شانۆی فێمێنیستی … نیهاد جامی
شانۆی فێمێنیستی چیه؟ كه‌ی سه‌ریهه‌ڵدا؟ میتۆدێكی تایبه‌ته یاخود ڕێڕه‌وێكی سۆسیۆلۆژیه بۆ شوناسی ژن‌بوون؟ په‌یوه‌ندیی نێوان فێمێنیزم وه‌ك فه‌لسه‌فه‌و شانۆ وه‌ك هونه‌ر له‌چ ئاستێكدا شانۆی فێمێنیستی كۆیده‌كاته‌وه؟
ئه‌و ده‌مه‌ی ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیارانه ده‌بینه‌وه پێویستمان به‌وه ده‌بێت ته‌واوی ئه‌و گومانانه‌مان به‌پرسیار بگۆڕین، پرسیاریش به‌ته‌نیا پرۆسه‌یه‌ك نیه بۆ ڕزگاركردنمان له گوناهێك، گوناهی شانۆیه‌ك كه شانۆی پیاوه.. شانۆیه‌ك ده‌مانه‌وێ ژنی تیا بكه‌ینه كۆیله‌و سه‌ره‌نجام خۆشمان نه‌كه‌ین به به‌ر پرسیاری ئه‌و دۆخه، دۆخێك كه تراژیدیای شانۆ نیه، به‌ڵكو تراژیدیای عه‌قڵی پیاوه‌تیه له‌نه‌ستی منی شانۆكاردا، ئه‌و منه په‌یوه‌ست نیه به خودێكی ده‌ست نیشانكراوی شارێك یا گروپێكه‌وه، به‌ڵكو خودێكی كولتوری نا‌و پێكهاته‌ی گوتاری شانۆی ئێمه‌یه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی شانۆی فێمێنیستی پڕۆسه‌ی ئینتیماكردنه‌وه‌یه بۆ یاده‌وه‌ری شانۆ.. به‌ره‌و لای كاره‌كته‌ره گریكیه‌كان، لێره‌دا ده‌توانین ئه‌نتیگۆنا به یه‌كه‌م فێمێنیستی نا‌و شانۆ بزانین، هه‌ڵبه‌ت جگه له‌و ژنی تر هه‌بووه له‌ناو شانۆگه‌ریه گریكیه‌كان، به‌ڵام ده‌ست نیشان كردنی ئه‌نتیگۆنا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و یاخی بوون وهه‌ڵسانه‌وه‌یه كه به‌دژی پیاو ده‌وه‌ستێته‌وه كه جۆرێكه له سه‌ركێشی بۆ خوڵقاندنه‌وه‌ی هێز ئه‌وه ته‌واو جیاوازه له‌كاره‌كته‌ره‌كانی تری ژن له‌و شانۆیه، به‌واتای ئه‌نتیگۆنا ژنێكه نایه‌وێ شوناسی شه‌ره‌ف بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵكو به‌دژی هه‌موو شوناسێك ده‌وه‌ستێته‌وه، چونكه ده‌زانێ ئه‌وه‌ی هه‌یه چه‌مكی مرۆڤبوون پیاو لاقه‌ی كردووه، لێره‌دا جیاوازی ئه‌و كاره‌كته‌ره له‌گه‌ل ژنه‌كانی تری گریكی ده‌بینین، ئه‌و نایه‌ت وه‌ك فیدرای تێكستی (هیبۆلیتن) بكات ته‌واوی چاره‌سه‌ریه‌كان له‌خۆكوشتنی خۆی ببینێته‌وه، هه‌لبه‌ت زۆربه‌ی ئه‌و تێكستانه‌ی وابه‌سته‌ی كێشه‌ی ژنه له‌شانۆی گریكی زۆرجار په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی سێكس وشوناسی شه‌ره‌ف، بۆیه ژنه‌كان خۆیان ده‌كه‌ن به قوربانی هه‌رچه‌نده وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نا‌و شانۆگه‌ریه‌كان ده‌یانبینین، به‌لام دواجار ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری ژنبوونی خۆیان ده‌بن به‌تایبه‌ت له‌تێكسته‌كانی یۆرپیدس كه به‌لای ڕه‌خنه‌گر تۆسۆن هه‌رسێ تێكستی (هیبۆلیتن، ئاگا مه‌منون، ئۆرێست) به‌و تێكستانه داده‌نرێن كه “ووزه‌ی سێكسی مێیه‌تی به‌مه‌ترسی ده‌بینرێت نه‌ك به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ئابرووی خێزانی گریكی، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاسایشی ده‌وڵه‌ت وته‌واوی بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ ملكه‌چی ئه‌و ووزه‌یه بكرێت ووه‌ك به‌شێك له سیستمی نێرایه‌تی سرووشتی ڕێبكخرێته‌وه” (1)
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئێمه ده‌توانین سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی ژن له‌شانۆ بدۆزینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه شانۆی فێمێنیستی نیه، به‌ڵكو ئاماده‌بوونی ژنه به‌بێ ئیشكردنی تیۆریی، ئه‌وه ته‌نیا وه‌ك بنه‌مای سه‌رهه‌ڵدانیه‌تی له‌تێكسته كلاسیكیه‌كاندا كه ئه‌نتیگۆنا وه‌ك یه‌كه‌م فێمێنیست ئه‌ناسین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ناسینه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفێكی وه‌كو نیتچه بێزار بكات “چونكه پێی وایه كاره‌كته‌ره‌كانی(ئه‌لیكترا‌وئه‌نتیگۆنا) ئه‌و ژنانه‌ن ته‌نها له‌ئه‌ده‌بدا قه‌بووڵ ده‌كرێن, له واقیعدا كه‌س ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی قه‌بووڵ نیه, چونكه به‌لایه‌وه ژنان زیاتر به‌لای له‌زه‌تدا ده‌چن وناپاكی له ژیانی هاوسه‌رێتی ده‌كه‌ن, بۆ خۆ به‌دوور گرتنیشیان ده‌بێ سكیان پڕبێت ومناڵیان ببێت, له‌ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌ی مناڵ بوون ژن به‌كه‌سانی دڵ ڕه‌ق وقێزه‌ون ده‌بینێت” (2)
ئه‌گه‌ر بنه‌مایه‌كی ئه‌م شانۆیه له‌ناو تێكسته كلاسیكیه‌كانه‌وه بوونی هه‌بوو بێت، به‌ڵام شانۆیه‌كی فێمێنیستی نه‌بووه، هێنده‌ی كاره‌كته‌ری ژن به‌دژی ئه‌و سته‌مه‌ی نا‌و ژیار وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌واتای ژن له‌ناو شانۆی پیاودا ویستویه‌تی ده‌نگی هه‌بێت، به‌پێی قۆناغ وسه‌رده‌مه‌كان ژن ده‌بێته ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی به‌شێوه‌ی جیاواز ده‌یناسین له‌لای سترێندبێری ژن ئه‌و مرۆڤه خۆپه‌رسته‌یه كه نه‌ك به‌دژی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر كار ده‌كات، به‌ڵكو زۆر جار له‌دژی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆشی‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه هیچ په‌یوه‌ندیی به شانۆی فێمێنیستیه‌وه نیه هێنده‌ی ڕاڤه‌یه‌كی ده‌رووونیشكاریانه‌ی سترێندبێریه بۆ ژن، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه له‌لای ئه‌پسن ئێمه ڕووبه‌رووی حاله‌تێكی یاخی بوون ده‌بینه‌وه كه نورا له ماڵی بووكه شووشه به‌سه‌ر هیلمه‌ری مێردی یاخی ده‌بێت، چونكه نایه‌وێ چیتر شوناسی له‌ناو ماڵ شوناسی مرۆڤێكی كۆیله بێت كه وه‌ك بووكه شووشه سه‌یر بكرێت، هاتنه ده‌ره‌وه‌ی نورا له ماڵ سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ئازادبوون، چونكه ئه‌و له‌نێوان ماڵی باوان و ماڵی مێرد به‌ته‌نیا زیندانه‌كانی گۆڕیووه نه‌ك سیستمی ژیان.
ژنه‌كانی شكسپیر هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان زۆرجار بوونه‌ته قوربانی خۆشه‌ویستی وپلانه‌كانی پیاو كه له‌بنه‌ره‌تدا ده‌بێته‌وه كوشتنی خه‌ون وزینده‌گی ژن وه‌ك مه‌رگی ده‌زده‌مونه به‌ده‌ستی ئۆتێللۆی خۆشه‌ویستی كه له‌بنه‌ره‌تدا پلانێكی یاگۆیه‌و ده‌سته‌سڕێك ده‌كرێته بیانوو، مه‌رگی جۆلێت له رۆمیۆو جۆلێت و شێتبوونی ئۆڤیلیاو بوونه قوربانی له هاملێت دیارترین نموونه‌ی ئه‌و حاله‌ته‌یه، ئه‌گه‌رچی لیدی ماكبێس ته‌واو جیاوازه.
ئێمه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌كته‌ره خه‌ونی ژنانه بۆ وه‌ده‌سكه‌وتنی دنیا ده‌بینینن لێره‌وه ده‌توانین لیدی جیا بكه‌ینه‌وه نه‌ك به‌ته‌نیا له‌ژنه‌كانی شكسپیر، به‌ڵكو له‌ژنه‌كانی تری كلاسیكی و تێكسته مۆدێرنه‌كانیش، چونكه ئه‌و ده‌نگی ژنێك نیه له شانۆدا، به‌ڵكو ده‌نگێكی ژنانه‌یه بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌نتیگۆناو جۆكاستاو ئۆڤیلیاو ده‌زده‌مونه و ئه‌وانیتر.
ئه‌گه‌ر له‌ناو تێكسته‌كانه‌وه ئه‌و ژنانه به‌دی بكه‌ین كه ده‌نگی ئه‌وان ده‌نگێكه بۆ خه‌ونی ڕه‌گه‌زی، به‌لام ئه‌و خه‌ونه نه‌بۆته هۆی ئه‌وه‌ی شانۆیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی بنیات بنێت كه ببیێت به شانۆیه‌كی فێمێنیستی.
تا حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م شانۆیه‌كمان نیه تایبه‌ت بێت به ژنه‌وه ئه‌گه‌رچی زۆرجار تێكسته‌كان ژنه‌كان ده‌كه‌ن به ته‌وه‌ری شانۆگه‌ریه‌كانیان، به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه‌ی نابێته ده‌نگێك بۆ شانۆیه‌كی تایبه‌ت به‌واتای نه‌بۆته شانۆیه‌ك هه‌ڵگری خه‌ونی ڕه‌گه‌زی بێت، بوونی كارگه‌كان و ژنانی كرێكار له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتر ئاماده‌بوونی گوتاری ماركسیانه له‌ناو چینی كارگه‌ر هۆكارێك بووه بۆ بیركردنه‌وه له شانۆیه‌ك كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه بێت.
بۆیه حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌ریتانیا ئه‌و ووڵاته‌یه كه ئه‌و شانۆیه یه‌كه‌م بنه‌ما تایبه‌تیه‌كانی خۆی تیایدا درووست بكات بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی كه گوزارشت له پێداویستیه‌كان ومافه‌كانی ژن بگرێته خۆی له‌ڕووی یه‌كسان بوونی به‌رامبه‌ر به پیاوو ڕزگاربوون له‌توندوتیژی سێكسی وپاراستنی مافه‌كانی وه‌ك مرۆڤ گروپی تایبه‌تی شانۆییش درووست ده‌كرێت ته‌نانه‌ت شانۆگه‌ریه‌كانی شكسپیریش له‌دیدی فێمێنیستیه‌وه سه‌ر له‌نوێ نمایش ده‌كرێته‌وه.
دیارترین ئه‌و تیپانه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌و شانۆیه ده‌ركه‌وتن وتوانیان كاریگه‌ری تایبه‌تی خۆشیان له‌سه‌ر شانۆی فێمێنیستی ده‌ست نیشان بكه‌ن (تیپی مۆنستراس ڕیگمێنت) كه به به‌شی سه‌ربازی دڕنده ده‌ركه‌وتوون, ده‌رهێنه‌ری نمایشه‌كانیشیان رۆبرتا سكلاره, له‌ڕێگه‌ی كاره‌كانیانه‌وه هه‌وڵیداوه “شانۆی ژن شوناسی خۆی درووست بكات له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی سوونه‌تی نێوان ئه‌كته‌رو بینه‌ر، به‌و پێیه‌ی كرداری شانۆیی بریتیه له‌كۆمه‌ڵه قۆناغێكی ته‌واو بۆ ووروژاندنی ئاگایی ڕوویه‌كی ئه‌و په‌یوه‌ندیه” (3)
دواتر شانۆی ئینگلیزی ده‌رهێنه‌رێكیتری فێمێنیستی به‌خۆیه‌وه بینی كه ده‌یویست له‌ڕوانگه‌ی كولتوریی ئینگلیزیه‌وه كێشه‌ی ژن بخاته نا‌و شانۆوه ئه‌ویش (جێلیان هانه) بوو, هه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌م دیده كولتوریه‌وه ئیتالیا شانۆنووسێكی تیا هاته بوون كه (داشیا مارینی) بوو, تێكستێكی نووسی و له‌لایان تیپی مۆنستراس ڕیگمێنت نمایشكرا, تێكستی نمایشه‌كه بریتیه له‌گفتوگۆی سۆزانیه‌ك له‌ته‌ك كڕیارێكی له‌شی، ئه‌و گفتوگۆیه له‌ده‌ره‌وه‌ی تێكستی نووسراویش جۆرێك له ئیرتیجال ده‌خوڵقێنێت, واته نووسه‌رو ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ره‌كان به‌شداری له بنیاتنانی نمایش ونووسینه‌وه‌ی تێكست ده‌كه‌ن, له‌م نمایشه‌دا “شانۆ نابێ به شانۆیه‌كی ڕوونكردنه‌وه‌یی وه‌ك چۆن ناشبێت به شانۆیه‌ك بۆ ووروژاندنی ئاگایی, به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێناسی په‌یوه‌ندیی نێوان شانۆ‌و ناشانۆ به شێوه‌یه‌كی نوێ, شێوه‌یه‌ك هاوڕا بێت له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ژیانی پارچه‌كراو كه ژن ناسیویه‌تی, ئه‌وه‌ش له‌بڕی ئه‌زموونی به‌رده‌وامی ڕیبَازی تاكایه‌تی وه‌ك پیاو ناسیویه‌تی” (4)
به‌واتای ئه‌و شانۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ستراتیژه‌كه‌ی به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش خوڵقاندنی سیستمێكی تازه‌ی ژیانه، به‌ڵام با ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت وه‌ك هه‌میشه ڕه‌خنه‌گران ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كه شانۆی فێمێنیستی له‌شانۆی ژن جیاوازه، هه‌ندێكجار ئه‌و دوانه به‌یه‌ك شێواز ناویان ده‌بردرێت، به‌ڵام به‌لای ره‌خنه‌گرانی شانۆی فێمێنیستی و تیۆریسته‌كانی ئه‌و بواره ئه‌وه هه‌ڵه‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌وانه‌یه كه به‌یه‌ك نا‌و ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
ئه‌م دوو شانۆیه هه‌ردووكیان ژن تیایدا ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام ته‌نیا له ڕووكه‌شدا شانۆیه‌كی له‌یه‌كچوون ده‌نا دوو شانۆی جیاوازن، شانۆی ژن شانۆیه‌كه ژن تیایدا ئاماده‌بوونێكی پته‌وی هه‌یه له‌ڕووی هونه‌ریه‌وه، هه‌رچی شانۆی فێمێنیستیه شانۆیه‌كه سه‌رباری ئاماده‌بوونی ژن وه‌ك كائینێكی شانۆیی ئاماده‌بوونێكی فیكری قووڵیشی له‌پشته‌وه‌یه بۆ داكۆكیكردنی ڕه‌گه‌زی.
