سه‌گ وه‌ڕی و كاروان تێپه‌ڕی
كاری بانگه‌وازی و هه‌وڵدان بۆ گه‌یاندنی په‌یامی به‌خته‌وه‌ری، ئه‌گه‌ر به وشه‌یه‌كیش بێت، پێویستی به پشوودرێژی و لێبڕاوی هه‌یه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشاڵی به‌خته‌وه‌ری بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان لێداوه‌و ویستویانه دڵی سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی له‌و رێگایه‌وه له‌گه‌ڵ شنه‌ی سه‌دایان بله‌رنه‌وه‌و بێ سێ و دوو نه‌سیمی خواناسییان بۆ بهێننه به‌رچاو و گوێ و دڵیان، ئه‌وا كه‌م تا زۆر ده‌كه‌ونه به‌ر توانج و پلارو هه‌ستیان دنه‌یان ده‌دات و ختوكه‌ی ئه‌وه‌یان به‌دڵ دا دێت، كه ئیدی دونیا به‌شی هه‌ناسه‌یه‌كی تێدا نه‌ماوه‌و ئه‌وجار مردن به پاره‌ش بێت ده‌یكڕن.
مێژساڵیشه ئه‌م به‌ریكانه‌یه به‌رده‌وامه‌و ئه‌وانه‌ی شانیان داوه‌ته به‌ر ئه‌م په‌یامه و چه‌شنی (مه‌ولانای رۆمی) بانگی سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به باڵی قورسی تاوانیشه‌وه‌و به دڵشكاندنی خه‌ڵكانی تریشه‌وه بارگاوی بووبن، لێ ته‌نیا بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت خه‌نجه‌ریان هه‌ر له كالانه، هه‌مدیس ئه‌وانه‌ی بانگده‌ری ئه‌و په‌یامه‌ن‌و هه‌موو كه‌س نین، به‌ڵكو هه‌ڵبژێردراو و ده‌سته‌بژێرو ده‌سته‌و تاقمێكی ناو ئه‌م جیهانه‌ن و شان و باڵیان داوه‌ته به‌رو ده‌یانه‌وێ ببنه مه‌ته‌رێزو گولله به‌رۆك و سنگیان بگرێ، له پێناو سه‌لامه‌تی ئه‌وانیدی..
گه‌لێك چه‌لان دڵ ته‌نگ ده‌كرێن، بریندار ده‌كرێن، ده‌ڕووشێنرێن، ده‌یانه‌وێ له لێدانی رۆح بكه‌وێنرێن، له لڤینی په‌یامدارانه بسره‌ون، له‌و گه‌رم و گوڕییه بكه‌ون كه پارچه دڵێكی بچكۆڵانه ده‌توانێ نیشتمانێك له به‌سته‌ڵه‌كی سارد‌و سڕدا گه‌رم بكاته‌وه… له جۆش و خرۆش بوه‌ستێنرێ، كه دونیایه‌كی مه‌نگ ده‌شڵه‌قێنێ.. له‌م باره‌دا دوو راستیی هه‌ن ده‌بێ ببنه گواره‌و له‌گوێ نه‌كرێنه‌وه:
یه‌كه‌م: هه‌تا راستیی هه‌بێت و چرایه‌كانی نه‌كوژێنه‌وه، شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی درۆ‌و بوختان و حه‌سوودی كه‌لێنێكی تاریك هه‌ر ده‌بیننه‌وه‌و ته‌مۆخێكی ره‌ش و ناشیرین هه‌ر ده‌بێ نیازه‌كانی تێدا بڕه‌تێنن.
دووه‌م: كاروانی دونیا كه په‌یامی به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵگرتووه، نه به‌كوژانه‌وه‌ی گڵۆپه سپییه‌كانی راستیی و نه به هه‌وای بۆگه‌نی ئه‌وانی تر ناوه‌ستێ و سرووشتی وایه ئه‌م ڕه‌وڕه‌وه هه‌تا خوا له هه‌قی دێت هه‌ر ده‌مێنێ. جا كه‌وایه ئه‌ی مرۆی په‌یامدارو ئه‌ی بانگه‌وازكه‌ری رێگای حه‌قیقه‌ت:
عاجز مه‌به هه‌رگیز له درۆ‌و ئیفكی حه‌سوودان
دونیایه ده‌بێ سه‌گ بوه‌ڕێ و شیعه بكا سه‌ب
(نالی)
تێبینی: له گۆڤاری چرای رووناكی ژماره 45 بڵاوبۆته‌وه.
هێمن عومه‌ر خۆشناو(شه‌قڵاوه)