Skip to Content

Sunday, June 20th, 2021

سه‌مای بڵێسه‌كان… حه‌سه‌ن مسته‌فا

Be First!
by March 9, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ئه‌مجاره‌یان …؟

له‌نێو چه‌می ئاگره‌وه‌، مه‌راقه‌كانی هه‌ڵده‌ڕژێ‌.

خۆی له‌به‌ر پرووشه‌ی تاڤگه‌كان هه‌ڵه‌خا و 

چنگی له‌ئازار گیرئه‌كات،

تا خۆر به‌دیكا … تا ئازادبوونی خۆی بدۆزێته‌وه‌.

 

ئه‌و له‌سه‌ر رێی سه‌فه‌رێكدایه‌

به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی خۆرێكی دی،

به‌ره‌و پاكیزه‌بوونه‌وه‌ له‌جه‌سته‌یه‌كی ئازاددا

پشت له‌زه‌مینه‌یه‌كی درۆزن.

 

یه‌كه‌م مانیفێست، به‌ڕق ده‌نووسێته‌وه‌ و 

تژی ده‌كات له‌ووشه‌ قوتوكراوه‌كانی ژیان،

كه‌ سه‌رده‌می به‌سه‌رچوونیان تیانه‌نووسراوه‌.

تژی ده‌كات…

له‌وهه‌ناسانه‌ی به‌ئاهی چێژ لێیان وه‌رگرت.

ئه‌و مانیفێستێك ده‌نووسێته‌وه‌؛

دوور له‌كیبریای كه‌سێكی ئازاد

قووڵ له‌ناسۆره‌كانی… یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتن وه‌ك مێ!!

یه‌كه‌م قوربانیی كه‌ هه‌ر رۆژ چه‌قۆی له‌سه‌ر ملبێ!!

كه‌ هه‌رساڵ 

پیتێك ده‌دۆڕێنێ له‌ووشه‌ی سواوی ئازادی.

 

ئه‌و مانیفێسته‌ تژییه‌ له‌ تكا،

تژییه‌ له‌نه‌فره‌ت..

تژییه‌ له‌نزا.

مانیفێستێكه‌ به‌رد بیره‌خاته‌وه‌، بیری یه‌كه‌م هاویشتن.

رق چاپده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر كالانی یه‌كه‌م خه‌نجه‌ر.

نه‌فره‌ت ده‌گێڕێته‌وه‌ ناو بازنه‌.

ئه‌و هه‌موو بازنانه‌ ده‌نووسێته‌وه‌

كه‌ڕه‌نگ به‌ژیانه‌وه‌ ناهێڵن….له‌ناوه‌وه‌دا.

 

تازه‌ ئه‌و قاچاغه‌ به‌ژیان

ئاخر ئه‌و  نایه‌وێ‌ وه‌ك كوكوختیێكی شه‌رمن

له‌په‌راوێزی ژیان بگیرسێته‌وه‌…

نایه‌وێ‌ له‌عه‌رشی له‌نجه‌ دایبگرن

ده‌یه‌وێ‌ ئاگر سه‌مای بڵێسه‌كانی خۆی پێببه‌خشێ

تا دڵه‌كان بینووسنه‌وه‌

تا ئه‌شكه‌كان حیكایه‌تی بگێڕنه‌وه‌.

*                             *

ئه‌شكێكم به‌ر له‌ڕژان گوتی؛

به‌رله‌وه‌ی بێته‌ وجودم

له‌نێو ته‌می ته‌نیاییدا … وه‌ك جێماوێكی بێئۆقره‌،

یه‌كه‌م سه‌فه‌ری سه‌رسامیم

په‌لكه‌زێڕینه‌ خۆی به‌ته‌نافی هه‌ڵواسی!!

ئاگر به‌و مه‌زنییه‌ی خۆیه‌وه‌

نه‌كه‌وتبووه‌وه‌ له‌هه‌ناسه‌كانی نێوانمان.

