Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سەفەرێک بەرەو کەنارەکانی عەدەم!!

سەفەرێک بەرەو کەنارەکانی عەدەم!!

Closed
by January 14, 2013 هۆنراوە

 

 

هێشتا تەڕایى ماچەکان بە لێومانەوە دەبریسکایەوە

هێشتا ئەو عەشقەى ئێمە ساوا بوو گروگاڵى دەکرد

هێشتا ئەو هەورانەى کە رێژنەى بارانیان ئەباراند

ئێمەش لەژێریاندا ژوانى ئەنگۆرەیمان دەبەست

لە ئاسماندا هەر بە قەواڵەى لەگەڵ با شێتەکان سەما دەکەن

 

چاوەڕوان بوون ….جارێکى دى ئێمە ژوانیان لە ژێردا ببەستین

ئەوانیش بە بارانى عیشق بمان شۆنەوە

هێشتا بۆنى ئەو چەپکە گوڵانەش ماون کە لەسەر مێزى ژوانەکانمان

گوێیان بۆ چرپە و ڕازى ئێمە دەگرت

 

ئەو شەوەى گوڵەکانى باخچەى حەوشەکەمان کەوتبونە بەر پێى درەختەکان

ئەو شەوەى دونیا زەرد هەڵگەڕابوو !!

ئیدى تروسکەیەک لە ئاسماندا بەدى نەدەکرا

ژاکاو بوونى سنەوبەرەکانى حەوشەى مزگەوتەکان

کۆچى پۆلە باڵندەکان بەرەو گەرمەسێر

دەنگى لوورە باڕەش و گریان شعرێکم

هاوارى ئەهریمەنەکان .. بە دوکەوتنى با بۆ گیانکێشانى گەڵایەک

لەم هەموو ساتە تراژیدیایەدا

ئیدى زانیم ..ئیدى زانیم

تۆ لەسەر سەفەرێکى زۆر نامۆیت

تۆ لەسەر سەفەرێکى پایزیت

وەک ئەو گەڵا سەرگەردانانەى بە بێ ویستى خۆیان هەنگاو

بەرەو مەنفا دەنێن …. هەنگاو دەنێیت

ئەرێ …

من باش دەزانم ئەم کۆچەت بە ویستى خۆت نیە

تۆ هەرگیز خواستت نەبوو باخى دڵى من جێبهێڵیت

تۆ هەرگیز خواستت نەبوو بچیتەوە کوخى تەنیایى

 

دڵى من … دڵى من

لە پاش ئەم کۆچە نەگریسەى تۆ بەدەست ژیانەوە وەک ئەو تۆپەى لێدێت

کە منداڵانى گەڕەک 

لە سبەینان تا ئێواران … لە ئێواران تا سبەینان 

گەمەى پێ دەکەن!!

 

*ڕوزانا .. ڕۆزانا

ئەو کۆچەى ئەو ئاسمان پڕ دەکات لە سیا

ئەم هەوارە کۆیستانەیە دەکات بە بیابان

ئەو کۆچەى ئەو جۆگەکانى شعرم ووشک دەکات

ئەو کۆچەى ئەو بەرگینێک دەبێت بە نێو چەوانى قەدەرەوە

هەمیشە نەفرەت لە ژیان لە قەدەر لە نەریت لە دابڕان دەکات !!

 

ئەترسم ڕوزانا !

من ئەترسم لە دوارى ئەو نیشتیمان پڕ دەبێت لە ئەستێرەى شکاو

لە مانگى لەتکراو لە خۆرى دیلکراو

ئەترسم سەرمێزەکان پڕ بن لە شوشەى مەى شکاو

ئەترسم شەقامەکان پڕ بن لە خوێنى شعرى کوژراو

لەچى ناترسم ..لە چى ناترسم

وەلێ تەنیا لە مەرگ ناترسم

 

ئاخر ڕۆزانا !!

تۆ پێم بڵێ

لە کوێ دەکرى هەموو ڕۆژانێکى هەینى چەپکێک گوڵ ببەم بۆسەر 

سینەى یار؟؟

لە کۆ دەکرێ هەموو پێنج فەرزێک لەسەر سینەى یا فاتیحەى مردوو

بخوێنم ؟؟

دەزانم .. دەپرسى ڕوزانا سینەى یار بۆ ؟؟

تۆ نازانى…. تۆ فەهمت نەکردووە ڕۆزانا

ئەى دڵى من مەنزڵگاکەى لە دڵى یاردانیە ؟؟

ئەى ڕۆزانا .. تۆ نازانى دڵى من تەنیا پەیوەستە بە دڵى ئەوەوە ؟؟

دڵى من تەنیا دڵێکە کە وەک منداڵ وورکى دڵى ئەو دەگرێ!!