هه‌ندێك له ڕه‌خنه‌گران ئه‌و شانۆیه‌ی ته‌واوی كارمه‌نده‌كانیشی ژنه ئه‌و شانۆیه‌ش به شانۆی فێمێنیستی نازانن، به‌ڵكو زۆرجار ناوی ده‌به‌ن به شانۆی ژن نه‌ك شانۆیه‌كی فێمێنیستی “چالاكی شانۆییه تیپێكی شانۆیی پێی هه‌ڵده‌ستێت كه ژنان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت تاوه‌كو پێكهاته‌و بینه‌ره‌كانیشی تێكه‌ڵه‌یه‌ك بێت له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز, كه‌به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی نمایشه‌كانیش ئه‌وانه زاڵ بووبن به‌سه‌ریدا كه ژنانی نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ر پیشه‌كار بن” (5)
هه‌رچی شانۆی فێمێنیستیه به‌وه له‌و جۆره شانۆیه‌ی ژن جیا ده‌كه‌نه‌وه كه شانۆی فێمێنیستی به‌دژی ئه‌و گوتاره نێرایه‌تیه ده‌وه‌ستێته‌وه وبونیاده سۆسیۆلۆژیه‌كانی ئه‌و شانۆیه سه‌راوژێر ده‌كات له‌پێناو بنیاتنانی شانۆیه‌ك كه زاده‌ی عه‌قڵ ومه‌عریفه‌ی ژن بێت له‌هه‌ردوو ئاستی شانۆیی وفیكرییه‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌وه ده‌خه‌ینه ڕووكه شانۆی فێمێنیستی شانۆیه‌كه له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی شوناسی مرۆڤبوونی ژن، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی ژن له شانۆكه‌یدا گرفتی له‌م شوناسه‌و ئاماده‌بوونی وه‌ك خودێكی مرۆیی نیه ده‌شێت ئه‌وه به شانۆی ژن ناوبه‌رین شانۆیه‌ك كه له شانۆی فێمێنیستی جیای بكه‌ینه‌وه، دیارترین نمونه‌ش شانۆی رۆژی ئاریانا مینۆشكین شانۆیه‌كی به‌رهه‌می عه‌قڵی ژنه، به‌ڵام شانۆیه‌كی فێمێنیستی نیه، كه‌چی شانۆگه‌ری (ماڵی به‌رنادا ئه‌لبا) ی لۆركا تێكستێكه بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی، ئه‌م شانۆیه شوناسی ژن‌بوون وه‌ك ڕێڕه‌وێكی سۆسیۆلۆژی ده‌بینێت چونكه كولتورو زمان دوو چه‌مكی سه‌ره‌كی ئه‌و شوناسه‌ن، كه به‌شداری له خولقاندنی په‌یوه‌ندیی فه‌لسه‌فی شانۆیه‌ك ده‌كه‌ن كه له‌بنه‌ره‌تدا چه‌نده ئینتیما بۆ تیۆره شانۆییه‌كان ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌ره‌و سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كانی فێمێنیستی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و پاڵپشتیه فیكریه بۆ تێكستی فه‌لسه‌فی وای لێ ده‌كات چاره‌سه‌ری بۆ شوناس له‌ڕوانگه‌ی سیمیۆن دی بۆفوارو جۆلیا كریستیفاو هیلیلن سیكسۆس و لۆرا كیپنزو فێمێنیسته‌كانی تر جۆرێك له جیاوازی بێنێته بوون، به‌واتای شانۆی فێمێنستی شانۆیه‌كی هه‌ڵگری گوتاری جیاوازیه، جیاوازی له‌و دیده‌ی كه پرسیار بێنێت و مه‌عریفه ڕووبه‌رووی گومان بكاته‌وه.
شانۆی فێمێنیستی و كولتوره جیاوازه‌كان
شانۆی فێمێنیستی دیدێكی تاكڕه‌هه‌ند نیه بۆ نمایشی شانۆیی، به‌ڵكو شانۆیه‌كه كو‌لتور تیایدا جێمۆركی خۆی له‌سه‌ر نمایش به‌جێ دێلێت، ئه‌و دیده كولتوریه بۆ ئه‌و شانۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه ئاماده‌بوونی هه‌بووه، ئاماده‌بوونێك بۆ فێمێنیستانی شانۆ توانیان له‌ڕوانگه‌ی كولتوره‌وه نهێنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه سۆسیۆلۆژیه‌ی نێوان ژن وشانۆی تیا كه‌شف بكه‌ن.
ئه‌وه‌ش وای كرد كولتوره جیاوازه‌كان ڕوانین ودیدی جیاواز بۆ شانۆی فێمێنیستی بخه‌نه ڕوو، ئه‌و جیاوازبوونه كولتوریه‌ش به‌ره‌نجامی ئیشكردنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیانه‌یه له‌سه‌ر ئاماده‌بوونی شانۆكار له‌و كولتوره‌دا، كه یاده‌وه‌ری كولتوری ئه‌و له (منی شانۆكار) ده‌یگۆڕێت بۆ (خودێكی كولتوریی) به‌واتای ئه‌و شانۆكارێكی كولتورییه، چونكه جه‌سته‌ی ئه‌و هه‌ڵگری ئه‌و كولتوره‌یه كه ئیشی تیا ده‌كات، ئه‌وه‌ش واده‌كات كو‌لتور بكات به زه‌مینه‌ی ئیشكردنه‌وه‌ی له‌شانۆدا، لێره‌وه شانۆ وه‌ك هونه‌رو ژن وه‌ك كائینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ستراتیژی شانۆكه ده‌خاته ڕوو به‌وه‌ی شانۆیه‌كی سۆسیۆلۆژیه.
بۆیه ئه‌و ده‌مه‌ی له‌سه‌ر شانۆی فێمێنیستی بدوێین، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی وێنه‌یه‌كی ڕه‌ها نه‌بووین بۆ ئه‌و شانۆیه ئه‌وه نه‌نگی ئه‌و شانۆیه نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌و فره ڕه‌هه‌ندیه كولتوریه‌ی ئه‌و شانۆیه ئامێزی بۆ كردۆته‌وه، بۆیه شانۆی فێمێنیستی هه‌ر شوێنێك سه‌رباری ستراتیژی تیۆره فه‌لسه‌فیه‌كه، به‌لام ئیشكردنه‌وه‌و ده‌ربڕین وگرفت وكێشه‌كانی به‌ره‌نجامی كێشه كولتوریه‌كانیه‌تی كه ڕه‌گ و ڕیشه كولتوریه‌كانیشی له‌ڕۆحی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، لێره‌دا ئه‌گه‌ر نموونه به شانۆگه‌ری (خشكسالی ودروغ) ی نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری ئێرانی محه‌مه‌د یه‌عقوبی بێنینه‌وه، ده‌بینین له‌ڕووی بابه‌ته‌وه ئه‌م نمایشه بابه‌تێكی تازه ناخاته ڕوو، به‌وه‌ی پیاوێك له ژنی یه‌كه‌می جیا ده‌بێته‌وه‌و ژنی دووه‌م دێنێت، به‌ڵام ژنی یه‌كه‌می هه‌ر هۆگری پیاوه‌كه‌یه‌تی و په‌یوه‌ندیی پێوه ده‌كات و ده‌یه‌وێ بیبینێت ئه‌و بینینه ژنی دووه‌م هه‌راسان ده‌كات به ئاستی ئه‌وه‌ی ئیره‌یی ڕه‌گه‌زی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی مه‌حكومیان ده‌كات به وابه‌سته‌بوونی یاده‌وه‌ری، ئه‌و یاده‌وه‌ریه گرنگی نمایشه‌كه ده‌خاته ڕوو ده‌نا بابه‌ته‌كه ئه‌و گرنگیه‌ی نابێت، به‌ڵام یاده‌وه‌ری له‌ڕێگه‌ی ته‌كنیكی گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌نی واده‌كات گرنگی تایبه‌تمه‌ند به‌م نمایشه ببه‌خشێت.
یاده‌وه‌ریه‌ك ده‌رهێنه‌ر له‌ڕێگه‌ی به‌شداریكردنی زه‌مه‌نی له‌نێوان ئێستا (ژنی دووه‌م) و ڕابردوو (ژنی یه‌كه‌م) دیمه‌نه‌كان به‌دوای یه‌كدا دێنێت، سه‌ره‌نجام بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو زه‌مه‌نه‌كه هه‌ردوو ژنه‌كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یان و برای ژنی دووه‌م له‌ماڵه‌وه به‌دیار سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن وباسكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان دیمه‌نه‌كان ده‌گێڕنه‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا ئێمه‌ی بینه‌ریان كردووه به ته‌له‌فزیۆنه‌كه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن چیرۆكه‌كانی له‌لای ئێمه نیه، به‌ڵكو ژیانی خۆیانه، ئه‌و بینینه‌ی ئێمه به‌خۆیان و ئاوێته زه‌مه‌نیه‌ی نێوان ژنه‌كان وای كردووه ئه‌و ڕوانینه فێمێنیستیه به‌ره‌نجامی كولتوری ئێرانی و ئاینی زه‌رده‌شتی و ئه‌و ئاكاره ئیسلامیه بێت كه كۆمه‌ڵگای ئێرانی له‌نێوان یاده‌وه‌ری ئه‌و وه‌ك مرۆڤی زه‌رده‌شتی و ئێستای وه‌ك ئیسلام به‌یه‌كدا بچن، ئه‌گه‌ر ئه‌م نمایشه بۆ بینه‌ری كولتورێكی غه‌یره ئێرانی پرسیاری تر بگرێته خۆی، ئه‌و دیده فێمێنیستیه لاواز سه‌یر بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه به‌ره‌نجامی ئه‌و كولتوره‌یه شانۆكه‌ی به‌و ئاسته به‌رهه‌م دێنێت.
بۆیه به‌جیا له‌و فۆڕمه ئێرانیه كه ده‌شێت نموونه‌یه‌كی ڕۆشنی هه‌وڵ وته‌قه‌ڵلاكانی شانۆی فێمێنیستی ئه‌و كولتوره بێت، ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین له‌ڕوانگه‌ی سێ كولتوری جیاوازیتره‌وه له‌سه‌ر شانۆی فێمێنیستی بووه‌ستین ئه‌وانیش سێ كولتوری جیاواز‌و نامۆ به‌یه‌كتر كه سویدی و هیندی و عه‌ره‌بین، كه هه‌ر یه‌ك له‌و دیدگا شانۆییانه جیاوازی كولتوریی تایبه‌تمه‌ندی گرتۆته خۆی، ئه‌و جیاوازه كولتوریانه بوونه به خه‌سڵه‌تی تایبه‌تمه‌ندی شانۆی فێمێنیستی كولتوره جیاوازه‌كان.
شانۆی فێمێنیستی سویدی
ده‌ركه‌وتنی شانۆی فێمێنیستی سویدی دوو هۆكاری گرنگی له‌پشته‌وه وه‌ستاوه یه‌كێكیان ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه كولتوریه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگاییه كه بانگه‌شه‌ی بۆ یه‌كسانبوونی ڕه‌گه‌زی ده‌كرد، نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی یه‌كسانبوونی مافه‌كانیان به‌ڵكو لابردنی ئه‌و هه‌موو زه‌بروزه‌نگ وتوندوتیژیه‌ی كه‌له‌سه‌ر ژن بوو، ئه‌وه‌ش هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی وابكات بیر له شانۆیه‌ك بكرێته‌وه كه ته‌واوی به‌رهه‌مهێنه‌رانی بریتی بن له ژنان، واته شانۆی ژن بێت، به‌ر له‌وه‌ی بڕوات به‌ره‌و شانۆیه‌كی فێمێنیستی، به‌ڵام ئه‌و هۆكاره‌یتر كه گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی سترێندبێری بوو له‌شانۆی سویدی كه وێنه‌یه‌كی خراپی بۆ ژن خستبووه ڕوو، به‌تایبه‌ت له تێكسته‌كانی (كه‌ڵك، سۆناتای تارمایی، خاتوو ژۆلیا)
بۆ گۆڕینی ئه‌و وێنه‌یه‌ی سترێندبێری بۆ ژنی سویدی وێنه‌ی كێشابوو، بیركردنه‌وه له شانۆیه‌كی فێمێنیستی كه هه‌ڵگری خه‌ونی ژن بێت، ده‌بێته خولیای ژنانی شانۆكاری سویدی، بۆیه ئه‌و شانۆیه هه‌ر زوو له شانۆی ژنه‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ شانۆی فێمێنیستی، چونكه شانۆیه‌كه خاوه‌نی پڕۆژه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه، ڕه‌خنه‌گرتنه له عه‌قڵیه‌تی ئه‌و كولتوره‌ی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا كه پیاو بۆ ژن وێنای كردووه.
ئه‌وه‌ش وایكرد خێرا نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری ژن ده‌ربكه‌وێت، به‌پێی ئارگۆمێنته مێژووییه‌كان سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌وڵانه له‌حه‌فتاكان بۆ شانۆگه‌ری (كچانی مه‌سیح) ده‌گه‌ڕێته‌وه، تێكستی شانۆگه‌ریه‌كه له‌لایان ژنه نووسه‌ر مارگریتا كاربی نووسراوه‌و له‌لایان ژنه ده‌رهێنه‌ر سۆزانه ئۆستن بۆ شانۆ ده‌رهێنراوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شانۆگه‌ریه ئه‌گه‌ر نه‌چێته نا‌و شانۆی فێمێنیستی، به‌ڵام له‌هه‌وڵه به‌راییه‌كانی شانۆی ژنی سویدیه.
به‌پێی ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه كولتوریه ئه‌و شانۆیه‌ش گه‌شه‌ی ئه‌كرد، باخ وشوێنی حه‌وانه‌وه‌ی نوێ به‌شێك بوون له‌و گه‌شه سه‌ندنه كولتوریه.. شانۆی ژنه‌كانیش ده‌یویست له‌گه‌ل ئه‌و گه‌شه سه‌ندنانه بێته نا‌و ژیانی ڕۆژانه‌وه، بۆیه به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌كته‌ره‌كان له‌گه‌ڵ بینه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆ بوو كه ده‌یالۆگی له‌نێوان ئه‌و دووانه ده‌خوڵقاند، ئه‌وه‌ش مانای وانه‌بوو كه شانۆیه‌كه ته‌نیا گرفتی ژیانی رۆژانه بێت، به‌ڵكو زۆرجار له‌ڕێگه‌ی زمانی جه‌سته‌و ئاماژه‌وه كاره‌كان خراونه‌ته ڕوو، یاخود به‌ره‌و تێكسته‌كانی شانۆی گریكی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له‌وانه شانۆگه‌ری (لیستراتا) ی ئه‌ریستۆفانیس له ده‌رهێنانی جۆدیت هۆلانده‌ر.
وێنه‌ی ژنی سویدی له‌نمایشه‌كانی ژنانی شانۆكاردا به‌ره‌نجامی كولتوری ئه‌و كۆمه‌ڵگاییه، بۆیه ئه‌و ده‌مانه‌ی به‌ره‌و نا‌و تێكسته كلاسیكیه‌كانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه، داڕشتنه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنه‌كان به ئێستاكردنی كۆمه‌ڵگایه، بۆیه به‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی شانۆی فێمێنیستی سویدی وای لێهاتووه شانۆیه‌ك نه‌بێت تایبه‌ت بۆ توێژێكی دیاریكراو هێنده‌ی شانۆیه‌كه گوتاره شانۆییه‌كه‌ی سویدیش ده‌خاته ژێر هه‌ره‌شه‌یه‌ی خۆیه‌وه به‌وه‌ی هه‌ندێك ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن تێكسته شانۆییه‌كانی تیریزا ئیلینا له‌ئاستی تێكسته شانۆییه‌كانی لاش نۆریندایه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی ئه‌و كولتوره‌یه كه بۆ لابردنی زه‌بروزه‌نگ نه‌هاتووه ڕه‌گه‌زه‌كان له‌یه‌كتری جیا بكاته‌وه، به‌ڵكو ڕه‌گه‌زه‌كان له په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به‌ره‌و پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی ڕه‌گه‌زه‌كان ڕۆیشتووه، ئه‌وه‌ش وای كردووه ژنێكی وه‌كو ئۆسا كالمه‌ر كه بووه به یه‌كێك له ده‌رهێنه‌ره ناسراوه‌كانی شانۆی فێمێنیستی به‌ته‌نیا له‌ته‌ك ژن‌دا كاری نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌و وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ری ناسراو ئینگمار بێرگمان كاری كردووه، كه بێرگمان به‌ر له‌وه‌ی ڕوو بكاته سینه‌ما یه‌كێك بووه له‌ده‌رهێنه‌ره دیاره‌كانی شانۆ‌و زۆرجاریش ئیشی له‌تێكسته‌كانی سترێندبێری كردووه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه به‌ته‌نیا به‌ره‌نجامی تێكه‌ڵبوونی كاركردن نه‌بووه له‌ته‌ك ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، به‌ڵكو ئیشكردنه‌وه بوو له‌ته‌ك كولتوره‌كانیتریشدا به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌ناهه‌ندانه‌ی هه‌ر له مناڵیه‌وه تێكه‌ڵی كولتوری سویدی بوونه له‌وانه نوسه‌رو ده‌رهێنه‌ر فرناز ئه‌ربابی كه له‌ته‌مه‌نی سێ ساڵیه‌وه له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ئێران به‌جێ دێلن ڕوو ده‌كه‌نه سوید و ده‌بێته یه‌كێك له‌ناوه‌كانی ئه‌م شانۆیه “ته‌واوی كاره‌كانی له‌نێوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌كه وشانۆی سویدی سه‌ركه‌وتنی وه‌ده‌ست هێناوه، شانۆگه‌ری (په‌لاماردان یاخود قه‌ڵاچۆكردن) ی بۆ تیپی شانۆی شاری ستۆكهۆڵم ڕه‌زامه‌ندی ڕه‌خنه‌گران وبینه‌رانی سویدی وه‌ده‌ست هێنا” (6) ئه‌و خانمه به ڕه‌گه‌ز ئێرانیه كێشه‌ی په‌ناهه‌نده‌یی و گرفته‌كانی ژن له كۆمه‌ڵگای دووه‌مدا بۆته خه‌می ژنانه‌ی و ئاوێته‌ی شانۆكه‌ی بووه.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی تر كه له شانۆی فێمێنیستی سویدی ئاماژه بۆ ڕۆڵی دیاریبكرێت نووسه‌رو ئه‌كته‌ر نیستی ستێركه كه به ڕه‌گه‌ز كورده‌و خه‌ڵكی كوردستانی توركیایه به‌تایبه‌ت به شانۆگه‌ری (ژینۆ) كه وه‌ك نووسه‌رو ئه‌كته‌ر تیای ده‌ركه‌وت، ئه‌م نمایشه باس له “گێڕانه‌وه‌ی ژیانی خانمێكی كورد ده‌كات كه خاوه‌نی كولتورێكی تایبه‌ته، ڕووبه‌رووی كولتوری ئه‌ویتری نامۆ ده‌بێته‌وه” (7)
شانۆی فێمێنیستی هیندی
فێمێنیزم له شانۆی هیندی خاڵی نه‌بووه له‌و هۆكارانه‌ی كه كولتوره‌كانیتر هه‌ڵیگریبوونه، هێنده‌ی ئیشكردنه‌وه‌ی له‌ناو كولتوری هیندی بۆته هه‌ڵگری پرسیاری جیاواز، هه‌ڵبه‌ت بوونی ژن له‌شانۆی هیندی ئاماده‌بوونێكی رواڵتخوازانه بووه تا ئه‌و ده‌مه‌ی ماڵئاوایی له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌كه‌ن، شانۆی هیندی هاوكات له‌گه‌ڵ مێژووی ئه‌زموونی شانۆكانی دنیا ئاشنا ده‌بێت به گوتاری ئه‌زموونگه‌ری له شانۆدا، شانۆی فێمێنیستیش وه‌ك ڕه‌وتێكی ئه‌و ئه‌زموونكاریه‌ته ده‌رده‌كه‌وێت.
