Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

سیاسه‌تی چینایه‌تیانه‌ له‌ کوردستاندا

Be First!
by November 23, 2010 گشتی

چاوخشانێکی خێرا به‌کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا به‌ئاشکرا دۆخی چینایه‌تیانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌بینرێت. هه‌میشه‌ چینی باڵاده‌ست له‌ڕوانگه‌ی ته‌سکی ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیه‌وه‌ تیۆری ئایدیالیزمیانه‌ی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی دا‌تاشیوه‌، ئه‌وه‌ش جگه ‌له‌ هه‌وڵێکی نه‌زۆکی بۆرژوازیانه‌ شتێکی تر نه‌بووه‌‌. چونکه‌ سه‌رمایه‌داران و بۆرژوا تیئۆریسته‌کانی هاوکاریان‌ به‌ هه‌ستێکی ده‌مارگیری دواکه‌وتوانه‌وه،‌‌ خه‌ریکن مێژووی کۆن و نوێی پڕ ئه‌زمونی چینایه‌تی و  وانه‌کانی شۆڕشگێڕی ده‌سڕنه‌وه‌.

به‌ڵام که‌سانی شۆڕشگێڕ سه‌رجه‌م ئه‌ده‌بیاتی پێشکه‌وتنخوازی و شۆڕشگێڕی به‌قوڵی و فراوانی ده‌خوێننه‌وه‌ و به‌گیانێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی زانستیه‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ن و له ‌پراتیکی شۆڕشگێڕانه‌یاندا سوودیان لێوه‌رده‌گرن. دانانی تیۆری تایبه‌تی بۆ ئاڵۆگۆڕپێکردنی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌لێکۆڵینه‌وه‌ و ووردبوونه‌وه‌ی دیاریکراو ‌له‌ چوارچێوه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ باو و جیاوازه‌کانی چینه‌کان له‌باری ئابووری و سیاسیه‌وه‌ هه‌یه، له‌مێژه‌‌ مارکسیزم ئه‌و ئه‌رکه‌ی خستۆته‌ سه‌رشانی خۆیی و به‌درێژایی دوو سه‌‌ده‌شه‌ کاری پێده‌کرێ.‌

 هیوابوون به‌ فه‌رهه‌نگی ناشۆڕشگێڕانه‌ (ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی)، نه‌ریت و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی بێچاره‌ی کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌، که ‌وه‌ک شێرپه‌نجه‌ ڕۆچۆ‌ته‌ ناخی کۆمه‌ڵگه‌ و بووه‌‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ترساندن و تیرۆری خوێناویی و نه‌هێشتنی ئازادی و ئارامی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا‌. ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ ژه‌نگاویانه‌ به‌هۆکار و پاساوی نامرۆڤانه‌، کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ره‌و نه‌زانی و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی و په‌یدابوونی تۆڕی مافیایی بردووه‌. له‌جێی فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و دادپه‌روه‌ری و ئاشتی و ئازادی و یه‌کسانی، فه‌رهه‌نگی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دوژمنکاری و ڕق و چاوچنۆکی و تاڵانی و دزی و گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای داموده‌زگاکانی گرتۆته‌وه‌.

قه‌یرانی سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان په‌یوه‌سته‌‌ به‌دۆخی سیاسی له‌عێراقدا، نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی شارستانی و سه‌قامگیر و ئارام و سه‌ربه‌خۆ  له‌ناوه‌ندا سه‌رتاپا ئه‌و ووڵاته‌ی خستۆته‌ گێژاوه‌وه‌. بیری ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و تاییفی شه‌قامی عێراقی پیس و خوێناوی ‌و که‌ش و هه‌وای فه‌رهه‌نگیشی ژه‌هراوی کردووه‌. بارودۆخێک ئه‌مڕۆ کوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕی ناخوازێ که‌ به‌ده‌وڵه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی میلشیایی له‌کوردستاندا بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات و بردنی داهاتی کوردستان ده‌ستیان له‌ملی به‌غدا نابێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایکردووه‌ ملهوڕی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا بسه‌پێنی و سه‌رجه‌م ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی زه‌وتبکات‌.

