Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

شۆڕشی ٦٨ەکانی ئەڵمانيا، با لە مێژووەوە فێربين..1

Be First!
by March 12, 2012 گشتی


ئەم وتارە پێشکەشە بە:

 هەمو ئەو خۆپيشاندەرانەی کەلە سەراکانی ئازاديا لە پێناوی بەديهێنانی ئەزمونێکی حکومڕانی ديموکراتيانەی، ڕەوا و  سەردەميانەی کوردستان بە ئاشتيانە خۆپيشاندانيانکرد یاخود بەدڵ وە گيان حەزیان ئەکرد بەشداری بکەن و لەبەر هەرچی هۆيەک بوو بێت بۆیان نەلوا بە جەستە بەشداری بکەن!
هەروەها هيوادارم: ئەوکەسانەش بیخوێننەوە کە تا ئێستا لەو ڕاستيە تێنەگەيشتون کە تەنها بە داڕێژانەوەيەکی سەردەميانەی حوکمڕانی کوردی، ئەتوانين کەشتی ئەزمونەکەمان بۆ کەناری پارێزراو بەرين، ئەگەر نە، بەرەو گەرداو!
<شۆڕش بريتی نيە لە کردەيەک، کە شتێک ڕوئەدات وە دوای ئەوە هەمو شتێ ئەگۆڕرێ. شۆڕش پڕۆسێسێکی درێژی ئاڵۆزە، کە تيايدا پێويستە مرۆڤ بگۆڕرێ>وتەيەکی ڕۆدی دوشکەی سەرکردەيەکی هەڵکەوتوی ٦٨ەکان.


پێشەکى:

<شۆڕشی ٦٨ەکان بە يەکەم شۆڕشی جيهانگيری سەدەی بيستهەم دائەنرێ. لەو چەند ساڵەدا گەردەلولی ناڕەزايی و خۆپيشاندان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا وە لە باکورەوە بۆ باشوری جيهان پەرەی سەند. خوێندکاران تەنها لە شارەکانی بێرکەلی(و.ی.ئەمەريکا)، پاريس، بەرلين، وە ڕۆما شۆڕشيان نەکرد بەڵکو لە هەوڵدانە مەزنەکەی”بەهاری پراغ” ، لە يەکێ لە ووڵاتانی پەيمانگەی وارشۆ(چيکۆسلۆڤاکيای ئەو کاتە)، گەيشتە يەکێ لە لوتکەکانی. بەڵام بەوێشەوە نەوەستا بەڵکو کرێکارانی وڵاتانی ئەمريکای لاتينيشی گرتەوە.
 لە ساڵی ١٩٦٨دا کە بە ناڕەزايەکانی تێت لە يەنيوەری ئەوساڵەدا لە ڤێتنام دەستيپێکرد وە دەستيانکرد بە بڵاوبونەوە، لە مانگی مارسدا بۆ پراغ وە لە نيسانی هەمان ساڵدا بۆ وڵاتە يەکگرتووەکان ئەمەريکا کە بەهۆی تێرۆرکردنی مارتن لوسەر (تکايە بڕوانە بڕگەکانی دواتری ئەم وتارە) ڕەشپێستەکانی ئەو وڵاتە شۆڕشيان دەستپێکرد. دوای تەقەکرد وە بريندارکردنی سەرکردەی خوێندکاری ئەڵمانی ڕودی دوشکە ناڕەزایيەکان لە لايەن بزوتنەوە خوێندکاريەکانەوە لە ئەڵمانياش تەشەنييەوە. دوای ئەوە لە مانگی ئاياری هەمان ساڵ لە پاريس سەرهەڵدانەکان پەرەيانسەند. لە مانگی حوزەيراندا خوێندکاران و کرێکارانی شاری تۆرين(ئيتاليا) بەيەکەوە ڕژانە سەر ڕێگا و بانەکان. لەمانگی ئاب(ئەوگوست)ی هەمان ساڵدا خوێندکارانی زانکۆی مەکسيکۆسيتی دەستيانگرت بەسەر زانکۆکەياندا. لەسەربنچينەی ئەو زنجيرە چڕە لە ڕوداو، ئەو ساڵە(١٩٦٨)، بە “شۆڕشی سەرتاسەری جيهانی (واتە جيهانگيری، گێتی(گلۆبال)) لە قەڵەم ئەدرێ.>(٤) لاپەڕەی ١٧٣
ئەم شۆڕشە، بۆ نمونە لە فەرەنسا وەک رۆبەرت فرانک لەوتارەکەيدا لە (٤) ئاماژەی پێئەکا بە گەورەترين ڕوداو لە دوای جەنگی جيهانی دوهەمەوە لەقەڵەم ئەدرێ.
لە يادەوەری مرۆڤايەتيدا هەروەها گەلێکيتريش لە شۆڕشەکانی تری دنيا وە بەتايبەتی شۆڕشەکانی ئۆکتۆبەری ڕوسی (١٩١٧)، شۆڕشی فەڕەنسی (١٧٨٩)، وە شۆڕشی ئەمريکی وە هەروەها شۆڕشی (بەناو کولتوری) چينی وە زۆری تريش… يادەوەريەکی زيندون بەڵام لەهەمان کاتدا يادەوەريەکی زۆر خوێناوی و تۆقێنەرن، بەتايبەتيش کاتێ بە وردی بە ناو ڕوداوەکا و ئەکتەرە سەرەکييکاندا ڕۆبچيت. وەک ڕۆبەرت لەمەڕ شۆڕشی فەرەنسی ئەڵێ “يادەوەريەکی خوێناوی لە دەستەڵاتداری تێرۆر”.
بەپێچەوانەی شۆڕشی ٦٨ەکانەوە، تەنها چەند ڕوداوێکی کەم نەبێ، کە ‌هيچ ئاسەوارێکی ترس و ئازاری لە ناخدا بەجێنەهێشت بەڵكو بەپێچەوانەوە:< “بيرەوەرييەکان لەمەڕ شۆڕشی ٦٨ەکان، بيرەوەريەکی خۆشی هێنەر و دڵخۆشکەرانەيە”.> (٤)٤٠٣
لەبەر ئەوەی باڵێکی ئەو بزوتنەوەيە پەنای بۆ چەک برد بۆ گەيشتن بە ئامانجەکان(تەنها ر.ئا.ف. هەتاوەکە کۆتايی نەوەدەکان، ئەم ڕێکخراوە هەستا بە کوشتنی ٣٤ مرۆڤ. بەڵام ئەوانيش ٣٤ ئەنداميان لێکوژرا. (لە بەشەکانی تردا دێمەوە سەر ئەم باسە)   
بەداخەوە لەگەڵ ئەم خەسڵەتە ئاشتيانە و مرۆييەدا وە لەگەڵ ئەو ئاسەوارە باشانەی کە ئەم شۆڕشە لەسەر مرۆڤايەتی بەجێی هێشت، کەچی لەلايەن ڕۆشنبيرانی ڕۆژهەڵاتەوە ئەو گرنگيەی کە پێويستە، پێی نەدراوە. ڕەوایە ئەو پرسيارە بکرێ کە ئايا بۆ ئەبێ بزوتنەوەیەک وە يان شۆڕشێ بۆئەوەی بچێتە کتێبە مێژويەکانەوە مەرجە، ئەبێ ژمارەيەکی زۆر قوربانی لێبکەوێتەوە؟  وە تەنانەت زۆرجار تا ژمارەی قوربانيەکان زۆرتريشبن باشتر وە زۆرتر لە کتێبە مێژويەکانی دنيادا بمێننەوە. سەرانسەری مێژوی عەرەبی، تورکی، ڕوسی و ئەوروپی پڕە لە هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و شەڕ و پکێکادان. وەک ئەوەی زانستی مێژو تەنهاو تەنها بريتبێ لە مێژوی شەڕ و پێکادانەکان و توندوتيژی.
 ئەمەو لەگەڵ ئەوەشدا کە “خۆشەويستی” زۆر زياتر لە “توندوتيژی”، بزوێنەری ناوەکی و ڕەسەنی ناخی مرۆڤە. بۆ نمونە تەنها ئەوکەسانەی کە جێ پێی خۆشەويستيی و یادگاری جوانيان بەجێهێشتووە، لە ناخماندا زيندو وە نەمرن، مرۆڤە خراپەکان نەک هەر بيرمان ناکەونەوە بەڵکو لەناخەوە ئەمانەوێ هەرگيز بيريشمان نەکەونەوە. بۆ نمونە، پيرەمێردی نەمر ساڵی ١٩٥٠ کۆچی دوايی کردووە، کەچی کە بە کۆڵانەکانی سلێمانيدا ئەڕۆی، ئێستاش سيمای ئەوت لەبەرچاوە و بە دڵ ئەتەوێ یادی بکەيتەوە.  ئەويش لەبەرئەوەی کە ئەو وەکو هێلکەشەيتانۆکە لە گەڕەکەکانی ئەوشارەدا شوێنەواری خۆشەويستی بەجێهێشتووە.
هەروەک پەندێکی ئەڵمانی هەيە کە ئەڵێ “خۆشەويستی شاخەکان ئەجۆلێنێ”، ئەبوايە توێژەرەوە مێژويەکان زياتر گرنگيان بەم لايەنە بدايە. حەز ئەکەم ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە، يەکی لە دروشمەکانی شۆڕشی ٦٨ەکان لە هەمو ووڵاتەکاندا بريتيبووە لە “خۆشەويستی بکە نەک شەر” . خستنی گوڵ بۆ ناو دەمی لولەتفەنگەکانی سەربازەکان يەکێ بوو لەو ديمەنانەی کە لەکاتی خۆپيشاندانەکاندا دوبارە و چەندبارە ئەبووەوە.
 ڕەنگە ئەو خەسڵەتە ئاشتيخوازانەيەی ٦٨ەکانبێ کە زياتر پاڵيپێوەنابم ئەم هەوڵەبدەم کە ئەم شۆڕشە گۆڕانخواز و مرۆييە وە بير خوێنەری کورد بهێنمەوە و ئەوەش ڕۆشنایی بخەمەسەر کە لەگەڵ ئەو سروشتە ئاشتيخوازیەشدا چۆن ئەم شۆڕشە هەتا ئێستاش کاريگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگای ئەڵمانی هەيە. ئێستا سەرانی کورد لەهەمو کاتێ زیادتر ئەبی بەدوای چارەسەريەکی ئاشتیخوازانەی کێشەکانی ماڵی کورد بدەن.
لێرەدا زۆر شايەنی ئاماژەپێکردنە کە بەڕێز ئازاد حەمە لە زنجيرەيەک وتاری بەپێزدا لە دروشمەکانی شۆڕشی ٦٨ەکان( بەشی فەرەنسای) کۆڵيوەتەوە و لە ماڵپەڕی “دەنگەکان”دا بڵاوی کردۆتەوە.
بەڵام ئەم وتارە زياتر دەربارەی شۆڕشی ٦٨ەکانی بەشی ئەڵمانيايە، کە بە هۆی جياوازيەکانی پێکهاتە و تایبەتمەندیەکانی مێژو و کۆمەڵگای ئەڵمانی بە ئاقارێکی تردا ڕۆشت، وەک دواتر دێينەوە سەری.

