Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سکێچێک بۆ ئاو….شوان عوسمان

سکێچێک بۆ ئاو….شوان عوسمان

Closed
by June 4, 2012 ئەدەب

 

 

کە دائەنیشم ،
بۆنی چک بوونی خۆم ئەکەم..
لەو سەحرای بەشەریە وشکەدا ،
بۆنی ئاو چەند خۆشە ،
بۆنی ئاوم بۆ دێت ،
بە بۆنی ئاوی ئارووێک لە سەراب ئەبم و
رائەچەنم…
بەو راچەنینەش بە ئاگا دێمەوە….
ئاوێک دێت و ئاوێک ئەڕوات ،
من هەر دانیشتووم..
بە رۆیینی ئاویش من بە سەرابێکی تر ،
سەرخۆشم ئەبم…
ئاو ئەڕوات وناگەڕێتەوە..
ئەو ئەڕوات ومن هێشتا دانیشتووم ،
لەسەر بەردێک ئاسەواری تنۆکێک لە چۆڕانەوە ئەبینم ،
هەست بە چۆڕانەوەی خۆم ئەکەم ،
ئاوڕ لە سڕانەوەی جێ پێی خۆم ئەدەمەوە…
من هەر لێرە دانیشتووم..
ئەو لە خوڕەیەکی بەخوڕ دایەو
منیش لە خوڕەی خۆم ئەکەوم…
بۆنی پونگی بن پێی ئاوێکم بۆ دێت ،
کاتێک ئەو ئەکەوێتە چرپە و
ئاویش ئەپونگێتەوە…
بۆنی بۆگەی پونگی چڵی خۆم ئەکەم ،
کاتێک من لە پێ ئەکەوم و
 چرپەش لە من ئەکەوێت ،
ئاویش لە مندا بۆنی پونگ دائەشۆرێت…
دەبا جێ پێی ئاوێک هەلگرم ،
تا جێپێەکم لە سەر ئەو چیمەنە دێمەکارە ،
وشک نەبۆتەوە..
دۆم بە دانیشتن ماڵی چەند وێرانە ،
من لەگەل ئاودا هەمیشە لە جێی ژوانێکدا ،
دۆمێکی ماڵ وێرانم..
من لەگەل ئاودا قەت خانەخوێی دوو ماڵی جیابەیەک نەبووینە ،
هەمیشە ماڵمان لە ناو یەک ماڵدا بووە…
بۆنی ئاوم بۆ دێ وبۆنی ئاو ئەکەم ،
بۆنی خۆشم لە بەهەڵم بوونێک دایە…
بە بۆنی خەزەڵی پەلکەکانی خۆم وڕوکاسم ،
لە وەرانێکی خەزاندا ،
جگە لە ئاو هیچ کەس ناناسم….
لە ئاوێک ئەگەڕێم تا رەگەکانم ئاو بدەم…
خۆم تەڕ کەمەوە…
تا هەستم وچیتر دانەنیشم…
بۆنی خەزان لە رەگەکانم دێت و
پاییزیش وەکو بنێشت لە ئاوی بن زمانم ئەگەڕێت ،
تا بوەرێم…
خۆشم لە بۆنی بەهارێک ئەگەرێم..
تا رەگەکانم بە خوناوێک ،
کزر * بکەمەوە..
تا من لەگەل باڵای ئاوێک ،
ببمە ئاوو دووبەدوو بەیەکەوە بڕۆین و
پێکەوەش شۆڕ ببینەوە…
ئاو ئەڕوات ومن هێشتا دانیشتووم ،
من لە تەنکایی ئاوێک  ،
وێنەیەکی تەنکی ئاویی شینی خۆم و
نیشتنەوەی خۆم لە دانیشتنێکدا ،
ئەبینمەوە…

* کزر بوونەوە : نیوە وشک بوون لە پاش تەڕیەکدا..

شوان عوسمان-هۆلەندە
٥/٥/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.