بره‌وی بیری کۆنه‌په‌رستی دواکه‌وتوانه‌ کرۆکی ئایدیای بۆرژوایه‌،‌ ڕێگره‌ له‌ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه‌ له‌بواره‌ جیاکانی ژیاندا. فه‌رهه‌نگێکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی دابه‌شکردووه‌ و که‌مینه‌یه‌کی مشه‌خۆری کردۆته‌ دیکتاتۆر و به‌زه‌بری هێز و سه‌رکوتی، زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ که‌ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانن ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌یان کردۆته‌‌ کاڵای بازرگانیکردن و چینی چه‌وسێنه‌ر و حاکم مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵگه‌شیان له‌ گشت به‌ها مرۆیه‌کان داماڵیوه‌.

ده‌بێت چینی کرێکار و سه‌رجه‌م توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌شخوراوه‌کان به‌هه‌وڵ و تێکۆشانیان ده‌مامکی درۆینه‌ و فێڵبازانه‌ له‌ڕووی بۆرژوازی کوردی هه‌ڵماڵن و ڕۆڵی چینایه‌تی خۆیان له‌پێناو چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و ئازادیدا ببینن و پێگه‌یی چینایه‌تی کرێکاران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تیان زیاتر به‌ره‌وپێش بگۆڕن. به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخوازی به‌هێزبکه‌ن و سه‌رسه‌ختانه‌ به‌ڕووی بۆرژوا کۆنه‌په‌رستدا بوه‌ستنه‌وه‌،‌ ته‌نیا هێزی کرێکاره‌‌‌  به‌ ئامڕازی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌و‌ چینایه‌تی‌ ده‌توانێ ڕه‌گی چه‌وسانه‌وه‌ له‌بنه‌وه‌ ده‌ربهێنێ. ‌

کرێکاران باش ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی کوردی ڕۆژانه‌ به‌ره‌نگاری بیر و باوه‌ڕی پێشکه‌تنخوازی و ئازادیخوازی ده‌بنه‌وه‌ و له‌ په‌رله‌مانه‌که‌یاندا په‌یتا په‌یتا بڕیارنامه‌ و یاسایی دژی کرێکاری و ئازادیخوازی ده‌رده‌که‌ن. هه‌ڵوێستی ئێوه‌ی بوێر ده‌توانێ سنورێک بۆ چاوه‌شه‌کاری و سه‌رکوتیه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌پێشێلکردنی مافه‌ مه‌ده‌نی و مرۆیه‌کان دابنێت و ڕێگربێت له‌ یاریکردن به‌ هه‌ست و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر، سووربونی ئێوه‌ی شۆڕشگێڕه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی گشت داخوازیه‌ ره‌واکانی خه‌ڵکی کوردساندا.

ده‌کرێ کۆمه‌ڵگای کوردستانیش کاروانی گه‌شه‌ی مێژوویی خۆی له‌ڕووی سیاسی و ئابوریه‌وه‌ بباته‌ پێش، به‌پێی مه‌رجی بابه‌تیانه‌ کرێکاران وه‌ک‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی زیندوو به‌ئامانج و ده‌سکه‌وته‌کانی بگات. ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای کوردستان شتێکی نه‌گۆڕ و سروشتی نیه‌ و کارێکی ڕوکه‌ش و کاتییه‌. به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی مانه‌وه‌ و گه‌شه‌ی هه‌میشه‌یی بزووتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتنخوازی، تایبه‌تمه‌ندی چینی کرێکاره‌، که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی خه‌ریکی نه‌هێشتن و خه‌فه‌کردنێتی.