شانۆی فێمێنیستی هیندی هه‌ڵگری دوو بونیاده بۆ گوتاری پێكهاته ئه‌وانیش تێكست وه‌ك بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وجه‌سته‌ی ژن وه‌ك ئاماده‌بوویه‌كی نا‌و شانۆ، به‌واتای ژن له‌م شانۆیه‌دا ئاماده‌بوونی ڕه‌گه‌زیه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه‌ش وای كردووه شانۆی فێمێنیستی هیندی شانۆیه‌كی سۆسیۆلۆژی بێت، هه‌ڵگری كولتورو ئه‌فسانه‌و ئاین بێت، هه‌ڵبه‌ت له‌م شانۆیه‌دا ته‌نیا ژنه‌كان ده‌رهێنه‌ر نه‌بوون، به‌ڵكو به‌شێك له ده‌رهێنه‌رانی پیاویش كاریان بۆ ئه‌و شانۆ فێمێنیسته كردووه، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته جیاوازه‌كانی شانۆی فێمێنیستی كولتوری خۆرئاوایی.
ئه‌م شانۆیه هه‌نگاوه‌كانی له‌سه‌ره‌تاوه له‌ڕێگه‌ی تێكسته جیهانیه‌كانه‌وه بوو، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵیان ده‌دا كاره‌كته‌ره ژنه‌كانی وه‌كو نورای ماڵی بووكه شووشه له شێوه‌ی شانۆی مۆنۆدرامی بخه‌نه ڕوو، به‌م دواییه‌ش ڕووكراوه‌ته ڕۆمانه‌كان و بۆ شانۆ ئاماده‌كراوه‌ته‌وه، وه‌ك ئاماده‌كردنه‌وه‌ی ڕۆمانی (ئۆمراد) ی محه‌مه‌د هادی ڕوساو، بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه له‌باره‌ی كه‌سێتی ژنێكی سۆزانیه كه ژنی تیا وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی سێكسی خراوه‌ته ڕوو، كه بۆته ڕه‌مزی قوربانی وجوانی بایه‌لۆژی، ئه‌گه‌رچی “ئه‌وه‌ش ناگات به ئه‌نجام ته‌نیا به گێڕانه‌وه نه‌بێت، كه‌سێتیه‌كه گه‌یشتۆته ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ن، ڕۆڵی سۆزانیشی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی خستۆته ڕوو” (8)
بۆیه له‌شانۆی فێمێنیستی هیندیدا هه‌میشه جه‌ختكراوه‌ته‌وه سه‌ر ئازادبوونی ژن ومه‌سه‌له‌ی سێكس وژن وڕوانینی پیاو بۆ ژن ته‌نیا وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك و فه‌رامۆشكردنی رۆحی ژن ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م شانۆیه بووه.
فێمێنیزم له شانۆی عه‌ره‌بیدا
ئه‌و ده‌مه‌ی باسی فێمێنیزم له شانۆی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ین، ده‌بێ ئه‌وه به‌هه‌ند وه‌ربگرین كه كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ڕێسای ژیان ڕێسای بیابان بووه‌و بوونی ئاینی ئیسلامیش زاده‌ی ئه‌و كولتوره‌یه كه مرۆڤی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر په‌روه‌رده بووه، واته چ وه‌ك نه‌ته‌وه‌و چ وه‌كو ئاین نابێت ئه‌وه فه‌رامۆش بكرێت كه كولتوری عه‌ره‌بی به‌رده‌وام ئیشی له‌سه‌ر به‌ربه‌ست درووستكردن كردووه بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌و كولتوره بووه كه دیدێكی گۆشه‌گیریی بۆ ئاكارو بیركردنه‌وه خوڵقاندووه، ئه‌وه‌ش بۆته دامه‌زراندنی شوناسی مرۆڤێكی عه‌ره‌بی موسوڵمان، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی بیركردنه‌وه له شانۆیه‌كی فێمێنیستی ده‌بێته خه‌ون بۆ رٍزگاربوون له‌و عه‌قڵیه‌ته ئه‌وه مانای وایه پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ری عه‌قڵی گۆشه‌گیر.
هه‌ڵبه‌ت بۆ گه‌یشتن به شانۆیه‌ك كه ژن تیایدا خاوه‌نی شوناس بێت ده‌بێت سه‌ره‌تا له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شوناسی مرۆڤ وه‌ك پیاو ده‌ست پێبكرێت، ئه‌و شوناسه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئاینه‌وه بخوێنرێته‌وه ئاین و ڕێسا‌و كو‌لتور تێكبشكێنرێ و له ڕووبه‌ری ناته‌بادا ژن بنووسێته‌وه، ئه‌و نووسینه‌وه‌یه سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی فێمێنیزمه له شانۆی عه‌ره‌بیدا.
ده‌ركه‌وتنی فێمێنیزم له شانۆی عه‌ره‌بیدا سه‌ره‌تا پیاوان ئه‌و هه‌وڵانه‌یانداوه له‌هه‌ندێك تێكستی شانۆیی بۆ نموونه تۆفیق حه‌كیم ویستویه‌تی قسه له‌و جه‌ورو سته‌مانه بكات كه له‌سه‌ر كاره‌كته‌ره ژنه‌كاندایه، به‌ڵام سه‌ره‌تای كاركردنی ڕاسته‌قینه‌ی ژنی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و شانۆیه شانۆیه‌ك ژن به‌رهه‌م هێنه‌ری بێت له‌ڕێگه‌ی نووسینی تێكستی شانۆیی بووه، ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌وه هه‌وڵێك نه‌بووه بۆ نووسینه‌وه‌ی شوناسی ژن‌بوون، هێنده‌ی نووسین پڕۆسه‌یه‌كه بۆ خۆسه‌پاندن، ئه‌و ژنانه‌ش سه‌ره‌تا بریتی بوونه له ژنانی نووسه‌ری میسری له‌وانه (فه‌تحیه ئه‌لعه‌سال، له‌یلا عه‌بدولباست، وه‌فا وه‌جدی، نیهاد جاد، فه‌وزیه مه‌هران، نادیه ئه‌لبه‌هناوی) به‌دوای ئه‌وان كۆمه‌ڵه ژنێكیتر له‌و بواره‌دا ده‌ركه‌وتوون له‌وانه نوسه‌ری به‌حرێنی حه‌مده خه‌میس تێكستێكی نووسیوه به‌ناوی (به‌سه‌ر شۆسته‌ی نه‌ویستنه‌وه) له عیراقیشدا دوو ژن ده‌ركه‌وتوون ئه‌وانیش (عه‌واتف نه‌عیم) ی ئه‌كته‌رو (له‌تیفه ئه‌لدولێمی) چیرۆكنووس وله‌ووڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و هه‌ندێك وولاتی تر چه‌ند ناونێكیتر به‌دی ده‌كرێن له‌وانه (مه‌لحه عه‌بدولڵا، مه‌ی زیاده، له‌تیفه ئه‌لزیات، نه‌وال ئه‌لسه‌عداوی) وچه‌ند ژنێكیتریش وه‌ك نووسه‌ری شانۆیی ده‌بینین.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ناوانه نه‌یانتوانیووه وه‌ك هه‌وڵدان بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی كاربكه‌ن، هێنده‌ی ویستویانه وه‌ك ژنانێك بۆ نووسینی شانۆیی بوونی خۆیان بسه‌پێنن، دواتر چه‌ند هه‌وڵێكی ده‌گمه‌نیان له‌و بواره داوه، له‌وانه عواتف نه‌عیم شانۆگه‌ری (ماڵی به‌رنادا ئه‌لبا) ی لۆركا ده‌كات به تێكستێكی تازه‌ی ئاماده‌كراو به‌ناوی (ماڵی خه‌مه‌كان) ، به‌دوای ئه‌وه له‌تیفه ئه‌لدولێمی شانۆگه‌ریه‌ك ده‌نووسێت به‌ناوی (شه‌وانی سۆمه‌ری) ئه‌م تێكسته شانۆییه وه‌ك ڕه‌خنه‌گر عه‌واد عه‌لی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات دیدێكی فێمێنیستیه بۆ داستانی گلگامشی سۆمه‌ری (9)
هه‌وڵه‌كانی دواتر به‌رده‌وام بوونه، به‌ڵام كه‌متر ژنانی نێو نووسینی تێكستی شانۆیی خه‌می شانۆیه‌كی فێمێنیستی هه‌ڵده‌گرن، هێنده‌ی وه‌ك پڕۆسه‌ی نووسین تێكست ده‌نووسن، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك هه‌وڵ به‌دی ده‌كرێت وه‌ك بنه‌مای به‌هێز بۆ شانۆی فێمێنیستی، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه پیاوان به‌رهه‌میان هێناوه نه‌ك ژنان له‌وانه شانۆگه‌ری (كۆماری قه‌یره‌كان) ی عه‌بدولستار ناسر، ئه‌گه‌رچی زۆرجاریش ئه‌و تێكستانه بۆ شانۆ ده‌رهێنراون كه ژن تیایدا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كێشه‌كانه، به‌ڵام گرفتی كولتوری نه‌یهێشتووه ئه‌و نمایشانه له‌كۆت و په‌ندو چه‌پاندنه‌كانی سیستمی ئه‌خلاقی ڕزگاریان بێت، به‌ده‌گمه‌ن هه‌ندێك ژنانی ده‌رهێنه‌ریش له شانۆی عه‌ره‌بی به‌دی ده‌كرێت له‌جۆری ژنه ده‌رهێنه‌ری تونسی ره‌جا بن عه‌مار، كه دیدی فێمێنیستیانه به تێكسته بیانیه‌كانی وه‌كو فاوستی گۆته ببه‌خشێت.
شانۆی ژن له كۆمه‌ڵگای پیاودا
ئاخۆ له‌دنیای كوردیدا له كۆمه‌ڵگایه‌ك كه پیاو دنیای زه‌وتكردووه شانۆی ژن بوونی هه‌یه یاخود ژن له‌په‌راوێزی شانۆی پیاودا كاره‌كته‌رێكی بچووكی نا‌و شانۆیه؟ عه‌قڵیه‌تی نێرسالاری ده‌رهێنه‌ران كه وه‌ك پیشه دراوه به پیاوان ده‌توانێ به‌دژی ڕه‌گه‌زی كاربكات بۆ شانۆیه‌كی ژنانه؟
لێره‌دا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه جێگای سه‌رنجه ئاخۆ له‌دنیایه‌كدا كه كۆمه‌ڵگای كوردی پیاو زه‌وتیكردووه ئاماده‌بوونی ژن له شانۆی ئێمه‌دا له چ ئاستێكه؟ ئاخۆ ئێمه شانۆیه‌كمان هه‌یه پێی بووترێ شانۆی فێمێنیستی؟ ئه‌و نمایشانه چین كه بنه‌مایه‌كی بۆ شانۆی فێمێنیستی خوڵقاندووه؟ ئاخۆ عه‌قڵی په‌تریاركی ده‌رهێنه‌رانی كورد توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌دژی ڕه‌گه‌زی خۆی كاربكات بۆ شانۆیه‌كی ژنانه؟
ئه‌و ده‌مه‌ی عه‌قڵی نێرسالاری كۆمه‌ڵگای كۆنترۆڵ كردبێت دۆخێكی سرووشتیه كه شانۆی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌و عه‌قڵی پیاوه‌تی بێت، پیاوبوون وه‌ك ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی كه كۆمه‌ڵگا وێنای كردووه, بۆیه بزووتنه‌وه‌ی شانۆیی ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای له‌دایكبوونیه‌وه شانۆی پیاوه هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه دنیای ئێمه دنیای نێرایه‌تی ئه‌و عه‌قڵه بووه كه كۆمه‌ڵگای به‌ڕێوه بردووه هه‌میشه ژن په‌راوێزی ئه‌و عه‌قڵه بووه, بۆیه بزووتنه‌وه‌ی شانۆییمان تا كۆتایی په‌نجه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هیچ ژنێكی به‌خۆیه‌وه نه‌دیووه ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌كه‌م ژن دێته سه‌ر شانۆ (10)
ئه‌و ڕووداوه وه‌ك ساته‌وه‌ختێكی ڕۆشنگه‌ری شانۆییمان ئه‌بینرێت, كه به‌دوای ئه‌و مێژووه شانۆكاری كورد ڕزگاری ده‌بێت وه‌ك چۆن له‌كۆمه‌ڵگادا ژیان دابه‌ش كراوه‌ته سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كان له‌ڕێگه‌ی پیاوه‌وه ئاواش له‌شانۆدا كاره‌كته‌ری ژنه‌كانیش هه‌ر به پیاوه‌كان ئه‌درا, هه‌ڵبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاقی ئه‌و خزمه‌ته‌ی ئه‌و ئه‌كته‌رانه له بینینی ڕۆڵی ژن به‌دیان كردووه, به‌ڵام له‌دیدگایه‌كی كۆمه‌ڵناسیه‌وه ئه‌و حاله‌ته لادانه له‌دۆخی سرووشتی ڕه‌گه‌زی به‌وه‌ی ئه‌و پیاوانه ئاره‌زوویان له گۆڕینی ڕه‌گه‌زی و بیركردنه‌وه له‌هه‌ستی ژنبوونه له‌ناو پیاوبوون كه ته‌نانه‌ت له‌ساته‌وه‌ختی نمایشیش خودی ئه‌كته‌ر ڕووبه‌رووی دوو مرۆڤ ده‌بێته‌وه له‌ناو خۆی یه‌كێكیان خودی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه (خودێكی نێرینه) مرۆڤی دووه‌میش خودی نمایشكاره (خودێكی مێینه)
ئه‌و دوو به‌ریه‌ككه‌وتنه ڕه‌گه‌زیه له‌پێناو لابردنی ڕه‌گه‌زی نیه له شانۆدا، به‌ڵكو قووڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی ڕه‌گه‌زیه، ژن ته‌نیا وه‌ك خزمه‌تكارێك و هه‌ستێك بۆ وورووژاندن وبه‌پێی عه‌قڵی نێرایه‌تی ده‌بێت ڕه‌فتار بكات، كه عه‌قڵی نێربوون هه‌میشه بۆ ئه‌وه‌ی شوناسێكی ئه‌خلاقی بدات به‌و ژنه پێویسته نیشتیمانپه‌روه‌ر بێت و ببێته ڕه‌مزی خاك و نموونه‌ی ڕه‌وشت بێت.