 

پێى بڵێن : با نەڕوات و دەزووى عومرم نەپچڕێنێ

پێى بڵێن: با نەڕوات دڵى ساوام پەراش پەراش نەکات

تکایە پێى بڵێن : با نەڕوات و گۆڕێکى کێل سپى کریستاڵى بۆ من جێ نەهێڵێت

پێى بڵێن بە یــــــــار بڵێن :

ئەو دەمەى شەو تاریک و نووتەکە لە گردەکەى مامە یارەوە 

شەوقێک لە شەوقى خۆر پڕ نوور تر دەدرەوشێتەوە

بڵێن ئەوە گۆڕى پیرە مێرد نیە ڕووناکى مانگ پەراش پەراش دەکات

ئەوە شەوقى چاوەکانى ئەوە 

ڕۆژ خۆر بە چوکدا دەهێنێت ..شەو مانگ دیل ئەکا بە ڕوانینەکانى 

پێى بڵێن : گەر ئەو لێرە حزوورى نەبێت ئیتر ئێوارانى سلێمانى بە زەردەپەڕ نادرەوشێتەوە

شەوان کانى بەرماڵى عیشق بۆ تریفەکانى مانگ ڕاناخات

ئیدى پەلکە زێڕینەى ئەم عیشقەکان لەگەڵ دڵوپى باران ئاوێزان نابێ

ئیدى خۆرى شعر لە ئاسمانى من هەڵنایەت ، جوانیەکان لێرەوە بە کۆتایى دێن .

 

گەر ئەو بڕوات و لێرە حزوورى نەمێنێت 

ئاسمان بارانى خۆشبەختى بۆسەر کێڵگەى ڕووحم نابارێنێت

قاێیدەکانى دەریا بە دەم گۆرانى ووتنەوە بۆ ناو شعرێکم سەفەر ناکەن

نەورەسەکان لە کەنارى دەریایى عیشق نانیشێنەوە

ئیدى رٍەشەباکەى سلێمانى بە کەمانى درەختەکان ئاوازى ژیان ناژەنن

سبەینان گوڵ بەڕۆژەکان سەریان بە ڕووى خوردا بەرز ناکەوە تا دوا

تیشکى زەردەپەر زیکرى عەشق بۆ یەک بکەن

گەر تۆ بڕۆیت ..

ئەم سروشتە یەکپارچە خۆڵى مردووى بەسەردا دەکرێت

کوچێک نامێنێت بۆ خۆشبەختى

قیامەت هەڵدەسێت ..

داڵانەکانى ژیان تاریک دەبن و ئیدى فانۆسەکانى تەمەن بە یەکجارى خامۆش دەبێت

گەر تۆ بڕۆیت..

ئیدى ووشەکانى ناو کتێبەکانیش سەر هەڵدەگرن

ژیان دەبێت بە حونجەى منداڵێکى سەرەتاییى

کاژێرەکان بەرەو دواوە هەنگاو دەنێن

باران لە لە زەویەوە دەبارێت ، ئاسمان پڕ دەبێت لە مەخلوقى جەللاد

 

مەڕۆ … مەڕۆ

ئەم نەهامەتیە مەخەرە دڵى ژیانەوە

ژەوى هەتیو مەکە

ملوانکە ژیان مەپچڕێنە

ڕاهیبەکان مەکە بە سۆزانى

مەڕۆ چیتر گوڵى بتخەچکان مەوەرێنە بەر پێى دەخت 

چاوەکانم ئاشنا کەوە بە گریان .

مەڕۆ …. مەڕۆ …. مەڕۆ

 

گەر لە من زیز بووى گومانت لە عاشق بوونم هەیە !!