له‌پێناو سه‌رخستنی ماف و ئازادیه‌کانی جه‌ماوه‌ری کوردستان، خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ته‌نیا ئامڕازێکه ‌بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وته‌کان و ئه‌مه‌ش هه‌روا کارێکی ساده‌و سانا نیه‌و ڕێگه‌یه‌کی سه‌خته‌ و پرۆسه‌ی هاوکاری یه‌کگرتوویی کرێکاران و ئازادیخوازان به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌ر‌ێنی له‌گره‌وی چونه‌پێشه‌وه‌ی دۆخه‌که‌دایه‌. وه‌ ته‌نیا ئاڵای سۆسیالیزم ده‌توانێ به‌رز بشه‌کێته‌وه ‌و ببێته‌ پێشڕه‌و و سۆنگه‌ی ئازادیخوازی و هه‌نگاوێک بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت بباته‌پێش  و پێگه‌یی مێژووی ئه‌م چینه‌ قایم و پته‌و تر بکات.

که‌باسی چینی کرێکار ده‌که‌ین له‌ڕوانگه‌ی چیناتیه‌وه،‌ ده‌چینه‌ ناو جیهانی ڕاسته‌قینه‌ی به‌شخوراوان و زۆرلێکراوانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی گشت مافێکی مرۆیانه‌یان زه‌و‌تکراوه‌ و گیرۆده‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازین. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا سه‌رمایه‌داران گشت بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیان خستۆته‌ ژێر چنگی خۆیان و به‌ ئاره‌زووی خۆیان مرۆڤه‌کان ده‌چه‌وسێننه‌وه‌. داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانیان له‌سه‌رکوت و تیرۆری خه‌ڵکی ئازاد و یه‌کسانیخوازدا له‌ ئاماده‌باشیدایه‌.‌ ئازادی ڕێخراوبوون و‌ بیروڕاده‌ربڕین و‌ مانگرتن و خۆپێشاندان قه‌ده‌غه‌یه‌‌ و ده‌بێ هه‌موو چالاکیه‌ک له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئاره‌زووی ئه‌واندابێت.

بۆرژوازی کوردی به‌ویستی خۆی مۆرکی دیینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات و یاسا و ده‌ستوری بۆ داده‌تاشێ و په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری به‌ کۆنه‌په‌رستانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێ، ‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ کاتێک گوێی دابێته‌ ده‌نگ و ڕازیبوونی خه‌ڵکی کوردستان. خۆیان ئازادبوون له‌ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و به‌ تاڵانبردنی داهاته‌کانی، به‌ڵام گه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار داخوازی پێویستیه‌کانی ڕۆژانه‌ی بووبێت به‌ئاگر و ئاسن به‌ره‌و ڕووی بونه‌ته‌وه‌، گه‌ر ڕه‌خنه‌ و سه‌رنجێکی ئازاد له‌و نادادپه‌روه‌ریان هه‌بووبێت، ئه‌وا ڕه‌وانه‌ی زیندان و مه‌رگ و تیرۆریان کردووه‌.

ئایدیایی بۆرژوازی سه‌رمایه‌داری، بیریکی چه‌قبه‌ستوانه‌ی دواکه‌وتووه‌ و ته‌نیا له‌قازانجی که‌مینه‌یه‌کی مشه‌خۆردایه‌. به‌ڵام زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی مارکسیزم، ماتریالی مێژوویی چینی کرێکاره‌ و ژیانی ئایینده‌ی ئه‌م چینه‌ی پێوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. ‌بێ ئاماده‌یی چینی کرێکار به‌م ئایدیا زانستیه‌وه‌ ناتوانرێ ئامانجه‌ چینایه‌تیه‌کانی کرێکاران و مافخوراوان له‌ ئازادی و یه‌کسانی دادپه‌روه‌ریدا بێته‌ دی.

22.11.2010       

    ‌ ئازاد به‌کر

Previous
Next

Leave a Reply