سبه‌ینێیه‌ك !! …. رێبوار ره‌زا چوچانی
سبه‌ینێیه‌ك ته‌نها سبه‌ینێیه‌كی تر پیر ده‌بم.
له بن سێبه‌ری ته‌مه‌نم داده‌نیشم
سه‌یری دواخاڵه‌كانی ته‌نهایی ته‌مه‌نم ده‌كه‌م.
منداڵه‌كه ده‌ستی دایكی گرتووه.
منداڵه‌كه ده‌یه‌وێت دایكی بنوسێته‌وه.
منداڵه‌كه دێته پێشێ و سه‌یرم ده‌كات.
منداڵه‌كه سه‌ری راده‌وه‌شێنێ و
شه‌كرۆكه‌كانی فڕێ ده‌دات.
منداڵه‌كه ده‌بێته هه‌ڵم و
بۆ به‌رزی ئاسمان هه‌ڵده‌كشێ!!
منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ باران داده‌بارێت.
جارێكی تر له به‌رده‌مم هه‌ڵده‌تۆقێ و
جارێكی تر به‌رانبه‌رم ده‌وه‌ستێت و
جارێكی تر هه‌وڵ ده‌دات.
دێڕ به دێڕی خۆی و دایكی بنوسێته‌وه!!
ژنێك له‌وێ تێده‌په‌ڕێت.
نیگایه‌م بۆ هه‌ڵ ده‌دات.
له‌و كاته‌وه هه‌تا ئێستا
من وه‌ك سواڵكه‌رێك ده‌ناسرێم.
* * *
سبه‌ینێیه‌ك پیر ده‌بم !!
چرچ ده‌كه‌وێته رووخسارم..
ئاوێنه‌كه‌ی ژووره‌كه‌م داده‌گرم و
ئیتر سه‌یری تاڵه سپییه‌كانم ناكه‌م.
ئیتر سیمام نابینمه‌وه.
ئیتر ترس دامده‌گرێت و
گیرفانه‌كانم هه‌ڵده‌دوورم !!
* * *
سبیه‌نێیه‌ك پیر ده‌بم !!
له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكمدا
سه‌ر سم ده‌ده‌م و ده‌كه‌وم.
تۆش له‌وێ نیت.
كه كه‌وتیشم
وه‌ك ئه‌ستێره‌كی رژاو
یاقوته نهێنییه‌كانم په‌رش ده‌بن !!
منداڵان دێن، یاقووته‌كانم ده‌رفێنن !!
منداڵان دێن ده‌یكه‌نه كه‌ره‌سته‌ی وازی !
یاقوته‌كانم ون ده‌بن .
یاقوته‌كانم نادۆزمه‌وه.
كه كه‌وتیشم
سه‌رم وه‌ك كاسه‌ی پڕ له ئاو تۆ ته‌ڕ ده‌كات.
كه ته‌ڕیش بووی
ئیتر بیری باران ناكه‌یت.
ده‌ستێك دێت و ده‌ستم ده‌گرێت.
هێدی هێدی هه‌ڵمده‌سێنێته سه‌ر پێ.
ده‌نگێك دێت و
وه‌ك یاقوته رژاوه‌كانم
ده‌ڕژێته گوێم
ده‌ڵێت:
به‌م به‌یانییه چی ده‌كه‌یت له‌سه‌ر ئه‌م رێگا..
به‌م به‌یانییه زوڵمه‌تی شه‌وت ون كردووه
یان ده‌گه‌ڕێی بۆ تیشكێكی ژێر پێنراوی خۆره تاو ؟!
یان بۆ ئاوێنه‌ی شكاوی ناو ده‌ستی خوا ؟!
* * *
سبه‌ینێیه‌ك پیر ده‌بم !
به‌ره‌و كۆڵانی ئێوه دێم…
منداڵانی ئه‌و كۆڵانه
تێكڕا به‌رد بارانم ده‌كه‌ن.
منیش خه‌یاڵم لای تۆیه!
سه‌یرم ده‌كه‌یت !
بیرته وتم كاتێك پیر بووین..
دوو سواڵكه‌ری زۆر جوان ده‌بین..
هه‌ردووكمان كوێر …
ده‌ستی یه‌كتری ده‌گرین و
به‌ره‌و ده‌رگای مزگه‌وته‌كان لار لار ده‌ڕۆین.
دوو عانه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت
ئه‌و رۆژه به‌و دوو عانه‌یه
ده‌چین به‌خته‌وه‌ری ده‌كڕین !!!
* * *
سبه‌ینێیه‌ك پیر ده‌بم !
ده‌چمه به‌رده‌می مه‌كته‌بێك
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ منداڵی..
خه‌م و ئازار
گریان و برسێتی من و
خه‌مه‌كانی دڵی دایكم.
سڵاو له ته‌مه‌نم ده‌كه‌ن !
تۆ له‌وێدا
له‌گه‌ڵ منداڵییه‌كانمدا گه‌مه ده‌كه‌یت .
دێیت و ده‌ڵێیت:
منداڵیمان:
گۆرانییه‌كی نه‌وتراوه
ئاوازێكه
هێشتا نه‌ڕژاوه‌ته گوێی كه‌س !!
منیش ده‌ڵێم:
منداڵیمان
جه‌نجه‌رێكه
به‌سه‌ر دڵی خواوه‌نده‌وه!
گه‌نجێتیمان
ئه‌نفالێكه له نیشتیمان…
پیرێتیمان
برینێكه به جه‌سته‌ی گه‌ردوونه‌وه‌یه.
منیش ده‌ڵێم:
ته‌مه‌نێكمان به‌ڕێ كردووه
پر له تاوان و كاره‌سات
مێژوویه‌كه پڕ له خه‌جاڵه‌تی دوێنێ و
پڕ له قه‌قناسی ئێستامان.
ته‌مه‌نكێمان به‌ڕێ كردووه.
پڕه له بۆنی یه‌كتری و
پڕه له دووری یه‌كتری و
پڕه له خه‌می یه‌كتری و
پڕه له رقی یه‌كتری
پڕه له فڕینی بێ‌مانا و
نیشتنه‌وه‌یه
له‌سه‌ر لوتكه‌ی بێ ئۆقره‌ی !!
* * *
سبه‌ینێیه‌ك پیر ده‌بم !
ده‌چمه‌وه ناو رۆژگاره‌كانی منداڵیم.
رۆژگاره‌كانی منداڵیم
جارێكی تر ده‌نووسمه‌وه.
منداڵیم دێت.
له دووره‌وه چاودێریم ده‌كات.
منداڵیم دێت..
له دووره‌وه، به‌رد بارانی ئێستام ده‌كات!!