Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

سەردانە بێ ئەجێنداكەی سەرۆكی هەرێم……ستارە عارف

Be First!
by November 22, 2008 گشتی

ستارە عارف
 سەردانە بێ ئەجێنداكەی سەرۆكی هەرێم.

 لەم قۆناغە هەستیارەی گەلی كوردا كەزۆربەی كێشەو قەیران رووی لەهەرێمی كوردستان كردوەو وەك هەمیشە بەرهەڵستی دراوسێو دوژمنی دەستكەوتەكانی هەرێم لەرووبەڕووبونەوەدان لەگەڵیدا، لەم كاتەدا سەرۆكی هەرێم بەسەردان رووی لەئەمریكاو ئێران كردو لەگەڕانەوەشدا هیچ بەندێكی سەردانو كۆبونەوەكانی لەو وڵاتانە بەشێوەیەكی شەفافو روون رانەگەیاندو، بەڵكو وەك هەمیشە لەبەردەم راگەیاندنەكاندا ئەو رۆژەڤە گرنگانە شاردرانەوە كە بەنهێنی لەگەڵ ئێرانو ئەمریكادا باسیان لێكرابوو، سەردانەكانی زۆر ئاسایی وەك ئەوەی بۆ گەشتێك چوبن گوزارشتی لێكرا، وەلێ لەم قۆناغەدا دەبێت هۆكار چی بێت كەئێران رۆژانە سنورو لادێكانی هەرێم تۆپبارانو وێران دەكات، لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ توركیادا رێكەوتن هەیە بۆ بەرەنگار بونەوەی پەژاكو بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد لەباكوری كوردستانو لەناوخۆی ئێرانیشدا رۆژانە سزاو یاسای دارستان بەرامبەر بەگەلی كورد بەكاردێنرێتو كەسو لایەنە مرۆییو خەباتگێڕەكانی چ ژنو پیاو لەزیندان ئەشكەنجە دەكرێتو لەخەبات دوور دەخرێنەوە، لەم كاتەدا كەتوركیا لەپەلەقاژەی مەرگدایە بەرامبەر بەباشوورو باكور، ئەمریكا لەدۆستایەتی كوردو هەرێم ساردە، سەرۆكی هەرێم سەردانی ئەم وڵاتانە دەكات، ئاخۆ سنوردانانە بۆ ئەم وڵاتانە؟، ئەگەر نا سەردانی سەرۆكی هەرێم لەكاتی ئاوادا جێگای گومانە، یان لەبەرچی سەرۆكی هەرێم پێی باش نەبوو ئەم بانگهێشتكردنەی لەلایەن ئێرانو ئەمریكاوە لەئێستادا بزانرێتو ئەو ڕستەیان دووبارە دەكردەوە، كەچوونی سەرۆكی هەرێم بۆ هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بانگهێشتو دەعوەتی كۆن بوەو ئێستا جێبەجێی دەكات، لەهەمانكاتدا چوونی سەرۆكی هەرێم نهێنی بوو، هەر بۆ ئەوەی گومانی رای گشتی قوڵتر نەبێتەوە سەردانی توركیای لەهەمان كاتدا نەكرد، چونكە ئاشكرایە لەنێوان ئەمریكاو ئێرانو توركیاداو لەبەرژەوەندی توركیادا ئەجێندای سەرەكی دۆزی كوردەو حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر هەندێك ئیمتیاز ئامرازی جێبەجێكردنی داخوازیو بەرژەوەندیەكانی ئەو وڵاتانەیە، حكومەتی هەرێم جارێك تۆپبارانكردنی سنورەكانی هەرێمی لەلایەن توركیاو ئێرانەوە شەرمەزار نەكردو، جارێك هەڵوێستێكی جیدی نیشان نەداوەو ئەگەر بۆ راگەیاندنیش جارێك هەڵوێستی هەبوو زۆر لاواز بوو، لەبەرخاتری تێكنەچوونی پەیوەندیەكانیانو لەسەر حیسابی گەل، لەكاتو وەختەكانی بانگهێشتكردنیشدا وەفدی هەرێم لەكاتو ساتی خۆیدا ئامادە دەبن، بێ ئەوەی ئاكامی سەردانەكەیان بەقازانجی گەل بگەڕێتەوەو هەڵوێست بنوێنن بەرامبەریان، دەكرێت بپرسین لەو سەردانانەدا هیچ سنورێك بۆ ئەو وڵاتانە دادەنرێت، لەبەرامبەر پەلامارەكانیان بۆ لادێو سنورەكانی هەرێم؟ یان توانراوە جۆرێك لەئاگادار كردنەوە لەبەرامبەر بەیەكدادانی كورد بەكورد لەلایەن ئەوانەوە پیشانبدرێتو نەبنە ئامڕاز؟، بەپێچەوانەوە تەنها لەسەر حیسابی كورد دەبێتو ئەوەی لەم سەردانە دەخوێنرێتەوە زیاتر پتەوكردنی ئەو پەیوەندیانەیە كەلە رێكەوتنەكانی توركیاو ئێراندا جەختی لەسەركراوەتەوەو كوردیش وەك لایەنی سێهەم بەشداری پێدەكرێت، لەسەر بنەمای رێگری لەخەباتی بزوتنەوە كوردیەكانی رۆژهەڵاتو باكوری كوردستان لەهەرێمداو،  برەو دان بەپەیوەندیە سیخوڕیو چالاكیە جۆراو جۆرەكانی ئەو وڵاتانە لەهەرێمدا.
  توركیا لەماوەی ئەم ساڵدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كەچالاكیە بازرگانیو ئابوریەكانی لەهەرێم زیاتر بكات، كە بێجگە لەهۆكاری ئابوری كۆمەڵێك فاكتەری سیاسیشی لەپشتەوەیە.
  بۆیە لەو كاتەدا كەگفتوگۆ لەسەر هەستیاترین كێشەی كورد دەكرێتو بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەباكور رۆژەڤی سەرەكی كۆبونەوەكانە، بەڵام هەرێم بەرژەوەندیە مادیو ئابوریو تاك لایەنیەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەسەرەكیتر لەچارەنوسی گەلێك دەگرێتە بەر بێ ژمێرە كردن بۆ خەبات لەهەر پارچەیەكی كوردستان، تێكەڵ بەهەمان پیلانو كۆنسەپتی ئەو وڵاتانە دەبێتەوە، لەهەمانكاتدا لەبەرامبەر هەموو ئەو ناڕەزاییە زۆرەی سوننەو شیعەكان لەئەمریكا هەیانە، تازە لەسەردانەكەی بۆ ئەمریكادا سەرۆكی هەرێم سوپاسی هەڵوێستی ئەمریكا بۆ رووخاندنی رژێم دەردەبڕێتو هاوپەیمانی خۆی بۆ دووپات دەكاتەوە، كەئەمە بەئاشكرا چەواشەكردنی راگەیاندنەكانو شاردنەوەی رۆژەڤی سەرەكیە لەكاتێكدا لەم پێواژۆیەدا ئەمریكا نەدۆستاییەتیو نەهاوپەیمانی كورد ناكات. ئەگەر چی ئەمریكا نایەوێت كورد بەتەواوی لاوازو بێكاریگەر بكات، لەبەر خاتری بەرژەوەندیەكانی چونكە لەهەر چوار پارچەدا كورد تاكە ئۆپۆزسیۆنی سیستەمە ئۆتۆكراتیەكانە، بەڵام ناهێڵێت كوردێكی بەهێزو خاوەن كیانی سیاسیش هەبێتو داواكاریو هەڵوێستی هەبێتو ئیرادە بنوێنێت، بۆیە گوێ بەداواو بەرژەوەندی توركیاو ئێرانو سوریا سەرەڕای ناكۆكیەكانیش دەدات، لەپێناو رێگەنەدان بەدروستبوونی كوردێكی بەهێزو رێگەشیان پێدەدات بۆ سنوردار كردنو رێگری لەكارو چالاكی كورد لەهەر چوار پارچەدا، لەئێراقدا وێڕای ئەوەی كە كورد بەكەڵكی هاتوەو دۆستایەتی كردوە، بەڵام رای عەرەبی لەم پێواژۆیەدا بۆ ئەمریكا گرنگترو لەپێشتر بوە، لەم دواییەشدا راپۆرتە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ژن كوشتنو گەندەڵیو پێشێلكردنی مافی مرۆڤو دیموكراسی لەهەرێمدا، باشترین بەهانەو بەڵگەبون بۆ ئەمریكاو وەك فشارێك لەسەر هەرێم بەكاری بێنێـتو پەیوەندیەكانی لەگەڵدا سنوردار بكات، هەر بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو دۆستایەتیەش بوو كەهەرێم رێكەوتنەكەی ئێراقو ئەمریكاو بانگهێشتكردنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ هەرێم لەكاتی كشانەوەدا بەبێ مەرج پەسند دەكاتو بەڵگەیە بۆ ئەوەی كەهەرێم بخوازێت خۆی بەدۆستە نزیكەكەی ئەمریكا نیشانبداتەوە.
  بەداخەوە زۆربەی راگەیاندنو كەسایەتیو لایەنو دڵسۆزەكانی كوردو دۆستی هەرێم داوا دەكەن، كەپەیوەندیەكانی هەرێم بەتوركیاو ئێرانو دراوسێكانەوە لەسەر حیسابو ژمێرەی گەلی كورد لەهیچ پارچەیەكی كوردستان نەبێت، بەڵام ئایا رەچاوی ئەم دەنگانە دەكرێت، بێگومان نەخێر چونكە كۆمەڵێك بەرژەوەندی ئابوریو سیاسیو بازرگانیو چارەنوسی كۆمپانیاكانیان، رێگرە لەبەردەم هەموو ئەم داوایانەو داوای خەڵكداو سەرباری هەموو پێشێلكاریو بەزاندنو تۆپبارانی سنورەكانو شكاندنی ئیرادەو قەوارەی كوردی لەلایەن ئەم وڵاتانەوە، بەڵام هەرێم لەسەر تاكتیكە رۆژانەیەكانی سوورەو فەزڵی ئەوان لەسەروو فەزڵی گەلی كوردەوەیە.
 
 Stare-arif@hotmail.com
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply