Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

سەکۆیەکی ئازاد لەهەولێر، تەنها چوار مەتر زەوی بۆ ئازادی..

Be First!
by October 24, 2010 گشتی

                                     

زەوی وەرگرتن لەم وڵاتەدا بۆتە گرێیەکی دەروونی، ئەوەی زەوییەکی هەیە حەزدەکات بیکات بەدوو، ئەوەی وەرینەگرتووە هەوڵدەدات بەهەزارەها تەزکیەی حزبی وەریبگرێت. ئەوەی یەک دانەی وەرگرتووە  هەوڵدەدات بۆنەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بیکات بەدووان و سیان و چوار. من ئەمە ناو دەنێم  (تالێهاتنی زەوی یان فێلێهاتنی زەوی)، هەر لێپسراوێک  ئەو فێیە گەرمە گرتیەوە، تایەکەی سارد نابێتەوە تاوەکو نیوەی ناوچەکە لەسەر خۆی تاپۆ نەکات. هەر هونەرمەندێکی ڕەسمی و شاعیریکی دڵسۆزی کوردایەتی ڕەسەن ئەو تاییە گەرمە گرتی، ناوەستێتەوە تاوەکو دووسەد مەترێکی تر نەخاتە سەر دەستکەوتە ئەدەبی و ڕۆشنبیریەکانی. ئاوەها بەڕێزان تالێهاتنی زەوی وەرگرتن و کڕین و فرۆشتن، بابەتی سەرەکین کەتێکەڵ بەباتەکانی دیکەی ژیان دەبن.  دیارە کارێکی باشە حکومەت ئەم زەویانە دابەشدەکات و لەگەڵیشیدا یارمەتی خانوبەرە بۆ خانەوادەکان دابین دەکات. هەرچەندە  ئەوە کاری سروشتی حکومەتە و پێویست ناکات بیکات بەمنەت بەسەر کەسەوە، حکومەتیش  لەسەر ئەو بنەمایە پارەی نەوت وەردەگرێت کەئێمەی هاوڵاتیان هەڵمانبژاردووە، گەر حکومەت کار بۆ خەڵک نەکات ئەوا مەشروعیەتی مانەوەو دەسەڵاتی نامێنێت، هەڵبژاردنیش هەمیشە ئەگەری سەیری  شاردۆتەوە بۆیان، لەبەر ئەوە لەپشت هەر  زەوی دابەشکردنێکەوە کارکردنێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی حەشارداوە.
گەر زەوی هەبێت بۆ خانوبەرە، بۆ باخچە، بۆ بارەگاکانی حیزب و بۆ تەلاری سیاسیەکان و بۆ ئەم و ئەو.. ئەی کەواتە بۆچێ زەوییەک نەبێت بۆ ئازادی ڕادەربڕین؟، بۆ سەکۆیەکی چوار مەتری نەبێت بۆ ئەوەی بێ چەند و چوون لەوێ، لەسەر ئەو چوار مەتر زەوییە خەڵکان کۆببنەوەو ڕای خۆیان، ناڕەزاییەکانیان، خەمەکانیان تەعبیر لەخۆیان بکەن. بۆ هیچ نا، حاکمدارانی بەڕێزم بۆ ئەوەی بیکەن بەشانازییەک بۆ خۆتان، بڵێن : ئاها ئێمە خاوەنی سەکۆی ئازادیین!. ئاها لەم شوێنەدا، لەم هەولێرەدا کەئێمە باڵادەستین و دڵی حکومەت و سەرۆکە  خەڵکی دەتوانێت بەسەربەستی قسەبکات و هیچ پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆر و پاراستنێک، ناتوانێت ئازاری بدات.
من دەزانم زەوی بەخشین زەمەنی خۆی تێپەڕکردووە، بەڵام ئەم زەوییەی لەخەیاڵی مندایە لەئێوەی داوابکەم، شوێنەکەی پایتەختی کوردستانی ئازادە، لەهەولێری خۆشەویستە، زەویەکە دەشێت لەخەیاڵدا هەبێت، بەمانای چرکە ساتی بیرکردنەوە لێی چرکەساتی بوونێتی، چرکە ساتی پێویست نەبوونیشی بوونی نابێت. بۆئەوەی زیاتر ئەم ڕستەیەم  ڕوونبکەمەوە دەتوانم بڵێم دەکرێت ئەم زەویە خەیاڵی بێت، بەمانای تەنها لەئەو کاتەدا بوونی واقیعی هەبێت کەبیری لێدەکەینەوە، بەمانای ئەو کاتەی بیری لێبکەینەوە ئەو ساتە وەختە بوونی هەیە. هەر کاتێک بیرمان لەئازادی کردووە، کەس گوێی لێنەگرتین، سکاڵاکانمان خرانە تەنەکە خۆڵی بیرۆکراتی حیزبەوە و هەستمانکرد ئازادیمان لەمەترسیدایە، بتوانین  لەو چوار مەتر  گۆشەیەدا تەعبیر لەخۆمان بکەین. دوور لەو ڕستە میتافیزیکیە قسەبکەم کەدەڵێت (دنیا کاتێک بوونی هەیە کەبیری لێدەکەمەوە)، دەتوانم بڵێم؛ مادامەکی حکومەت سەرقاڵە بەبیناکردنەوەی دیموکراسی و کارە گرنگە ستراتیژییەکانی نەتەوە، با ئێمەی نوسەرانیش ئەوەندەی دیکە سەرقاڵیان نەکەین، ئەرکیان لەسەر شان کەمبکەینەوە و داواکارییەکانمان لەچوارچیوەی لۆجیکدا فۆرمولەبکەین. ئەم زەوییەی من داواکاریم لەدوای شەهید بوونی ئەو گەنجە جوانەمان (سەردەشت عوسمان) بەخەیاڵمدا هات. من ناچمەوە ئەو ووردەکاری ئەو سیناریۆ سەیرانەی لیژنەکانی لیکۆڵینەوە ئاشکرایان کرد، ئەمە هەڵدەگرین بۆ زەمەنێک، کاتیک چیرۆکی ئەم زەمەنە سەیرە دەنوسینەوە، چیڕەی ئیمەی نوسەران لەهەموو دەسەڵاتێکی دنیا درێژترە، تەنانەت دوای مردن و کوژرانیشمان، لەم دەڤەرەدا وەک ئەو خێوە دەمینینەوە. 
لەمانیفێستیدا مارکس و ئەنگلس نوسیویانە ( خێوێک بەنێو ئەوروپادا هەنگاو دەنێت، ئەو خێوە کۆمەنیستیە)، لەوانەیە بۆ داواکاردنی سەکۆیەکی ئازاد ئەم دەستەواژەییەی مارکس و ئەنگلس  بەکار بهێنم و بڵێم: خێوێک ، تارماییەک بەنێو  هەولێردا هەنگاو دەنێت، ئەو خێوە ئازادی ڕادەربڕینە…ئەو تارماییە قورسە لەپارتی دیموکرات بۆتە کابوس و بەردەوام هەوڵی ئەوەدەدات ئاسەواری ئەو تارماییە لەو شارەدا بڕەوێنێتەوە… بەهەر حاڵ بۆ ئەوەی حکومەتی هەولێر و پارتی دیموکراتی بەڕێز نیەت پاکی خۆی نیشانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دۆزی بیروڕای ئازاد بدات لەکوردستاندا، بابێت بانگەشەی سەکۆیەکی ئازاد بکات لەهەولێر..باشتر وایە ئەو سکۆ ئازادە ناو بنێین ((سەکۆی ئازادی سەردەشت عوسمان)، سەردەشت  وەک کوڕیکی بێتاوانی ئەو شارە، وەک ڕۆحێکی ئۆدیسۆسی تینو بۆ ئازادی وەک گەنجێک، کەخەونی ئەوەی هەبوو ئەم کۆمەڵگەیە بەسەر دنیایەکی جواندا بکرێتەوە..
 ئەم سەکۆی ئازادە گرنگیەکی خۆی دەبێت لەچەند ڕوویەکەوەیە، یەکەمیان ئەویە ئەم سەکۆیە دەبێتە ڕوویەکی گەشی ئەو شارە و هەمەڕەنگییەک دەبەخشێت بەپایتەخت. دووهەمیان، نەبوونی سەکۆیەکی ئازاد لەو شارەدا ئاماژەیە بۆئەوەی کەهێزیکی سیاسی باڵادەست  ڕێگرە لەبەردەم  ئازادی ڕادەربڕین لەمشارەدا. دەنا چۆن دەبێت هەموو کەمپینەکانی بێدەنگی، دەنگە ناڕەزاکان، کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، لەسلێمانیدا، لەسەکۆی ئازاد یان لەپارکی نالی ڕێکدەخرێت و میدیاکانیش بەشداری تێدا دەکەن و بەوپەڕی ئازادی قسەدەکرێت ،(بێگومان گەر هاتوو کەس گوێشت لێنەگرێت)، ئەوا هەر نیشانەیەکی پۆزەتیفە بەوەی شتێک هەیە لەئازادی و دەکرێت کاری لەسەر بکرێت. پێویستە ئاماژە بەئەوەش بکەم کەئەم ئازادییەی لەشاری سلیمانی سەروەری یەکێتی نیشتمانی و هیچ هێزیکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەمشارە لەلەدایکبوونیەوە سروشتی وەها بووە، یەک بست لەڕای ئازاد و شەڕی ڕۆشنبیری دووری بخەیتەوە ناژیت، لەمشارەدا زمانی کوردی لەدایکبووە، لەمشارەدا نالی یەکەم قسیدەی بەکوردی دەنوسێت. لەبەرئەوە سروشتی ئەمشارە لەزەمەنی دیکتاتۆریەتی بەعسیشدا هەروا سەرەڕۆ و بەرگریکار بووە لەئازادی..ئەمە مانای ئەوە نییە کەهەولێری خۆشەویست لەدەوەرەی ئەم هاوکێشەیەدا دەخوێنرێتەوە، بەڵام شارەکان لەدنیادا کلتوری تایبەتیان هەیە بەخۆیان. لەبەر ئەوە بائەم نەریتە جوانە پێویستە بێتە هەموو شارێکەوە، نەریتی سەکۆی ئازاد..سەکۆیەک بۆ ئەوەی هەناسەی ئازادی لەسەر هەڵکێشین و گەر شوێنیکمان نەبوو لێی کۆبینەوە، چ قەیدییە لەسەر ئەو سەکۆ چوارمەتر گۆشەییە بتوانین قسەبکەین و توڕەبین و تەعبیر لەخۆمان بکەین. بەمشێوەیە یەکەم شوێنمان دەبێت کەناویدەنێین، (شوێنێک بۆ گفتوگۆی ئەقڵانی لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و خەڵکدا). ئامانج لەم سەکۆیانە نیشاندانی نیەتپاکی دەسەڵات و حکومەتە بەرامبەر بیروڕای ئازاد و ڕۆژنامەنوسان و خەڵکانی دیموکراتخواز. لەسەر ئەو سەکۆیەدا ئازادین قسەبکەین و کۆبینەوە و ناڕەزایی دەربڕین، بێئەوەی ئاسایش و زانیاری و پاراستن و خوادەزانێت چەند دەزگایی ڕاپۆرتنوسی ترهەن، بەخۆیان و پۆلیس و ئاسایش و هێزەتایبەت و دژە تیرۆرەکانەوە وەک تیرۆریست مامەڵەمان لەگەڵدا نەکەن، بەڕێزان تەنها داواکارین لەسەر ئەو چوارمەتر زەوییە ئازادبین. بەڵام تکایە دوای ئەوەی لەو سنورە هاتینە دەرەوە ئازارمان مەدەن، بائەو چوار مەتر زەوییە حەسانەیەک بێت بۆمان. ئەوەی لەوێ دەگوترێت سەربەستە و ئێوەش سەربەستن گوێی لێدەگرن یان فەرامۆشی دەکەن، مەرج نییە هەموو ناڕازییەک لەسەر هەق بێت، ئەمە مەسەلەیەکی ترە، بەڵام بوونی کەش وهەوای ئازاد لەم کارەبچوکانەوە دەستپێدەکات.