سه‌ره‌تای حه‌فتاكان به‌هۆی هه‌ندێك گۆڕانكاری سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردی تاڕاده‌یه‌ك هه‌نگاوی هه‌ڵهێنا له‌لایه‌ك به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار ده‌رفه‌تی زیاتری كرده‌وه له‌لایه‌كیتر كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب وهونه‌ری عه‌ره‌بی خۆی ده‌سه‌پانده سه‌ر رۆشنبیریی كوردیی، بۆیه له‌دایكبوونی گروپی كفری و ڕوانگه وه‌ك دوو گروپی ئه‌ده‌بی په‌یوه‌سته به‌و قۆناغه تازه‌یه‌ی ژیانه‌وه، شانۆكاری كوردیش هه‌نگاوی هه‌ڵهێنا وژماره‌ی نمایشه‌كانی زۆر زیاد ده‌كات، ئه‌مرۆ شانۆكارانی ئه‌و ڕۆژگاره به قۆناغی زێڕین ناوی ده‌به‌ن.
ئه‌و قۆناغه زێڕینه قۆناغی سه‌پاندنی عه‌قڵیه‌تی نێرسالاریه له بزووتنه‌وه‌ی شانۆییمانداو نه‌یتوانیووه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گه‌شه به‌خۆی بدات، ئه‌گه‌رچی چه‌ند شانۆكارێك ده‌یانه‌وێ ڕه‌خنه له‌نه‌ریته دواكه‌وتووه‌كانی كۆمه‌ڵگا بگرن له‌ڕێی دامه‌زراندنی گروپی هاوڕێیانی گه‌زیزه، كه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كچه مناڵكاره (گه‌زیزه عومه‌ر) ڕه‌خنه له عه‌قڵی پیاوانی نا‌و كۆمه‌ڵگا گیراوه، ئه‌و مناڵه وه‌ك كچێك سه‌ر شانۆ‌و ته‌له‌فزیۆنی ماڵه‌كانمان داگیر ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ناسه كورتی ئه‌و كارانه نه‌توانراوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تی شانۆییمان جێبێلێت، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هۆكار له‌وانه ده‌ست نیشانكراویی تێكسته‌كان له‌شێوه‌یه‌كی ساده‌و زیاتر ڕه‌خنه‌گرتنێك بووه هه‌ندێك جار وه‌ك مه‌نه‌لۆژێكی كۆمیدی خۆی خستۆته ڕوو، هه‌روه‌ها نه‌بوونی ده‌رهێنه‌ری به‌توانا له‌م ڕۆژگاره ئه‌و هه‌وڵانه‌ی وه‌ك ته‌قه‌لڵا هێشتۆته‌وه كه نه‌توانرێت له‌ناو شانۆیه‌كی باڵا بخرێته ڕوو، نه‌بوونی ئاگاییه‌كی ڕه‌خنه‌یی هۆكارێكیتره له‌وه‌ی ئه‌و تیپه نه‌بێته تیپێكی جیاواز بۆ بنیاتنانی دیدێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ژن، به‌ڵكو ئه‌ویش دێت نمایشێك ئه‌نجام ده‌دات كه له‌بنه‌ڕه‌تدا سووكایه‌تیكردنه به ژن ئه‌ویش شانۆگه‌ری (خانمی مه‌كرباز) ه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه ده‌بنه زه‌مینه‌و سه‌ره‌تایه‌كی پته‌و بۆ ئه‌زموونی ئه‌و كچه مناڵكاره كه له‌ته‌مه‌نی گه‌نجی سه‌ر له‌نوێ دێته‌وه سه‌ر شانۆ‌و ئه‌مجاره به‌ته‌واوی خۆی بۆ شانۆیه‌كی ژنانه ته‌رخان ده‌كات.
تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هیچ هه‌وڵێكی ئه‌وتۆمان نیه بۆ شانۆی ژن كه جێگای سه‌رنج بێت، به‌ڵام به‌دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه گه‌نجێك ڕوو ده‌كه‌نه كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غداو چ له‌كاتی خوێندكاریان و چ له‌دوای ته‌واو كردنی كۆلێژ ئه‌و گه‌نجانه بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆی ئه‌زموونكاری له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌خوڵقێنن، كه ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر شانۆكارانی تریش درووست بكه‌ن، گه‌زیزه عومه‌ر له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو دوو شانۆگه‌ری (سروودێكی خۆشه‌ویستی) و(دارتووه‌كه) كێشه‌ی ژن ده‌بێته خه‌می سه‌ره‌كی شانۆیی ئه‌م خانمه شانۆكاره.
له شانۆگه‌ری (ده‌روازه داخراوه‌كان) ئه‌و كێشه‌یه وه‌ك كێشه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی ده‌خاته ڕوو، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ نا‌و مێژوو دیوارێك كه له‌وێنه‌یه‌كی مه‌جازی ده‌بێت به هێلانه‌ی جانجالۆكه ئه‌و هه‌ست به‌كۆیله بوونی ژن ده‌كات بۆیه پێی وایه ژن‌بوون لێره نه‌خۆشی نیه هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌كاته‌وه: دكتۆر بۆ دێته ئێره؟
ئه‌و پرسیاره له په‌راوێزدا ده‌مێنێته‌وه، چونكه گه‌ڕانه‌وه بۆ نا‌و مێژوو به‌نده به كووشتنی پرسیار، كوشتنی ئازادیش ئه‌و تینوویه‌تیه بۆ ئاو كردووه به وێنه‌یه‌كی مه‌جازی بۆ ڕزگاربوون له كۆیله‌تی، بۆیه ماڵ ڕووبه‌رێك نیه بۆ ئارامی ژن، به‌ڵكو شێتخانه‌یه‌كه تیایدا پیاو كردوویه‌تی به زیندان، به‌ندكردنی ژنان تیایدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی دنیای كاره‌كته‌ره‌كان دنیایه‌ك نیه ئه‌وان خاوه‌نی بن، به‌ڵكو دنیای پیاوه، جیاكردنه‌وه‌ی یاخی بووه‌كان (شێته‌كان) له‌كۆمه‌ڵگادا بیرۆكه‌ی له‌دایكبوونی شوناسی ده‌قه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وه مۆدێرنه بوو شێت و عاقڵه‌كانی له‌یه‌كتر جیا كرده‌وه، گوتار له‌و ناسینه ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه عاقڵه‌كان له‌و دنیایه‌دا بریتین له پیاوه‌كان ئه‌وه به‌پێی تێگه‌یشتنی لۆژیكی نێره‌كانه‌وه، ده‌بێ ژنه‌كان كه به شێته‌كان ده‌یانناسینه‌وه له كۆمه‌ڵگا دوور بخرێنه‌وه، بخرێنه زیندانی تایبه‌ته‌وه، ئه‌وان له‌و زیندانه پێویستیان به‌نواندنی هیچ گه‌مه‌یه‌ك نیه، چونكه پیاوه‌كان گه‌مه‌ی زیندانیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ی زه‌نگه‌وه، زه‌نگی دیده‌نی ده‌گۆڕدرێت بۆ زه‌نگی كاتی خه‌وتن، خه‌واندنی جه‌سته به‌ته‌نیا بێده‌نگ كردنی ژنه‌كان نیه، هێنده‌ی سه‌ركوتكردنه‌وه‌ی تواناكانی به‌رامبه‌ره له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا ئایدیۆلۆژیه‌كان (11)
هه‌ڵبه‌ت شێتی به‌لای شكسپیر پله‌یه‌كه له‌سه‌رووی عه‌قڵه‌وه له‌ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فی فێمێنیستێكی وه‌كو ژۆلیا كریستیفا هاملێت له‌ساته‌وه‌ختی شێتی حه‌قیقه‌ت ده‌خاته ڕوو، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر قه‌بووڵ نه‌كردنی شێته‌كان بووه له كۆمه‌ڵگا “وای له فۆكۆ ده‌كرد ئه‌و ووته‌یه‌ی باسكال بێنێته‌وه یاد: شێته‌كان به‌ڕاده‌یه‌ك شێتن، كه ئه‌گه‌ر بێت و مرۆڤ وابزانێت كه شێت نییه، ئه‌وا به جۆرێكی دی شێته” (12)
له‌شانۆی گه‌زیزه‌دا كه شانۆیه‌كه دیدێكی فێمێنیستیانه‌ی هه‌یه بۆ ژن، به‌ڵام فێمێنیستێك دواجار له‌دیدی ڕه‌خنه‌ییه‌وه ده‌توانین به شانۆی ژن ناوی به‌رین، كه فێمێنیست بوونی له‌ڕێگه‌ی گرفته‌كانی ژنه، به‌ڵام ئه‌م شانۆیه نه‌یتوانیوه گۆڕان له پێكهاته‌ی گوتاری نمایش بخوڵقێنێت، هه‌رچه‌نده هه‌وڵه‌كانی ئه‌و به‌ڕاده‌یه‌ك زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌و شانۆیه خوڵقاندووه، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌ك پێویستی به گۆڕان له دیمه‌نه شانۆییه‌كه‌و له گوتاری نمایش هه‌یه. (13)
له‌لایه‌كیتر تیپی شانۆی ئه‌زمونگه‌ری كوردی به‌هه‌وڵه‌كانی له نمایشه‌كانی (رۆژی سێیه‌م له چاوه‌روانی گۆدۆ، له‌چاوه‌روانی سیامه‌ند) توانیویه‌تی دوو هه‌وڵی شانۆی ژن به‌رجه‌سته بكات، وه‌ك دوو بنیاتی ژێرخان بۆ شانۆی فێمێنیستی لێیه‌وه بڕوانین، له نمایشی (رۆژی سێیه‌م له چاوه‌روانی گۆدۆ) دا ده‌رهێنه‌ر شه‌ماڵ عومه‌ر جگه له‌وه‌ی چه‌مكی چاوه‌روانی درێژكردۆته‌وه له‌ناو تێكستی بیكت ناوی بردووه به رۆژی سێیه‌م به‌واتای چاوه‌ڕوانیه‌كه له‌دوای تێكستی بیكته‌وه، ئه‌وه‌ش حاله‌تێكی هه‌ره‌مه‌كی نه‌بووه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی گه‌ڕان و پرۆژه‌یه‌كی ئه‌زموونكاری بووه كه “سه‌ره‌تا له داڕشته‌و پێكهاته هونه‌رییه‌كه‌یدا شوێن وه‌ك پانتاییه فراوانه‌كه‌ی لای بیكیت نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو تێكیشكاندووه‌و پڕۆسه‌كه‌ی له شوێنێكی پانتایی ته‌سكی دوو مه‌تر چوارگۆشه‌دا به‌رجه‌سته كردووه” (14)
له‌لایه‌كیتر چاوه‌ڕوانیكه‌ران بریتین له دوو ژن، خه‌می مرۆڤبوون چیتر له پیاو به‌رجه‌سته نابێت، به‌ڵكو له‌ژندا به‌رجه‌سته بووه ئه‌وه‌ش گۆڕینه له‌و عه‌قڵیه‌تی نێرسالاریه‌ی نا‌و گوتاری شانۆییمان.
هه‌روه‌ها شانۆگه‌ری (له‌چاوه‌ڕوانی سیامه‌ند) ده‌كرێت به درێژه‌ی ئه‌م هه‌وڵه دابنرێت، چونكه دیدی چاوه‌ڕوانی ئه‌مجاره له‌ناو دوو ژنی كوردی نه‌ك وه‌ك خودی كاره‌كته‌ر، به‌ڵكو وه‌كو خودی ژنی كوردیی به‌رجه‌سته ده‌بێت ئه‌و به‌رجه‌سته بوونه له‌م نمایشه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ژێرخان‌و سه‌ره‌تای شانۆی فێمێنیستی كوردی لێی بڕوانین “ئه‌وان دوو جه‌سته‌ن له‌ناو ده‌روونی یه‌ك بووندا، له‌هه‌ندێ ساتدا كه یه‌كێكیان جیاواز له‌وه‌یتر نواندن ده‌كات، خۆمان له‌به‌رامبه‌ر ده‌روونێكی به‌شكراو ده‌بینینه‌وه له‌نێوان حاله‌تی چاوه‌ڕوانی و حاله‌تی نائاماده‌بوون، ئا ئه‌وه سیامه‌نده ده‌گوازرێته‌وه له زمانی جه‌سته‌ی كاركه‌ر بۆ پێكهاته‌یی ئاماژه‌كاری ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ده‌لاله‌ت، به‌و په‌ڕی هێزه‌وه ئاگایی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌و خاوه‌ن توانای ئه‌ویتره، ئاماده‌نه‌بوونی ئاماده‌بوونێكی كاریگه‌ره له‌دوو جه‌سته‌كه‌دا” (15)
ئه‌زموونی نووسینی ده‌قی شانۆیی له‌لای هه‌ریه‌كه له (حه‌مه كه‌ریم هه‌ورامی، ته‌ڵعه‌ت سامان، مه‌هدی ئومێد، ئه‌حمه‌د سالار) ژن تیایدا كاره‌كته‌رێكی چالاكه، به‌ڵام ژنێك نیه خه‌ونی گۆڕینی دنیا‌و هێزێكی ئاماده بێت وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی مرۆیی، به‌ڵكو هه‌میشه جه‌سته‌یه‌كی به په‌راوێزكراوه یا قوربانیه‌كه ده‌بێت له‌پێناو پاكی وڕاستگۆیی ژیانی خۆی ببه‌خشێت، وه‌ك له‌لای ته‌ڵعه‌ت سامان له (شاری ئه‌وین) دا ده‌یبینین كه هه‌مان ڕوانین ده‌سه‌پێته‌وه سه‌ر شانۆگه‌ریه‌كانی (وه‌لی دێوانه‌وشه‌م، محه‌مه‌د وسێوێ، لاس و خه‌زال، سورمێ خان ) یاخود له‌لای حه‌مه كه‌ریم هه‌ورامی له (خانزادێكیتر) ژن له‌ناو خه‌ون ودیدی بۆ ژیان دید و عه‌قڵیه‌تێكی نێرینه‌یی ده‌یخنكێنێت.
له ئه‌زموونی ئه‌حمه‌د سالار ئاماده‌بوونی ژن ئاماده‌بوونی چه‌مكی مه‌جازه بۆ ڕاستگۆیی ونیشتمانپه‌روه‌ری، ته‌نانه‌ت كاره‌كته‌ره‌كانی وه‌كو سه‌لماو حه‌بیبه‌و ژنه‌كانیتریش یاخی بوون و ده‌سه‌ڵاتیان به‌نده به‌و دیده پاكیزه‌ییه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیار له‌وه بكرێت ئاخۆ پاكیزه‌یی بوونی هه‌یه؟ ئایا پیاو خۆی پاكیزه‌یه تاداوا له‌ژن بكات پاكیزه بێت؟
ئه‌و ده‌مه‌ی ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیارانه ده‌بینه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شانۆیی ئێمه چونكه بزووتنه‌وه‌یه‌ك بووه وابه‌سته‌ی عه‌قڵیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیمان بووه، بۆیه نه‌یتوانیووه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ ژن خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ وجیاوازی هه‌بێت، به‌واتای شانۆكه‌مان زاده‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مان وێنه‌ی نا‌و كۆمه‌ڵگا بووه نه‌وه‌كو تێكشكاندنی دیدی باوی كۆمه‌ڵایه‌تی وبنیاتنانه‌وه‌ی له ئاگایی كۆمه‌ڵگا، ئه‌وه‌ش وایكردووه ژن هه‌موو تواناكانی بتوێنێته‌وه له‌ناو گوتاری پیاوبوون و ببێته په‌راوێزی ئه‌و گوتاره، بۆیه ئه‌وه بۆته دۆخێكی سرووشتی بۆ ده‌رهێنه‌رانی شانۆ كه بیر له‌وه نه‌كه‌نه‌وه له نمایشی شانۆییدا به‌دژی ڕه‌گه‌زی عه‌قڵیه‌تی نێرینه‌یی كار بكه‌ن.
هه‌ر بۆیه ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌چینه‌وه سه‌ر تێكسته نووسراوه‌كانی وه‌كو ده‌ق و ڕه‌خنه ده‌بینین هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی توانیویانه زه‌مینه بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی بنیات بنێن پیاوه‌كان نه‌بوونه، به‌ڵكو ئه‌وه ژنه‌كان بوونه خانمانی شانۆكار خۆیان ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌و شانۆیه كردووه، بۆئه‌وه‌ی ژێرخانێك بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی بێننه بوون، به‌تایبه‌ت له شانۆی مۆنۆدرامادا كه دواتر دێینه سه‌ری، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر ئیحسان عوسمان ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ شانۆی فێمێنیستی كوردیی تێكده‌شكێنێت.
