Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شوناسی گەنج و مەرگى ئایندە…عومەر جەلال

شوناسی گەنج و مەرگى ئایندە…عومەر جەلال

Closed
by January 15, 2008 گشتی

ئەوەى گەنجى کورد لە گەنجى نەتەوەکانى دى جودا دەکاتەوە ئەو خەساندنە ئاوەزەیە کە وەک مۆتەکە لەسەر رۆحى گەنجى کورد دەرناچێت یان بە مانایەکى دى حیزبی کوردى هێند مەبەستى داگیر کردنى عەقڵى گەنجە بەو ئەندازەیە مەبەستى هەماهەنگى نییە بەرانبەر فەرامۆشترین توێژ کە گەنجى ئەمڕۆیە.
نکۆڵى لەوە ناکرێت کە کۆمەڵگە پایەیەکى گەورەى بوونى گەنجە ،میژووش گەواهیدەرى ئەو هاوکێشەیەیە کە هەمیشە و بەردەوام گەنج ئەو توێژەیە کە دەبنە سوتماک و جێ پەنجەیان دیارە لە گۆڕانى کۆمەڵگە،ئەوەى بەدى دەکرێت لەپاش راپەڕینەوە لە نێوان گەنج و دەسەڵات پەیوەندیەکى پێچەوانەیە ،قۆرخ کردنى داهات ولاوازى سیستمى دەسەڵات وبڕیارى خێڵانە و گوێنەگرتن لە نەوەیەک بە ناو گەنج سیمایەکى روونە لە دەسەڵاتى کوردی دا
بوونى چەندین رێکخراو و پاشکۆى حیزب بەناوى گەنجانەوە هیچى بۆ گەنج نەکردووە ئەگەر زیانى نەبووبێت بۆ گەنج ،ئەوەى ئەم رێکخراوانە کردى جگە لە بە حیزبی کردنى ناوەندەکانى خوێندن و زانکۆ و شکستى دەنگى ئازاد هیچى دى نەبووە و هەنووکە ئەو دەرەنجامە بە روونى دەبینین کە بەرهەم و کارەکانى ئەم ێکخراوانە چیە و چى نییە؟؟؟
ئەوەى کە بەگەورەترین کۆچ دادەنرێت لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەم حیزبانەدا بووە و بەتایبەت کاتى شەڕى ناوخۆ کە جگە لەوەى چەند هەزار گەنجێک بوونە سوتماکى ئەو جەنگە نەگریسە و بەهەزارانى دیش رێگاى کۆچیان هەڵبژارد و نەفرەتیان لەبوونى ئەم  نیشتمانە کرد کە تێیدا گەورەبوون لەسایەى ئەو دەبەنگیەیەى کاراکتەرى حیزبی کوردى پێشکەشی گەنجى کوردى کرد ،ئەوەى لە کوردستانیشدا بووبێت لە گەنج و پیر ئەو هەموو گەندەڵى و فرۆشتنەى نیشتمانى دیوە ئەگەر وەک جەستە گەنجى نەکوشتبێت وەک رۆح وێرانى کردووە چ جاى ئەوەى گەنج لە دۆخى دەروونى ترسناکدا دەژێت، نەبوونى کار و بەدەنگەوە نەهاتنى کۆژانى گەنج وسیخناخ کردنى کۆمەڵگە بەبەڵێنى سەرابی سایکۆلۆژیاى گەنجى کردووەتە دۆخى شیزۆفرینیاوە.
غەمى گەنج ئاوێتە بووە لەتەک جۆرێک لە رەشبینى و راکردن لە بوونى نیشتمانێکى داگیرکراو بە ئایدیاى حیزب و راماڵینى زەوییەکانى بۆ ئەندامان و لایەنگرانى حیزبەکان ئەو کێشە نێگەتیڤە بووە کەواى کردووە خەونى گەنج دوور بکەوێتەوە لە نیشتمان و رێگاى مەرگ هەڵبژێرێت و ئاوەزى دابەش بکات بەسەر کۆچدا،ئەوەى کە بووە هۆى کوشتنى گەنج و رووخانى ویستى ،نەبوونى پلانێک بووە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ گرنگیدان و لێکۆڵینەوە لە دۆخى ترسناکى گەنج و تەماشانەکردنى ئەو هەموو خۆسوتاندنەى کچانى گەنج و خۆکوشتنى گەنج لە بێکارى و بێزاریدا کە بە پلە یەک دەسەڵات لێ ى بەرپرسیارە ،
فەرامۆشکردنى گەنجانى سەربەخۆ و بێئومێدکردنیان لە داهاتى ئەم نیشتمانە ئەوەى نیشانداین کە بەهیچ رێسا و پێودانگێک لە پرۆگرامى حیزبەکاندا نییە بۆ هاوکارى گەنجان جگە لە بەحیزبى بوون و کۆنترۆڵکردنى هەناسەیان کە بیانەوێت دژى گەندەڵى و سیستمى دەسەڵات خۆپیشاندان بکەن لەنەبوونى سادەترین پێداویستى رۆژانەیان لە لایەن دەسەڵاتەوە پرۆتیستۆکراون و ئیش لەسەر بێدەنگ کردن و زیندانى کردنیان کراوە.
گەورەترین چەکى دەسەڵات بۆ رووخانى گەنجان ئەوە بووە کە هەمیشە و بەردەوام بە گوێ ى گەنجاندا چرپاندوویانە (ئێوە شاخ و ئەنفال و قوربانى تان نەدیووە ) ئەم پەرەگرافە قێزەونە هێندە ستۆک و کۆن بووە منداڵیش بڕواى پێناکات، تاکەپاساوى دەسەڵات بووە بۆ بێدەنگکردنى توێژى گەنج ،لە پشت ئەم وتەیەوە جیهانێکى شاردراوە هەیە بۆ دەم کوتکردنى گەنج لە داواکاریکردنى مافە سەرەتاییەکانى ،کاتێک پارلەمان و حیزبەکان هەموو دەرگاکان لەگەنج دادەخەن و دەروازەکانى ئازادى تەسک دەکەنەوە ئیدى شتێک نامێنێت بەناوى دیموکراسی و مافى مرۆڤ ،هەر لەم رێگەیەشەوەیە گەنج دنە دەدرێت ئەوەندەى هزر ببەخشێت بەسەفەر ئەوەندە نەیبەخشێت بە هەستى نیشتمانى یان پەشیمان ببێتەوە لەو هەموو تەمەنەى کە لە نیشتمانێکدا بەسەرى بردووە جگە لە تێکشکانى عەقڵ و رووخانى توانستى گەنج هیچى دى لە پشتەوە نەبووە.

omerjelal@yahoo.com

………………
لە هەفتەنامەى (هاوڵاتى ) ژمارە (387) بڵاوبووەتەوە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.