Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ واژۆی کرد؟

Be First!
by December 27, 2010 گشتی

ده‌مه‌وێت به‌م پرسیاره‌ ده‌ستپێبکه‌م، ئایا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکن له‌ کوردستاندا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری خه‌ڵکین بۆچی بۆ هه‌ر پرۆژه‌یاسایه‌ک ده‌ری ده‌که‌ن ئاماده‌ نین پرس و ڕا به‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌ن که‌ گه‌یاندونیانه‌ته‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان؟ کۆی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی تا ئیستا په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ری کردوه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ند کراوه‌ له‌لایه‌ن خودی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانه‌وه‌، له‌و بڕوایه‌دانیم تا ئێستا بۆیه‌ک پرۆژه‌ش ئاماده‌ بووبێتن پرسێک به‌ خه‌ڵکی بکه‌ن، باتایبه‌تیش به‌و توێژه‌ ڕۆشنبیر و ناڕازیه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌ن. دیارتینی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی ئه‌مساڵی 2010 ش، ده‌رکردنی پرۆژه‌یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌ له‌ کوردستاندا و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی هه‌ردوو به‌ره‌ی حیزبی پارتی و یه‌کێتی ده‌نگی ڕازیبونیان پێداو ناردیان بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان تا له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌ واژۆی له‌سه‌ر بکات. خودی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بۆخۆی به‌هه‌موو پێوه‌ره‌ سه‌رده‌میه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی دژی ئازادیه‌کانی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگایه‌، بۆخۆی به‌شێکه‌ له‌و هه‌وڵه‌ کیسه‌ڵیانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر ڕۆژه‌و له‌هه‌نگاونانیایه‌تی بۆ به‌ر ته‌سک کردنه‌وه‌ی مه‌ودای ئازادی ده‌ربڕین و کۆی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ی له‌ نێو چین و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ تا نه‌بنه‌ ده‌نگێکی ڕێکخراو و یه‌کگرتوو.

واژۆ کردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ 12/12/2010 دا له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ یاسا کۆنه‌پرستانه‌ و دیکتاتۆریانه‌یه‌، نیشانه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌ مێژویه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هیچ کات ئاستی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ری و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌به‌ر چاو ناگرێت و ئاماده‌ش نیه‌ هیچ به‌هایه‌ک بۆ ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازیانه‌ دابنێت. ڕونکردنه‌وه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ 22/12/2010 دا بۆخۆی ئه‌و په‌یامه‌ به‌خه‌ڵکی ناڕازی و ئازادی خوازی کوردستان ده‌دات که‌ ئه‌و واته‌ سه‌رۆک بۆخۆی پشت به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌به‌ستێت و هه‌ر له‌وێشدا ئاماژه‌ی کردوه‌ بۆ ده‌نگی زۆرینه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌  بڕیاری ده‌رکردنی ئه‌و پرۆژه‌یان داوه‌. یانی سه‌رۆکی هه‌رێم هێند ئازادی خواز و دیموکراس خوازه‌ که‌ هیچ کات نایه‌وێت ده‌نگی زۆرینه‌ ڕه‌ت بکاته‌وه‌؟ به‌ڵام ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی له‌ په‌رله‌ماندا دانیشتوون نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکین یان به‌ڕاستی ئه‌وان نوێنه‌رانی حیزبه‌کانن به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو حیزبی باڵاده‌ست له‌ په‌رله‌ماندا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادی خوازی کوردستانن بۆچی نه‌هاتن پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌ یاساییه‌ په‌سه‌ند بکه‌ن، بێن پرس و ڕایه‌ک به‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌ن که‌ ده‌نگیان پێداون؟ به‌تایبه‌تیش ئه‌وان هه‌رده‌م دێن جه‌خت له‌سه‌ر خاڵی وه‌رچه‌رخان ده‌که‌ن به‌ره‌و بنیات نانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه‌ و ئازادی خواز.
 واژۆ کردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر  پرۆژه‌ یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان، نیشانه‌ی ئه‌و واقعیه‌ته‌یه‌ که‌ سه‌رۆک ته‌نها ئاماده‌یه‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌که‌ی چینی سه‌ره‌وه‌ یانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار کاره‌کانی به‌رێته‌ پێشه‌وه‌ و واژۆکانی بخاته‌ سه‌ر ئه‌و چه‌مک و یاسایانه‌ی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆی ده‌نێردرێت. له‌لایه‌کی دی ڕێکخه‌رانی دژی ئه‌و پرۆژه‌ یه‌ یانی ڕۆشنبیران و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان له‌ کوردستان، ده‌بوا پێش هه‌موو ساتێک ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان دژی ئه‌و زۆرینه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ده‌رببڕیایه‌ که‌ یاساکه‌یان په‌سه‌ند کرد. چونکه‌ ده‌بێت خه‌ڵکی ڕۆشنبیر و ناڕازیانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ خۆیان یه‌ک لایی بکه‌نه‌وه‌، ئاخۆ ئه‌وان بڕوایان به‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ هه‌یه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تی خواست و ئامانجه‌کانی ئه‌وان ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ناڕازی بڕوایان به‌و په‌رله‌مانه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌نگ و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات و دژی بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئاخۆ بۆ ڕۆشنبیران و ناڕازیان نایه‌ن یه‌خه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان بگرن له‌ ده‌رکردنی ئاوا پرۆژه‌ یاسایه‌ک که‌ کۆی ئازادی ئینسان ده‌خاته‌ ژێر کۆنترۆڵ کردنه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی داوا له‌ سه‌رۆک بکه‌ن که‌ واژۆی نه‌کات؟
 پێده‌چێت ئیتر بۆ هه‌موو لایه‌ک ڕون بێت که‌ نه‌سه‌رۆک نوێنه‌ری زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌ وه‌ نه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانیش نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی ئازادی خواز ده‌که‌ن؟ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتێکی چینایه‌تیه‌ و سه‌ر به‌ چینی بۆرژوای کۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش که‌ زۆرینه‌یان سه‌ر به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و چینه‌ی کۆمه‌ڵگادا له‌ مه‌یداندان. ده‌رکردنی یاسای فره‌ ژنی له‌ ساڵی 2008 دا له‌لایه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ و په‌سه‌ند کردنی به‌ ده‌نگی زۆرینه،‌ ئاخۆ لێدانێک نه‌بوو له‌ که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تی ژن له‌ کوردستاندا؟ پاراستنی ئه‌و ژینگه‌ دواکه‌وتویه‌ و هه‌ر ڕۆژه‌ش ده‌رکردنی یاسایه‌کی دیکتاتۆریانه‌ و کۆنه‌په‌رستانه‌،له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ناو نوێنه‌ره‌ی خه‌ڵکی، بۆخۆی ئه‌و ڕاستیه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ده‌رده‌خات که‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی که‌ هه‌ر تاکێکیان موچه‌ی مانگانه‌که‌ی ده‌ هێنده‌ی موچه‌ی کرێکارێک و کارمه‌ندێکی ئاساییه‌، سه‌ر به‌کام چینی کۆمه‌ڵگان و به‌ چ پێوه‌رێک دێن له‌ ئازادی و دیموکراسیه‌ت ده‌ڕوانن؟ خودی ئه‌و ڕسته‌ قورئانیه‌ی له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا  نوسراوه‌(وه‌ ئه‌مروهم شورا به‌ینه‌هوم) ده‌ری ده‌خات ئه‌و په‌رله‌مانه‌ به‌هیچ ئه‌ندازه‌یه‌ک نزیکایه‌تی نیه‌ له‌گه‌ڵ پایه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌ی سه‌رده‌مدا، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ریده‌خات که‌ ئیسلام به‌هه‌موو پێوه‌ره‌ دواکه‌وت و دژه‌ ئازادیه‌کانیه‌وه‌ بڕیارده‌ری نێو په‌رله‌مانیشه‌ تا ده‌گات به‌ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی. سه‌رۆکی هه‌رێم بۆیه‌ واژۆی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی کرد چونکه‌ به‌قازانجی چینی باڵاده‌ست ته‌واو ده‌بێت و، بڕوا ناکه‌م سه‌رۆک هیچ کات خۆی به‌ ئیحراج بویه‌کیش ببینێت له‌ به‌رده‌م ئه‌و کۆ ناڕه‌زایه‌تیه‌ی ئێستا له‌ شه‌قامی کوردیدا هه‌یه‌ دژی جێبه‌جێ کردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌. خودی ئه‌و چینه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌(واته‌ چینی بۆرژوازی) هه‌میشه‌ قازانجی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌که‌ی له‌ هه‌ر هه‌موو  چه‌مکێکی ئینسانی دیکه پێ‌ گرنگتره‌ که ده‌بێته‌‌ به‌شێک له‌ پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی. چوونه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ یاساییانه‌و جێ به‌جێ کردنی له‌ بواری عه‌مه‌لیدا، به‌یه‌کجار سه‌پاندنی یاسا دیکتاتۆریه‌کانه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی دیمکراسیه‌ت و ئازادیدا،ئه‌ویش له‌ ڕێگای یاساوه‌. یاسایه‌ک ته‌نها بۆ چینی ژێر ده‌ست و ئازادی خوازان ده‌بێته‌ کۆت و به‌ند، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می ته‌واو ڕه‌عیه‌ت گه‌رایی له‌ کوردستاندا زیندوو بکرێته‌وه‌؟ ئاخۆ خه‌ڵکی ناڕازی و ئازادی خوازانی کوردستان به‌ پێی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ ده‌توانرێت ده‌مکوت بکرێن و بخرێنه‌ نێو قه‌فه‌زی بێده‌نگ کردنه‌وه‌؟ یان ده‌بێت بڵێین ئایا خه‌ڵکی ناڕازی له‌ کوردستاندا ئاماده‌ن بۆ ده‌وره‌یه‌کی تر ئه‌ندامانی به‌ناو نوێنه‌ری خه‌ڵک، هه‌ڵبژێرنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و بیانکه‌نه‌وه‌ به‌ سه‌رده‌ستی خۆیان تا یاسای له‌م چه‌شنه‌یان بۆ ده‌ر بکه‌ن؟
 ده‌رکردنی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌، بۆ ڕێگرتن له‌ خۆپیشاندانی خه‌ڵکی ناڕازی له‌و ژیان و گوزه‌رانه‌ی هه‌یانه‌ و ناردنی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم و واژۆ کردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ سه‌ر ڕازی بوونی ئه‌و پرۆژه‌یه‌، ده‌کرێت وه‌ک یه‌کێک له‌ کاره‌  دژه‌ ئازادی خوازیه‌کانی کۆتای ساڵی 2010 سه‌یر بکرێت له‌ کوردستاندا، که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ هه‌موو بڕوایه‌وه‌، دژی خواسته‌ ڕه‌واکانی ئازادی خوازان و ناڕازیانی نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و به‌هیچ پێوه‌رێک ئه‌م په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌، جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆریانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌ن؟

تاهیر حاجی حه‌سه‌ن
24/12/2010
هۆڵه‌ندا

Previous
Next

Leave a Reply