Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

شانۆ دوای ڕاپەڕین

Be First!
by April 17, 2012 شانۆ

 

 

 

“شانۆی کوردی لە تەنگژەدایە” ؟


گوایە ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە وایان کردووە شانۆ لە دوای ڕاپەڕن لە تەنگژەدا بێت.

ـ بە هۆی کۆچکردنی کوردەوە بەرە و هەندەران و دەرەوەی وڵات، شانۆی کوردی بەشێک لە گرنگترین و گەورەترین ئەندام و چالاکەوانانی خۆی لە دەست دا.

ـ شانۆ لە ئاستی لۆژیستیکی، بنیادنان و دامەزراندن و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووناکی و دیکۆرو… دا، چوونە دواوەی بەخۆیەوە بینی لەجێی ئەوەی بچێتە پێش.

ـ شانۆی دوای ڕاپەڕین ماڵی نییە، چونکە نەبوونی هۆڵی تایبەتی شانۆ، واتە نەبوونی ماڵ بۆ شانۆ. نه‌ میلله‌ت و نه‌ ده‌وڵه‌ت و نه‌ شانۆکاری کورد خۆیشی، شانۆ به‌ پێویستییه‌کی وه‌ها نابینن که‌ ماڵی بۆ درووست بکه‌ن.

ـ هەموو شانۆکاران دەستیان داوەتە سینەما. مەسەلە پاره‌یه‌. کورد ده‌ڵێ “که‌ کورد پاره‌ی زۆر بوو، یا پیاو ده‌کوژێ یا ژنی تر ده‌هێنێ” شانۆکاری کوردیش که‌ پاره‌ی زۆر بوو، یان ده‌بێته‌ بازرگان، یان فلیم ده‌رده‌کات. پاره‌ی فلیم زۆرتره‌ و ده‌توانن پاره‌یه‌کی باشیان ده‌ست بکه‌وێ.

ـ بێگومان سیاسییەک کە لە هەموو ژیانیدا نەچووە نمایشێکی شانۆ ببینێت، جارێک لە ماڵەکەیدا باسی شانۆ نەکراوە، وشەی شانۆی هەر نەبیستووە، ئەم سیاسییە ناکرێ چاوەڕوانی هیچی لێ بکرێت، نەک هەر لە خزمەتکردن و پاڵپشی کردنی شانۆدا، بگرە لە هیچ بوارێکی تری کایەی ڕۆشنبیری و کولتووری دا. سه‌رۆکی هیچ وڵاتێکی شارستانی نییه‌، ئه‌گه‌ر شانۆشی نه‌کردبێ، بینه‌ری شانۆ نه‌بووبێ، هیچ نەبێ لە سەردەمی لاوی خۆیدا. چه‌ند له‌ دەسەڵاتدار و سیاسییه‌ کورده‌کان نمایشێکی شانۆییان بینیوه‌؟ ئه‌وان ته‌نانه‌ت شانۆو (مه‌لها) له‌ یه‌ک جیا ناکه‌نه‌وه‌، تەنانەت وشه‌ی شانۆیشیان تەنیا له‌م دواییانه‌دا بیستووه‌. ئەوان هه‌رگیز له‌ ژیانی شارستانیدا نه‌بوون و نەژیاون، هه‌ست به‌ پێویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی ناکه‌ن.

ـ دوای ڕاپەڕین، هەر وەک پێش ڕاپەڕینیش، شانۆ لە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی هیچ کاری لەسەر نەکرا. واتە هەوڵ نەدرا ببێتە بەشێک لە کولتوور و ڕۆشنبیری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

ـ خوێندنی شانۆ لە قوتابخانەکاندا، هیچ نەبێ لە زانکۆ و خوێندنی باڵادا، دەبوو ئاوڕی لێ بدرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت، بەڵام لەلایەن کێوە؟

