Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

شه‌هید ئارام! …… ن/جه‌لال قادر

Comment
by January 28, 2011 چیرۆک

 

له‌ بیرمه‌ ئه‌و کاته‌ی منداڵ بووین شانۆگه‌ری( مردن ) مان ده‌کرد..هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ ده‌بوایه‌ هه‌لبژێرێ له‌ ژیان چۆن ده‌یه‌وێ بمرێ ..گه‌ر سه‌یاره‌ بوایه‌ ئه‌وه‌ یه‌کێ خۆی ده‌کرد به‌ سه‌یاره‌ و ملی پێوه‌ده‌ناین..یاخود له‌سه‌ربان به‌ربینه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رزاییه‌ک خۆمان به‌رده‌دایه‌وه‌..هه‌رشه‌وه‌ی ده‌یانجۆر مردنمان هه‌ڵده‌بژارد. هه‌ر له‌ کوشتن و بڕین تا خنکاندن و سووتاندن !.
له‌ ناو هه‌موومان ته‌نیا ئارام ڕازینه‌ده‌بوو بکوژرێ..ده‌یووت: من حه‌ز به‌ یاری  کوشتن و بڕین ناکه‌م!
جار هه‌بوو ده‌بووین به‌ دوو به‌ش ، به‌شێک پێشمه‌رگه‌ ئه‌ویتر دوژمن . به‌لام دوژمنه‌کان نابوو به‌ کوردی قسه‌ بکه‌ن.. خوڵه‌ منداڵێکی چه‌توون بوو له‌ناومان ده‌یووت  : من ده‌وری جاش و خۆفرۆش ده‌بینم .. به‌ کوردی قسه‌ ده‌که‌م.
ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌یتر ڕقمان له‌ خوڵه‌ ده‌بوه‌وه‌ وامان ده‌زانی ڕاستییه‌ به‌که‌یفی خۆمان دارکاریمان ده‌کرد. خوڵه‌ جاشش له‌ ناو هه‌موومان ده‌چوو ئارامی ده‌کوشت.
ئارام دڵی ناسک بوو و تووڕه‌ ده‌بوو، ده‌یوت: من نه‌مووت ئه‌م یارییه‌ ناکه‌م ..به‌تایبه‌ت گه‌ر جاش بمکوژێ ئه‌وه‌ دووجار ده‌مرم.
خوڵه‌ش ده‌ یوت : باوکم ده‌ڵێ گه‌ر  که‌سی ئازا و زیره‌کمان له‌ناودا هه‌لکه‌وێ ئه‌وه‌ خۆمان ده ‌یکوژین.

زۆربه‌ی کات دوای یاریکردن ده‌بوو به‌شه‌ڕمان و دایک و باوکمان که‌ له‌ بن دیواره‌کان دانیشتبوون پیلیان ده‌گرتین به‌ره‌و ماڵ ده‌یانبردینه‌وه‌..جارش هه‌بوو بنه‌ گۆێچکمان سوورده‌بووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لێدانی لنگه‌ نه‌عل.
ئه‌و کاته‌ی گه‌وره‌ش بووین له‌گه‌ڵ هاوڕێکان یه‌کترمان ده‌دی لامان سه‌یربوو ته‌مسیل کردنی منداڵیمان بووه‌ته‌ ڕاستی..ته‌نیا ئارام نه‌بێت پێی ده‌وتین : گوێ مه‌ده‌نێ نه‌خشه‌ و پلانم داناوه‌ هه‌مووتان له‌م شانۆگه‌رییه‌ ڕزگار ده‌که‌م.
به‌لام به‌داخه‌وه‌ زۆری نه‌برد ئارام به‌ده‌ستی جاش کوژرا.
ئه‌وکاته‌ی هه‌واله‌که‌مان بیست هه‌مان هاوڕێی منداڵی کۆبووینه‌وه‌..به‌ هاواری ته‌رمه‌که‌ی ئارام چووین.
شه‌و له گوندێکی قه‌ره‌داخ نووستین که‌ به‌ دارو دره‌خته‌کانی ده‌گه‌شایه‌وه‌..ئه‌و شه‌وه‌ ئه‌ستێره‌کان ئه‌وه‌نده‌ نزم بوون ده‌تویست به‌ده‌ست بیگریت ..من هه‌موو ڕووخساری ئارامم ده‌هاته‌ پێش چاو..جوولانه‌وه‌کانی و قسه‌کردنی ..هه‌روامده‌زانی له‌سه‌ر کۆلانه‌که‌یه‌ و ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و یاریمان له‌گه‌ڵ ده‌کات.
له‌خه‌یاڵی یاده‌کان بووم له‌پڕ بینیم دوو ئه‌ستێره‌ به‌ره‌و لایه‌ک ده‌چوون و جووت ده‌بوون ..له‌مندالییه‌وه‌ بیستبووم ئه‌ستێره‌ی عاشقه‌ و باشقه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ زوو ئاواتم خواست :خودایه‌.. ئارام زیندوو بێته‌وه‌!
شه‌و نازانم چۆن نووستم به‌لام له‌گه‌ڵ به‌یان هاوڕێکانم بێداریان کردمه‌وه‌ ..نوێن و پێخه‌فه‌کانمان به‌ره‌و ماڵه‌کان گه‌ڕانده‌وه‌ و نانی به‌یانیمان خوارد و هه‌موو له‌به‌رده‌م چه‌مه‌که‌ ڕه‌واستابووین . پلانمان دانا که‌ به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ بچین که‌ ئارامی تیا شه‌هید کراوه‌!
له‌ پڕێکا ئاراممان بینی شۆرده‌بووه‌و به‌ره‌و گونده‌که‌.. چاوێلکه‌که‌ی ووردو جوانی کردبوو، کۆڵه‌ پشته‌که‌ی به‌ده‌ستییه‌وه‌ گرت و له‌ خۆشیا هاواری ده‌کرد : هاوڕێ شیرینه‌کانم بۆ لام هاتوون!
ئێمه‌ش یه‌ک به‌یه‌ک باوه‌شمان پێیا کرد و گریاین..به‌ پێکه‌نیینه‌ وه‌ وتی : کوره‌ عه‌یبه‌ بۆ ئێوه‌ ده‌گرێێن من وامزانی هاتوون یاری منداڵی بکه‌ینه‌وه‌.
نه‌مانده‌زانی چی به‌ ئارام بڵێین.. بۆیه‌ هه‌موومان چاومان له‌یه‌کتر قرتان و ڕاستی هاتنه‌کامان پێنه‌ووت..گه‌ڕایینه‌وه‌ ناو ئاوایی ..به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارام ، خه‌لكی ئاوای کردیانه‌ شایی به‌زم ڕه‌زم دووسێ به‌رخ و بزنیان سه‌ڕبڕی ، منداڵه‌کانش هه‌موو گیرفانیان پڕ کرد له‌ کونجی و نوقڵ.
پاشان ئارام به‌ره‌و ناو چه‌مه‌که‌ بردمانی و باسی سروشتی جوانی کوردستانی بۆ ده‌کردین..له‌گه‌ڵ بینینی جۆگه‌له‌ و زیخ و چه‌و نوشتایه‌وه‌ و قومێ ئاوی خوارده‌وه‌..ئینجا وتی : ئه‌م دیمه‌نه‌ شیعره‌کانی مامۆستا گۆرانم به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ووته‌کانی ئارام ، دره‌خته‌کان سه‌مایان ده‌کرد..گه‌لاکان وه‌ک په‌پووله‌‌ ده‌فڕین..شۆڕه‌ی جۆگه‌ی چه‌مه‌که‌ ئاوازێکی ده‌خوێند هه‌رگیز نه‌مانبیستبوو..ئارام ببوه‌ مایسترۆ و ده‌سته‌کانی ده‌جوولاند ..چۆله‌گه‌کان پۆڵ پۆڵ لێمان ده‌ئالان..سه‌رمان سووڕمابوو ..هه‌ستمان کرد ئارام گه‌شتی ژیانێکیتری پێکردووین!
زۆری نه‌برد بینیمان ئارام به‌ زمانی دره‌خت و گه‌لا و باڵنده‌کان ده‌دوا..هاته‌وه‌ یادم که‌ ئاواتم خواستبوو ئارام زیندوو بێته‌وه‌..ڕه ‌نگبێ ئه‌ستێره‌کان ئاواته‌که‌میان هێنابێته‌ دی.
کاتێ ئارام به‌ ته‌نیشتمانه‌وه‌ ڕێگای ده‌کرد روحه‌ پاکه‌که‌ینمان ده‌بینی وه‌ک باڵنده‌کان ده‌فڕییه‌ سه‌ر دره‌خته‌کان و وه‌ک فریشته‌ ده‌گه‌رایه‌وه‌ لامان.
ئێمه‌ نه‌مانده‌زانی چۆن پێی بڵێین : تۆ کوژراوی .. تۆ شه‌هیدی ..ئێمه‌ هاتووین تۆ بنێژین.
هه‌روه‌ک منداڵی جاران له‌گه‌ڵ ئاواز و روحه‌که‌ی ئارام یاریمان ده‌کرد..یارییه‌که‌مان باڵنده‌ ودره‌ختی چه‌مه‌که‌ی هێنابووه‌ هه‌ژان ..یارییه‌ک بوو قه‌د تام و چێژی ته‌واو نابوو..
ئارام به‌ روحه‌ جوانه‌که‌یه‌وه‌ هاواری ده‌کرد : له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌مویست ئه‌م یارییه‌ بکه‌ین!
راستی ده‌کرد ئارام نه‌بوایه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز فێری ئه‌م یارییه‌ روحیه‌ نه‌ده‌بووین..یارییه‌ک پڕ له‌ عه‌شق و ئازادی ، دوور له‌ تفه‌نگ ونیشان گرتن.
گه‌شته‌که‌مان له‌گه‌ڵ ئارام تا ئێواره‌ برده‌ سه‌ر..نه‌مانزانی چۆن کات ئاوا خێرا تێپه‌ڕی ..نه‌ هه‌ستمان به‌ برسیه‌تی ونه‌ به‌ ماندوبوون کرد..کاتێ تاریک داهات زۆرمان له‌ ئارام کرد له‌گه‌ڵمان بگه‌ڕێته‌وه‌.
وتی : به‌داخه‌وه‌ ناتوانم .. هاوڕێکانیتر چاوه‌ڕێم ده‌که‌ن!
دووباره‌ ئارام مان جێهێشت و گه‌ڕایینه‌وه‌ ناو ئاوایی..شه‌و بینیمان ئه‌ستێره‌کان ده‌گه‌شانه‌وه‌ و ده‌بارینه‌ ناو چه‌مه‌که‌ و به‌ تیشکی ڕووناکیان.. ئارامیان له‌ ئامێزده‌ گرت و هه‌لده‌کشانه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان.

 

Previous
Next

Leave a Reply