ئه‌گه‌ر شانۆگه‌ری (ماڵی به‌رنادا ئه‌لبا) ی لۆركا ببێته زه‌مینه‌و ده‌روازه‌ی ده‌رهێنه‌ران و نووسه‌رانی شانۆی فێمێنیستی، ته‌نانه‌ت نوسه‌ری عیراقی عه‌بدولستار ناسر كاتێ شانۆگه‌ری (كۆماری قه‌یره‌كان) ده‌نووسێت ده‌بینین له‌ڕووی فه‌زاو ئه‌تمۆسفێری گشتی ئه‌م شانۆگه‌ریه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆیه بۆ ژنانی لۆركا له‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌لبا، بۆیه ئیحسان عوسمان ده‌بێته یه‌كێك له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی ڕووبه‌رووی ئه‌و تێكسته ده‌بێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌ویش ده‌رهێنه‌ری تر ئه‌شێت كاری تیا كردبێت، به‌ڵام دیدی ئه‌و بۆ ئه‌و تێكسته به‌ر له‌هه‌ر شتێك هه‌ولێكی بوێرانه‌یه، چونكه به‌جه‌سته‌ی ناكوردیی رووبه‌رووی بینه‌ری كورد ده‌بێته‌وه، دواتر به‌ته‌نیا گرفتێكی ڕه‌گه‌زی خه‌می نمایش نیه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌پرۆسه‌یه‌كی ئه‌ركیۆلۆژیه‌وه جه‌سته ده‌بێته ڕووبه‌ری ئاماده‌ی نا‌و نمایش كه ئێمه لێره‌دا ناوی ده‌به‌ین به سه‌مایه‌ك بۆ ئه‌ركیۆلۆژیای تێكست.
سه‌مای ئه‌ركیۆلۆژیای تێكست له ماڵی به‌رنادا ئه‌لبا
به‌رنادا دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و بێوه‌ژن بوونی پرسه‌یه‌كی هه‌شت ساڵی داده‌نێت كه ده‌بێت كچه‌كانیشی پابه‌ندی سرووتی ئه‌و پرسه‌یه بن، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی شانۆگه‌ری (ماڵی به‌رنادا ئه‌لبای) ی شاعیری ئیسپانی لۆركا له‌دیدی ده‌رهێنه‌ری كورد ئیحسان عوسمان وكۆمه‌ڵه ئه‌كته‌رێكی ئه‌ڵمانی ده‌بێته قه‌سیده‌یه‌كی سه‌ما ئامێزی كولتوریی كه جه‌سته له‌ودیو ووشه‌وه ده‌یه‌وێت مانایه‌كی فراوانتر به بۆشایی شانۆ ببه‌خشێت.
ئه‌وه پرۆسه‌یه‌كه بۆ له‌دایكبوونی شیعریی پانتایی.. ژنه‌كانی ماڵی به‌رنادا ئه‌لبا گه‌مه ده‌كه‌ن.. گۆرانی ده‌ڵێن.. سه‌ما ده‌كه‌ن و مۆسیقا ده‌ژه‌نن، به‌ڵام له‌ناو سرووتێكی خه‌مگیندا سرووتێك كه ئه‌وان به‌سه‌ر خۆیاندا نه‌سه‌پاندووه، به‌ڵكو خاتوو برنادای بێوه‌ژن سه‌پاندوویه‌تی، له‌فه‌زایه‌كی بچووكراوه كه مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ره ڕووداوه‌كان له ماڵێكی خنكێنراو به‌رجه‌سته بكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی جوانكاریه‌وه ئه‌و جۆره فه‌زایه جۆرێك له كوشتن بۆ به‌های بۆشایی بنیات ده‌نێت، به‌ڵام له ڕووی فیكریه‌وه ئه‌و حاله‌تی خنكانه به‌رجه‌سته ده‌كات كه زه‌مه‌نی نووسینی تێكسته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌وده‌مه‌ی فرانكۆی خوێنرێژی ئیسپانیا حوكمی ده‌كرد، ئه‌و فه‌زایه جۆره ده‌سه‌ڵاتێكی فیكریه بۆ حاله‌تی خنكانی ئه‌و خوێنرێژه كه نه‌ك فرانكۆ، به‌ڵكو فرانكۆییه‌كان هه‌میشه هۆكاری بێوه‌ژن بوونی برناداكانن.
ده‌رهێنه‌ر ده‌قی نووسراو له‌ڕێگه‌ی سه‌مای یه‌ك له كیژه‌كانه‌وه ده‌كاته پرۆسه‌یه‌كی ئه‌ركیۆلۆژی تاوه‌كو ئێمه به‌ره‌و میتا زمانی نووسراو به‌رێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یالۆگ نه‌بێت به گرفت بۆیه جه‌سته‌ی سه‌مازان ده‌بێته ئه‌یقونه‌یه‌كی زمانه‌وانی بۆ ئه‌وه‌ی شوناسی كاره‌كته‌ره‌كان بناسین ئه‌و سه‌مایه‌ی سه‌ره‌تا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌خاته ڕوو ژنه‌كانی ئه‌و ماڵه له دیواره‌كان بێزار‌و له‌په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كتری تووشی دڵه‌ڕاوكه‌و ترس له ڕه‌گه‌زی خودگه‌رێتی بوونه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌و پیاوه‌ی بێته ئه‌و ماڵه هه‌ریه‌كه‌یان خه‌ونی گه‌یشتن به‌و پیاوه ده‌بینێت پیاوێك كه تا كۆتایی نایه‌ت.
هاتن یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین حه‌رامه‌كانی نا‌و ماڵ ماڵێك كه سیستمی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه پۆشینی پۆشاكیش ده‌چێته‌وه نا‌و ئه‌و سیستمه بۆیه ململانێكه له‌م نمایشه‌دا له‌نێوان پۆشاكی سپی و ڕه‌شه، به‌رنادا خوازیاری ئه‌وه‌یه ئه‌وان هه‌میشه جلی ڕه‌ش بپۆشن، چونكه ده‌توانن به‌م شێوه‌یه ژنبوونی خۆیان بشارنه‌وه، له‌كاتێكدا كچه‌كان خوازیاری ڕه‌نگی سپین ئه‌و ڕه‌نگه‌ی شه‌وانه به‌دزی به‌رناداوه ده‌یپۆشن به‌خه‌ونی گه‌یشتن به داهاتوو.
وه‌ستان له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كان شووره‌ییه‌كه كه شوناسی ماڵ ده‌شێوێنێت، به‌ڵام بۆ كیژه‌كان ئه‌وه سه‌ره‌تای یاخی بوونه بۆ دنیایه‌كیتر دنیایه‌ك كه كۆتایی هاتنی زه‌بروزه‌نگی ماڵ بێت، ئه‌و زه‌برو زه‌نگه‌ی له‌وێنه‌ی شكاندنی هه‌ڕه‌می نێرایه‌تی ئه‌لبا به شكاندنی گۆچانه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت ئه‌و ده‌مه‌ی سیستمی یاخی بوون له ماڵ ده‌گاته ئاستێك یه‌ك له كیژه‌كان كه نه‌سیستمی خواردن و نه پۆشاك و نه‌حه‌رامكردنی روانین له په‌نجه‌ره‌و نه ڕێگادان به‌و پیاوه‌ی بێته ماڵ واده‌كات توڕه‌بوونه‌كانی به شكاندنی گۆچانه‌كه‌ی به‌ر نادا ته‌واو بكات، له‌ڕاستیدا ئه‌وه به‌هێزترین ده‌لاله‌تی ئه‌و نمایشه‌یه كه شكاندنی گۆچان وه‌ستانه به‌ڕووی سیستمی كۆنترۆلكراوی نێرینه‌یی كه به‌رنادا ئه‌و وێنه تۆقێنه‌ره‌ی گواستۆته‌وه بۆ خۆی.
شكاندنی گۆچان كۆتایی هێنانه به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌مزی به‌وه‌ی ماڵ سه‌ره‌نجام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته وون ده‌كات وبه‌و وونبوونه‌ش مه‌رگی باوك له‌ناو رۆحی دایكدا به‌رجه‌سته نابێته‌وه هێنده‌ی به مردنی باوك مانا ڕه‌مزیه‌كانی نێرینه‌یی كۆتاییان هاتووه، مانایه‌ك چوونه ده‌ره‌وه‌ی دایك و ته‌قه‌كردن بۆ ده‌ره‌وه له‌ڕاستیدا ڕاوه‌دونانی پیاوی ده‌وروبه‌ری ماڵ نیه تاوه‌كو له ماڵ دووری بخاته‌وه هێنده‌ی ووریاكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌یه به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ماڵ تێكشكاو كیژه‌كان گۆچانیان شكاند.
ئه‌و پرۆسه ئه‌ركیۆلۆژیه به‌ناو تێكستی لۆركا دیدێكی شاعیریانه‌ی سه‌ما ئامێزی ئیحسان عوسمانه بۆ نا‌و فانتازیای زمانێكی فره كولتوریی كه گۆرانیه‌كان وه‌ك جه‌سته‌ی ژنه‌كان هه‌ڵگری خاسیه‌تی كولتوریین ئه‌وه شوناسێكی ده‌ست نیشان كرا‌و نه‌بوو هێنده‌ی پرۆسه‌یه‌كی مرۆڤدۆستی بوو كه هه‌موومانی له‌ساتی نمایش كۆكرده‌وه له‌پێناو یه‌كه‌یه‌كی خۆشنودی رۆح و پرۆسه‌یه‌ك بوو بۆ ڕزگاربوونمان له كۆت و ده‌مامكه‌كانی سه‌ر رووخسارمان.
مۆنۆدراما مه‌نه‌لۆژێك بۆ شوناسی ژن‌بوون
شانۆی مۆنۆدرامی شانۆیه‌كه تاكه ئه‌كته‌رێك هه‌ڵده‌ستی َ به نواندن مێژووی ئه‌م شانۆیه وه‌كو سه‌رهه‌ڵدان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی له‌دایكبوونی شانۆ ئه‌و ده‌مه‌ی تیسپیس به گالیسكه‌یه‌كه‌وه نواندنه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كرد، به‌ڵام وه‌كو مانا فه‌رهه‌نگیه‌كه‌ی ئه‌م شانۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌كته‌ری ئه‌ڵمانی جۆهان براندیز.
ئاشنابوونی بزووتنه‌وه‌ی شانۆی ئێمه به‌م شانۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌و ده‌مه‌ی شانۆگه‌ری (زیانی توتن) ودواتریش (گۆرانی چایكا) ی چیخۆف نمایشكراوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م شانۆیه مه‌نه‌لۆژێكی درێژه تیایدا ئه‌كته‌ر ده‌كه‌وێته نا‌و یاده‌وه‌ری و گێڕانه‌وه‌كان و نواندنی دیمه‌نه‌كان بۆیه ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی فێمێنیستانه‌وه سه‌یری بكه‌ین ده‌بێت بڵێین شانۆیه‌كه ده‌بێته به‌سێنتراڵكردنی گوتاری نێربوون.
ئه‌و گوتاری نێربوونه له‌ڕێگه‌ی ئه‌كته‌رانی پیاو نوێنه‌رایه‌تی كراوه، ئێمه ئه‌كته‌رێكی ژن نابینین تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان ئه‌و سێنته‌ره له پیاو وه‌ربگرێته‌وه، تا ئه‌و ده‌مه‌ی گه‌زیزه عومه‌ر شانۆگه‌ری (سروودێكی خۆشه‌ویستی) نمایش ده‌كات، ئه‌م نمایشه یه‌كه‌م هه‌وڵی ژنی كورده له مۆنۆدرامادا، كه ده‌بێته چوونه ژووره‌وه له دنیایه‌ك كه شوناسی ژن‌بوون بخاته ژێر پرسیاره‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و سه‌ره‌تایه نابێته بیركردنه‌وه له شانۆیه‌كی فێمێنیستی هێنده‌ی ئاماده‌بوونی ژنی شانۆكاره له مۆنۆدرامادا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ژن‌بوون بێنێته ده‌نگ.
بۆیه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نا‌و ئه‌و تێكسته‌ی جان كۆكتۆ كه گه‌زیزه بۆ نمایشه‌كه‌ی ئاماده‌كردووه ده‌بینین مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ست نیه به گوتاری فێمێنیستیه‌وه هێنده‌ی په‌یوه‌سته به گوتارێكی مرۆییه‌وه كه كێشه‌ی ژنیش وه‌ك به‌شێك له‌و گوتاره سه‌یر ده‌كاته‌وه، بۆیه ژن له شوێندا كه ژووره واته دنیای گۆشه‌گیریی وهه‌وڵدان بۆ په‌یوه‌ندیكردن به دنیا له‌ڕێگه‌ی زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌وه، چونكه ئه‌و زه‌نگه له‌پێناو ڕزگاربوونه له شوێن، بۆیه ئه‌و سه‌ره‌تایه ده‌بێته به‌دواندنی په‌راوێزبوونی ژن له‌دنیای ئێمه‌دا، په‌راوێزێك هه‌میشه پێویستی به موعجیزه‌یه‌كه ڕوو بدات.
سه‌ره‌تای ئه‌و نمایشه ده‌بێته پڕۆژه‌یه‌ك تاوه‌كو گه‌شه‌ی پێ بدرێت و له‌وه ده‌ربكرێت كه ته‌نیا وه‌ك كێشه‌یه‌كی مرۆیی سه‌یر بكرێت، به‌واتای چۆن ژن‌بوون ده‌بێته ده‌نگێك له‌شانۆدا كه ده‌نگی ئه‌و ژنه ده‌نگی تاكێكی نا‌و كۆمه‌ڵگایه كه به‌رده‌وام ڕووبه‌رووی تراژیدیای خودگه‌رێتی خۆی ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌ش له‌شانۆگه‌ری (دارتووه‌كه) ده‌بێته ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و تێگه‌یشتنه نه‌ك ته‌نیا وه‌ك كێشه‌ی ژن، كه ئه‌وه بۆ خۆی ئیشكالیه‌ته، به‌ڵكو وه‌ك شانۆش، چونكه زۆرجار به‌هۆی كێشه‌ی ژنبوونه‌وه گوتاره شانۆییه‌كه ده‌خنكێنرێت، به‌ڵام گه‌زیزه له‌م نمایشه‌دا به‌ته‌نیا ژن نابێته گرفتی هێنده‌ی بونیاده پێكهاتووه‌كانی نمایشی شانۆیی به كێشه‌ی سه‌ره‌كی خۆی ئه‌زانێت ” توانیبووی له‌تیئۆره‌كانی (ئه‌دۆلف ئه‌پیا) ی سویسری نزیك ببێته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌ڕووی به‌كارهێنانی ناته‌با وگوزارشت ئامێزی ڕووناكیه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌ئاشكرا سیمایه‌كی به‌رزو قه‌شه‌نگی به نمایشه‌كه به‌خشیبوو” (16)
لێره‌دا كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر تێكستی شانۆگه‌ریه‌كه‌و ووتاره ره‌خنه‌ییه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌م نمایشه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌لای گه‌زیزه چه‌مكی گوتار له (دارتووه‌كه) دا دوو وێنه له‌نێوان ژیان ومردن له‌شوێن بنیات ده‌نێت، هیوا كۆرپه‌كه‌ی دایك مردنی یه‌كسان بۆته‌وه به ژیانی دارتووه‌كه، ئه‌وه‌ش د‌رك كردنه به چه‌مكی قوربانی له ماڵ، كه ماڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه ڕه‌هه‌ندێكی مرۆیی هه‌یه، ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌یه وا ده‌كات جه‌سته “له پڕۆسه‌یه‌كی دۆنادۆنیه له‌نێوان ژیان وخاك، ژن (جه‌سته‌ی دایك) ده‌بێته‌وه به جه‌سته‌ی خاك، ئه‌وه مێژووی كۆست كه‌وتن وگۆشه‌گیربوونی جه‌سته‌یه، كه نێره‌كان ده‌كوژرێن ومێیه‌كان ته‌نیا ده‌مێننه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌ڕوویه‌كدا ڕووخساری ڕاسته‌قینه‌ی شانۆیه” (17) ئه‌و ڕووبه‌ره بۆ جه‌سته پانتایی حه‌رامی سێكس نیه، هێنده‌ی فڕێدانی ده‌مامكه‌كانی سه‌ر جه‌سته‌یه.. جه‌سته‌یه‌ك ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و حاله‌ته دۆنادۆنیه‌ی خۆی ببێت.