چاوگی هاندانم بۆ بەدواداچونی ئەم باسە:

ئەو کەسەی لە ئەڵمانيا ژيابێ و تێکەڵی کۆمەڵايەتی لەگەڵیاندا کردبن، هەر زوو هەست بەو ڕاستيە ئەکات کە لەو کۆمەڵگايەدا جۆرەکەسانێک هەيە کە زۆر بەتايبەتی لە هەڵسوکەوت، مامەڵەکردن و بيروڕای سياسيدا جۆرێک لە کرانەوە و هەستێکی مرۆڤانەی قوڵ و ڕۆشنبيريەکی ئاسۆ فراوانيان هەيە، کە هەر زۆر زوو پێيان ئاشنا ئەبيت. ئەوەندەی بەندە و لە زۆرێک لە هاوڕێکانم ئاگاداربم و سەرنجمان دابێ و پرسيارمان لێيانکردبێ، پەروەردەی بارودۆخی کاتی شۆڕشی ٦٨کانن، چونکە لەو کاتانەدا کرانەوەيەکی ئێجگار فراوان هەبو بەسەر کولتور و شارستانی و ئايدۆلۆژيەکانی دنيادا بە شێوەيەک کە کەش و هەوايەکی ڕۆشنبيری وا دروستبو بوو کە هەتا ئێستاش کاريگەريە ئەرێنيەکانی لە سەر ئەو مرۆڤانە هەر ماوە و بەردەوامە.
بەندە و هاوڕێ پەناهێندەکانی ترم يارمەتی زۆری بێبەرامبەرمان لەم جۆرە مرۆڤانە وەرگرتوە بە تايبەتی بۆ فێربونی زمان و هەندێ گرفتی تر، کە زمان نەزانين و نە شارەزايمان لەم کۆماڵگا نوێيە هێنابويە گۆڕ. من بەش بەحاڵی خۆم هەتا ئێستاش خۆم بە قەرزاری ئەو مرۆڤانە ئەزانم(هاينەر کلۆسێت، ئێلی، گيزيلا، ڤۆلڤگانگ، ميشێل …هتد).  
مەريوان ووريا قانع لە وتارێکدا بەناوی ” پیاوەتی چییە”ەدا ئاماژە بۆ ئەو دياردەيە ئەکات وە لەسەر زمانی نوسەرێکەوە بەناوی< خاتو سوسەن جێفۆردسە. ئەو باس له‌چۆنیەتی گۆڕانی وێنە‌و ماناکانی پیاوەتی له‌فیلمەکانی ھوڵیودا دەکات له‌قۆناغی سەرۆکایەتی رۆناڵد ریگندا. ئەوەی ئەم نووسەرە نیشانیئەدات گۆڕانی تێڕوانین‌و ماناکانی پیاوەتییە له‌ساڵانی هەشتای کۆمەڵگای ئەمه‌ریکیدا، بەبەراورد بە ساڵانی هەفتای هەمان کۆمەڵگا. بە بۆچوونی ئەم خانمە، ئەم گۆڕانەش بەباشترین شێوە له‌گۆڕان له‌کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو سینەمای ھۆڵیودا دەردەکەوێت، بۆ نموونە له‌گۆڕان له‌کەسایەتی ئەکتەرێکی وەک داتسن ھۆفمان‌و جاک نیکلسۆنەوە بۆ کەسایەتی سیلڤێستەر ستالۆن‌و ئارنۆڵد شفارتزنێگە‌و ڤان دام. کەسایەتییە پیاوە سینەماییەکانی ساڵانی هەفتای ئەمه‌ریکا کەسایەتی نەرم‌و دژە پاڵەوان‌و سادەن، داتسن ھۆفمان پیاوێکی بچووکی بێ عەزەڵات‌و ھێمن‌و ناتوندوتیژە، لەکاتێکدا سیلڤێستەر ستالۆن، پاڵەوانێکی بەھێز‌و پڕ ماسولکە‌و قارەمانێکی توندوتیژ‌و جەنگییە. یەکەمیان ئینسانێکی سادەیە دووهەمیان جەنگاوەرە. لەنێوان ئەم دوو وێنەیه‌دا دوو تێڕوانینی تەواو جیاواز بۆ پیاوبوون لەئارادان‌و دوو مانای جیاوازیش بۆ پیاوەتی. بەبۆچونی ئەو نووسەرە، ئەکتەرە پیاوەکانی سینەمای ھۆڵیود له‌ساڵانی هەفتادا کەسانێکن له‌پەیوەندییەکی پتەودان بە دۆخی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوری ئەمه‌ریکای ئەو سەردەمەوە، ئەو مانایانەی ئەم ئەکتەرانەش بە پیاوەتی ئەدەن، پەیوەندی بەڕووداوەکانی ئەو سەردەمەوە هەیە، بەڵام ئایا گرنگترینی رووداوەکانی ساڵانی هەفتای ئەمه‌ریکا کامانەن کە کاریگەری لەسەر ھۆڵیود‌و وێنەی پیاو له‌سینەمای ھۆڵیودی ئەو سەردەمەدا جێدەھێڵێت.>
<ئەم نووسەرە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ئەو گرنگییەی کە سینەمای ھۆڵیود بە کەسایەتی ئاسایی‌و “ناپاڵەوانی” وەک داتسن ھۆفمانی ئەدات‌ و ئیعجابی خەڵکیش لەو سەردەمەدا بۆ ئەو جۆرە کەسایەتییانە، یەکێکە له‌ھۆکارەکانی هەڵبژاردنی کەسێکی وەک جیمی کارکتەر بەسەرۆکی ئەمه‌ریکا. ئاشکرایە جیمی کارتەریش، رێک وەک داتسن ھۆفمان، پیاوێکی کورت‌و ھێمن بوو، وەک ئەویش خاوەنی کەسایەتییەکی ئاسایی ناپاڵەوانانە بوو. هەروەها پیاوێک بوو دەیویست لەئاستی نێودەوڵەتیشدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ سیاسەتێکی ھێمن‌و کەمتەماح، بگۆڕێت. بەمانایەکی دیکە هەم له‌ناو سیاسەت‌و هەم لەناو ھونەری سینەمادا لەو ساڵانەدا جۆرێکی نەرم‌و ھێمنی پیاوەتی بەرهەمدەھێنرێت کە تەواو پێچەوانەی ئەو جۆری پیاوەتییە کە سیاسەت‌و سینەما له‌ساڵانی هەشتادا له‌ئەمه‌ریکادا بەرهەمیدەھێنن.>(٦)
کەواتە ئەبێ لەو ساڵانەدا چی ڕویدابێ کە کە ببیتە هۆی ئەوەی جۆرێکی نەرم و هێمنی پیاوەتی بەرهەمبهێنرێت؟!
وەڵامی ئەم پرسيارە بە دڵنيايەوە پەيوەندی بەو گيانە گۆڕانخۆزيەوە هەيە کە لە شەستەکاندا وڵاتانی ئەوروپايی و هەندێ ووڵاتی تری دنیای گرتەوە، لەسەرو هەمو ئەو وڵاتانەشەوە ووڵاتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا. لە ئەنجامی ئەو بزوتنەوە گۆڕانخوازيانەدا کەسايەتی مەزن هاتنە کايە و مەيدانی سياسەتەوە. ئەويش لەبەر ئەوەی کە لەو کاتانەدا تەنها ئەو کەسانە هەڵئەبژێرران بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات و بزوتنەوەکان، کە گيانی ئامانجە گۆڕانخوازەکانی ئەو کاتە بەرجەستە ئەکرد.  ئەمە ئەو ساڵانەیە کە شۆڕشی ٦٨ەکانی تيادا ڕويدا. بۆنمونە:
جۆن ف کەنەدی:
 جۆن ف کەنەدی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکايەتی ئەمريکادا لە ساڵی ١٩٦٠ ئەم باسانەی خوارەوە ئەکات بە چەقی قورسايی کەمپەينەکەی:
 هێنانەدی ئەو خەونو ئارەزووانەی کە نەهاتونەتەدی، هەوڵدان بۆ دۆزينەوەی رێگەچارەيەک بۆ گرفتی شەڕ و ئاشتی. لەناوبردنی لوتبەرزی و بەتۆمەتبارکردنی پێشوەقت و بێ بنەما، هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پەيوەندی هەژاری لە لايەک و يەک دنيا دەوڵەمەنديی بێسنور لەلايەکيتر. هەوڵێکی زۆريدا بۆ لەناوبردنی ئەو ياسايانەی کە ڕەگەزەکانی لە يەک جيائەکردەوە. لە ٢٢ نۆڤەمبەری ١٩٦٣ ،لە دۆخێکی تەمومژاويدا ئەکوژرێ. زۆربەی زۆری ئەمريکيەکان هەتا ئێستاش لەو بڕوايەدان کە ئەو لە ئەنجامی پلانێکی داڕێژراودا بووە بە قوربانی.

مارتن لوسەر:

مارتن لوسەر يەکێکە لە هەرە بەناوبانگترين جەنگاوەری سيڤيلی دژی چەوساندنەوە و فەرامۆشکردنی کۆمەڵايەتی وە ڕەگەزپەرستی و شەڕەنگێزی. لە ساڵانی نێوان سەرەتای شەستەکان و ناوەڕاستی شەستەکان يەکێ بو لە بەناوبانگترين ووتەبێژی بزوتنەوەکانی مافی هاووڵاتی و سيڤيلی ووڵاتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا کە هەميشە داوای لە خۆپيشاندەران ئەکرد کە زەبروزەنگ بەکار نەهێنن. ووتە هەرە بەناوبانگەکەی لە ڕۆژی ٢٨ ئاب ١٩٦٣(٢٨\٨|١٩٦٣) بەناوی “خەونێکم هەيە…، خەونێکم هەيە…، خەونێکم هەيە کەڕۆژێک لەڕۆژان…. ، خەونێکم هەيە ئەمڕۆ…” يەکێک بوو لە هەرە ووتە بەناوبانگەکانی دژی ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوە.
لە ڕۆژی ٣ی نيسانی ١٩٦٨دا ووتەيەک بۆ هەوادارەکانی پێشکەش ئەکات و کاتێ ئەڵێ کە ئەو چووە بۆ کێوی توڕ وە لەوێ بەخزمەت خوا گەيشتووە، ئاماژە بەوە ئەکات کە لەهيچ کەسێ ناترسێ، بەوە ڕاڤە ئەکرێ کە زانيبێتی کە ڕۆژی دوايی شەهيد ئەکرێ. بەڵام لە کۆتاييترين ڕستەيدا، هەوادارانی لەسەر بەکارنەهێنانی زەبر و زەنگ وە پاراستنی ئاشتی هانئەدات. ئەم مرۆڤە بەرزە ڕۆژێ دوای ئەو ووتەيەی، لە ڕۆژی ٤ نيسانی ١٩٦٨ شەهيد ئەکرێ.

