناڵی تورك ده‌رخواردی بینه‌ری كوردی ئه‌دات، وه‌ك: ده‌بابه‌كانی تورك رێچكه‌یان گرتووه‌ به‌ره‌و كوردستان یان به‌ ده‌ستوچاوبه‌ستراوی وێنه‌ی ئاپۆمان پیشان ئه‌ده‌ن كه‌ ئه‌مه‌ ژه‌هرێكی ئاشكرای میتی توركییه‌و میدیای كوردی ئه‌یگوازێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌واڵی نوسه‌ر”ئیسماعیل بێشكچی” دۆستی كورد كه‌ له‌ ره‌وشێكی ناباشدایه‌ به‌ ئاسته‌میش نابیستین؟!
له‌ شه‌ری ناوخۆی یه‌كێتی و پارتی كه‌ دێگه‌ڵه‌و كه‌پكی حه‌مه‌د ئاغا زوو زوو ئه‌گیران و سه‌دان رۆڵه‌ی كوردیش كوژران، هه‌واڵه‌كه‌مان له‌ رادیۆ بیانیه‌كانه‌وه‌ ده‌بیست، یان رێژه‌ی قوربانیانی شه‌ره‌كان هه‌ر میدیایه‌ك به‌ خواستی خۆی كوژراویان زیندوئه‌كرده‌وه‌و زیندویان ئه‌كوشت و دواجار ئه‌م به‌زمه‌یان ناونابوو جه‌نگی ده‌رونی!
 ئێستاش رێژه‌ی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ هه‌نارده‌ی ئێران ده‌كرێت نازانین چۆنه‌و چه‌نده‌، لێ به‌ دوورو درێژی ده‌توانی له‌ رۆژنامه‌و ئاژانسه‌ بیانیه‌كاندا ده‌ستی بخه‌یت چونكه‌ شاردنه‌وه‌ی زانیاری بۆ رۆژنامه‌نوسی بیانی سه‌خته‌، كه‌ ئۆتێل سۆما گڕی گرت تا هه‌فته‌یه‌كیش دوای رووداوه‌كه‌ میدیای كوردی سه‌راسیمه‌ بوو له‌ داتای زانیاری و وورده‌كاری سووتانه‌كه‌ “ده‌سیسه‌یه‌ شۆرتی كاره‌بایه‌ كه‌مته‌رخه‌میه‌ خراپی دیزاینی بینایه‌ نایزانین” وه‌لێ رۆژنامه‌كانی حه‌یات و شه‌رقولئه‌وسه‌ت، خێراتر له‌ میدیای كوردی پیشه‌سازییان به‌ رووداوه‌كه‌وه‌ كرد، ئایا بۆچی تۆماس فریدمان له‌ واشنتنه‌وه‌ باشتر ئاگای له‌ هه‌ولێره‌ تا رۆژنامه‌نوسه‌كانی خۆمان؟ مایكڵ رۆبین له‌و دوره‌وه‌ باشتر ده‌توانێ گوزارشت له‌ گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ری حكومه‌تی كوردی و به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ و مۆنۆپۆڵكاریه‌كانیان بكات، لێ ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ تازه‌ ۆركشۆپ بۆ پێدانی زانیاری به‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌كه‌نه‌وه‌.
 ئه‌م دۆخه‌ دۆخێكی تا بڵێیت خراپ و پاسیڤه‌و ده‌سه‌ڵات خۆی لێی به‌رپرسیاره‌و واده‌كات میدیایه‌كی لاواز دروست بێت و ره‌خنه‌و گوتاری رۆژنامه‌وانی نه‌خوێنرێنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت ئێستا هه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌به‌رنامه‌ له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌نوسه‌كانی خۆیه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ میدیا به‌رجه‌سته‌و شایسته‌كان بخاته‌ ناو خانه‌ی گومان و ده‌ستی ده‌ره‌كی و له‌ هێرشێكی نالۆژیكی و نا مه‌عریفیدایه‌ له‌گه‌ڵًیانداو ئه‌گه‌ر ئاگاداری ئه‌م سیاسه‌ت و نه‌هج و جه‌نگه‌ نهێنیه‌ مه‌ترسیداره‌ نه‌بین گوناهه‌ به‌ خۆمان بڵێین رۆژنامه‌نوس.

Asolm2002@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply