Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
رۆژ باش گەریلا..سەركەوتنت پیرۆز….. نورى بێخاڵى

رۆژ باش گەریلا..سەركەوتنت پیرۆز….. نورى بێخاڵى

Closed
by March 10, 2008 گشتی

 قەومى كورد ئیسپاتى كرد بۆ عالەمى سەر رووى زەمین
 میـللـەتـێـكى قـارەمـانـن هـەر ئـەبـىَ سـەربـەسـت بـژیـن
 چ سەرفرازییەكە بۆ كورد، كە دەبینى دوژمن بەو زەبەلاحییەى خۆیەوە، بەو هەموو توانا ماددى و مرۆییەوە، بەو هەموو چەك و تفاق و توانایەوە، بەو هەموو جاش و جەندرمە و سیخوڕەیەوە، بەو هەموو هاوپەیمان و هاوكارەیەوە، لە بەرامبەر سەرى بەرزى گەریلا و ئیرادەى گەلێكدا چۆك دەدات و لە وەرزى خەرمانەى هەوڵە فاشستییەكانى خۆیدا، تەنها و تەنها بەهۆى باهۆز و گەردەلولى گەریلا، شكست و دۆڕان دەدورێتەوە.
 چ شەرمەزارییەكیشە ئەوانەى، بە بەهانەى ئایدیۆلۆژییەوە، بە بیانووى پاراستنى خەتى حزبەوە، بە پاساوى بوونى رەخنە لە بیركردنەوەى سیاسى پەكەكە و سەركردایەتییەكەى، بە هەنجەتى نەبادا تورك ئەو قسە و هەڵوێست و لێدوان و خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییانەمان، بكاتە بەڵگەى هاوكارى و پشتیوانیمان بۆ پەكەكە، چاو لە قارەمانى و خۆڕاگرى و گیانفیدایى، هەموو ئەو كچ و كوڕە گەنج و تۆلازانەى هاوزمان و هاونیشتمان و هاونەتەوەییانەمان بپۆشین و جورئەتى ئەوەمان نەبىَ بە وشەیەكى هاوسۆزى و هاوخەباتى سەنگەرەكانیان گەرم بكەینەوە.
 ئەو لە شكركێشییەى دوایى گورگە بۆرە كەمالیستەكان بۆ سەر باشوورى كوردستان و گەریلاكانى كورد، ئاكام و دەرهاویشتەكانى و بەتایبەتى كشانەوەى هێزەكان و چۆڵكردنى بەرە و سەنگەرەكانى شەڕ، تەنها و تەنها مانایەك دەگەیەنن، كە ئەویش شكستى سیاسى و سەربازى سیستەمێكى داگیركارى ترسنۆكە، لە بەرامبەر هێزى خۆراگرى چیا و ئیرادەى ئازادیخوازانەى گەلێكى سڤیل، گەلێك تەنها خۆى و باوەڕى تۆكمە و نەگۆڕى بە دۆزە رەواكەى و دایكانى ئاشتیخواز و لاوانى راپەڕیوى نێو شارەكان و شەڕوان و پارتیزانە خۆڕاگرەكانى شك دەبات بیپارێزن.
 ئەوەى گەریلا لەم رۆژگارە و لە نێو ئەو گەلە كۆمە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەى سەرى و لە نێو ترس و هەڕەشە و فشارى ئەو هەموو  تەون و پیلانە دوژمنكارانەى دەوروبەرى دا، لەو داستانى بەرگرى و قارەمانیەتیەیدا نیشانى داین، یادەوەریمان دەباتەوە بۆ ئەو رۆژە سەختانەى پێشمەرگە گیانفیداكانى باشوورى كوردستان، تا دوا دڵۆپ خوێن، سەركەشى چیا و شكۆى كوردبوونیان تێدا پاراست و ئەمڕۆى باشوورى لىَ وەبەر هات، بۆیە هەق وایە دەستى گەرمى گەریلا بگوشین و سڵاوى سەركەوتنیان بۆ بنێرین، هاوكات دەستى هەموو ئەو دایك و خوشك و لاوە خوێنگەرمانە بگوشین و پیرۆزباییان لێبكەین، كە لە ناو جەرگەى شارەكانى باكوورى كوردستاندا و لە بەرامبەر تێهەڵدانى جەندرمە و پۆلیس و میت و تانك و زریپۆشەكانى كەمالیستەكاندا دروشمى ئاشتیان بەرز كردەوە..بەیەكەوەش نێوچەوانى هەموو ئەو چەتەوان و قوروچى (جاش)ـانە بە تفى شەرمەزارى سواخ بدەین، كە بوونە كەوا سوورى بەر لەشكرى گورگە بۆرەكان و بێشەرمانە پێشەوەى سەنگەرى دۆڕاوى جەندرمەكانیان پڕ كرد و بوونە چاوساغى گەڕان بەدواى گەریلا و شكاندنى سەروەرى خاكى باشوورى كوردستان، ئەو جاشانەى حكومەتى توركى و ژەنەڕاڵەكانى پێیان شەرم بوو، نەك تەنها مەراسیمى فەرمى بەخاك سپاردنیان بۆ ساز بدەن، بەڵكو زاتیان نەكرد بە سەرى لێوانیش ناویان لە میدیاكاندا ببەن.
 شتێكى شاراوە نییە، كە هێرشى توركیا، بۆ سەر سەنگەرەكانى گەریلا و باشوورى كوردستانن، كە لە بنەڕەتدا ئامانجى نزیك و دوورى، لە پەلوپۆخستنى ئەزموونى باشوورى كوردستان و لە بەها كەمكردنەوەى رۆڵ و پێگەى كوردە لە بڕیارى سیاسى عیراقى عروبەدا، ئەو رۆڵ و پێگە و سەنگەى راستەوخۆ  رەنگدانەوە و كاریگەرى بەسەر كۆى بزووتنەوەى رزگاریخوازى كوردەوە هەیە لە پارچەكانى دیكەى ژێر دەستى داگیركەران، پرۆسەیەك بوو بە ئاگادارى و پشتیوانى و هاوكارى راستەوخۆى هەواڵگرى ئەمریكا و ئیسرائیل و رەزامەندى حكومەتى عیراقى عروبەوى ئەنجامدرا، ئەمەش سەرجەمى دروشمە بریقەدار و هوتافە سواوەكانى دونیاى بەناو سیستەمى نوىَ و سەردەمى بەسەرچوونى لۆژیكى چەكى ریسوا كرد، ئەو سیستەم و گوتارە سیاسییە دوو رووەى، مامەڵەیەكى دوو فاقیانە لەگەڵ كێشەى كورد دەكات، كێشەى هاوبەشى نەتەوەیەك، كە تەنها شوێنەكانى جیاوازن، ئەگینا هەمان مافى رەوا و داخوازى ئاشتییانە و ئامانجى رزگاریخوازانەیان هەیە،  ئەوەى گەریلاش بۆ بەرگرى كردن لە خۆى و دۆز و خاكەكەى كردى، گێڕانەوەى مانا و بەهایە بۆ ئەو پەندەى كە دەڵىَ "هەق دەسەنرىَ و نادرىَ) و ئاماژەیەكیشە بۆ ئەوەى، كە هێشتا چیا و لوتكە سەركەشەكانى نیشتمان بەشى ئەویان ئیرادە تێدا ماوە، تاراى ئازادى بخەنە سەر سەرى شارە خنكێنراوەكان و موژدەى رزگارى بە گوێچكەى رۆڵەكانیان بدەن.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.