له‌ده‌ره‌وه‌ی بابه‌تی تێكسته‌وه گه‌زیزه به‌هۆی ئه‌و توانایه‌ی له‌نواندن هه‌یه‌تی ده‌توانێ حاله‌تێك له‌سه‌رسامی بنیات بنێت كه به‌ره‌نجامی گوتاری نێره‌ره وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی نا‌و نواندن كه ئه‌و سه‌رسامی نیه به جه‌سته بۆ خاڵی بوونه‌وه هێنده‌ی خوڵقاندنی كاریگه‌ریه له‌لای وه‌رگر ” نایشارمه‌وه كه ئه‌كته‌ره‌كه مایه‌ی سه‌رسورمانی منه چ له رووی سایكولۆژییه‌وه یان جه‌سته‌ییه‌وه ئه‌و یه‌كێكه له‌و ئه‌كته‌ره ده‌گمه‌نانه‌ی كه ده‌زانێت گه‌ر شانۆ له زمانی جه‌سته داماڵرێت دوچاری گرفت ده‌بێته‌وه” (18)
ئه‌گه‌ر گه‌زیزه ده‌رگایه‌كی به‌م دوو ئه‌زموونه كرده‌وه ئه‌وا تاساته‌وه‌ختی هه‌نووكه‌شمان ئێمه نه‌مانتوانیووه له‌ڕێگه‌ی ئه‌م شانۆیه‌وه ئه‌زموونێكی تایبه‌تمه‌ندمان هه‌بێت له شانۆی فێمێنیستی، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستمان له تایبه‌تمه‌ندی بوونی شانۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆ نیه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بوونی ئاراسته‌یه‌كی ئه‌زموونكاریانه‌یه له‌ناو ئه‌زموونی شانۆكاری كورد بۆ شانۆی فێمێنیستی، هه‌وڵه‌كان ته‌واو ده‌گمه‌ن و سست به‌ڕێوه ده‌چن، كه چه‌ند ژنێكی شانۆكار ویستویانه كار بۆ ئه‌و شانۆیه بكه‌ن، ئه‌وانیش میدیا ره‌ئوف له (خوێنی رۆژهه‌ڵاتی) و ته‌لار هیرانی له (ژنه‌كه‌ی ئه‌و ماڵه) و فرمێسك مسته‌فا له (تارمایی ژنێك)، هه‌ریه‌ك له‌م هه‌وڵانه ویستویه‌تی له‌ڕێگه‌ی مۆنۆدراماوه پرسیاره‌كانی ژن‌بوون بباته نا‌و پرسیاره‌كانی شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ره‌سته‌كانی ده‌ربڕین بریتی بووه له جه‌سته‌ی من له‌ناو ماڵدا، كه ئه‌وه یه‌ك وێنه‌ی ڕه‌های به نمایشه‌كان به‌خشیووه‌و له‌ناو ئه‌و وێنه‌یه‌وه گرفته‌كان خراوه‌ته ڕوو، بۆیه نمایشه‌كان بریتین له گرفتی ژن له شوێن كه ماڵه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه كه كێشه‌كانی ژنی كوردی وابه‌سته‌ی ساته‌وه‌ختی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌یه كه ماڵ له‌ڕێگه‌ی كولتوری نێرینه‌ییه‌وه په‌روه‌رده‌ی ده‌كات وده‌یهێنێته نا‌و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌وه‌رده‌ییه‌كانه‌وه.
میدیا ره‌ئوف له (خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی) شكستی شوناسی ژن‌بوون ده‌خاته ژێر گومان ویاخی بوون وپرسیاری ئه‌خلاقی له ماڵ ده‌كاته ته‌وه‌ری نمایشه‌كه‌ی، به‌وه‌ی ئه‌و هۆكارانه چین كه یاخی بوون له ماڵ ده‌خوڵقێنن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م نمایشه به بوێریه‌كی زۆره‌وه ڕووبه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی نێرسالاری ده‌بێته‌وه، چ به‌هۆی ئه‌و تێگه‌یشتنه فیكریه‌ی نووسه‌ری تێكسته‌كه (ته‌ڵال نه‌سره‌دین) و چ به‌هۆی ئه‌و دیدو ئاگاییه شانۆییه‌ی ده‌رهێنه‌ری یه‌كه‌می ئه‌و نمایشه (هادی ئه‌لمه‌هدی) هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ده‌رهێنه‌ره به‌هۆی نووسین وتوێژینه‌وه‌كانیه‌وه د‌رك به گرنگی ئه‌و گوتاره فێمێنیستیه ده‌كات له شانۆدا، ئاشنابوونیشی به بزووتنه‌وه شانۆییه‌كه‌مان هۆكارێكیتری ئه‌و ئاگاییه شانۆییه، بۆیه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌زموونێكی ده‌قئاوێزانی به‌رهه‌مهێناوه به ناوی (ده‌ریا) كه له‌نواندن و ده‌رهێنانی میدیا ره‌ئوف بووه، ئه‌زموونێك به یه‌كه‌م هه‌وڵی ده‌قئاوێزان له بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردی داده‌نرێت.
لێره‌دا ئێمه له‌به‌رده‌می شانۆكارێكی وه‌كو میدیا ره‌ئوف و هادی ئه‌لمه‌هدی ڕووبه‌رووی دوو ئه‌زموونی فێمێنیستی ده‌بینه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و نمایشه‌ی ئێمه بینیمان (خوێنی رۆژهه‌ڵاتی) له ده‌رهێنانی هادی ئه‌لمه‌هدی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌یان له ده‌رهێنانی حه‌یده‌ر ئه‌بو حه‌یده‌ر بوو، به‌ڵام هه‌ر هه‌مان تێكست و بوونی میدیا ره‌ئوف بووه له نمایشه‌كه‌دا، بۆیه ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت كه ئه‌وه هادی بووه له‌پشت تواناكانی میدیا یا به مانایه‌كی تر ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی تری ئه‌و دوو داهێنه‌ره شانۆییه‌مان بووه كه (خوێنی رۆژهه‌ڵاتی) به‌رهه‌م هێناوه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ تێكستی (ده‌ریا) ده‌بینین ده‌نگێكه له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی (شانۆكاری نێرینه) ئه‌وه بۆخۆی هه‌وڵێكه به‌دژی به سێنتراڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی نێرینه‌یی له شانۆدا، كه ژنی شانۆكار تواناكانی به‌لاڕێدا ده‌بردرێت له‌پێناو غه‌ریزه‌ی نێرایه‌تی، شاربوون وه‌ك خه‌سڵه‌تێكی تازه‌گه‌ری ئه‌خلاقی مرۆیی ئه‌دۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش له جه‌وهه‌ردا ڕه‌خنه‌یه له عه‌قڵیه‌تی مۆدێرنیتی كه به‌ره‌نجامی هاتنه بوونی فیكری فێمێنیستیه.
ئه‌و ڕه‌خنه‌گرتنه له (خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی) به تێڕوانینێكی قووڵتر ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، كورسی له ماڵدا كه ڕه‌مزه بۆ ده‌سه‌ڵاتی پیاو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی پرسیاره ئه‌خلاقیه‌كانی ماڵ، ستراتیژی پرسیار هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مانا مه‌جازیه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ری گوتاری پیاوبوونه، ئه‌وه‌ش میدیا ره‌ئوف له‌ستراتیژی پرسیاره‌وه ده‌یگۆڕێت به‌ره‌و ستراتیژی فێمێنیزم له شانۆدا كه ده‌شێت بۆ ئه‌و شانۆكاره ببێت به پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی وه‌ك چۆن له‌هه‌وڵێكیتریدا به زمانی دانیماركی له نمایشی (ئه‌و ئاوایه) پرسیاری ژنی په‌ناهه‌نده‌یی له ژیان ده‌بێته په‌یوه‌ندیی نێوان ماتریاله‌كان و مرۆڤه‌كان، ترس له هاوڵاتیانی نیشتیمان بۆ مرۆڤی تاراوگه هێنده ترسێكی سایكۆلۆژیه كه تاراوگه نشین ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی پێلاوه‌كانی له مرۆڤه‌كان به ئه‌مه‌كترن، ئه‌و حاله‌ته وجودیه ژن له نمایشی (ئه‌و ئاوایه) ڕووبه‌رووی ده‌بێته‌وه، ده‌نگی فێمێنیستێكی تووڕه‌یه، كه پێلاوه‌كانی نه‌مر ده‌كات له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵواسینی له‌ناو چوارچێوه‌ی تابلۆیه‌ك.
كه‌چی فرمێسك مسته‌فا له شانۆگه‌ری (تارمایی ژنێك) گرفتی ژن‌بوون له پرسیارێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ناگوازێته‌وه بۆ زمانێكی شانۆیی له‌ڕێگه‌ی به‌دواندنی ماتریاله‌كانی شانۆ، هه‌ڵبه‌ت له‌ڕووی بابه‌ته‌وه نمایشه‌كه ڕووبه‌رووی بابه‌تێكی هه‌ستیارو گرنگ بۆته‌وه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م شانۆیه ئه‌وه‌یه كه ئه‌كته‌ره‌كه هه‌ر خۆشی ده‌رهێنه‌ره، ئه‌وه‌ش وای كردووه هه‌میشه چاو‌دێر بێت به‌سه‌ر جوله‌و ڕیتمی كاره‌كه‌ی، كه سه‌ره‌نجام ئه‌و حاله‌ته زیانی له نواندن وده‌رهێنانداوه، چونكه ناچار بووه ته‌وزیفی ووشه بكات له پانتایی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر توانای نواندن وه‌ستاوه‌ته‌وه، كه ئه‌كته‌ر ناتوانێ ڕووه‌و دنیای كاره‌كته‌ر هه‌نگاو بنێت، هێنده‌ی بیركردنه‌وه له دیدی فیكری نمایش ده‌بێته گرنگی گوتاره شانۆییه‌كه، كه ئه‌ویش كێشه‌ی ژنه، لێره‌دا ئه‌و جیاكاریه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌مان بۆ كرد له‌م نمایشه به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌بێت جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان شانۆی ژن و شانۆی فێمێنیستی، (تارمایی ژنێك) له‌باره‌ی ژنه‌وه ده‌دوێت نووسه‌ره‌كه‌ی پیاوه ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێك له ده‌نگه جدیه‌كانی هه‌شتاكانی شانۆی كوردیه خاتوو فرمێسك مسته‌فا، به‌ڵام شانۆیه‌كی فێمێنیستی نیه، شانۆی ژنه، به‌هۆی بابه‌ت و ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ره‌وه، به‌ڵام شانۆیه‌كی فێمێنیستی نیه له‌ڕووی فیكر‌و ده‌رهێنانه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ده‌توانین فرمێسك وه‌ك شانۆكارێك ناوبه‌رین كه پڕۆژه‌ی شانۆی ژنی كردووه به خولیا، چونكه له نمایشێك ده‌رچووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “ده‌بێته سێیه‌م كاری له‌م جۆره‌م، یه‌كه‌میان نیشتمانێكی نه‌فره‌ت لێكراو، كه مۆنۆلۆگیك بوو بۆ دوعا سازم كرد. ئه‌وی دیكه‌یان چیرۆكی كچێكی وه‌نه‌وشه‌یی، له نووسینی مه‌هاباد قه‌راغی بوو، وه‌ك كارێكی پێرفۆمانس بۆ سه‌ر شانۆئاماده‌م كرد و زنجیره نمایشێكی لێ كه‌وته‌وه. له‌هه‌فته‌ی نا بۆ تووند‌و تیژی دژی ژناندا، له شارۆچكه‌كانی كوردستاندا نمایشم كردن. ئه‌م چالاكییه له له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانی هه‌ریمی كوردستان سازدرابوو. له‌هه‌ر سێ ده‌قه‌كه‌دا، كاره‌كته‌ره‌كان، دوای مردنیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ده‌مانخه‌نه ژێر به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی گه‌وره‌وه، به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی له‌مه‌ڕیان كراوه.. كۆمه‌ڵگه ڕسوا ده‌كه‌ن، بۆ من ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه وفاكتێكه، به‌داخه‌وه نابینرێت و په‌نجه‌ی ناخرێته سه‌ر له‌دوای مردن چی ڕووده‌دات؟ گه‌رچی مردن كۆتایی هێنان بێت به خه‌ون و هیواكانمان، داخستنی مه‌له‌فی ژیانمانه، له‌هه‌مان كاتدا داخستنی مه‌له‌فی هه‌موو ڕووداوه‌كانه، كه‌به‌رامبه‌رمان ده‌كرێت و گوێ پێنه‌دان وپشتگوێ خستنێكی دیكه‌یه.. ده‌نا ڕۆژانه ئه‌م هه‌موو كوشتار و كاره‌ساتانه ڕوو ناده‌ن و دووباره‌ش نابنه‌وه، بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێته بابه‌تی نێو میدیاكان و دادگایه‌كی ئیفلیج و یاسایه‌كی نا كامڵ، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت، به‌دوای كیشه‌كه‌وه‌ن و دوای به چاره‌سه‌رێكی عه‌شایری چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. ته‌واو بۆ هه‌تا هه‌تایه نه‌باسی لێ ده‌كرێته‌وه، نه چاره‌سه‌ریش ده‌كرێت.. بۆیه ئه‌مان خۆیان دێنه‌وه ژیان وباس له‌خۆیان ده‌كه‌نه‌وه. كۆمه‌ڵگه ده‌خه‌نه ژێر به‌ر پرسیاریه‌تی. بۆ منیش وه‌ك ژنه شانۆكاڕێك، ئه‌وه بچوكترین لێپرسراوه‌تیه به‌رامبه‌ر هاوڕه‌گه‌زی خۆم، له ڕیگای كاره‌كه‌مه‌وه، كه شانۆیه بیكه‌مه په‌یام و كاری له‌سه‌ر بكه‌م” (19).
هه‌ڵبه‌ت جگه له فرمێسك ژنانی تر له‌شانۆی ژن ده‌ركه‌وتوون له‌وانه كۆمه‌ڵه نمایشێكی خانمانی شانۆكار له فێستفالی گوڵه مێخه‌ك (20) به‌ڵام چونكه ئێمه كاری بیبلۆگرافی ئه‌نجام ناده‌ین و پڕۆژه‌كه زیاتر له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه بۆ شانۆی فێمێنیستی به گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی دیارترین هه‌وڵه‌كان، بۆیه هه‌ندێك له‌و هه‌وڵانه نابنه بابه‌تی قسه‌كردنی ئێمه، كه ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی قووڵ وجیاوازیان بۆ بكرێت.
هه‌ڵبه‌ت هه‌وڵێكیتر كه دوا هه‌وڵی قسه‌كردنی ئێمه‌یه، به‌ڵام هه‌نگاوێكی بوێرانه‌یه بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی ئه‌ویش شانۆگه‌ری (ژنه‌كه‌ی ئه‌و ماڵه) یه له نووسینی داریۆفۆ و ده‌رهێنانی كارین باریستراند و نواندنی ته‌لار هیرانی بوو.
ته‌لار هیرانی له‌م نمایشه‌دا له‌فه‌زای داریۆفۆوه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ شانۆیه‌كی ڕاگوزه‌ر به‌هۆی مه‌شقێكی زۆره‌وه ده‌توانێ بۆ كاتی پێویست سوودی لێ ببینێت، ئه‌وه‌ش بۆ خولقاندنی په‌یوه‌ندیه له‌گه‌ڵ بینه‌ر، بۆ قسه‌كردن له پرسیاره حه‌رامه‌كان، وه‌ك گرفته‌كانی سه‌راب ئه‌و خانمه‌ی له‌به‌رده‌م هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌یه‌تی له كێشه‌ی ئۆرگازم و نهێنی حه‌رامه‌كانی نا‌و ماڵ.
ته‌لار له‌و ڕێگایه‌وه گرفتی ژنی كوردی له ڕووپۆشكردن و شاردنه‌وه به بوێریه‌كی زۆره‌وه ڕووبه‌رووی بینه‌رانی ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ بتوانێ ڕووبه‌رێكی كراوه بۆ پرسیاری تاپۆ كرا‌و درووست بكات، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ئه‌و حاله‌تێك له‌نامۆبوون درووست ده‌كات له‌نێوان كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كه‌و كاره‌كته‌ری لێبووك كه ژنێكیتره.
ئه‌و ڕه‌هه‌نده كۆمیدیه‌ی ته‌لار به مه‌رگه‌ساتی ژنی داوه به‌ره‌نجامی ئاماده‌كردنه‌وه‌یه‌تی بۆ تێكسته‌كه‌ی داریۆفۆ چ له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵگرتنی كاره‌كته‌ره‌كانیتره‌وه یاخود له هه‌ندێك ده‌یالۆگ كه له تێكسته‌كه‌ی نووسه‌ردا بوونی نیه، به‌ره‌نجامی حاله‌تێكی مه‌شق و هه‌ندێكجاریش له‌دۆخی ڕاگوزه‌ری ئه‌كته‌ر به‌رجه‌سته ده‌بێت.