شی گيڤارا
گيڤارا ی پزيشک و نوسەرو شۆڕشگێڕ لە ئەرجەنتين لەداييک بووە و لە ڕزگارکردنی کوبادا(شۆڕشی ١٩٥٣|١٩٥٩) ڕۆڵی هەر سەرەکی بينيوە و دوای ئەوەی واز لە وەزيری ئەهێنێ ئەچێ بۆ بۆليڤيا بۆ ئازادکردنی ئەو ووڵاتە بە شەڕی پارتيزانی. ڕۆژنامەی تايمسی ئەمريکی بە يەکێ لە کاريگەرترين کەسايەتی سەدەی بيستەم هەڵيئەبژێرێ.
بەداخەوە کە لە ڕۆژی ٩ تشرينی يەکەمی ١٩٦٧ (٩|١٠|١٩٦٧) بەديلی شەهيد ئەکرێ. شەهيدبوونی ئەم کەڵەپياوە شۆڕشگێڕە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزايی و شۆڕشی نوێی لێکەوتەوە، کە سەرانسەری هەمو دنيای لەخۆگرت. هەرواها ئەڵمانياش، کە خۆی لەناو جەرگەی جۆرێک لە شۆڕشدابوو. شەپۆلەکان ئەوەندەيتر بەرزتر و بە تەوژمتر بوون..

لە ئەڵمانيا کەسايەتی وەکو ڤيلی براند لەلايەن خەڵکەوە هەڵبژێررا. ئەو دەورێکی باڵای هەبو لە ڕەواندنەوەی گرژيەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. و هەتا ئێستاش لە مێژوی ئەڵمانيادا بە بەردەبازی دروستکەری پەيوەندی ئاشتيانە دائەنرێ لەگەڵ ووڵاتانی پەيمانی وارشۆی ئەوکاتەدا.
لەسەر ئاستی ميللیش نەوەيەکی نوێی بە بيروباوەری پێشکەوتوخوازی و مرۆڤايەتی و دادپەروەری و پاراستنی مافی مرۆڤ و سروشت و هتد.. پەروەردەکرد بۆ نمونە نەوەکانی ئەم شۆڕشە دواتر هەڵسان بە دروستکردنی چەندان پارت(بەتايبەتی چەپ وە کۆمەنيستی)، ڕێکخراو و دەستگا، بەڵام سەرکەوتوترينيان دروستکردنی پارتی سەوزی ئەڵمانی(١٩٨٠). ساڵی ١٩٨٣ ئەوان توانيان بچنە پەڕلەمانی ئەڵمانياوە. دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەيەش، هەر ئەو نەوەيەش بوو ئەو پارتەيان لە ويلايەتەکاندا و لەسەر ئاستی هەمو ئەڵمانياش هەڵئەبژارد وەکو نوێنەريان لە پەرلەمانەکان و پارێزگاکان و زانکۆکاندا. لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەردەوام وەکو کۆترێکی سپی هەر بەرز ئەفڕێ و ژمارەی ئەندام و دەنگدەر و هەوادارانی و کاريگەری لە سەر کۆمەڵگای ئەڵمانیی بەردەوام لەزيادبونايە(لەدوييدا دێينەوە سەر ئەم باسە).
لەم کەش و هەوا نوێخواز و ڕيفۆرمخوازەدا هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەندان ڕێکخراوی چالاک و بەناو و دەنگ لەو کاتانەدا دروستکران، بۆ نمونە گرين پيس(ساڵی ١٩٧١ لە ڤانکۆڤەری کەنەدی لە لايەن چالاکەوانە ئاشتیخوازەکانەوە دامەزرێنرا)، ئەمنستی ئينتەرناسونال(ساڵی ١٩٦١ لە لەندەن دامەزرێنراوە)،هتد..

* * * * *
کە بزوتنەوەی گۆڕانخوازی و لاوان لە کوردستان و ووڵاتانی تری دراوسێ نەترسانانە و بوێرانە هاتنە ناو مەيدانەکانەوە و داواکاريە ڕەواکانيان لە ناو سەراکانی ئازاديدا ئەخستە بەردەم ڕای گشتی و دوايی پێشکەشی حيزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستنيان ئەکرد، ئەمە بۆ من مژدەی ڕۆژگار وە حوکمڕانيەکی گەش، سەرکەوتو، سەردەمی وە ڕەوای هێنا.
ئەمانە هەموی جارێکيتر شۆڕشی ٦٨ەکانی هێنايەوە بەرچاوم. ئەو ڕوداوە ميلليە سەرتاسەريەی کە هاوڕێ دڵسۆزە ئەڵمانيەکانم کاتی خۆی بۆيان ئەگێڕامەوە.