من پێموایە پێویستە هەمووان کار بۆ ئەوە بکەین سەکۆی ئازاد لەهەولێردا بوونی هەبێت، ئەم سەکۆیە لەڕوویەکی ترەوە ئەوە دەسەلمێنێت کەهەولێر تەنها شاری بازاڕی گەورەو بازرگانی نییە، بەڵکو شارێکی شارستانییە بەمانا فراوانەکەی. چونکە بەڕیزان شارستانیە گەورەکان بەبێ نەبوونی دیموکراتی هیچ مانایەکیان نییە. بائەوەندە بیر لەنموزەجی وڵاتانی کەنداو نەکەینەوە بمانەوێت بیکەین بەدوبەی، بەڵکو بابیر لەوەبکەینەوە شارەکانمان وەک بەرلین و ستۆکهۆڵم و لەندەن، جوان و ئازاد و سەربەست و پڕژیاری بێت، من مرۆڤی کورد بەشایانی ئەو جۆرە شارە گەورانە دەزانم کەکولتور ڕووی دیاری و یەکەمێتی، پاشان باڵاخانەو تەنکەلۆژیا و بازرگانی. من پێموایە لەهەموو ڕوویەکەیە مرۆڤی کورد توانای دروستکردنی شاری ئاوەهای هەیە و بەشی ئەوەندەش شەڕی بۆ ئازادی کردووە. شارەکانی کەنداو لەهەموو ڕوویەکی تەکنەلۆژیاوە جوان و ڕازەوەن، بەڵام خوادایە تائەم سەدەی بیست و  بنەماڵە خێلەکیەکان حوکمدەکەن و ئەمیرەکانی نەوت چیرۆکی گەندەڵیان زۆر سەیر و سەمەرەیە، لەبەر ئەوە باشتر وەهایە دوور کەوینەوە لەخەون بینین بەنموزەجی شارەکانی کەنداو کەتاوەکو ئێستاش خانمان بۆیان نییە دەنگبدەن و نمونەی دواکەتوویی کۆمەڵایەتین. من دەزانم شاری سلێمانی ئێستا لەبەر شەڕی تەکەتول و لاوازی حکومەت بۆتە کەلاوەیەکی ناشرین، شەقامەکان ناڕێک و بیناکان داڕزاو و شاری کۆن لەگوندێک دەچێت نەک شارێکی دێرین. ئەوەندەش دەزانم کەسلێمانی  سزادراوە لەبەر ئەوەی بەردەوام شوینی ناڕەزایی گەورەو بەرگری بووە دژی داگیر کەران. ئەوە وەبیر پارتی دیموکراتی  خۆشەویست دەهێنمەوە کە بەهەشتی (مەلا مستەفا) سلێمانی کردبووە شوێنای کارو چالاکی خۆی و لەوێوەوە شۆڕشی ئەیلولی پەرەپێدا. بەهەشتی لەسروشتی ئەو شارە تێگەیشیبوو، بەڵام ئێوە بەداخەوە ئێوە و یەکێتی  نیشتمانی  سزای دەدەن، ئێستاشی لەسەر بێت بەردەوام لەسەر زاری بەڕێز دکتۆر بەرهەم دەڵێن (لەبەر ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن لەمشارەدا بوونی هەیە، پڕۆژەکانی ئاوادانکردنەوە دواکەوتووە)، خوادایە بۆچی دەبێت لەسەر ئۆپۆزیسیۆن بوون، کەنیشانەی ژیاری و پێشکەوتنە، شارێک سزابدرێت، پارادۆکسەکە لەوەدایە کەئەم گوتەیە لەسەر زاری بەڕێز دکتۆر بەرهەم تەعبیر لەخۆی دەکات کەزۆربەمان وەک پیاویکی مۆدێرن تەماشای دەکەین. گەر ئەوە سزا نەبێت، بۆچی هەولێر ئاوادانە و سلێمانیش ئەوەندە وێرانە. ئەم جیاوازییە بۆچی ڕوویدا و پڕۆژەکان بۆچی لەسلیمانی بەسەر پشتی کیسەڵی تونێلەکەیەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات.
