Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

سه‌فه‌ری په‌نجه‌ی پڕ له‌گوڵی زاهیدێك … ئاسۆ جه‌بار

Be First!
by August 11, 2010 ئەدەب

 
  

سه‌فه‌ری خه‌ونێك به‌نێو دێڕ به‌دێڕی غه‌زه‌لێكدا
عیشق په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ له‌زومرودی شكاو
ده‌ریا ته‌نها ئاوردانه‌وه‌ی نه‌وره‌سێكه‌ له‌وشكانی
هاژه‌ی خه‌یاڵێكه‌ شه‌پۆله‌كان ده‌یبه‌ن
قه‌فه‌زێكی بچوكه‌.. ره‌نگاوڕه‌نگ

سه‌فه‌ری تابلۆیه‌ك به‌سه‌ر شه‌قامه‌ بچوكه‌كانی خه‌ونێكدا
چركه‌ پیاسه‌ی نیلۆفه‌رێكی نوستووه‌ به‌ژێر بارانا
دێڕێك شیعر به‌ گه‌ردنی گیتارێكه‌وه‌
دڵۆپێك باران ده‌یشواته‌وه‌
باخچه‌یه‌ك به‌ هه‌زاران گوڵه‌وه‌
به‌دنیایه‌ك یاقیقی شه‌ونمه‌وه‌ له‌ژێر باراندا خه‌وتووه‌
وه‌ك تاوسێك كاتێك به‌لای خه‌ونێكدا تێده‌په‌ڕێ‌‌و تاگه‌ڕێته‌وه‌…

سه‌فه‌ری باڵنده‌یه‌ك به‌ناو زه‌مه‌ندا
ئاسمان ئاوێنه‌یه‌كی شكاوه‌ له‌هه‌زار پارچه‌ی خه‌یاڵ
ده‌ریا قومێك ئاوه‌ له‌دووره‌وه‌
باخچه‌ قه‌فه‌زێكی شكاوه‌ وه‌ك په‌نجه‌ره‌ی خه‌ونێك
بچوكتر له‌هه‌ر نیگایه‌ك كه‌ به‌ناو روحدا تێده‌په‌ڕێ‌ 
قوڵتر له‌هه‌ر زه‌مه‌نێك كه‌ به‌سه‌ر وه‌رزه‌كاندا تێده‌په‌ڕێ‌‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌

سه‌فه‌ری په‌نجه‌ی پڕ له‌گوڵی زاهیدێك
چ قه‌هرێكه‌ تۆ گوڵه‌كان به‌ رۆح ته‌ڕ ده‌كه‌یت‌و
باران ده‌یبا
تۆ باخچه‌یه‌ك به‌ هه‌زار گوڵه‌وه‌ ئاوده‌ده‌ی
كه‌ چی خوێن له‌زاری خواووه‌ دێ‌‌و مه‌رگ ده‌یبا…
تۆ له‌وه‌رزه‌كان هه‌ڵدێی
ئه‌فسوس به‌دیار نیلۆفه‌رێكی نوستووه‌وه‌
به‌دیار یاسه‌مینێكی وشكه‌وه‌
به‌دیار سه‌وسه‌نه‌كانه‌وه‌ پیر ده‌بی… 

سه‌فه‌ری گوڵفرۆشێك به‌ ناو زوڵمه‌تی شارێكدا
من له‌میحرابی نێرگز‌و ته‌ڕی دارستانه‌كانه‌وه‌ هاتووم
به‌ شه‌وقی مه‌رگدا تێپه‌ڕیووم
كاتێك وه‌ك عه‌ترێك ده‌مانخواته‌وه‌
به‌ هه‌زاران شاری خه‌یاڵدا تێپه‌ڕیوم
هه‌ر له‌شاری رێحانه‌ ته‌ڕه‌كانی به‌رپێی په‌نجه‌ره‌یه‌كی داخراوه‌وه‌
تا شاری نیلۆفه‌ره‌ به‌دمه‌سته‌كانی زوڵمه‌ت
به‌ شاری مه‌رگدا تێپه‌ڕیوم تا كوشتنی یاسه‌مین
شاری شیلانه‌‌و ماسی تا خه‌ونی قۆزاخه‌یه‌ك
شاری تلۆربونه‌وه‌ی رۆح بۆ رۆخی گوڵه‌ پایزه‌ییه‌كان
شاری ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌دیار نیلۆفه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌مردن
شاری ئه‌و زاهیدانه‌ی په‌نجه‌یان له‌گوڵ‌و رۆحیان له‌باران بوو…
شاری بچوك بچوكتر له‌نیگایه‌ك كه‌ سیحری خه‌ونێك له‌رۆحتدا ده‌كوژێ‌
بچوكتر له‌هه‌ر باخچه‌یه‌ك كه‌ به‌دیار دڵۆپێك بارانه‌وه‌ پیر ده‌بێ‌…

 ئاسۆ جه‌بار
13-3-2009

 

Previous
Next

Leave a Reply