* * * * *
لە ڕاستيدا خودی سروشتی جوان و ئاشتيخوازانەی ئامانجەکانی شۆڕشی ٦٨ەکان، هەروەها ئەو هەمو ئەنجامە ئەرێنيانەی لەسەر کۆمەڵگای ئەڵمانی بەسە بۆ ئەوەی کە خوێنەری کورد لە پێناسينی ئەم شۆڕشە بێبەش نەکرێ. بەڵام لێرەدا حەزئەکەم ئاماژە بەوە بدەم کە سەرەڕای ئەو هەمو خۆپيشاندانە زەبروزەنگئامێزانەی شۆڕشی ٦٨ەکان وە هەروەها ئەگەر ئەوەش ڕەچاوبکەين کە ئەو شۆڕشە ماوەيەکی زۆری خاياند(چەندان ساڵێک)، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بەشێکی خەڵکەکەبو کە دەستياندايە چەک و شەڕی ناو شارەکان(بەتايبەتی ڕێکخراوی باڵی(بەشی) سوپای سور، دوايی دێمەوە سەر ئەم باسە)، نەک حکومەت و دەوڵەتی ئەڵمانی دژی ئەوان.
بەڵێ پۆليس زەبروزەنگی ئەنواند، لەکاتی خۆپيشانەکاندا، بەڵام چەکی بەکار نەئەهێنا.
دوای زياتر لە چل(٤٠) ساڵ دوای ئەو شۆڕشە لە کوردستانەکەی ئێمەدا کە چەند تينوی ئاشتی و ئازادي و سيستەمێکی ڕەوایە، وە بەتايبەتی چۆنيەتی مامەڵەکردنی ناوەندە دەسەڵاتە جياجياکانی حوکمڕانی کوردی لەمەڕ ڕوداوەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و دواتر، زۆر جێگەی سەرسوڕمان و ئازار و ئێشە. وە بەتايبەتی ڕوداوەکانی ١٩ نيسان ٢٠١١ بۆخەڵکی کوردستان و بەکارهێنانی زەبر و زەنگ و ترساندن، فەلاقە! وە تۆقاندنی چالاکەوان و ڕۆژنامەنوسان کە پێشتريش درێژەی هەبو، ئەوە ئەسەلمێنێ کە دەسەڵات و سياسەت مەدارانی حيزبە حوکمڕانەکانی کوردستان نە لەمێژوی کورد وە نە لەمێژوی وڵاتان هيچ فێرنەبون
 ئەم ڕوداوانە بۆ هەمو مرۆڤێ کە لە لەناوچونی ئەزمونەکەمان بترسێ، بريتيە لە لێدانی هەمو زەنگەکانی مەترسی، تێپەڕاندنی هەموو هێڵە سورەکان وە نزيکبونەوەی مردن و ماڵکاوليەکی نوێ لەم دەڤەرە. لەم ڕوداوانەدا 10كه‌س شه‌هیدكراو زیاتر له‌ 500كه‌س برینداركران، به‌سه‌دان كه‌سیش به‌نایاسایی‌ و ناهەق، راپێچی‌ زیندان كران و هەزارانی تريش لەکارەکانيان دەرکران و “نانبڕاو” کران.
   به‌ڵام تا ئێستاش سەرانی ده‌سه‌ڵات، کە خۆی لەسەر هەمو ياساکانەوە ئەزانێ، بكوژان په‌نا ده‌دات ‌و ئاماده‌ نیه‌ بیانداته‌ دادگا. تەنانەت بڕيارەکانی پارساڵی سەرۆکی هەرێميش دەرهەق بەو ڕوداوانە جێبەجێ ناکرێ. ئەم ناهەقی و نادادپەروەریانە هەتا ئێستاش بەردەوامە و ڕو لە زیادبونە. کەچی هەمان دەسەڵات هەفتانە داوای سزادانی ياسايی لەسەر ڕۆژنامەنوس و نوسەرە ئازا و بەويژدانەکان ئەکات و ئەيانهێنێتە بەردەم دادگاکانەوە. هيچ ويژدانێ، هيچ کەسێ، هيچ ميللەتێکی زيندو دەستەوسان بەرامبەر لەم جۆرە ڕەفتارانەدا  ناوەستێ. بەتایبەتیش ئەگەر ئەو وڵاتە کوردستانبێ، کە سەدان ساڵە تينوی ئازاديە و بەردەوام خەون بە دەوڵەت و سەربەخۆيەوە ئەبينێ.
ئەم ڕوداوانە چرکەساتی ڕاستەقينەی لەدايکبونی بيرۆکەی لەدايکبون و بەدواداچونی ئەم وتارەيە.