ئاگر به‌و هه‌موو ئاماده‌ییه‌وه‌

به‌ری یه‌كه‌م لافاوی پێنه‌گیرابوو…

چزووه‌كانی  پێنه‌به‌خشیبووم.

راینه‌گواستبوومه‌ به‌رده‌م یه‌كه‌م په‌رستگای.

هێشتا زووبوو له‌وه‌بگه‌م

ئه‌و هه‌موو مۆسیقایه‌ ده‌كوژێ‌

كه‌ له‌سینه‌ی “یار” ، هێشتا مابوو قوڵپ بده‌ن.

كه‌ له‌له‌نجه‌ی “یار” هێشتا مابوو بپشكوێن

كه‌ له‌پێچی ئه‌گریجه‌یدا هێشتا مابوو بخرێنه‌ سه‌ر ژێی كه‌مان.

نه‌مده‌زانی 

باوه‌شی درۆیین بۆ “یار” ده‌كاته‌وه‌

“من” وه‌ك نامه‌یه‌كی قه‌دكراو 

له‌نێو په‌ڕه‌ی یادگارییه‌كانی رۆحییدا گڕده‌دا.

وه‌ك بۆنێكی جێماو له‌نێو ئه‌گریجه‌كانیدا

ده‌مكاته‌ بۆیاخێكی خۆڵه‌مێشی و 

ره‌شه‌بایه‌ك سواقده‌دات.

نه‌مده‌زانی ئه‌و هه‌موو په‌نجه‌مۆرانه‌م  وه‌ك په‌روانه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێن.

نه‌مده‌زانی ئه‌و هه‌موو چیرۆكانه‌م بێباڵ ده‌مێننه‌وه‌ 

له‌قیژه‌ زیاتر وشه‌یه‌ك ئه‌داناكه‌ن.

 

ئه‌ی یار ..ئێستا كونجێك نه‌ماوه‌ له‌ڕۆحما 

مه‌شخه‌ڵێكی تیانه‌بینی.

نۆته‌یه‌ك نه‌ماوه‌… ئاوازه‌كانی قیژه‌ی نه‌چووبنه‌سه‌ر. 

چه‌ند هاوارێكی خنكاوم 

چه‌ند توڕه‌یێكی فه‌رامۆشكراو و 

چه‌ند موسافیرێكی بێنه‌وام.

چه‌ند راهیبێكی غه‌مین و تاق و ته‌نیام!.

*                                      *

ئه‌ی یار ..فه‌رامۆشیم به‌ئاگردێت

كه‌ له‌خه‌یاڵمه‌وه‌ وه‌ك ئاو ده‌ڕژێته‌ سۆمام 

كه‌ له‌دڵمه‌وه‌ به‌رده‌بێته‌ یادگارییه‌كان

وه‌ك په‌ڕه‌ی سووتاوی ده‌م ” با”….ده‌مبا

ده‌مبا…ده‌مبا 

ده‌مكات به‌گه‌رووی ده‌ربه‌ندێك، وه‌ك شاژنێك هه‌رتۆی تێدا.

ده‌مخاته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ته‌ك ناوت بێناونیشان ماوه‌ته‌وه‌ !!

من له‌مه‌ولا به‌ته‌نیانیم

له‌گه‌ڵ بۆنتا، پێچده‌ده‌م به‌كۆڵانه‌كانی عیشق 

له‌گه‌ڵ هاواره‌كانتدا…كوچه‌كوچه‌ وه‌ك سه‌دایه‌ك به‌شوێنته‌وه‌م.

تۆ نابینی بوومه‌ته‌ چه‌تری ئه‌و به‌ردانه‌ی به‌دوای سه‌رته‌وه‌ن.

تۆنابینی بوومه‌ته‌ سه‌فیری تۆ 

ئه‌و هه‌موو كه‌لله‌پووچانه‌م كردوونه‌ته‌ به‌رده‌باز و

وڵاتی ئه‌و هه‌موو دڵه‌ ده‌بڕم …تا بێنمه‌زمان سووتانی تۆ؟؟.

 

22/10 _28/10/2012 هه‌ولێر

 

Previous
Next

Leave a Reply