Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

سه‌مفۆنیای عه‌شقێكی ناكام …. ستار ئەحمەد

Be First!
by May 25, 2012 هۆنراوە

 

زامه‌كانی گه‌ڵای عومرم
له‌گوڵدانی مه‌زرای دڵما
به‌سه‌ر هێشووی به‌های ژینا
بارانی خوێن ده‌بارێنن
له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی عه‌شقا
ساتێك ده‌بنه‌ په‌یامی مه‌رگ
بۆتاوێكیش مێژووی بوونت
ده‌نووسنه‌وه‌
ئه‌و ساتانه‌ی رێمان بۆ قوڵپه‌ی
كانیاوو
سه‌مفۆنیای رووباره‌كان ده‌كرده‌وه‌
تۆ بۆ وه‌رینی پرچی گوڵ
هه‌ڵواسینی به‌ژنی سێوو
كوژرانی چڵێك ده‌گریای
بۆ ناسینی كه‌ناریه‌ك
چه‌ندین ته‌لبه‌ندت ده‌شكان
ئێستا له‌پاڵ خه‌رمانی ژانی
حه‌سره‌تا
بۆ باده‌یه‌ك خوێنی خۆت و
هه‌ڵواسینی ترێی رازێك
په‌نجه‌ره‌ی خۆزگه‌ ئه‌دوێنی
رووپۆشی باخچه‌یه‌كی بێوه‌ژن‌و
تارای ره‌زێكی قه‌یره‌
هه‌ڵئه‌ده‌یته‌وه‌
نه‌له‌گه‌ڵ نسێی ره‌هابووندا
نه‌ له‌وێستگه‌ی عیشقا ده‌ژی
ده‌مێك ده‌بی به‌ جۆگه‌ی خوێن
تاوێك وه‌ك ره‌هێڵه‌ی باران
بناره‌كان ده‌شۆیته‌وه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ نیگای
رامان‌و
گه‌واڵه‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ به‌ر
دوامده‌كه‌وی وه‌كو نه‌گبه‌تی
رۆژگارو
چوون تارمایی خه‌م‌و سێبه‌ر
تۆ كسپه‌ی ژانێكی تاڵ‌و
كۆرپه‌ی حه‌زێكی بێنه‌وای
هێلانه‌ت په‌یڤی شرین‌و
ئاسمانت په‌ڕه‌ی ره‌نگینه‌
شیعر نه‌بێ
له‌ هه‌ناوی گڵا ده‌مری
لوتكه‌یه‌ك نابێته‌ ماڵت
نیشتمانێك باوه‌شت بۆ ناكاته‌وه‌
به‌سه‌ر هه‌ر
دڕكێكا ده‌ڕۆیت
مینێك
له‌ڕێت چێنراوه‌
باوه‌ش
له‌هه‌ر دارێك ئه‌ده‌یت
سێداره‌یه‌ك
له‌به‌ژنی جوانت ئاڵاوه‌
گه‌ڵایه‌ك
مێژووت ده‌سڕێته‌وه‌
چڵێك
زامه‌كانت دائه‌گیرسێنێ
جگه‌ له‌
سووتووی ئازارێك
به‌روارێ
جێناهێڵیت‌و
مێژوویه‌ك
بۆ ته‌م نانووسی
تۆ برینی
عومری مه‌زرای
تۆ وڵاتی
خاك‌و گوڵ بووی
له‌گه‌ڵا
به‌هار‌و ئه‌وینا
هه‌ر زوو
دزرای

Previous
Next

Leave a Reply