* * * * *
لەکاتێکدا مێژوی کۆن و نوێی گەلی کورد لێوانلێوە لە کارەسات و ڕوداوی جەرگبڕی شەڕی کورد لەگەڵ کورد، ئەزمونێکی دورودرێژی ڕمان و گلان و ماڵوێرانی کە نەک سەرانی ميللەتی کورد ئەبێ سود لەم مێژووە خۆماڵيە، خۆکرديەوەرگرن، بەڵکو هەروەها ميللەتانيتريش، بەو مانايەی کە هەر ميللەتێ يەک و تەبا نەبێ، ئەبێ ئاوا بێ دەوڵەت و مايە پوچبێ باوەکو سەرژمێری لە ٤٠ مليونيش زياتر بێ!
هەمان کەسانێک کە ئێستا خاوەنی بڕياری سياسين لە کوردستاندا لە چەندان شەڕی براکوژيدا بەژداريان کردووە، چەندان جار دەستيان چۆتە خوێنی هاوزمانەکەيانەوە، کەواتە ئەبوايە بەو سانايیە فەرمان نەدەن بە هێرش و تەقە لە لاوان و گۆڕانخوازان و توڕە لە سيستەمی حوکمڕانی کوردی و بيانکوژن و خەڵتانی خوێنيانبکەن.
 لەوە ئەچێ ڕێبەرانی سياسی کورد هيچ سودێکيان لە مێژوی پڕ مەينەت و تراژيديای براکوژی و خۆکوژی کورد وەرنەگرتبێ، ئەگينا هەروەها بەو ساناييە دوای خۆپيشاندانێکی بچکۆلانە هەروەها مەکۆکانی پارتە ئۆپۆزيسيۆنەکان نەئەسوتێنران. ئەمەو بەمەرجێ خۆپيشاندانەکە لەو کاتانەدا پەيوەنديەکی ڕاستەوخۆيان بەو پارتانەشەوە نەبو. جگە لەوەش دەسەڵات هەوڵيان نەئەدا هێزێکی زێرەڤانی بنێرن بە مەبەستی هێرشکردنە سەر “گردەکە” ئۆپۆزيسیون وە سەرکوتکردنی ناڕەزاييەکانی سەرای ئازاديەکان بە چەک و زەبروزەنگ و تاقە هەوڵێکی دانيشتن و ديالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی ئەو خۆپيشاندەرانەدا نەدەن کە بە ئاشتی ناڕەزاييەکانيان نمايش ئەکرد.
لەلايەکی کەشەوە دروستە کە هەمومان لەسەر ئەوە کۆک بين کە نابێ دامرکاندنەوە و سەرکوتکردنی ناڕەزاييەکان وە خۆپيشاندانی ئاشتيخوازانە، بە ڕوداوێکی سەرپێيی و ئاسايی سەيربکرێ بەڵکو بە کارەساتێکی ماتەمينی مێژوويی، بە هەرەس و نوشستی هێز و توانا و مەودای ژيريی وە لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی لۆگيکی پۆستاڵ بەسەر ئەو ژيرييەدا کە مرۆڤ لە هەمو گيانەوەرەکانيتر جيائەکاتەوە. ئەبێ ئێستێ لەسەر ئەم کارەساتە مێژوييە بکرێ وە نە‌هێڵرێ هەروا بە سانايی بەسەرماندا تێپەڕێ، ئەگەر نە، دوبارەبونەوی ئەم جۆرە تاوانانە لەداهاتودا لەلامان ئاسايی ئەبێ و هێزی شەڕەنگێز و ئەهريمەنەکانی ناو دەسەڵات باشتر بۆيان ئەلوێ پلانە گڵاوەکانيان بخەنەگەڕ و لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆياندا، ئەزمونەکە بخەنە قوڕەوە و وورده‌ وورده‌ بەرەو سيستەمێکی ديکتاتۆری بەرن. نابێ لە ئاست تاوانا بێباکی نيشانبدەين.
لەبەرئەوەی لەيەکچونێکى بابەتيانە هەيە لە نێوان هەمو شۆڕشەکاندا، ميللەتان ئەتوانن لە ئەزمونی بزوتنەوە و شۆڕشگێڕی يەکتری فێرببن.  ئايا شۆڕشی ئەمريکی( ١٧٦٣ )  کاريگەريی له‌سه‌ر شۆڕشی فەرەنسی (١٧٨٩/١٧٩٩) وه‌ لەسەر سيسته‌می حوکمڕانی  ووڵاتانی ناوچەکەو بگرە هەمو شۆڕشەکانی دنيا هەتا ئێستاش بەردەوامی نيە؟ يان شۆڕشەکەی ياسمينی تونس(١٧ دێسەمبەری ٢٠١٠) و (٢٥ يەنيوەری ٢٠١١ )ی مەيدانی تەحريری ميسر کاريگەری لەسەر ووڵاتەکانی دەوروبەر وە تەنانەت خۆپيشاندانەکانی ئێستای نەک يەمەن و سوريە و ووڵاتانی تری دنيا و هەروەها کوردستانش نيە؟!  ئەگەر ئێمە لە زمانی خۆپيشاندەرانی يەمەنەوە رۆژانە ببيستين کە ئەوان چەکەکانيان لەماڵەوە داناوە و ئەيانەوێ تەنيا و تەنيا بە ئاشتيانە بە ئامانجەکانيان بگەن، ئيتر ميللەتێکی وەک کورد، خێرنەديو لە شەڕ و کوشتەی حوکمڕانيەکی پێشکەوتو، دادپەروەر و نا گەندەڵ، لەم چەرخی ئنتەرنێت و جيهانگيريەدا چۆن لەژێر کاريگەری ئەو شۆڕشانەدا نابێ؟.
ئەگەر ڕۆژێ پێش خۆسوتاننەکەی بو عەزيز لە تونس، کەسێ (بەتايبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەريکا) باسی ئيرادەيەکی گۆڕانی سيستەمی حوکمی وڵاتە عەرەبيە ديکتاتۆرەکانی بکردايە لەسەر دەستی لاوان و رۆشنبيران، لەوانەبو پێی بڵێن تێکچووە، چونکە ئەو وڵاتانە تا ئەو کاتە زيادترين ئيرادەی هێزە توندڕەوە دينيەکان يان کۆدەتای سەربازی یان بە هۆکاری گۆڕانکاريەکان دائەنا و بەڕاستی نەيان ئەزانی زۆرينەی ئەم وڵاتانەش بەو شێوەيە شەيدای ژيانێکی بەڕومەتن. کەواتە ئيرادەی گۆڕانی ميللەتان دروستکەری مێژوی خۆيانن وە ئەوان ئەتوانن سود لە ئەزمونی يەکتر وەرگرن. ئەمە چاولێکەری! نييە بەڵکو لەيەکتر فێربونە بۆ پاراستنی ڕەوايەتی و دادپەروەری وە هەروها بۆ پيرۆزی و بەرزڕاگرتنی بەردەوامی ژيان لە ئازاديدا.

