Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

زۆنێك نیه‌ بۆ دیكتاتۆر …. عه‌زیز ڕه‌ئووف

Be First!

 

دیكتاتۆره‌كان له‌هه‌ر شوێنێكی دنیا بن له‌یه‌ك ده‌چن. هه‌یانه‌ سیسته‌م داده‌ڕێژێت و ده‌بێت به‌ دیكتاتۆر و هه‌شیانه‌ هونه‌ری سیسته‌م و به‌ڕێوه‌بردنیشی نیه‌ و ده‌یه‌وێت دیكتاتۆربێت. هه‌یانه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن دێته‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات و هه‌شیانه‌ به‌ شۆڕش. هه‌یانه‌ ده‌زانێ دیكتاتۆره‌ و هه‌شیانه‌ وا ده‌زانێ‌ ئه‌هلی فریشته‌یه‌. دیكتاتۆره‌كان ڕه‌فتاریان له‌یه‌ك ده‌چێت به‌ڵام زیاد له‌ ده‌م و چاوێكیان هه‌یه‌.
دیكتاتۆره‌كه‌ی تونس بیست و سێ ساڵ حوكمی كرد، كه‌چی وه‌ك فریشته‌ خۆی پیشانی خه‌ڵك ده‌دا. ئه‌م پیاوه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌نگی پێده‌دا به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش له‌ وڵات وه‌ده‌ریاننا. كه‌واته‌ هیچ ده‌سه‌لاتێك نابێت خۆشحاڵ بێت به‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌یه‌ و دڵی خۆی خۆش بكات كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك لێی ڕازییه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی تونسه‌وه‌ فێر ده‌بین چه‌ند وانه‌یه‌كن كه‌ ده‌كرێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین.
ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی تونسیه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕاپه‌ڕینێكی بێوێنه‌ بوو به‌وه‌ی كه‌ به‌ كوده‌تای سه‌ربازی ده‌سه‌ڵات نه‌گۆڕا، به‌ڵكو جه‌ماوه‌ر به‌ ده‌ستی سپیه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ دروشم و هوتافه‌كانی وایكرد كه‌ سه‌رۆك به‌جانتایه‌كه‌وه‌ ده‌ستی خانمه‌كه‌ی بگرێت بۆ یه‌كجاری وڵات جێبێڵێت. ئه‌مه‌ش به‌و ڕاستیه‌مان ئاشنا ده‌كات كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا ژیان ده‌گوزه‌رێنین ڕه‌نگه‌ ده‌نگهه‌ڵبڕینه‌كانمان، خۆپیشاندان وهوتافه‌كانمان بتوانێت سه‌رۆك له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخاته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ نوسینه‌كان و ئۆپۆزسیۆنه‌ بێ چه‌كداره‌كان، ڕێكخراوه‌كان و ڕۆشنبیره‌كان بتوانن له‌جیاتی په‌نابردنه‌ به‌ر توندوتیژی سه‌رۆك وا زه‌لیل بكه‌ن كه‌ ته‌نها فریای پێڵاوه‌كانی بگه‌وێت له‌پێی بكات.
پێش ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ به‌ئاسته‌م هه‌واڵی ڕوداوت له‌ تونسه‌وه‌ ده‌بیست. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت بێده‌نگی وڵاتێك یان شارێك له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكدا به‌و مانایه‌ نیه‌ خه‌ڵك له‌و سه‌رۆكه‌ ڕازییه‌. خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له‌ناوچه‌یه‌ك و بێده‌نگی خه‌ڵك له‌ شارو ناوچه‌یه‌كی تر به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ بێده‌نگی واته‌ ڕازیبوون به‌ كرده‌وه‌كانی سه‌رۆك. به‌ڵكو به‌شێكی ئه‌و بێده‌نگییه‌ له‌ جۆرێك له‌ ترس و به‌شێكیشی له‌ چاوسوركردنه‌وه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هاتووه‌. پێش ڕوخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا كێشابوو، به‌ڵام ئه‌وروپای خۆرئاوا لێوانلێوبوو له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی، كه‌چی له‌ ئه‌وروپا دیموكراسی گه‌شه‌ی كرد، له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش په‌یكه‌ره‌كانی لینین و سیتالین له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا شكێنران و شۆڕشی سور پاش زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵ له‌ به‌خشینی مژه‌ به‌ خه‌ڵك هه‌ره‌سی هێنا. كه‌واته‌ وانه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت هه‌مووئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ببن به‌ دیكتاتۆر وه‌ریبگرن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرزكردنی خه‌ڵك له‌ چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردن و هوتاف و سرود بۆ سه‌رۆك و هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ناو خۆڵی كۆنگره‌ حزبیه‌كاندا هه‌رگیزبه‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ ئادای ئه‌م جۆره‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ڕازییه‌.
ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی تونس ئولفه‌تی پێوه‌گرتبوو گه‌نده‌ڵییه‌كی بێوێنه‌بوو. شه‌قام پڕ بوو له‌ گه‌نجی خاوه‌ن بڕوانامه‌ كه‌چی خانه‌واده‌ی سه‌رۆك له‌ ڕه‌فاهیه‌تێكی بێوێنه‌دا ده‌ژیان، به‌ڵام دواجار بێستێ‌ زه‌وی نه‌بوو له‌ تونس كه‌ سه‌رۆك و خانه‌واده‌كه‌ی بگرێته‌خۆی. سه‌رۆك سه‌رجه‌م پنته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی داگیركردبوو، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری فه‌رامۆشكردبوو، ئه‌وه‌ی خۆی له‌به‌رده‌م فه‌رامۆشی خه‌ڵكدا ببینێته‌وه‌، نه‌ كورسی فریای ده‌كه‌وێت و نه‌ تفه‌نگه‌كانی، نه‌ سامان به‌ده‌نگێوه‌ دێت و نه‌ قه‌ڵه‌مه‌ ستایشكاره‌كانی. ئه‌وه‌ی فریای سه‌رۆك ده‌كه‌وێت هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك.
ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌راورد له‌نێوان خۆمان و تونسدا بكه‌ین. من پێموایه‌ كۆمه‌ڵگه‌كان خاڵی لێكچوونیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی له‌ تونسدا ڕویدا و هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌مان ئه‌وه‌ن كه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌شدا ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه‌.
له‌ تونس گه‌نده‌ڵیه‌كی بێوێنه‌ هه‌یه‌ و لێره‌ش. له‌وێ گه‌نجانی خاوه‌نبڕوانامه‌ بێكارن و لێره‌ش. لێره‌ سه‌رجه‌م پنته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌سه‌ڵات داگیری كردووه‌ و له‌وێش. له‌هه‌لادوولا به‌رپرسان و خانه‌واده‌كانیان له‌ ڕه‌فاهیه‌تدا ده‌ژین. له‌ هه‌ردوولا ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردن هاتۆته‌ سه‌ر كورسی. له‌وێ‌ پێش ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ خه‌ڵك بێده‌نگ بوو، له‌ زۆرێك له‌شاره‌كانی ئێمه‌ش خه‌ڵك بێده‌نگه‌ و ده‌سه‌ڵات واده‌زانێت ڕازین به‌ ڕه‌فتاره‌كانیان. له‌وێ سه‌رۆك وه‌یده‌زانی نامرێت، لێره‌ش سه‌رۆك به‌رده‌وامه‌ له‌خۆپیرۆزكردنی. له‌وێ پۆلیس حۆپیشانده‌ران ده‌كوژێت كه‌ ده‌ڵێن سه‌رۆك بۆده‌ره‌وه‌، لێره‌ش خۆپیشانده‌ران كه‌ ناشڵێن بڕوخێ‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كوژرێن ، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ داواكاری خزمه‌تگوزاری. له‌وێ دوای ئه‌و هه‌موو خۆپیشاندان و نائارامیه‌ی وڵات كاره‌با نه‌بڕاـ لێره‌ش له‌م ئارامیه‌دا كاره‌با چاوشاركێ ده‌كات.
هه‌رچۆنێك بێت سه‌رۆكی تونس زه‌نگێكه‌ بۆ دیكتاتۆره‌كان و ئه‌وانه‌ش كه‌ مه‌یلی دیكتاتۆریان هه‌یه‌. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر بن عه‌لی هات مه‌سجێكه‌ بۆ دیكتاتۆره‌كانی تری ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانه‌شی كه‌ چاویان لێ غافڵ بكه‌ی ده‌بن به‌ دیكتاتۆر. به‌ڵام سه‌رۆكی تونس پیاوانه‌ وتی گه‌ر خه‌ڵك منی نه‌وێت ئه‌وا خۆم ده‌ڕۆم، به‌ڵام ئێستاش مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌ركرده‌گه‌لێگی تر له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بن كه‌ نه‌ك ئاماده‌ نین كورسی ده‌سه‌ڵات جێبێڵن به‌ڵكو به‌ میرات ده‌سه‌ڵات بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوشیان دیاری ده‌كه‌ن.
به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت عومری دیكتاتۆره‌كان درێژ نیه‌ و ئه‌و سه‌رۆكه‌شی پشت بكاته‌ شه‌قامه‌كان و له‌ كۆشكه‌كاندا ژیان بگوزه‌رێنێت ئه‌وا ڕۆژێك وه‌ك سه‌رۆكه‌كه‌ی تونس زۆنێكی ده‌ست ناكه‌وێت تا كۆتاییه‌كانی ژیانی تێدا بگوزه‌رێنێت.

عه‌زیز ڕه‌ئووف

azizrauf2003@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply