Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

سەرچڵییە فەلسەفیەکانی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ..2

Be First!
by April 3, 2012 فەلسەفە


((بەشی دووەمی باسی “”گرینگە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ڕابێنن!
– فەلسەفەکردن لەسەر شێوازی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی””))

ڤیتگنشتاین لەپاش کانت بەولاوە وەک بەرچاوترین فەیلەسوف لە ڕۆژئاوا ناوزەددەکرێت (1). دەرکەوتنی بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین لەناو فەلسەفەی ڕۆژئاوا سەرەتا وەک سەرچَلیێ فەلسەفی ، گەر نەڵێین وەک سەرئێشەێ فەلسەفیش، کەوتەوە و دواتریش ئەو نەرێتە فەلسەفیەی ئاوەدانکردەوە بەناوی فەلسەفەی شیکردنەوەییەوە لە نێوەندی ڕوناکبیری و فەلسەفی ناوچەی ئەنگلۆفۆن (ئینگلیزیزمان) دا بڕەویخۆی وەرگرتبوو. دەرکەوتنەکەی ڤیتگنشتاین ، کە لەڕێگای یەکەم نووسینیەوە ،””تراکتاتۆس لۆژیکۆ- فیلۆسۆفیکۆس”” Tractatus logico-philosophicus ەوە ، بوو ، ئەم دەرکەوتنە وەک دیاردەێ گومڕا و چرکەێ لە سەختیێ فەلسەفیش خۆی نیشاندا. ئەو کارە زۆروزەبەندەش ڤیتگنشتاین لەوێڕا لەسەر زمان و لۆژیک کردونی لەکۆتایدا بەسوودی هزراندنی فەلسەفی لە بواری زمانەوانیدا گەڕانەوە. ئەڵبەتە خوێندنەوەی دیدە فەلسەفیەکانی ڤیتگنشتاین لەو بەرهەمەیدا وەک جۆرە مەشقێ ماتماتیکی(ڕیازی، بیرکاری) وان مێشکی مرۆڤ دەخەنە جووڵە و بزاوتێ بێوچانەوە. ڤیتگنشتاین لەم کارەیدا، “”تراکتاتۆس”” ،بەئاشکرا ڕێگری لەوەدەکات فەلسەفە کار بۆبەلێشاو بەرهەمهێنانی وشە بکات. دوا تێگەیشتنی ئەو کتێبەشی بەوە کۆتایپێدێنێ بێدەنگی هەڵبژاردن زۆرچارترە ئەودەمەی شتێکمان بۆ ووتن نەبێت. بەبێگومانیشەوە ، بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی یان مامەڵەکردنی ووردبینانەی ڤیتگنشتاین لەو بەرهەمەیدا لەتەک گوزارە و دەربڕینە فەلسەفیەکانا شێوازێ لە نووسینی وشکی هێنایەگۆڕێ کە بۆ کەم خوێنەر بەیەکەم خوێندنەوە هەرس دەبێت. بەشێ زۆریش لە قووتابیەکانی کامبرج لە 1930 کانا کە تراکتاتۆسیان وەک مادەێک لە زانکۆ خوێندوە لێیتێنەگەیشتوونە و ، لەمبارەیەشەوە فەیلەسوفی فینلەندی- سویدی جۆرج هنرێک ڤۆن ڕایت  von Wright دانبەوەدادێنێت کە خۆی و مامۆستاکەی (واتە کایلە Kaila)، ئەو دەمەی لە کامبرج Cambridge تاقیکردنەوەیان لە “”تراکتاتۆس”” دا داوە هیچی لێیحاڵینەبوونە (2).  
نکوڵیناوێت ئەو دەمەی “”تراکتاتۆس”” وەک کارێ فەلسەفیلۆژیکی لەدایکبوو کەمتازۆر ڕەخنەکراوە و ئەو ئاقارە تا هەنووکەش بەردەوامە بەڵام بەشێ زۆر لەو بیرۆکە و گریمانانەی “”تراکتاتۆس”” هێنانی بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی نەوەی پاش ڤیتگنشتاین، لەگەڵ گشت ناجۆریێکی تەوژمە فەلسەفیەکانی ئەم نەوەیە، بەردەوام بابەتی ئاوڕدانەوەن. هەر بۆ ئەو نەوەیە و دواتر بەگشتیش بۆ توێژەرەوان ئەوەش جێیسەرنجبووە ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا پتر ڕاسێلییە (ڕاسێل مەبەستە) و لە دوای ئەوەوە ،واتە لە نووسینەکانی پۆست تراکتاتۆس دا ،ڤیتگنشتاین مۆرییە (جۆرج مۆر مەبەستە). 
دیارە و گەلێ لە توێژەرەوانی بیری ڤیتگنشتاینیش لەسەرئەوە کۆکن ڤیتگنشتاین دواتر و بەتایبەت لە نووسینی””لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان”” Philosophical Investigations دا ڕەخنەی شێوازی خۆی لە “”تراکتاتۆس”” دا دەکات و دەخوازێ بەگەلێ جۆر لەو شێوازە بیێتەدەرێ و ، بەزۆریش سەرەتای بێبەهاکردنی “”تراکتاتۆس”” لە زاری خودی ڤیتگنشتاینەوە هاتەدەرێ تا کەسێ تر. لێ بۆ توێژەرەوانی بواری فەلسەفە کاریگەری “”تراکتاتۆس”” لە جیهانی فەلسەفەی شیکردنەوەی زێدەبەرچاوییە و ، لە بواری فەلسەفەی زانست و لۆژیکی فەلسەفی و یان فەلسەفەی زمانەوانیدا لەسەر بابەتی لۆژیک و زمان هەوێنی گەلێ گفووتوگۆکردنە. بەدڵنییاییەوە دواتر هەر ئەو پاشگەزبوونەوانەی ڤیتگنشتاین بوون بە بناغە و بەڵگە بەدەست توێژەرەوانەوە بۆ جیاکردنەوەی ڤیتگنشتاینی ناو “”تراکتاتۆس”” لە ڤیتگنشتاینی ناو “”لێکۆڵینەوە””کان یان ئەو جیاوازیە لەنێوان ئەو دوو نووسینە وایکردوە قسە لە دوو جۆر ڤیتگنشتاین کرێت یەکەمیان ڤیتگنشتاینی لاو و دووەمیشیان و ڤیتگنشتاینی دواتر(3). تەنیا ئەوەش هەیە کە لەناو پۆست ڤیتگنشتاینیەکانا بەشێ زۆر لەو بیرۆکە و گریمانانەی “”تراکتاتۆس”” پێیگەیشت تائەمئێستاش جێیسەرنجن، وەک (4) : ڕۆلی وشە لە زمانی سادەی ڕۆژانەدا، پێشنیارئامێزی لە ووتنەکانا، وێنەکان و دەڕبڕینەکان (دێڕەکان) هاوشێوەن، شتی میتافیزیکی بێمانا و پووچە، ووتنی نەووتراوئامێز، جیهان لە چەند ڕاستیێک پێکدێت ، ئەوی بیریلێدەکرێتەوە دەکرێ بشووترێت، سنوورەکانی زمان سنوورەکانی بیرکردنەوەشە و…. (5).
ئەڵبەتە، ئەوی فەیلەسوفە پۆست ڤیتگنشتاین و ئەنتی ڤیتگنشتاینیەکان تایبەت بە “”تراکتاتۆس”” لەسەر یەک سفرەی تێگەیشتن کۆدەکاتەوە ئەو هزرە لۆژیکییە تۆگمە و متمانەدارەیە لەو کارەدا خراوەتەوەگەڕ. یان ئەو بیرکردنەوە لۆژیکییانەیەی لەو کارەدا زاڵبووە. واتە، ئەو هزرەی کە  سەمەرەیێ فەلسەفی زۆری لەناو فەیلەسوفانی کامبرج داهێنا. لەمڕەوەشەوە فەلسەفەی زمانەوانی ڤیتگنشتاین وەرچەرچانێکە (پێچێکە) لەناو نەک هەر فەلسەفەی زمانەوانی ڕۆژئاوا بەڵکو وەرچەرچانێکە لەناو خودی فەلسەفەی شیکردنەوەی دا. ڕۆڵی فەلسەفەی زمانەوانی ، بەپشتبەستنی ئەم فەلسەفەیە لەسەر یاری زمانەوانی، لە دوای کارەکانی ڤیتگنشتاین دا، هەیبەتی خۆی لەناو فەلسەفەی ڕۆژئاوا ئاشکراکرد و گەلێ لە بیرمەندانی فەلسەفەی کۆنتنێنتالیشی (فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئیتالیەکان لەوانە گەدامێر، دولۆز، دێریدا و لەودوایەش بادیو و ئاگامبین) بەخۆیەوە سەرقاڵکرد. واتە ڤیتگنشتاین بوو بە گفتووگۆ نەک هەر لە ناو بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوە بگرە بیرمەندانی فەلسەفەی کۆنتنتالیش (بوونخوازەکان، دیاردەخوازەکان، هێرمێنۆتیکەکان و پۆستمۆدێرنەکان).
هەر تایبەت بەوی لایسەرەوە ئەوەش ئێژیین، ئەوی ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا کردی ، ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیانەیەی، کە فۆڕمێ لۆژیکی وەرگرتبوو،  لە بەرهەمی ناوبراودا زاڵبوو، کاریکردەسەر گۆڕینی ژینگەی ڕوناکبیری و فەلسەفی لە نێوەندی ئەکادیمی ئەنگلۆفۆن (ئینگلیزیزمان) دا. چونکە پاش ئەم کارتێکردنە ڤیتگنشتاینیە نەوەێک لە ڤیتگنشتاینی لە نێوەندی ناوبراو سەریدەرهێنا و شیکردنەوەی زمان و قسەکردن لە شوێنی زانستە سرووشتیەکان و پێوەندی فەلسەفە بەم زانستانەوە بوون بە باسگەلێکی وروژێنەر. ئەمەو بۆ پۆست ڤیتگنشتاینیەکان گەشەدان بە لۆژیکی فۆڕماڵ و لۆژیکی دێئۆنتیک Deontic logic (کە لقێکە لە لقەکانی لۆژیکی هێمای ) هەروەها بایەخدان بە دێتێرمینیزم ، پێوەندی نێوان جەستە و ڕۆح، فەلسەفەی لۆژیک، کاوسالیتێ لەناو نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی و…، هەموو ئەمانە کارێ زۆریان لەسەرکرا. 
ئەم حاڵەتەی ڤیتگنشتاین وامانلێدەکات بڵێین فەیلەسوفگەلێ وەک ڤیتگنشتاین کەسانێ بوێرن و لەتەک سەرچَلئامێزیدا دەستلەملانن. وەکیتریش، سەرچَلییەکانی گشت فەیلەسوفێک زادەی بیرکردنەوە و تێڕامانی خۆین و بەری خواست و ئەندێشەی ئەو چرکەساتەنەشیین خۆی لە قەرەی ئەوە دەدات نایزانێ و یانیش تێیناگات. فەیلەسوف بۆئەوە فەلسەفەدەکات تا لە تێنەگەیشتنەکانی خۆی بگات، تا لەوەبکات بۆ تێناگات یاخود بۆ نازانێت. کەوابێت سەرەتای سەرچَلییە فەلسەفییەکانی فەیلەسوف لەوێوە دەستپێدەکات چۆن دەتوانم لەوەبگەم کە تێیناگەم؟ و یانیش چۆن دەکارم زانین لەسەرئەوە پەیداکەم کە نایزانم یاخود نییمە.   
بەمجۆرەبێت، فەلسەفە بەبێ سەرچَلی ئۆقرەناگرێت. بۆئەوەی کردەی فەلسەفەکردن بەردەوامبێت پێویستی بۆ سەرچَلی هەمیشە لە ترۆپکدا دەبێت. سەرچَلییە فەلسەفییەکان کە “”من”” ی فەیلەسوف دیاریدەکەن ئەو چرکە ساتە دەگمەنانەش پێکدێنن کە ئەم منە پێیدەگات. بۆیە ناشێ تەماشای منە فەلسەفیەکان وەک یەککرێن و ئەڵبەتە لاپەڕەکانی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا ئەوەشمان فێردەکەن منە فەلسەفیەکان جۆراوجۆرن و داناییەکانیشمان بەجۆرێ جیاواز بەردەستدەخن.
ئەو دەمەش فەیلەسوف سەرچَلیدەکات ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت، فەیلەسوف کەسێ بیر وەستاو و جام نییە و زۆربەی فەیلەسوفەکان بۆئەوەی سەرچَلیبکەن پشتگیری لە ڕەخنەکردن دەکەن و زۆرجاریش سەرچَلیە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفان لێرەوە دێتەدونیاوە. فەلسەفە کە بۆ کانت بەمانای بیرکردنەوە دەهات و ئەم بیرکردنەوەیەش ڕێباز نەبوو بەڵکو بیرکردنەوە بوو بۆ فێربوون ئێمە پێمانوایە ئەم فێربوونە فێربوونی تری لێوەبەرهەمدێت و ئەو فێربوونانەش بەرهەمدێن زادەی بیرکردنەوەی ڕەخنەییانە دەبن تا شتێتر. تێکڕای ئەو بیرکردنەوە ڕەخنەییە فەلەسەفیانەی هەشبوونە ئەو چرکەساتانەیان نیشانداوە کە کەسی فەیلەسوف کەسێ نادڵنییا و ڕاڕاو و گومانخوازە. فەیلەسوف نایەوێ ڕۆڵی کەسێ دڵنییا ببینێ و پێشیوایە دڵنیابوون مەترسیە و پێویستە مرۆڤ لە گەڕان بەدوی هەقیقەتی شتەکان بەردەوام بێت. ئەوی ، بۆ نموونە، لە سەرچَلییە فەلسەفییەکانی ڤیتگنشتاین دا جێیسەرنجە ئەوەیە ئەم بیرمەندە جورئەتی ئەوەیکردووە بلێ تێناگەم و یان نایزانم. ئەمەو ڤیتگنشتاین خۆی بە نوێنەری زانین و ڕاستی نەزانیوە. بەبێگومانیشەوە دەڵێین “”تراکتاتۆس””پڕە لە نموونەیوا. ئەڵبەتە گشت ئەو شتانەش ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا پێیگەیشتووە بەئاسانی پێینەگەیشتووە بەڵکو بەخستەڕووی بەڵگە و سەلمێنەکان پێیگەیشتووە. لێ ئەوی ئەم بیرمەندە لەو کارەیدا پێیگەیشت بۆ ووتنی “”نەخێر”” ێ فەلسەفی بوو. ئەم نەخێرە هەڵوەشانەوەی نەرێتێ فەلسەفی (مەبەست فەلسەفەی کلاسیکە) بەدووخۆڕاکێشا، کە ئەودەمە خۆی بەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاوادا زاڵکردبوو. بۆیە زۆر پێویستە دانبەوەدابنێین بۆ ئەو دەمە ئەوی ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا پێیگەیشت جۆرە سەرچَلیێ فەلسەفی پێکهێنا.
بەبێگومانەوە، هەمیشەش ئەو فەیلەسوفانە سەرسامماندەکەن لەسەر ووتنی نەخێر ڕاماندێنن. ئەم لایەنە کە بەشێکە لە ئەرکەکانی فەلسەفە فێربوونێ زۆر بەدەستەوە دەدات. نەخێر دۆزێ لە ڕووبەڕووبوونەوە پێکدێنێ نرخ بۆ ووتنی نەخێر و نێگەتیڤ دەگێڕێتەوە. ووتنی نەخێر بێماناکردنی “”بەڵێ””ی بەدەمەوە نییە بەڵکو ووتنی نەخێر ووتنێ فەلسەفیە و ویستیشە بۆ ووتنی شتێ تر. نەخێری فەیلەسوف بەشێکە لە سەرچَلییەکانی و پرۆسەی فەلسەفەکردنیش بێئەندازە پێویستی پێیەتی.  وێرایئەوە، سەرچَلیەکان فەیلەسوف دەکەن بە کەسێ نەترس. نەترسی فەیلەسوف والە فەیلەسوف دەکات لەگەڕانەکانی بەردەوامبێت. هەروەها نەترسی فەیلەسوف بریتیشە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک ئەوی کە دێت، ئەوی هەمیشە بەڕێوەیە. هەربۆیشە نەترسیەکان وەخت و ناوەختیان بۆ نییە ئەمەشلەبەرئەوەی ئەو شتانەی دێن یان بەڕێوەن وەخت و ناوەختیان بۆ نییە.
سەرچَلییە فەلسەفییەکان لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا هەمیشە بەشداریان لە گەشەدان بە کردە فەلسەفیەکان کردووە و ئاستی پرۆسەی فەلسەفەکردیان گەیاندۆتە شوێنێک فەلسەفە زێدە پێویستی پێبووە. فەلسەفە کە هەر لە ئەزەلەوە بۆئەوە هەبووە کە ووتنی لەسەر پێویستیەکانی مرۆڤ هەبێت ئەمە وایکردووە ئەو سەرچَلییانەی فەیلەسوفان ئەنجامییانداوە جوگرافیای تێگەیشتنی مرۆڤەکانیان بەرینکردوە و شیاویان لەبەردەم کردەی فەلسەفەکردنیش دا کردۆتەوە. گەر لێرەوە بچینەسەر سەرچَلییە فەلسەفیەکانی ڤیتگنشتاین پاش نووسینی “”تراکتاتۆس”” دەبینین ئەو سەرچَلییە فەلسەفییانە بەجۆرێک پەرەیانسەندووە توانیویانە هەردوو بزووتنەوەی فەلسەفی شیکردنەوەی زمانەوانی و پۆزەتڤیزمی لۆژیکی یان ئاڕاستەی فەلسەفەی شیکردنەوەی لۆژیکی بخەنە ژێرکاریگەریخۆیانەوە. دیارە کردەی فەلسەفەکردن لە “”تراکتاتۆس”” دا ڕوو لەخوارە چونکە ئەوەی بۆ ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا گرینگبووە فەلسەفەکردن نەبووە بەڵکو لۆژیککردن بووە (بیرکردنەوە لۆژیکییانە)، وەگەڕخستنی لۆژیکیش لەوێڕا بە پێچەوانەی تەوژمی فەلسەفەکردنەوە دەوەستێتەوە. مەبەستمان، زمانی لۆژیکی لای ڤیتگنشتاین لە””تراکتاتۆس”” دا  دەسەڵاتی خۆی هەبووە و ، ناوبراو لەوێڕا بۆئەوەی بەسەر ئەو جۆرە زمانەدا سەرکەوتووبێت شوێنپێی فرێگە  Gottlob Frege هەڵدەگرێتەوە. بەکشتی فرێگە لەناو فەلسەفەی شیکردنەوەیدا ڕۆلی بەرچاویگێڕا لێ ڤیتگنشتاین لە”” تراکتاتۆس “” دا بۆچوونە لۆژیکیەکانی فرێگەی چالاکترکردۆتەوە. پێشتریش ئاماژەمانپێکرد ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا ڕاسێلیی بووە و بەس کاریگەری فرێگە بەسەر ڤیتگنشتاینەوە هەمیشە ئامادەبوونی خۆی هەبووە. ئەم لایەنەش وایکردوە بیرکردنەوە فەلسەفیانە لە “”تراکتاتۆس”” دا لە فۆڕمێ لۆژیکی شێوە ماتماتیکی دا خۆی نیشاندات.
ئەوی لێرە پێویستە سەرنجێ پترتری بخرێتەسەر ئەوەیە، ڤیتگنشتاین پێیوابووە زۆربەی کێشە فەلسەفیەکان بەباوەڕی فەیلەسوفەکان خۆی لەوەدا کورتکردۆتەوە زۆربەی ناوەکان مانان. ئەمەش لەدیدی لۆژیکی ڤیتگنشتاینەوە تێگەیشتنێ هەڵەئامێزە. بۆیە ڤیتگنشتاین پێیوابووە فەیلەسوفەکان (لێرە بە زۆری مەبەستی فەلسەفەی کلاسیکە) کێشەێ فەلسەفی زۆریان بۆ دروستکردوین چونکە نەیانزانیوە زمان بەکاربەرن ئەمەش وایکردوە نەگەن بە یەقین. پێشئەوەی بزانین یەقین بۆ ڤیتگنشتاین چیدەگەێنێت تایبەت بەم لایەنە ئاوڕ لە تێگەیشتنێکی ڤیتگنشتاین لە “”لێکۆلینەوەکان”” دا دەدەینەوە. ڤیتگنشتاین لە  “”لێکۆلینەوەکان”” دا ، واتە لە قۆناغی پاش لاوی یان پۆست “”تراکتاتۆس”” دا ، دەگاتە ئەو باوەڕەی کۆنتێکستی بەکاربردنی وشەکان ماناکان دەستنیشاندەکات. واتە بەکاربردنی وشەکان لە ڕستەکانا مانا بۆ وشەکان مسۆگەردەکات. لێ ئەو ناوەی لە شتەکانی دەنێین ماناکەی بەو ناونانانەوە گرێدراوە و ئەمەش لە “”لێکۆلینەوە فەلسەفیەکان”” دا بۆ ڤیتگنشتاین هەرسنابێت. ئەم بیرمەندە بۆئەوەشچووە وشەکان وەکئەوەی فەیلەسوفەکان بۆیچوونە ناونین بۆیە هەندێ لە ڕەخنەکانی لە زمانی فەلسەفەی کلاسیک و کێشەکانی زمانی ئەم فەلسەفەیە لێرەوە دەستپێدەکات. لەگەلێ سەریشەوە  ڤیتگنشتاین بەئاشکرا فەیلەسوفەکان ئامۆژگاریدەکات لە بەکاربردنی ڕەوانبێژی دا ووریابن. 
بۆ زۆربەی پسپۆڕان لە بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ئەوە ڕوونبوەتەوە ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ئەو  چارەسەرە فەلسەفیانە بەرپەچدەدەنەوە فەلسەفەی کلاسیک لە فۆڕمی زمانەوانی سادە دا پێشنیاریانیکردوە. ئەمە بەخۆی ئەوەش دەگەێنێت کێشە فەلسەفیەکان گەورەن و دەبێ چارەسەرەکانیش گەورەبن. بۆئەوەی ئەم جۆرە چارەسەکردنە فەلسەفیە نوێیە لەدایکبێت بیرمەندانی لۆژیکی پۆزەتڤیزم و لۆژیکی ئیمپریستی شیکردنەوەی تریان بەرچاوخست. لێرەوە دەشێ ئەوەش بلێین هەمیشە دەکرێ پردێ هزری لەنێوان ئیمپریزم Empiricism و پۆزەتڤیزم Positivism دا ببینرێتەوە. چونکە گەڕانەوەی پۆزەتڤیستەکان بۆ کارەکانی هزرەڤانانی ئیمپریستی گرینگی خۆی لە دروستکردنی ئەو کودەتا لۆژیکیە دا هەبووە پۆزەتڤیستە بەریتانیەکان لەناو فەلسەفەدا کردیان، لەمڕوەوەشە ڕاسێل و مۆر بەنموونە دەکرێ بهێنرێنەوە. دیارە فەلسەفەی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی لەئێستادا وەک سەرەتاکانی سەدەی بیست نییە و گۆڕان هاتۆتەسەر گەلێ لایەنی تیۆری و فەلسەفی ئەم بزووتنەوەیە لێ فەلسەفەی زمان، فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی ئێپستمۆلۆژی تاهەنووکەش لە بواری فەلسەفەی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی دا ئاڕاستەگەلێ بەپیتن.  
ئێستاش دەگەڕێینەوە سەر ئەو لایەنەی لایسەرەوە بەداخراوی بەجێمانهێشت. یەقین لەدیدی ڤیتگنشتاین چیی دەگەێنێت و چۆن ئەم یەقینە خۆی دەردەخات؟ ڤیتگنشتاین بایەخ بە شیکردنەوە دەدات و کارکردنیشی لەسەر شیکردنەوە بۆ گەیشتن بووە بە یەقینەکان و هەروەها یەقیەنەکان بۆ ئەم بیرمەندە شتێ سەلمێنەئامێزە. بەواتاێتر، لای ڤیتگنشتاین یەقین تەنیا ئەو شتەیە کە ماتماتیکیە. چونکە 2+2  کە دەکات 4 ئەمە یەقینە. ئەم یەقینە زانینێ ماتماتیکی باوەڕپێکراوە. بۆیە ڤیتگنشتاین هەر لەیەکەم نووسینیەوە زمانی لۆژیکی ماتماتیکی وەک مۆدێلێ لە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەخاتەگەر. دیارە لە “”تراکتاتۆس””دا ڤیتگنشتاین لەژێرکاریگەری ماتماتیکەوانی(ڕیازی، بیرکار) ئەڵمانی فرێگە دایە و ئەمەش وادەکات فەلسەفە ماتماتیکیەکەی لە دەڤەری فرێگەوە بێنێتە ناو فەلسەفەی شیکردنەوەییەوە. ئەوەی بۆ فرێگە لە فەلسەفە ماتماتیکیەکەیدا گرینگ بووە لۆژیک بووە نەک ماتماتیک. بەمجۆرە ئەوەی دەشێ بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ووتن و گوزارەکان بەکارببرێت لۆژیکە نەک ماتماتیک چونکە ماتماتیک بەشێکە لە لۆژیک و گشت لۆژیکیش لە ماتماتیک بریتی نییە. کەمبایەخ نییە ئاماژە بەوەشبکەین، ماتماتیک وەک شێوازێ لە بیرکردنەوە، بیرکردنەوەێ لۆژیکی، بوو بەبناغە بۆ فەلسەفەی شیکردنەوەی لێ ئەوی لەم بیرکردنەوەیەدا ویسترا بنجبەستکرێت خودی ماتماتیک نەبوو بەلکو لۆژیک بوو کە باڵی بەسەر ماتماتیک و خودی فەلسەفەی شیکردنەوەیشدا کێشا. بیریشماننەچێت، فەلسەفەی ماتماتیک لەگەڵ فرێگە بەجۆرێ چالاکانانە گەشەیکرد و جۆرە ڕەتکردنەوەێکی ئەو شێوەکارکردنە بوو کانت لەسەر لۆژیک خووی پێوەگرتبوو. بۆیە دەڵێین نەوەی پۆست ڤیتگنشتاینیەکانیش کەمتازۆر کەوتنە ژێرکاریگەری ئەم بەماتماتیکەبوونەی لۆژیکەوە کە سەرچاوەکەی فرێگە بوو.
بۆ زێتر شیکردنەوەی ئەوی لایسەرەوە ئەوەش باسدەکەین، بینینی فرێگە بۆ ماتماتیک بینینێ لۆژیکیانە بووە و ئەم بینینە کاردانەوەی خۆی بەسەر ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکانیشەوە بەجێهێشت. بەگشتیش بەکاربردنی لۆژیک لە فەلسەفەدا بەوشێوە تازەیەی فرێگە کاریلەسەرکرد بۆ بیریارانی فەلسەفەی شیکردنەوەی بوو بە سەرچاوە. چونکە بیانوەکان و سەلێمەنەکان لەدیدی فرێگەوە پێویستبوو بەجۆرێ بیرکارانە و لۆژیکیانە بخرێنەڕوو ئەمەش لەناو بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی بەگشتی و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان بەتایبەت مانای خۆی هەبوو. ئەمە وادەکات بڵێین ڕوونکردنەوەی لۆژیکی شتەکان ڕێگانادات زمان بەجۆرێ سەرپێی بەکارببرێت. یان ئەو فۆڕمە لۆژیکیەی فەلسەفەی شیکردنەوەی پەرەی پێدەدات دانبە درێژدادڕی ناهێنێ و تێگەیشتنە زمانەوانیەکان لە گوزارە و دەربڕینی پووختی لۆژیکیدا کۆدەکاتەوە.
گەر ئەوی بناغەی بۆ باڵادەستی تەکنەلۆژی مرۆڤ دانا بەسەر سروشتەوە زالبێت زانست (6) بێت ئێمە پێمانوایە ئەم زانستە بەدەرنییە لەو لۆژیکە ماتماتیکیەی فەلسەفەی شیکردنەوەی پێوەیگلا. زانستە سرووشتیەکانیش لەگەڵ شۆڕشی زانستی پتر و پتر لە لۆژیکی ناوبراو نزدیکبوونەوە. وەکیتریش ئەوی زۆربەی بیریارانی فەلسەفەی شیکردنەوەی و بەتایبەت ئاڕاستەی فەلسەفەی لۆژیکی پۆزەتڤیستی لەسەریەک سفرە کۆکردەوە ئەوەبووە کە شیکردنەوەی کێشە فەلسەفیەکان پێویستە شیکردنەوەێ شیکارەییانەیان (ئەنەلیتیکانەیان) بۆ بکرێت و لێرەش دیسانەوە پێیمانوایە لۆژیکی ناوبراو شوێنی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە شیکردنەوانە دا دی.
هەروەها ئێمە پیێشمانوایە گۆڕینی مۆدی بیرکردنەوەی فەلسەفی پرینسیپی سەرەکی بزووتنەوەی فەلسەفی شیکردنەوەی بوو. ئەم گۆڕینەش لەڕێگای کۆبوونەوەی ئەم بزووتنەوەیەوە بوو بەدەوری لۆژیک دا. ئەم لۆژیکەش ئەو لۆژیکە ماتماتیکیەیە فرێگە لەپاشخۆی بەجێیهێشت. بۆیە بایەخدانی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان بە ڕوونکردنەوەی لۆژیکی و فۆرمی لۆژیکی پێشنیارەکان (یان گوزارەکان، دەربڕینەکان) کارێ وەرچەرخاندنانەی لەناو شیکردنەوە فەلسەفیەکانا هێنایەگۆڕێ. ئەو دەمەش فیزیای کلاسیک لەبەردەم فیزیای کوانتی دووچاری لاوازیبوو ئەم لایەنە لە فەلسەفەی شیکردنەوەیدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو (7).
لەگەڵ کارەکانی ڕاسێل و مۆر شیکردنەوەی زمان لە سەرەتای سەدەی بیستدا سەرنجیخرایەسەر و زمانەوانیش وەک زانست لەو دەمەدا بۆ بیرمەندانی کامبرج گرینگی خۆی دی. بۆیە سەرەتای سەرچَلیە فەلسەفیەکانی بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی لە سەرەتای سەدەی بیست دا بۆ ئەو کودەتا زمانەوانیە دەگەڕێتەوە لە دەڤەری ئەنگلۆفۆندا کرا و ئەڵبەتە پایتەختی ئەو کودەتایەش زانکۆی کامبرج بوو.
ئەو کودەتا زمانەوانیەش شیاوی لەبەردەم تێگەیشتن لە دیاریکردنی مانای زاراوە و پێشنیارەکان کردووە. ئەمەش وایکرد مانا لە وتارا قابیلبێت بە شیکردنەوە، هەروەها شیکردنەوەی واتا و گوزارەکان بۆ فەلسەفەی شیکردنەوەی گرینگی خۆی هەبێت. شیکردنەوەی دێڕ و واتاکانیش کە سەرنجی بیرمەندانی پۆزەتڤیستی لۆژیکی ڕادەکێشا بۆ وەدەستهێنانی مانا بوو لەو دێڕ و واتایانە. هەروەک پێشتریش ووتمان کە باس لە ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان دەکرێ پێویستمان بەوەدەبێت نەک تەنیا مانای ڕاسێل و مۆر لە بنیادنانی بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان لەبیرنەکەین بەڵکو هزری بیرکاری (ماتماتیکەوانی) فرێگەش لەبیرنەکەین کە پێیوابوو مانای وشە پێویستە لەمیانەی دێڕ تێیبگەین بەس مانای دێڕ لەمیانەی بەشەکانی دێڕ. هەرچی ڕاسێل بوو جیاوازی لەنێوان وێنەی ڕێزمانی دێڕ (گوزارە) و وێنەی لۆژیکی دێڕدا کردووە کە ڤیتگنشتاین لەلایەن خۆیەوە  دێڕ (ڕستە)ی دابەش دێڕی ئالۆز و دێڕی ئەتۆمی کردووە (8).
بۆئەوەی ڤیتگنشتاین ئەوی دەیڵێت لەوی ووتراوە جیاکاتەوە و یاخود خۆی لە فەلسەفەی ناوبراو بە فەلسەفەی کلاسیک (نەرێتی) جیاکاتەوە جیهان لای ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا لە فاکت  Factەپێکدێت نەک لە شت. واتە، بۆ ڤیتگنشتاین فاکتەکانی ناو ژیان گرینگن نەک شتەکان. بۆیە ، بەپێی تراکتاتۆس ، پێکهاتەی ووتنەکانمان ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی جیهانە وەلێ فاکتەکان بەپێی تراکتاتۆس دووبەشن فاکتەی ئاسان و فاکتەی ئالۆز. فاکتە ئاسانەکان ئەتۆمین کە بە هەڵوەشانەوە و دابەشکردن قابیلنین بەس فاکتە ئاڵۆزەکان دەشێ بەسەر فاکتەی ئاساندا دابەشکرێن.   
وەکیتریش دەکرێ بووترێت، بزووتنەوەی فەلسەفی پۆزەتڤیزم لە ڕۆژئاوا لەبنڕا کۆۆشێکبووە بۆ بایەخدان بە فاکتە و کردنی بەبناغە بۆ گەیشتن بە زانین. ئەو زانینەی بەمشێوەیە دەستدەکەوێت زانستی لێپێکدێت یان دەبێ بە پێگە بۆ دامەزراندنی زانینی زانستی. واتە فاکتە دەبێ بە بنەما بۆ بیر. زانینی ڕاستەقینە ئەو زانینەیە فاکتە لەپشتیەوەدەبێت و ئەم جۆرە زانینە بناغەی زانینی زانستیە. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فەلسەفی پۆزەتڤیزم لە ڕۆژئاوا هەڕەشەێ گەورەبوو بۆسەر ئاین و ئەو ڕەوشتەش ئاین لەتەک خۆیدا دەیهێنێ و لەم حاڵەتەشدا ئەوی جێگای بیری میتافیزیکی و تیۆلۆژی (لاهوتی) دەگرێتەوە لە کۆمەڵگە بیری زانستی دەبێت. بەس چۆن مرۆڤ بەم زانینە زانستیە دەگات کە سەرووی گشت زانینێ تر دەبێت؟ بەدڵنیایەوە وەڵامی ئەمە لای بیرمەندانی بزووتنەوەی فەلسەفەی پۆزەتڤیزم و بەتایبەت لەدەمی یەکێ لە ڕابەرانی ئەم بزووتنەوەیە کە ئۆگست کۆنت Auguste Comte ە بەڕێگای ئەزموونی دەرکیەوە مرۆڤ پێیدەگات.
بەپێی ئەو تێگەیشتنانەی لایسەرەوەبێت لە “”تراکتاتۆس”” دا زمان وێنەی جیهان دەکات. ئەم تێگەیشتنە لای ڤیتگنشتاین وەک خۆی نامێنێتەوە و ووردە ووردە ناوبراو واز لەم بیرکردنەوە فەلسەفییە دێنێت و زۆرتر باوەڕی بەوەدەبێت زمان بریتیە لە بەکاربردنی میتافۆری یاری. بەمشێوەیە، ئەوی دواتر بۆ ڤیتگنشتاین بوو بە بابەت تێمای یاری زمان بوو کە لەناو بیرمەندانی کامبرج، و تەنانەت ئۆکسفۆردیش، فوکوسیخرایەسەر. یاری زمان، یاخود فەلسەفەی یاری زمان، لەدوای “”تراکتاتۆس””، لەدوای ڕەخنەی ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” هاتەکایەوە. ئەمەش بەو مانایەی چیی زمان دەکارێ بیڵێت و ئەوەش کە زمان بارگاوینەکرێت بوو بە بابەتێ گەرم لەنێو بیرمەندانی شیکردنەوەی لە نیوەی سەدەی بیستدا.
نابێ لێرە ئەوەمان بیرچێت، بایەخی ڕاسێل بە چۆنیەتی بەکاربردنی زمان، کە لەمڕوەوە کاریگەری لەسەر ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” داناوە جۆرە گفتووگۆێکی لەناو بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی هێنایەپێشەوە چونکە ڕاسێل پشتگیری لە لایەنی لۆژیکی ئەو بەکاربردنەی زمان دەکرد. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی بەلۆژیکیکردنی بەکاربردنی زمان لە بەهەڵەتێگەیشتنەکان دوورماندەخەنەوە. بۆیە ئێمە پێمانوایە ڤیتگنشتاین لەژێرکاریگەری ڕاسێل لە “”تراکتاتۆس”” گلەی لە فەیلەسوفەکان  دەکات کە ویستویانە زمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە فەلسەفیەکان بەکاربەرن. چونکە ڕێساکانی زمانی ڕۆژانە بۆ ڕاسێل جێگای باس بووە ئەمەش لەبەرئەوەی ناوبراو پێیوابووە ئەو ڕێسایانە لۆژیکی نیین و سەرچاوەی کێشە و بەهەڵەتێگەیشتنەکانمانن. هەر لەسەرەتاشەوە فەلسەفەی شیکردنەوەی (شیکاری) ویستوویەتی لەڕێگای بەکاربردنی زمانەوە بەسەر کێشە نەرێتیە فەلسەفیەکانا زاڵبێت و، کێشە نەرێتیەکانی فەلسەفە لەڕێگای زمانەوە چارەسەر کات. چونکە ئەم فەلسەفەیە پێیوایە هەڵە گەورەکەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا ئەوەبووە کەوایانزانیوە وشەکان ناون. پێویستە لێرە سەرەنجی ئەوەشکەین ڤیتگنشتاین لەدوای “”تراکتاتۆس”” بەولاوە خەمی ئەوەنەبووە لە فەلسەفە تیۆرێ بەرهەمبهێنێ بەقەدئەوەی فەلسەفە وەک مێتۆدێ تێڕاپی (چارەسەرسازی) بەکارببرێت و هەروەها خەمی دواتری ڤیتگنشتاین ئەوەشبووە فەلسەفە بۆ لابردنی بەهەڵەتێگەیشتنەکان بخرێتەگەڕ. ئەمەش دیسانەوە دەمانباتەوە ناو باسی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە فەلسەفیەکان.
ڕاستە چارەسەرکردنی کێشە فەلسەفیەکان لەڕێگای لۆژیکی فۆڕمالەوە هیوایێ بوو بەدەست بیریارانی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی یان ئیمپریزمی لۆژیکییەوە بەس ڤیتگنشتاین لە کۆتایەکانا ڕەخنەی لۆژیکی فۆڕمالی دەکرد و پێیوابوو کێشە فەلسەفیەکان چارەسەرناکات و بەدووی ئەوەدا دەگەڕا زمان نەکرێت بەدەسکەلا بەدەست فەیلەسوفانەوە. ئەم تێگەیشتنە ئەوەشمان لا یەقیندەکاتەوە هەر بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی بوون داکۆکیان لەوەدەکرد زمان ناکارێ باشە لە خراپە جیاکاتەوە بەڵکو ئەوەی دەکارێ ئەمە بکات ماتماتیکە.