ڕایەک هەیە لەنێو خەڵکدا دەڵێت سلێمانی سزادەدرێت، لەبەرئەوەی بەردەوام ڕای ئازادی تێدا گەشەدەکات و کەمپینی تێدا دەگەشێتەوە و سەرچاوەی ڕۆژنامەی ئازادە، لەبەر ئەوە دەسەڵاتی سیاسی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بەبەراورد بەپایتەخت فەرامۆشیکردووە و قسەکانی دکتۆر بەرهەم ئاماژە بەوە دەدەن..بەگشتی واهەستدەکەین هێزیک هەیە دەیەوێت پێت بڵێت: ئازاد بیت سزادەدەم، سەکۆت هەبێت وێرانت دەکەم لەتەپۆتۆز و بێ کارەبایی و بێحکومەتیدا. ئۆپۆزیسیۆن بیت نانبڕاو و ڕیسواتدەکەم…ئەمە خوێندنەوەیەکی سادەی منە بۆ ئەو ئەقڵیەتەی ئەمڕۆ دژی بیروڕای ئازاد قسەدەکات. دیوی دووهەمی ئەم دیاردەیە لەوەدایە کەدەیەوێت وێنەی هەولێر ناشرین بکات، دەیەوێت بڵێت، ئاها هەولێر بەقسەی دەسەڵات دەکات و هەموو شتێکی بۆ دەکرێت. بەجۆریکی تر قسەبکەم دەیەوێت بڵێت کەهەولێر دەتوانێت هەموو شتێکی هەبێت، بەڵام دەنگی ئازاد بەئەو نامۆیە و لەگەڵ سروشتی ئەو شارەدا ناگونجێت، لەبەر ئەوە ئەنسارولئیسلام تێدا باڵادەستە و ئەوەی کار بۆ ئازادی بکات، دەفڕێنرێت و بەبەرچاوی حکومەتەوە دەکوژرێت. ئەمە ئەو وێنەیە کەدەیەوێت بڵێت هەولێر شاری بێدەنگی و باڵادەستی ئیسلامیەکانە و سەکۆی ئازاد بۆ هەولێر نەگونجاوە.
بۆ ئەوەی بتوانین دەرگایەک لەسەر لێکتێگەیشتنێکی ئەقڵانی بکەینەوە پێویستمان بەوەیە، یەکە بەیەکەی ئەم خالانەی سەرەوە لەگەڵ یەکتریدا باسبکەین، بالەگەڵ یەکتردا بکەوینە گفتوگۆ، بادیالۆگ بکەین، باگوێ لەیەکتری بگرین، ئەمە  سەرەتایەکی دروستە بۆ ئەوەی کۆمنیکاسیۆنمان، پەیوەندیداریمان هەبێت لەگەڵ یەکتریدا. چونکە کاتێک مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا قسەدەکەن، گەر کێشەکانیش بەتەواوەتی چارەسەر نەکەن، ئەوا پەیوەندیەکی مرۆڤدۆستانە و هیومانی لەنیوانیاندا دروست دەبێت. 
ئەو سەکۆ ئازادەی لەسەرەوە باسم لێوە کرد کەدەبێت (ساتی بیرکردنەوە لێیی هەمان ساتی بوونی بێت)، پێشنیاریکی ڕیالستیە وەک لەوەی خەیاڵی بێت. مەبەستم ئەوەیە گەرچوارمەتری ئاوەها دەستبەر نەبێت، دەکرێت ئەو شوێنە بۆ نمونە لەبەردەم چایخانەی ئەدیبان (مچکۆ ) بێت، یان دەکرێت لەو باخچە بچوکەی بەرامبەری بێت، بەتەباشیر چوار مەتر گۆشە بکێشرێت و کەمپینەکان لەوێ بکرێت، یان لەقەڵابێت و لەچوار مەترەکە زیاتر نەبێت و دوای تەواو بوونی ناڕەزاییەکە تەباشیرەکە بکوژینینەوە و ئەو شوینە وەک پارکی نالی لەسلیمانی ببێتەوە بەشوێنکی ئاسایی. بەمانای کەی بیرمان لەئازادی کردەوە لە چەند شوینیکی دیاریکراودا بتوانین بەتەباشیر لەو چوار مەترەدا قسەبکەین. خۆ ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەولێر ئەو چوارمەتر ئازادییە جێگیربکەن، ئەوا دەستخۆشیان لێدەکەین.
لێرەوە من لەهەولێری پایتەختی کوردستانی ئازادا، بۆ خۆم نا و بۆ هیچ کەسێک نا، بەڵکو بۆ ئازادی،  داوای چوار مەتر زەوی دەکەم. تەنها چوار مەتر زەوی بۆ ئازادی. داواکارم کەڕۆژنامەنوسان و هاوڕێیانی هونەرمەند و ئەکتیڤیستە کۆمەڵایەتی و سیاسیە جدییەکان و  ڕۆشنبیران  پشتگیری ئەم داوایەم بکەن. تەنها چوار مەتر زەوی بتوانین لەهەولێردا کەمپینی بێدەنگ نابین  و چەندەها پڕۆتێستی تری لەسەر نمایشبکەین. بتوانین بەدەنگی بەرز بڵێین: من پڕۆتێست دەکەم، بڵێم من ڕازی نیم بەم دنیایە….

تەواو                  

  ئیسماعیل حەمەئەمین

Previous
Next

Leave a Reply