ـ بەکارهێنانی شانۆ بۆ ناساندنی کولتووری نەتەوە و پەیوەندیکردن بە میللەت و نەتەوەکانی تری جیهانەوە، کە ئەمە لەلایەن زۆر لە وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو کاری لەسەر دەکرێت، دەکرا ببێتە باس. دیسان لەلایەن کێوە؟

دەتوانین بڵێین ئەمانە ئەو کێشە دەرەکییانەن کە شانۆ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هۆکارگەلێکی دەرەکین، کە پەیوەندییان بە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی شانۆ لەو وڵاتەدا و ئاستی ڕۆشنبیری و شارستانیبوونی کۆمەڵگا و دەسەڵاتەوە هەیە. هەروەها پەیوەندی بە شێوازی دەسەڵات و پلە و ڕێژەی شارستانیبوونی ئەو سیاسییانەوە هەیە کە وڵات بەڕێوە دەبەن. بێگومان دەبێ هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، بەڵام ئەوە کاری نووسین و ڕەخنە نییە. ئەمانە دەبێ لەڕێی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەر و کاربەدەست و مامۆستا و هەموو ئەو کەسانەوە هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە سیاسەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەییەوە هەیە لە ویزارەت و دامەزراوەی باڵای دەسەڵات و حکومەت دا. ئەمە کاری ڕخنە و لێکۆڵینەوەی شانۆیی نییە. ئەوەی کاری لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی شانۆیی بێت، ئەو هۆکارە ناوەکییانەن کە وایان کردووە شانۆ لەو وڵاتەدا درووست نەبێت، یا ئەگەر هەبووە نەمێنێت (من پێم باشترە بڵێم شانۆ نەبووە، یا نەماوە لەجێی ئەوەی بڵێم شانۆ لە تەنگژە و قەیراندایە).

هۆکارە ناوەکییەکانی پەیوەست بە شانۆ خۆیەوە، کە بوونە هۆی کەمئەندام بوونی شانۆ لە کوردستان دا زۆرن و، پەیوەندییان بە لاوازی شانۆ، لەناو خۆیدا و بەهۆی خۆیەوە، هەیە. له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ده‌رکه‌وت که‌ شانۆ پێویستی به‌وه‌ بوو په‌یامی خۆی بگۆڕێت و چیدی وه‌ک ئامرازو دارده‌ست به‌کار نه‌هێنرێت.  نە هونه‌رمه‌ندو نە بینه‌ری کوردیش، چه‌کدارو ئاماده‌ نه‌بوون بۆ ئه‌م جۆره‌ په‌یامه‌ نوێیه‌. واته‌ په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی شانۆ. ئەم پەیامە لە کوردستانی دوای ڕاپەڕین دا ئه‌گه‌ر هه‌ندێ گه‌یه‌نه‌ریشی هه‌بووبێ، ئه‌وا هیچ وه‌رگرێکی بۆ خۆی نه‌دۆزییه‌وه‌. هونەرمەندی شانۆکارمان لە دوای ڕاپەڕینەوە نەیتوانی، باشترە بڵێین داردەست و ئامراز و ئامێری ڕۆشنبیری وەها پێشکەوتووی نەبوو کە بتوانێت بە هۆیانەوە و بەیارمەتی ئەوان، کۆمەڵگای خۆی ڕاڤە بکات، مێژووی میللەت و ناوچەکەی بخوێنێتەوە. دوای ڕاپەڕین شانۆ پێویستی بەوە بوو لەسەر کۆمەڵێک پانتایی کار بکات، کە تا ئەو کاتە بواری نەبوو یا نەیدەپەرژایە سەر ئەوەی ئاوڕیان لێ بداتەوە. ئەو تەنیا لەسەر پانتایی سیاسەت، تەنانەت ئەمەش بەو بەرفراوانییە نا کە پێویستە، کاری کردبوو. ئەو پانتاییە نوێیانەی کە کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە لەسەر وەستان و لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردن و ناسینیان بوو، پانتایی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی نێر و مێ، کێشەی ئافرەت، کێشەی شەڕی ناوخۆ، کێشەی پێناسی نەتەوە، کێشەی ئابووری، پەیوەندی بە وڵاتانی دراوسێوە، پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا، کورد بوون و کوردایەتی، شۆڕش و شەڕی چەکداری، مێژوو، دیالێکت و زمان و زمانی ستاندارد و زمانی یەکگرتوو، کرانەوەی وڵات، کۆچکردن بەرەو هەندەران و دەرەوە، ئازادییەکان، ئازادی تاک، ئازادی ڕادەربڕین، گڵۆباڵیزەیشن، کۆمەڵگای مەدەنی، بازاڕی ئازاد، دامەزراوە..هتد، ئەمانە هیچ کاریان لەسەر نەکرا. دەکرا و دەکرێت ئەمانە ببنە هەوێنی جۆرێک لە شانۆی نوێی سیاسی.

بەڵام ئەو پانتاییەی کە گرنگترینە، نەک تەنیا بۆ شانۆی کوردی، بگرە بۆ شانۆ بە گشتی، پرسە بوون گەرا و هەمیشەییەکانی تاکە. تاک و کۆمەڵگا، تاک و ئازادی، تاک و ڕابردوو، تاک و داهاتوو، تاک و نەتەوە، تاک و مێژووی نەتەوە…هتد. ئەمە گرنگترین پانتاییە کە شانۆی کوردی دەبوو دوای ڕاپەڕین کاری لەسەر بکات، نەیکرد. ئێستاش نەبێ هەر دەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان کاریان لەسەر بکات. چونکە تاک و پێناسەی تاک، تاک و پەیوەندی تاک بە بە کۆمەڵگاوە، بە جیهانەوە، بە هەموو بوار و کایەکانی تری ژیانەوە، پرسی سەرەکی هەموو هونەرێکە، بەتایبەت شانۆ.

هۆکارێکی تر ئەوەیە کە، شانۆ کارو پیشەیێکی سه‌خته‌، پێویستی به‌ خۆ نوێکردنه‌وه‌یه‌، پێویستی به‌ وه‌رزش و ڕاهێنان و خۆڕۆشنبیرکردن و پێویستی بە  په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ جیهان و کۆمه‌ڵگاو تاکه‌کاندا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کاری به‌ کۆمه‌ڵه‌، پێویستی به‌ هونه‌رمه‌ندی خۆنه‌ویستە خۆشه‌ویستییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بێ بۆ مرۆڤه‌کان، تا ئه‌وپه‌ڕی یه‌کسانیخوازو دیمۆکرات خواز بێت. شانۆکاری کوردیش ئه‌م سیفه‌تانه‌ی تێدا نییه‌، ئه‌گه‌ر ئەم سیفەتانەشی تێدابێت ناتوانێ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن په‌یڕه‌ویان بکات، له‌ ته‌مه‌نێکدا کۆڵ ده‌دات. بۆیه‌ ڕوو ده‌کاته‌ کارێک که‌ پێویستی به‌م هه‌موو (سه‌رئێشه‌یه‌) نه‌بێ، یا پۆستێک وەردەگرێت و دەبێتە فەرمانبەر. کێشەکەش لێرەدا خەست دەبێتەوە. چونکە کە زۆرینەی هونەرمەند کران یا بوون بە فەرمانبەر، داهێنان کەم دەبێتەوە، گەر نەڵێین نامێنێت. زۆرینەی فەرمانبەران لە بواری هونەردا هونەرمەندی مردوو و پەککەوتەن، ئەوانەن کە توانای ئەوەیان نەبووە خۆیان لە ڕێگای هات و نەهاتی هونەر بدەن، بەرگەی ژیانی سەختی بگرن. گەرمی سەر کورسییەکانی پشت مێزەکانیان هەڵبژاردووە، کە بە بۆچوونی من ئەمە تەواو مافی خۆیانە، بەڵام… ئەگەر ئەم فەرمانبەرانە لەلایەن پارتەکانەوە دەسنیشان کرابن؟ ئەمانە زۆر مەترسیدارن بۆ هونەر، چونکە ڕقێکی زۆریان لە دڵدایە کە سەرکەوتوو نەبوون لە بوارەکەیاندا، بۆیە هەموو جۆر بەربەست و کۆسپ و ڕێگرێک بۆ ئەو کەسانە درووست دەکەن کە دەیانەوێت بەرهەمیان هەبێت. بەتایبەتیش بۆ ئەو لاوو گەنجانەی کە تازە دێنە بوارەکەوە و دەیانەوێت دەست بە کار بن. ئەم فەرمانبەرە ورگ زل و دان زەدرد و دەم و چاو ترشاوانە، هەموو کارێک دەکەن کە وا لەو لاوە خوێن گەرمە چاو گەشە پڕ لە هیوایانە بکات هەر لە سەرەتاوە پەرۆش و گوڕ و تینیان دامرکێتەوە، بێهیوا بن، پیشەکەیان لا بێزەون بێت.