(ژنه‌كه‌ی ئه‌و ماڵه) هه‌وڵێكی بوێرانه‌یه بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی دوور له‌و فۆڕمه‌ی ئێمه بیرمان لێی كردۆته‌وه، به‌ڵكو ته‌واوی تراژیدیای ماڵ ودۆزه‌خی ژن له‌ڕێگه‌ی كۆمیدیاوه ڕووبه‌رووی ئێمه‌ی بینه‌ر ده‌كاته‌وه، ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌ك ساته‌وه‌ختی خوڵقاندنی په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆیه بۆ حاله‌تێكی دیاله‌كتیكی نێوان ئه‌كته‌رو بینه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش فه‌زایه‌كی برێختی له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا ده‌بینینه‌وه كه برێخت له ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی ماركس وه‌ریگرتووه، ته‌لار ئه‌و حاله‌ته برێخیته له ئاماده‌كردنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌دا له‌سه‌ر پرسیاری ڕاسته‌وخۆ له بینه‌ره‌كانی درووست ده‌كات كه له‌گه‌ڵ كۆتایی نمایشه‌كه ئێمه ڕووبه‌رووی كۆمه‌ڵه پرسیارێكی خۆمان ده‌كاته‌وه.. پرسیاركردن له‌نهێنیه‌كانی ناخمان پرسیار له رۆحی چه‌پێنراومان له جه‌سته‌ی حه‌راممان ئه‌وه ده‌نگێكی به ئاگایانه بوو بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی.
ئه‌گه‌ر ئێمه به تێكستێكی چیخۆف به مۆنۆدراما ئاشنا بووین، ئه‌وا گه‌زیزه له‌دواین هه‌وڵی خۆیدا ئه‌و تێكسته ده‌كاته‌وه به رووبه‌ری ئه‌زموونێكی تری ئه‌و شانۆیه كه ده‌توانین خاسیه‌تی شانۆی گه‌زیزه به‌ته‌واوی بناسین وه‌ك هه‌وڵێكی فێنمێنیستیانه له شانۆدا كه به‌قسه‌كردن له‌و نمایشه ده‌كرێت ئێمه‌ش له‌توێژینه‌وه‌كه‌مان سیماكانی ئه‌و شانۆیه‌مان به‌ته‌واوی بۆ ڕۆشن بووبێته‌وه، چونكه ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ چیخۆف و به‌گژداچوونه‌وه‌یه‌كیتری گوتاری نێرسالاریه له شانۆدا، كه ئه‌وه‌ش ئیشكردنه‌وه‌یه له‌ڕووبه‌رێكی كه‌شف نه‌كراو بۆ مانای سێیه‌م له پرۆسه‌ی ده‌قئاوێزاندا، چ له‌ته‌ك ئیشكردنه‌وه‌ی بۆ چیخۆف یاخود ئیشكردنه‌وه له‌سه‌ر مانا ڕه‌گه‌زیه‌كانی تێكسته‌كه‌ی چیخۆف و نمایشی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سووتێم)
مانای سێیه‌م له‌پرۆسه‌ی ده‌قئاوێزان
هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر نمایشی (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سووتێم) رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی وه‌رگره له‌به‌رده‌م مۆنۆدرامایه‌ك له ئه‌زمونی ده‌قئاوێزانه‌وه پرۆژه‌ی شانۆیه‌كی فێمێنیستی له‌خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌ش ده‌رگای فره خوێندنه‌وه‌یی و تێرامانی جیاوازمان بۆ ده‌كاته‌وه.. بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌وه ده‌بێت له‌ته‌واوی رووبه‌رو پێكهاته‌كانی گوتاری نمایش بوه‌ستین.
له‌م ده‌قه‌دا شانۆكار به‌ره‌و خودی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه خانمه ئه‌كته‌رێكی به ساڵا چوو دوای ئه‌زموونێكی درێژ له‌گه‌ل شانۆ سه‌ره‌نجام بینه‌ران فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن و به‌ره‌و له‌بیر چوونه‌وه ده‌روات، ئه‌وه له‌ساتێكدا ئه‌و رۆژگاری هه‌ره‌تی لاویش ئه‌و ده‌مه‌ی له‌سه‌ر شانۆیه ئه‌وه‌ی بینه‌ر له‌وی ده‌وێت قه‌بووڵكردنی نیه وه‌ك ئینسان، به‌لكو قه‌بووڵكردنیه‌تی وه‌ك ئه‌كته‌رێك بۆ نه‌ستی كۆمه‌ڵی. بۆیه گرفتی گه‌وره‌ی كاره‌كته‌ره‌كه له‌گه‌ل خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی كه نه‌ك بیر له‌وه ناكاته‌وه ماڵێك عه‌شقه‌كه‌یان كۆ بكاته‌وه ته‌نانه‌ت ئاماده نیه بێته سه‌یركردنی شانۆگه‌ریه‌كانیشی.
كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نمایشه‌كه رووبه‌رووی كێشه‌و گرفتی تایبه‌ت ئه‌بێته‌وه كه ئه‌توانێ خۆشه‌ویستی به بینه‌رانی ببه‌خشێت، به‌لام كه‌س ئه‌و خۆشه‌ویستیه به‌و نابه‌خشێت، بۆیه ئه‌و ده‌مه‌ی به‌ره‌و پیریش هه‌نگاو ده‌نێت هه‌ست به ته‌نیاییه‌كی سه‌خت ده‌كات، ته‌نیاییه‌ك كه شانۆی له‌ده‌ستچووه‌و ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ماوه‌ته‌وه ته‌نیا یاده‌وه‌ریه.. یاده‌وه‌ری رۆژانی گه‌نجی كه بریتیه له شوناسی ئه‌وی ئه‌كته‌ر.
ئێمه له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌قه‌دا، شانۆگه‌ری گۆرانی ماڵئاوایی چیخۆف ده‌كه‌وێته خه‌یالمانه‌وه بۆیه ئه‌و ده‌مه پرسیاری ئێمه پرسیاره له شوناسی شانۆكار ئایا ئه‌وانه‌ی چیخۆف به ئازاری ئه‌كته‌ری پیاوی ده‌زانێت گه‌زیزه ئه‌و ئازاره ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌كته‌ری ژن؟ ئه‌وه‌ش ئه‌و پرسیاره‌یه له‌و نووسینه‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین نهێنیه‌كانی بخه‌ینه نا‌و پرۆسه‌ی گومانه‌وه
تاكه ئه‌كته‌ری نمایشه‌كه له فه‌زای ماڵێكی به‌تاڵ رووبه‌رووی ته‌كنیكه تایبه‌تیه‌كانی نواندنی خۆی ده‌بێته‌وه، له‌ڕێگه‌ی ده‌نگ و جوله‌ی جه‌سته‌وه ده‌یه‌وێت گوزارشت له رۆحی تێكست بكات و بچێته ئه‌ودیو ماناكانی ووشه‌وه.
دیاری عومه‌ری ئه‌كته‌ر له‌م نمایشه‌دا سه‌ره‌تا وه‌ك ژنێكی به‌ساڵا چوو ده‌یبینین كه له‌و ساته‌وه‌خته پیر بوون زه‌مه‌نی ئێستای ئه‌وه، ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات له‌رێگه‌ی جوله‌و ده‌نگه‌وه گوزارشت له‌و ساته‌وه‌خته زه‌مه‌نیه‌ی كاره‌كته‌ر بكات هه‌رچه‌نده له‌هه‌ندێك باردا ده‌نگ ئه‌و دوو زه‌مه‌نه له‌ده‌ستی ئه‌كته‌ر ده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌یداته‌وه به زه‌مه‌نی نمایشه‌كه
ئه‌گه‌ر بیانوی دیدی ده‌رهێنان ئه‌وه بێت كه زه‌مه‌نه‌كان كۆی مێژووی كاره‌كته‌ر بنیات ده‌نێن، ئه‌وا له‌ڕوویه‌كی تردا ڕاستیه‌ك هه‌یه‌و ده‌شاردرێته‌وه كه ئه‌كته‌ر له‌ناو زه‌مه‌نی ئینتیما بۆ كرا‌و ده‌بێت هه‌لگری رۆحی كاره‌كته‌ر بێت هه‌رچه‌نده ئه‌و به په‌یوه‌ندیكردن به بینه‌رو دۆزینه‌وه‌ی پرسیاره شاردراوه‌كه‌ی كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌هه‌ره‌تی لاوی چی له‌و ده‌ویست له‌وێوه ئیدی ئه‌و كاره‌كته‌ری نمایشه‌كه نیه، به‌لكو كاره‌كته‌ری سێیه‌مه له‌راستیدا ئه‌توانین بڵێین دیاری عومه‌ر خۆیه‌تی، واته نه ئه‌كته‌ری نا‌و یاده‌وه‌ری تیكست و نه خانمه به سالا چووه‌كه‌ی ته‌مه‌نه ئه‌گه‌رچی ئه‌و له‌رێگه‌ی ڕاگوزار له‌گه‌ل بینه‌ر به بوێریه‌كه‌وه ره‌فتار ده‌كات، ئه‌و بوێریه له‌لای كاره‌كته‌ره‌كه وونه به‌لام خودی ئه‌كته‌ری راسته‌قینه‌كه‌مانه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات.
ده‌رهێنه‌ر له شانۆیه‌كی ڕوتدا كه ماتریاله‌كانی بریتین له چوار چوارچێوه كه پێشه‌كه‌یان له‌شێوه‌ی ئاوێنه‌یه له‌گه‌ڵ ته‌نافێكی جل هه‌ڵواسین كه جل وبه‌رگی ئه‌كته‌ره‌كه‌ی پێ هه‌ڵواسراوه.
شوێن بریتیه له ئاڵوگۆری زه‌مه‌نی ئه‌و ده‌مه‌ی ئێمه له زه‌مه‌نی هه‌نووكه‌ییداین شوێن ده‌بێت به ماڵ، ئه‌و كاته‌شی به‌ره‌و یاده‌وه‌ری كاره‌كته‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه شوین ده‌بێته هۆلی شانۆ، به‌واتای كاره‌كته‌ره‌كه كۆی ژیانی بریتیه له هۆڵی شانۆ و ماڵ، هۆلی شانۆ به‌واتای ئاماده‌بوونی خود و ماڵ چاوه‌روانیه‌كه بۆ قه‌ده‌ری مه‌رگ.
ده‌رهێنه‌ر له‌م ڕووبه‌ره كراوه‌یه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌كته‌ر له‌ته‌ك ماتریاله‌كانی گوزارشت له‌و دیده تراژیدیه‌ی ناخی كاره‌كته‌ر بكات، بۆیه چوارچێوه‌كان چه‌ندین وه‌زیفه‌ی جیاواز وه‌رده‌گرن (باخچه.. گۆڕ.. ده‌رگا.. كورسی) ئه‌وه‌ش چربوونه‌وه‌ی ماتریاله بۆ ده‌لاله‌تی جیاواز كه یه‌كێكه له فره ده‌لاله‌تی به ماتریالێك كه به خاڵێكی گرنگی نا‌و نمایشه‌كه داده‌نرێت له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌كته‌ر جگه له ده‌ربرینه ده‌نگیه‌كان دوو توانای ته‌كنیكی تر بخاته پانتایی ماڵ و هۆلی شانۆكه‌وه ئه‌ویش شینێكه كه زیاتر له‌ڕێگه‌ی هۆره‌ی هه‌ورامی و ئه‌ویتریش هه‌ندیك جوله له‌پشت ماتریاله‌وه كه ئه‌كته‌ر له‌رێگه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی قاچه‌كانی ده‌ریده‌خات
هه‌لبه‌ت هه‌رچی سه‌باره‌ت به و سیستمه كه‌رنه‌ڤاڵیه‌ی ده‌نگیه بوو كه دیاری به توانایه‌كی به‌رزه‌وه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كرد كه گوزارشت له شینێكی خودگه‌رایی شانۆكاری كورد ده‌كات، به‌لام گرفته‌كه له‌وه‌یه چی ده‌نگ ده‌جولێنێت ئه‌و ده‌یویست جوله بۆ ده‌نگ ره‌سم بكات، له‌كاتێكدا ئاماده‌بوونی هێزی ده‌نگ ده‌بێت ئه‌كته‌ر بجولێنێت نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به هه‌ندێك جوله‌ی ئه‌و دیو ماتریاله ده‌شێت پێچه‌وانه‌ی وه‌زیفه‌ی ماتریال بووبێت، ئه‌گه‌ر ماتریالی وه‌كو چوارچیوه‌كان زۆرترین ده‌لاله‌ت به‌خۆوه ده‌گرێت، به‌لام ئه‌و جولانه وه‌ك جۆرێك له زیادره‌ویی له‌شێوه‌ی ئاماده‌بوونی جه‌سته ده‌خرێته روو، كه ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی خولقاندنی جۆرێك سه‌رسامی درووست كردنه كه هیچ كاریگه‌ری له پرۆسه‌ی نمایش نیه، به‌لام له‌پال ئه‌وه‌دا ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌ی نمایشی كوردیی زۆرجار بریتی بیت (ده‌ق+ ده‌رهێنه‌ر+ ئه‌كته‌ر) ئه‌وا گه‌زیزه له پیناو فراوان بوونی گوتاری نمایش ئه‌و هاوكیشه‌یه‌ی كردووه به (ده‌ق+ ئه‌كته‌ر+ ده‌رهێنه‌ر) ئه‌وه‌ش شتێكی هه‌ره‌مه‌كیانه نیه، به‌لكو به‌ره‌نجامی كاركردنیه‌تی له شانۆی مۆنۆدرامی كه ئه‌كته‌ر ده‌كاته كه‌ناڵی په‌یوه‌ندیی نیوان ده‌ق و ده‌رهێنه‌ر.
بۆیه ئه‌گه‌ر له مۆنۆدرامای پێشووی گه‌زیزه (پالتۆكه‌ی میر) كه خۆی ئه‌كته‌ر بوو به‌هۆی ئه‌كته‌ر بوونی خۆی نه‌یتوانی زاڵ‌بێت به‌سه‌ر هه‌ندیك ئیشكالیه‌تی شوین، به‌لام له‌م نمایشه‌دا چونكه خۆی ده‌رهینه‌ره‌و ئه‌كته‌ر نیه ئه‌و ئیشكالیه‌تانه چاره‌سه‌ر ده‌كات.
نمایشه‌كه شانۆیه‌كی مۆنۆدرامی بوو به‌واتای تاكه ئه‌كته‌رێك ده‌یویست ئینیتما له‌ناو ئه‌و دوو زه‌مه‌نه بكات، زه‌مه‌نی ئێستا‌و زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ری گێڕانه‌وه له ئێستادا به‌رجه‌سته‌كردنی زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ری بوو هه‌ڵبه‌ت ئه‌زموونی گه‌زیزه له‌ته‌ك ئه‌م شانۆیه ئه‌زموونێكی جدیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی مه‌نه‌لۆژی ناخی كاره‌كته‌ره‌وه دیدی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگاو ژن به‌تایبه‌تی ده‌خاته ڕوو، به‌لام ئه‌مجاره ئه‌و دیدگایه ده‌به‌خشێته ئه‌كته‌رێكیتر تاوه‌كو بتوانێ به ته‌واوی به‌سه‌ر بونیاد‌و جومگه سه‌ره‌كیه‌كانی نمایشه‌كه زاڵ بێت.
ئێمه تاكه ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر شانۆ ده‌بینین ئه‌كته‌رێك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌یه‌وێت به چیرۆكی ژیانی خۆی ئاشنامان بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌كته‌ره له دۆخێكی ده‌روونی سه‌ختدا نه‌بێت، ده‌بێت بپرسین ئه‌و قسه بۆ كێ ده‌كات چونكه ده‌ربرینی مه‌نه‌لۆژ زاده‌ی دۆخێكی نه‌ستی مرۆڤه‌ن ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له خاڵه جه‌وهه‌ریه‌كان كه به‌هۆی ئه‌زموونه‌كانی پێشووی له‌ته‌ك مۆنۆدراما بۆیه ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ته‌واوی نمایشه‌كه له‌ناو یاده‌وه‌ری كاره‌كته‌ر بوایه ئه‌وسا هیچ ڕه‌وایه‌تیه‌ك وه‌رناگرێت كه خاوه‌نی مه‌نه‌لۆژی كاره‌كته‌ر بین، ئه‌وه‌ش به بروای ئێمه لایه‌نێكی گرنگه بۆ كاری مۆنۆدرامی.