ئەو مێتۆدەی ڤیتگنشتاین پاش مردنی لەڕێگای نووسینەکانیەوە بەجێیهێشت کاریگەری ووردی بەسەر فەلسەفەی شیکردنەوەی هاوچەرخەوە دانا. بۆنموونە زمانی ڕۆژانە کە بۆ دوا ڤیتگنشتاین بریتیە لە کۆمەلێ یاری لە نووسینی””لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان”” داپەرەیچاکیپێدراوە. هەروەها بەرکاربردنی زمانێ فەلسەفی سادە (ڕۆژانەی) بۆ گوزارەکردن لە کێشە فەلسەفیەکان بۆ دوا ڤیتگنشتاین ماناداربووە (9). بەمشێوەیەبێت، زمانی ڕۆژانە بۆ  ڤیتگنشتاین ، پاش تراکتاتۆس ، جێیبایەخبووە و لەوکاتەدا گەلێ لە بیرکردنەوەشی داگیرکردووە. هەروەها لەدوای تراکتاتۆسەوە ڤیتگنشتاین کاری لەسەر ئەوەشکردوە لە کاری زمان و لەو ئیشەش بگەین وشەکان لەناو زمانا، لە گوزارەکانی زمانا، هەیانە. بۆیە یاریزمانەوانی پاش “”تراکتاتۆس””  دوا هەوڵی ڤیتگنشتاین بووە بۆ دەربازکردنی فەلسەفە لە کێشەکانی.
ئەڵبەتە لەسەرێتریشەوە شیکردنەوە لۆژیکیەکانی بیرمەندانی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی و ئیمپریزمی لۆژیکی ،کە بناغەی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی پێکدێنن، هەوڵێبوون بۆ بەمانادارکردنی واتا ماتماتیکیەکان و زاڵکردنی بەسەر گشت واتاکانی تردا لەوانە واتا ئاینی، ڕەوشتی و میتافیزیکیەکان. ئەم لایەنەش لە “”تراکتاتۆس”” دا بڕەویخۆیوەرگرتووە. بۆیە هەڵەناکەین بڵێین ماتماتیک لای بیریارانی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی دەرئەنجامی زانستی لۆژیکە. لەم حاڵەتەشدا دەتوانین بڵێین نەرێتی شیکردنەوەی لە فەلسەفەدا لەڕێگای ئەو زانستەوە ڕێچکەی خۆی لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی ڕۆژئاوادا داهێنا. ئەم نەرێتە 100 سالێک لەمەوبەر بە کودەتاێ زمانەوانی دەستیپێکرد و پاش ئەو کودەتایە خۆڕاهێنان لەسەر فەلسەفەی شیکردنەوەی بووبە خۆڕاهێنان لەسەر ڕوونکردنەوەی لۆژیکی. ئەو ڕوونکردنەوە لۆژیکیەش بەری بزووتنەوەی فەلسەفی پۆزەتڤیزمی بووە. بۆیە پۆزەتڤیزمی لۆژیکی قۆناغێ گرینگە لە پەرەسەندنی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەیدا. زۆرجاریش بزووتنەوەی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی وەک هاوشان و هاومانای ئیمپریزمی لۆژیکیش بەکاردەبرێت. ئەم بزووتنەوە فەلسەفیە خۆی وەک ئەو جۆرە بزووتنەوە فەلسەفیە نیشاندەدات بەری بیرکردنەوەی بیرمەندانی بازنەی ڤیەنا  Vienna Circle یە لەگەڵ سەرچاوە ئینگلیزیەکەی ئەم ئاڕاستەیە فەلسەفیە کە دەگەڕێتەوە بۆلای هیۆم و لۆک و بێرکلی کە پاشان بە ئاڕاستەی کارە ئیمپرسیتیەکانی ئۆگست کۆنت و فیزیاناس و بیرکارێ وەک ئەرنست ماخ تێپەڕی و تائێستاش درێژەی هەیە. ئیمپریزمی لۆژیکی ڕاسێل ووتەنی سەرچاوەکەی بیرکاری و گەشەی تەکنیکی لۆژیکی بووە. ئەمجۆرە ئاڕاستە فەلسەفیە مانای بۆ هاتنەکایەوەی مێتۆدی فەلسەفی و دروستبوونی سێستەمی فەلسەفی گەورەبووە. ئەم لایەنەش سەرچَلی لەسەر سەرچَلی لەناو نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی هێنایەکایەوە و بیرکردنەوە فەلسەفیانە فۆڕمێ تری وەرگرت.

ماویەتی
ئازاد حەمە/ پاریس
azadhama500@yahoo.fr


سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1.Avrum Stroll. Twentieth-Century Analytic Philosophy. Columbia University Press.2001، p.253.
2.Gustaf Nelhans. Några reflexioner över Georg Henrik von Wrights vetenskapssyn och begreppet teknosystem. 1998، s.1. http://www.roundabout.se/old/home/pdf/ghvwright.pdf
3.لەمبارەوە داوادەکەین خوێنەر بۆ ئەو پێشەکییە بگەڕێتەوە ئەندەش وێدبێری بۆ وەرگێڕاوە سویدیەکەی کتێبی””تراکتاتۆس لۆژیکۆ- فیلۆسۆفیکۆس””ی نووسیوە لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە :
Ludwig Wittgenstein، Tractatus logico- philosophicus، översättning، inledning och noter avAnders Wedberg، Thales،1997.

4.لێرە گفتووگۆی ناواخنی بیری ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس”” دا ناکەین و داوا لە خوێنەر دەکەین بۆ فەسلی دووی کتێبەکەمان “”ویستی فەلسەفاندن: بادیو و ڤیتگنشتاین “” بگەرێتەوە:
ئازاد حەمە. ویستی فەلسەفاندن: بادیو و ڤیتگنشتاین. چاپی یەکەم 2007 ، چاپخانەی ئاراس ، هەولێر.
5.Roger Scruton . From Descartes to Wittgenstein. Routledge. Second edition. London and New York، 1995،p.270.
6. von Wright، G. H. Myten om framsteget. Albert Bonniers Förlag. 1993.Stockholm، s 47.
7. von Wright، G. H. Att förstå sin samtid. Albert Bonniers Förlag. 1994.Stockholm، s. 345.
8. Roger Scruton . From Descartes to Wittgenstein. p.270.
9.G. P. Baker. Wittgenstein’s Method. Wiley-Blackwell . 2006. P،92 .


ئازاد حەمە/ پاریس
بەشی دووەم

 

Previous
Next

Leave a Reply