یەکێک لە کێشەکانی ئەو وڵاتانەی کە نەوتیان هەیە، ئەوەیە کە کارکردن بێڕێزکراوە تێیاندا. لای خۆمان، هەر لە سەردەمی سەددامدا هەموو ئەو کارانەی کە بە کاری پلە نزم تەماشا دەکران لەلایەن فیلیپینی و سوودانی و بێگانەکانەوە دەکران. ئەمەش تاکێکی دابەستەی بێ بەرهەمی درووست کرد. ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە زۆر بە قووڵتر دەبینرێت. پیشەسازی نەماوە، کشتوکاڵ نەماوە، پیشە دەستییەکان لە نەماندان، هەموو ئەو بوارانەی کە وا دەکات مرۆڤ بەرهەمهێن و داهێنەر بێت نەماون. هونەرمەندی کوردیش گۆشکراوی ئەم کۆمەڵگایەیە، بۆیە کاری شانۆ وەک پیشە تەماشا ناکات. ڕا نەهاتووە ڕۆژانە هیچ نەبێ بۆ ٨ کاتژمێر لە هۆڵێکدا کار بکات، ئەمەش بۆ ساڵەهای ساڵ، تا ئەو کاتەی کە پیشەکەی بە تەواوی وەردەگرێت. وەک هەموو پیشەکانی تر.

شانۆ پێویستی بە ڕابردوویەک هەیە، کە بتوانێت لەسەر ئەو، داهاتوویەک بسازێت. مەرج نییە ئەم ڕابردووە تەنیا چالاکییەکانی بواری شانۆ بێت، نەخێر، ئەم ڕابردووە دەکرێت هەموو بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەری و کولتووری نەتەوە بێت. چونکە شانۆ تەنیا کاری بە شانۆ نییە، کاری بە هەموو کایەکانی تری ڕۆشنبیری و کولتووری نەستی تاک و کۆمەڵگاکەی هەیە. بۆ ئەمەش پێویستی بە ناسینی مێژووە. دوو جۆر مامه‌ڵه‌کردن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مێژوودا، که‌ هه‌ردووکیان گرنگ و پێویستن، یه‌که‌میان ئه‌ڕشیفرکردنی مێژووه‌، دووه‌م ڕاڤەکردن (خوێندنه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ و هەڵسەنگاندن)ی مێژووه‌.