نووسینه‌وه‌ی ده‌ق به‌ره‌نجامی پرۆسه‌ی ده‌ق ئاوێزانه له‌ته‌ك ده‌قێكیتردا ئه‌ویش شانۆگه‌ری (گۆرانی ماڵئاوایی) چیخۆفه، ئه‌و پرۆسه‌یه به‌چ مه‌به‌ستێك ئه‌نجام ئه‌درێت؟ ئاخۆ مه‌به‌ست له گۆرینی كاره‌كته‌رێكی پیاوه بۆ ژن؟ ئاخۆ گه‌زیزه ده‌یه‌وێت بلێت خه‌مه‌كانی شانۆكار خه‌می ژنن نه‌ك پیاو؟ بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بتوانین بگه‌رێینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كانمان با پێناسێكی خێرای ده‌قئاوێزان بكه‌ین.
ده‌قئاوێزان بریتیه له په‌یوه‌ندی نێوان ده‌قێك له‌گه‌ڵ ده‌قێكی تر, یان له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌قێك, ئه‌وه‌ش ده‌ق ده‌كات به‌سێنته‌رێك بۆ په‌یوه‌ندیه‌كی دیاله‌كتیكی, كه ده‌ق دابڕاو نییه له ده‌قه‌كانی به‌ر له‌خۆی, به‌ڵكو له گفتوگۆی نێوان ده‌قه‌كانداین, به‌ڵام ده‌قه نوێیه‌كه له‌ناو ئاگاییه‌كی مێژوویدا ده‌جوڵێته‌وه, كه ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌بستمولۆژی پێده‌درێت, ئه‌وه‌ش ده‌ق وه‌ك زانستێكی سه‌ربه‌خۆ سه‌یرده‌كات, بۆیه به بروای ژۆلیا كریستیڤا ده‌بێت ده‌قه نوێیه‌كه وا له زمان بكات تواناتی كاركردنی هه‌بێت له‌سه‌ر مادییه‌ت بۆ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیی و تێگه‌یشتن له كۆمه‌ڵگا، ئه‌وه‌ش نابێت بۆ نووسه‌ری دووه‌م ببێت به كارێكی نامۆ له‌سه‌ر زمان.
لێره‌وه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین پرۆسه‌ی ده‌قئاوێزان له‌م نمایشه‌دا پرۆسه‌یه‌ك نیه له‌ته‌ك كۆمه‌ڵه ده‌قێكیتردا، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كه له‌ته‌ك تاكه ده‌قێك به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت، ئه‌ویش لێره‌دا به ده‌قی یه‌كه‌م و ده‌قی دووه‌م نا‌و ده‌به‌ین.
ده‌قی یه‌كه‌م.. ده‌قی چیخۆف له (گۆرانی ماڵئاوایی) و ده‌قی دووه‌م.. ده‌قی گه‌زیزه له (وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌سووتێم) ستراتیژیی پشت ئه‌و پرۆسه‌یه لابردنی كێشه‌ی ڕه‌گه‌زیه به‌وه‌ی ئه‌وه ته‌نیا ئه‌كته‌رێكی پیاو نیه هه‌ڵگری خه‌می شانۆیه، به‌ڵكو له ده‌قی دووه‌مدا ده‌بینین ژن به‌هه‌مان شێوه هه‌ڵگری هه‌مان خه‌مه، گۆڕینی ئه‌و كاره‌كته‌ره بۆ ژن گۆڕینی ره‌هه‌ندێكی ڕه‌گه‌زیه بۆ ره‌هه‌ندێكی مرۆیی، به‌ڵام ئه‌و ره‌هه‌نده له‌رێگه‌ی ژنه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كرێت.
ده‌قی دووه‌م ده‌یه‌ویت ڕووبه‌رێكیتر به ده‌قی یه‌كه‌م ببه‌خشێت كه جیا له ره‌هه‌نده مرۆییه‌كه‌ی ڕووبه‌رووی مانای سێیه‌ممان ده‌كاته‌وه، لێره‌دا مه‌به‌ستمان له مانای سێیه‌م مانایه‌كه له‌و دیو ده‌قی یه‌كه‌م و ده‌قی دووه‌م، مانای سێیه‌م به‌ره‌نجامی نمایشه شانۆییه‌كه‌یه، كه ئه‌كته‌ره‌كه‌مان له‌سه‌ر شانۆ به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، به‌تایبه‌ت كاتێ دێته نا‌و بینه‌ران ره‌هه‌ندی ده‌قی دووه‌میش جیدێلێت به‌تایبه‌ت له‌ساتی پرسیاركردن له بینه‌ر بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆشه‌ویست و دواتر به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ی ئه‌ویتر له‌رێگه‌ی چه‌پله‌و فیكه لێدانه‌وه مانایه‌كه له‌بنه‌ماوه له ده‌قی یه‌كه‌م هاتووه كه هه‌موو چه‌پله بۆ ڤاسیلی لێده‌ده‌ن، به‌لام كه‌س ئه‌و پیره ناباته‌وه ماڵه‌وه، وه‌ك چۆن كاتێ داوا له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كات شووی پێبكات پێی ده‌لێت “واز له شانۆ بێنه” له ده‌قی دووه‌مدا ئه‌و دێره به‌جۆرێكیتر ئیشی تیا ده‌كرێته‌وه به خانمه ئه‌كته‌ره‌كه ده‌وترێت “تۆ شووت بۆ چیه ئه‌ی تۆ شووت به شانۆ نه‌كردووه”
به‌ڵام مانای سێیه‌م مانایه‌كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ڤاسیلی و له‌ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ری ده‌قی دووه‌مه، مانایه‌ك هه‌ڵگری زه‌مه‌نی نمایشه، كه خه‌می كاره‌كته‌ری نا‌و تێكستێكی شانۆیی نیه، به‌ڵكو خه‌می خودێكی شانۆییه، ئه‌و ده‌مه‌ی دیاری دێته نا‌و بینه‌ران ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی زۆر لاوازه ناوی به‌رین به لابردنی دیواری چواره‌م و تیۆری نامۆبوون، به‌ڵكو ئه‌و هاتنه به‌شداریكردنی ئاگایی وه‌رگره له نێوه‌ندێكی شانۆیی كه خه‌سڵه‌تی بێده‌نگی تیا بگۆرێت به پرسیار له رێتمێكی مۆنۆدرامیه‌وه ده‌یگۆرێت بۆ شانۆیه‌كی ژۆرنالیستی، به‌ڵام زوو به ئاگامان دینێته‌وه له‌رێگه‌ی چوونه‌وه سه‌ر شانۆ.
له‌دیدی ده‌رهێناندا ده‌شێت ئه‌وه خه‌وشێك بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌نه‌لۆژ به‌ره‌نجامی جۆرێك له بێئاگایی كاره‌كته‌ره، به‌ڵام كاتێ ڕیتمێكی ژۆرنالیستی وه‌رده‌گرێت، واته له‌حاله‌تێكی نه‌ستیه‌وه ده‌په‌رێته‌وه بۆ ئاگایی كاره‌كته‌ر، هه‌رچه‌نده هاتنی ئه‌كته‌ره‌كه‌مان بۆ لای ئێمه‌ی بینه‌ر هاتنی كاره‌كته‌ره‌كه نه‌بوو، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری خه‌می كاره‌كته‌ره‌كه بوو، خۆی به به‌شێك له كاره‌كته‌ره‌كه ده‌بینی، واته چه‌مكی (خود) ی بۆ كاره‌كته‌ره‌كه تێكده‌شكاند و له‌شوێنیدا (ئێمه) ی شانۆكاری به‌رهه‌م ده‌هێنا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م نمایشه له دیدێكی فێمێنیستیه‌وه بخوێنینه‌وه ئه‌وا پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه ره‌خنه‌گرتنه له گوتاری ئه‌نتلجنسیای كوردیی به‌وه‌ی ئه‌و نوخبه‌یه‌ی پێی ده‌وترێت شانۆكاری كورد نوخبه‌یه‌كی نێرانایه‌و هه‌ڵگری عه‌قڵیه‌تێكی دواكه‌وتووی نا‌و پاشخانی كۆمه‌ڵایه‌تیه.
بۆیه ئێمه یه‌ك ئه‌كته‌ر ده‌بینین ئه‌ویش ژنه، پیاوه‌كان هیچ نین، جگه له ده‌نگی یاده‌وه‌ری ئه‌وان بیرچوونه‌ته‌وه.. بوونه‌ته دێوه‌زمه‌و خه‌یال خه‌ونێكی له‌ده‌ستچوو، بوون ئه‌وه‌ی نه‌مری تیا ماوه‌ته‌وه گوتاری ژنبوونه.
ئه‌و یاخی بوونه‌ی كاره‌كته‌ر به‌ره‌نجامی ئیشكردنێكی درێژخایه‌نی گه‌زیزه‌یه بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی، شانۆیه‌ك بنه‌ماكانی له‌نووسینی ده‌قه‌وه بنیات ده‌نێت و دواتر ده‌یه‌وێ له‌دیدی ده‌رهێنان ئه‌و كێشه‌یه له نا‌و ماڵی كوردیی رووبه‌رووی گرفت بكاته‌وه، سه‌ره‌نجام تێده‌گه‌ین ماڵ بۆ خۆی گه‌وره‌ترین گرفته ئێمه كاره‌كته‌ری نمایشه‌كه‌مان له رابردوودا خوازیاری ئه‌وه‌یه ماڵێكی هه‌بێت تا مانای زینده‌گی تیا بدۆزێته‌وه، به‌لام له كۆتاییدا ئاماده‌بوونی ئه‌و له‌ماڵ ئاماده‌بوونی ژنه له‌ناو رووبه‌ری ته‌نیایی.
ئه‌وه‌ش ده‌رگا بۆ پرسیاری تاك و ماڵ ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی له‌دایكبوونی فه‌رد له‌ماڵدا وابه‌سته‌ی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌لایه‌تیه‌كانه یاخود به یاخی بوونی مرۆڤه له ماڵ؟
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به وه‌لامی ئه‌و پرسیاره گه‌زیزه د‌رك به‌تراژیدیای ئه‌خلاقی ماڵ ده‌كات كه خه‌ونی یاده‌وه‌ری بووه به حه‌قیقه‌تی وه‌هم، به‌لام حه‌قیقه‌تێك كۆی مێژووی شكست و تراژیدیای تیا ده‌گێڕدرێته‌وه، ته‌نانه‌ت مێژووی ئه‌زموونی كاری شانۆیش له‌ناو هۆلی شانۆ ناگیردرێته‌وه، به‌لكو له‌ناو ماڵ ده‌گێردرێته‌وه.. ئه‌وه‌ش ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه ئه‌كته‌ره‌كه‌مان سه‌ر شانۆ جێدێلێت و دێته نا‌و مه‌جلیسی دانیشتنی ئێمه به‌واتای گواستنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی شانۆیه بۆ نا‌و كایه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
كه دواجار وێنه‌كان خیرا به‌ربه‌رچاوی ئێمه تێده‌په‌رن، له‌ناو ماڵدا باخ ئه‌بینین ژووری نووستن وگۆرستان له‌ناو ماڵ ئه‌بینین.. كه له‌رێگه‌ی چوارچێوه‌كانه‌وه درووست ئه‌كریت، ئه‌وه‌ش پێمان ئه‌لێت ماڵ بۆخۆی له‌كۆتاییدا خودی گۆڕستانه‌كه‌یه‌و چاوه‌روانی مه‌رگی تیا ئه‌كه‌ین، مه‌رگێك چه‌نده ئێمه ته‌سلیمی نه‌بین دواجار ژیان ته‌نیا بریتیه له یاده‌وه‌ری وه‌ك ئه‌و سه‌رینه‌ی له گوڵی بینه‌ران درووست كراوه، هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ستن ئه‌بن به یاده‌وه‌ری.. بۆیه به یاده‌وه‌ری بوون زه‌مه‌نی ئینتیما كردنی كاره‌كته‌ره‌كه‌مانه بۆ ماناكانی جوانی كه جوانی بریتیه له‌بیركردنه‌وه له یاده‌وه‌ری بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه ئێستامان توانای ئه‌وه‌ی نیه وابكه‌ین یاده‌وه‌ری له‌بیر بكه‌ین.
په‌راوێزو سه‌رچاوه‌كان:
(1)الحچور المرئی- عواد علی، دار المدی للپقافه والنشر, الگبعه الاولی 2008, ص 229
(2) ره‌خنه‌گرتن له مۆدێرنیتی.. نیهاد جامی, سه‌نته‌ری روناكبیری هه‌تاو, ژماره (14) كوردستان 2006, لا 100
(3) نحو نڤریه لمسرح المرأه.. سوزان أ. باسنت ماجوایر, ترجمه سنا‌و صلیحه, التفسیر والتفكیك والایدیولوجیه, الهیئه المصریه العامه للكتاب 2000, ص137
(4) هه‌مان سه‌رچاوه، لا 137
(5) الحچور المرئی- عواد علی، دار المدی للپقافه والنشر, الگبعه الاولی 2008, ص 149
(6) المسرح النسوی السویدی.. عصمان فارس، الحوار المتمدن، العدد (2865) 22-12-2009
(7) هه‌مان سه‌رچاوه
(8) المسرح النسوی حركه احتجاج وتجریب، أنیتا سینغ، ترجمه: سنا‌و عرموش، ملحق پقافی جریده الپوره (دمشق) 14-2-2012
(9) الحچور المرئی.. عواد علی، دار المدی الگبعه الاولی 2008، ص 158
(10) به‌پێی ئارگۆمێنته مێژووییه‌كان نه‌رمین ناكام یه‌كه‌م ئافره‌تی كورده له‌ساڵی 1958 له‌سه‌ر شانۆ ده‌ركه‌وتبێت
(11) گوتاری ره‌خنه‌ی شانۆی كوردیی.. نیهاد جامی، یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، لقی كه‌ركوك.. چاپی یه‌كه‌م 2010، لا 66
(12) ره‌خنه‌گرتن له مۆدێرنیتی.. نیهاد جامی, سه‌نته‌ری روناكبیریی هه‌تاو, كوردستان 2006، لا 24
(13) سه‌باره‌ت به تێكسته شانۆییه‌كانی گه‌زیزه به‌تایبه‌ت له باره‌ی (توڕه‌بوونی تابلۆیه‌ك وژنانی شاره‌كه‌م و هه‌ناسه‌كانی ڕیًَگاو جه‌نگی ژووره‌كان) توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه به‌ناوی: گوتار‌و جه‌سته وه‌ك دوو چه‌مك له شانۆی گه‌زیزه.. گۆڤاری شانۆكار ژماره (5) ی 2009 لا 63
(14) گووتاری ئه‌زموونگه‌ری له ڕه‌وتی شانۆی كوردیدا.. دانا ڕه‌ووف، چاپی یه‌كه‌م سوید، 1995، لا 88
(15) الارجوانه الحمرا‌و.. یاسین النصیر, كتب سردم العربی.. السلیمانیه 2008، ص 84
(16) دارتووه‌كه‌ی گه‌زیزه‌و سه‌ره‌تاكانی شانۆیه‌كی ئه‌زموونگه‌ری.. دانا ره‌ئوف.. شانۆكار، ژماره (5) ی 2009، لا 63
(17) گوتار‌و جه‌سته دوو چه‌مك له شانۆی گه‌زیزه.. نیهاد جامی، شانۆكار ژماره (5) ی 2009، لا 64
(18) دارتووه‌كه.. یاسین النصیر، وه‌رگێڕانی (كاردۆ) شانۆكار ژماره (5) ی 2009، لا 54
(19) فرمێسك مسته‌فا: ده‌رهێنان كاری من نیه خۆشم به ده‌رهێنه‌ر نازانم هێنده‌ی به ئه‌كته‌ر، شانۆكار ژماره (8) لا 118
(20) سوور بوونی گه‌زیزه عومه‌ر له‌سه‌ر شانۆیه‌ك كه زاده‌ی خه‌ون و بیركردنه‌وه‌ی ژنی كورد بێت كه خۆی ڕابه‌ره‌و ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌و شانۆییه، بۆیه له 3-7/4/2011 هه‌وڵی به ئه‌نجامگه‌یاندنی فێستڤالێكی تایبه‌ت به شانۆی ژنی دا‌و ئه‌وه بوو به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی رۆشنبیریی سلێمانی فێستڤاڵی گوڵه مێخه‌ك تایبه‌ت به مۆنۆدراما بۆ ژنان سازكرد، كه خانمانی شانۆكار كۆمه‌ڵه هه‌وڵێكی مۆنۆدرامای ژنیان تیا به‌رجه‌سته كرد.