لەگەڵ ئەستێرەکان بدۆ بزانە تا دواتروسکایى ئەوان و هەڵهاتنى یەکەمین تیشکى خۆر

لە پشتى گۆیژەوە من بێدارى عەشقت نەبووم

بڕۆ لە ئاو بپرسە ئەو کاتەى دەستنوێژى شعرم هەڵدەگرت

بزانە ئایەتکانى عیشقم نەدەخوێند ؟؟

لە تەزبیحەکەى ملى دایکم بپرسە 

کە هەمیشە زیکرى عەشقم پێدەکرد

مەڕو لە عیشقت هەتیوم مەکە

بێنازم مەکە لە ئەڤینى خۆت !!

 

ڕۆزانا 

تۆ هەرگیز لەگەڵ دڵێکى شکاو دواوى لە دوا ساتەکانى لە سێدارەدانى ؟؟

تۆ هەرگیز لەگەڵ کانیەک شعر دواوى لە کاتى ووشک بوونیدا ؟؟

هەرگیز لەگەڵ درەختیکى پۆپەشمینەى باخى گشتى دوواوى ؟؟

 

گەر لەگەڵیان بدۆێى : 

بێ شک باسى منت بۆ دەکەن

دڵەى شکاو باسى ئەو ساتانە دەکات کە لە سینەى مندا عاشقى شۆخێک بوو 

ساڵانێکى زۆر عاشق بوو !!

لە پڕ دادگاى دڵى یار بڕیارى لە سێدارە دانى دەرکرد ،

هەر بە تاڵە پرچەکانى خۆى لە سێدارەیدا

تەرمەکەشى هەر لە دڵى ئەو شۆخەدا نێژاەوە لەسەر کێلەکەشى نوسراوە عاشقى شێت !!

 

گەر لەگەڵ کانیەک شعر بدوێى :

بە ئاهێکى قوڵەوە باسى ئەو شەوە زەنگەت بۆ دەکات کەلەگەڵ تریفەى مانگ لە ژوانێکى تەڕ دابوون و تریفە دەستى لە نێو سنگ و مەمکى کانیدا بوو . لە پڕ خانمێک هات و سەرچاوەکەى پڕ کرد لە خڕە بەرد و بۆ هەمیشە ووشکى کرد و ئەو دوو عاشقە شێتەى بۆ ئەبەدى لەیەک کرد لەو ڕۆژەوە تریفەکانى مانگ بە تەنیا ماونەتەوە و مەعشوقەکەیان لێ بزرکرد

ئەو کۆێستانەیان کرد بە بیابان ، ئەو دارستانەیان کرد بە قاقر

وەڵى ئەگەر لەگەڵ درەختێکى باخى گشتى بدوێت :

زۆربەى دارەکان گەواهى بۆ ئەو شەوانە دەدەن کە من لە ژێریاندا هاوار و شیونى عەشقم دەکرد ، کورسیەکان ، گوڵەکان ، سنەوبەرەکان تەنانەت مەل و چولەکە و مێروولە و کرم و بۆقەکانیش گواهى دەدەن

 

ڕۆزانا دەا پەیارم بە نەسیمێکدا بۆ یار بنێرە

بڵێ : هەرگیز نەکەى بڕۆیت و نەگەڕێیتەوە

لەم هەوارە ئەستێرەیەکى شکاو هەیە 

لە کوچێکى ئاسمان بێ ڕەنگ و گۆشەگیرە

هەمیشە چاوەڕێى گەرَانەوەى تۆیە

هەتا وەکو جاران لە باوەشتا بیلاوێنیت شیرى عەشقى پێ بدەى 

 

پێى بڵى

: ئەو هەتا ئەو دەمەى خودا سەرى سپى دەبێت 

ئەو دەمەى نیشتیمان پشتى کوڕ دەبێتەوە گۆچانێکى ئاڵتونى لە دەست دەگرێ هەر چاوەڕێیە

 

پێى بڵێ : وەلێ ئەگەر گەڕایتەوە

ئەم مەخلوقە سەرلێشێواوە ئاوێتەى گڵ بوو بوو

ئەم مەخلوقە دڵشکاوە خۆێنى عەشقى لێ چۆڕا بوو

خەم نەخوات و گریان بە ئاگرى عەشق دانەگیرسێنێ !!

 

ڕۆزانا پێى بڵێ : لە ژێر منارەى هەموو مزگەوتەکانى شار

شعرێکى جێهێشتووە

هەتا ئیدى لە مزگەوتەکان ئاینى عەشق بخوێنرێت و مزگەوتەکان

ببنە پەرستگاى عەشق…

 

 

 

 

هەرێــــــــز ڕۆژیـــار 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.