ئه‌رشیفکردنی مێژوو پێویستی به‌ ده‌زگای ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، له‌ لایه‌ن مێژوونووس و ئه‌رکیۆلۆگ و ئه‌رشیفکارو فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و بوارانه‌وه‌ ده‌کرێ. (ئه‌وه‌ی کاک یاسین قادر به‌رزنگی ده‌چێته‌ بواری ئه‌رشیفکردنه‌وه‌، که‌ ئه‌ویش زۆر گرنگ و پێویسته‌، بەڵام لە ئاستی تاکەکەسی دایە، نابێ بەوەوە بوەستینەوە). به‌ بێ ئه‌م ئه‌رشیفکردنه‌ش، کاری لێکۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی مێژوو ئه‌سته‌مه‌، چونکه‌ تۆ له‌ ڕێی ئه‌و ئه‌رشیفه‌وه‌ مێژوو ده‌ناسی بۆ ئه‌وه‌ی دواجار لێی بکۆڵیته‌وه ‌و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌یت. ده‌زگای ئه‌رشیف له‌ وڵاته‌ ڕاسته‌قینه‌کاندا، چ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دوور، چ له‌ ڕۆژئاوا، له‌ کڵێساو په‌رسگاکان پیرۆزتره‌، هێنده‌ی په‌ڕله‌مان گرنگه‌ بۆ میلله‌تێک. هه‌موو زاناو لێکۆڵه‌ره‌وه‌ و فه‌یله‌سووف و ئه‌رکیۆلۆگه‌کان کاریان به‌م ده‌زگایه‌ هه‌یه‌، به‌بێ ئه‌م ده‌زگایه‌ پێشکه‌وتن، بگره‌ بیرکردنه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌. تۆ که‌ نه‌زانی له‌ کوێوه‌ دێیت، له‌ کوێ بزانی بۆ کوێ ده‌ڕۆیت، ته‌نانه‌ت چۆن بزانی ئێستا له‌ کوێدایت؟

بابه‌تی خوێندنه‌وه‌ی مێژوو یان پانتایی کارکردن بۆ لێکۆڵنه‌وه‌ی مێژوو ئه‌ڕشیفه‌. به‌ڵام ئه‌و ئامێر یاخود دارده‌سته‌ی به‌کار ده‌هێنرێ بۆ ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ ڕەخنەی مێژووییە. کە لە زانسته‌ وێژەییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ: کۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، زمانه‌وانی، مرۆڤناسی…هتد. ڕۆشنبیری ئێمه‌ش، به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ ئه‌رشیفی نییه‌، ئامرازو ئامێری گونجاویشی نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌. چونکه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌وڵی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یان داوه‌ (وه‌ک هه‌وڵه‌ زۆر زۆر به‌نرخه‌کانی مارف خه‌زنه‌دار و عه‌لائه‌ددین سجادی و پیره‌مێردو گیو موکریانی و تۆفیق وه‌هبی و هه‌ژار موکریانی…هتد)، هێنده‌ی په‌رژاونه‌ته‌ سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ و ئه‌ڕشیفکردن، هێنده‌ خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و ئه‌ڕشیفه‌ نەکردووە. هەروەها بواریان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ که‌ زانسته‌کان وه‌ک ئامرازی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ڕشیفه‌ به‌کاربێنن. بگره‌ زوربه‌یان به‌و داخه‌وه‌ سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌. ڕەخنەگری ئەمڕۆی شانۆی کورد لە زانستەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆلۆژی) و مێژووناسی و زمانەوانی دا زۆر هەژارە، ئەم زانستانەش لەبواری تیۆریدا زۆر پێویستن بۆ لەدایک بوونی ڕەخنەی شانۆیی زانستی. ڕەخنەی شانۆش ئەو (بۆسەلە)یەیە کە بەبێ ئەو شانۆ ناتوانێ ڕێ بکات. بەتایبەت لەو سەردەمە ڕاگوزەرییە گرنگانەی کە کۆمەڵگا پێیاندا تێدەپەڕێت. لەو کاتانەدا کە پێویستە شانۆ خۆی نوێ بکاتەوە، پەیامێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، داردەست و ئامێر و ئامرازەکانی خۆی دابهێنێتەوە، واتە کە پێویست بە دامەزراندنی شانۆیەکی نوێ هەیە. شانۆیەک کە لە ئاستی ئەوەدا بێت و توانای ئەوەی هەبێت لە ئاستی پرسە گەردوونی، پرسە کۆمەڵایەتی، پرسە بوون گەراکانی تاک، پرسە تەکنیکییەکانی کاری شانۆیی، پرسە سیاسی، پرسە زانستی و بیریارییەکان دا بێت.

Previous
Next

Leave a Reply