باوەکو ڕواوەکانی ئەم ووتارە (شۆڕشی ٦٨ەکان) نزيکەی٤٠ ساڵ لەمەوبەر ڕويدابێ بەڵام ئاسەوارە ئەرێنيەکانی لەسەر کۆمەڵگای ئەڵمانی هەتا ئێستاش بەردەوام هەبووە و لە داهاتوشدا هەر ئەيبێ.
>
شۆڕشی ٦٨ەکان کۆتاييان بە چۆنيەتی ژيانی سياسی دوای جەنگی جيهانيەوە هێنا کە لەئەنجامدا کۆمەڵگای ئەڵمانی گۆڕانی ڕيشەيی بەخۆيەوەبينی. لەبەر ئەوە هەروەکو چۆن ١٩٨٩ بە ساڵی دامەزراندنەوەی”کۆماری ئەڵمانيای يەکگرتوی تازە” دائەنرێ هەروەها هەندێ کەس وا لێکیئەدەنەوە کە ١٩٦٨ بريتيە لە ساڵی ڕاستەقينەی دامەزراندنەوەی “کۆماری ئەڵمانيای يەکگرتوی کۆن”ی دوای جەنگی جيهانی.
(١)<
 لەبەر ئەوەی گيانی سپی ئەم شۆڕشە هەمان گيانی ئەم شۆڕشە نوێيەيە کە ئێستا هەمو ناوچەکەی گرتۆتەوە، هەروەها بزوتنەوەی ڕيفۆرخوازی کوردستانيش، ئێمە ئەتوانين لەو ڕوداوە مێژووييە، لەو ئەزموونە پڕ وانانە، سودمەندبين و هەمان هەڵەی دەوڵەت وە هەروەها هەڵسوڕێنەرەکانی ئەو بزوتنەوە جەماوەرييانە دووبارەنەکەينەوە کە لە کاتی ڕودانی ئەو شۆڕشەدا کراوە.
لەسەر ئەو بنچينەيە و لەپێناوى خزمەتکردن بەو بزافە ڕيفۆرمخوازە وە چاکسازيەى کوردستان وە لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەيەکی ئاشتييانە و وتووێژ، هەووڵئەدەم لە خوارەوە دەروازەيەک بکەمەوە بۆ ناساندنی شۆڕشی ٦٨ەکان، ئەويش بە سود وەرگرتن لە چەندين نوسين و لێکۆڵينەوە و  وتارێ کە لە لايەن چالاکەوان و نوسەری گەشەدار و هەڵکەوتوی بەشداربو لەو شۆڕشەدا و چەند توێژەرەوەيەکی بواری کۆمەڵناسی و دەرونناسی و زانستی سياسەت نوسراون.

چۆنيه‌تی ناونانی شۆڕشه‌که‌ وه‌ کەی دەستيپێکرد و کۆتايیهات؟
شۆڕشی ٦٨ەکان شۆڕشێ بوو کە بەگشتی لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە دەستيپێکرد تاوەکو ناوەڕاستی حەفتاکان وە چەند ووڵاتێکی زۆری دنيای گرتەوە(کەم تا زۆر)، هەر لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا ئەمريکا، بەتايبەتی ووڵاتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا، ئەڵمانيا، فەرەنسا و ئيتاليا، مەکسيک…
هه‌روه‌ک له‌ ڤيکيپێدييای ئه‌ڵمانيدا هاتووه‌، له‌سه‌ر ئاستی جيهان وه‌ ئه‌ڵمانيا، ئه‌م بزوتنه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌بەسرێنه‌وه‌ به (زاراوه‌ی 68ه‌کان)ه‌وه‌:
•    بزوتنه‌وه‌ی ڕقه‌به‌ری ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مانی ئه‌ڵمانيا
•    بزوتنه‌وه‌ی خوێندکارانی ئه‌ڵمانی، ساڵانی شه‌سته‌کانی ئه‌ڵمانيا
•    (فه‌‌ره‌نسا)ئاياری 1968
•    پشێويه‌کانی ئاياری 1968 له‌ پۆڵۆنيا
•    به‌هاری پراغ له‌ چيکۆسلۆڤاکيای ئه‌وکاته‌
•    به‌هاری کرۆواسيا
•     له‌ ئيتاليا Lotta continua بزوتنه‌وه‌ی
•     له‌دوای تێرۆرکردنی مارتن لوته‌ر کينگ له‌ ئه‌مريکاBlack Power بزوتنه‌وه‌ی هێزی ڕه‌ش –
•    Free Speech Movement, بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری له‌ ويلايه‌تی کاليفۆرنيا
•    Globuskrawalle هه‌راوهوريای گشتگيری له‌ سويسرا
•     له‌ مه‌کسيک له‌ ئه‌نجامی بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری ئه‌و ووڵاته‌Tlatelolco ڕه‌شه‌ کوژی
•    Zengakuren (ڕێکخراوی چه‌تری خوێندکاری چه‌په‌ توندڕه‌وه‌کانی ژاپۆن)
•     نێوده‌وڵه‌تی(به‌ڵام به‌تايبه‌تی له‌ ئه‌مريکا)Hippie بزوتنه‌وه‌ی
•     له‌ تورکياDeniz Gezmişسوپای ڕزگاريبه‌خشی تورکی 
•     Arena 1976    وه‌Wiener Aktionisten  هه‌روه‌ها WUK 1981 چالاکيه‌کان و هه‌ڵسانه‌کانی نه‌مسا بۆ نمونه‌:
•    ته‌قينه‌وه‌ی خۆپيشاندانه‌ گه‌وره‌کانی دژی شه‌ڕی ڤێتنام( به‌تايبه‌تی له‌ ساڵی 1968دا، له‌ زۆر ووڵاتانی دنيا وه‌ به‌ تايبه‌تی له‌ ووڵاته‌ ێه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مريکا و ئەوروپای ڕۆژئاوا).
•    ….
سەرنجێک لەسەر خەسڵەتە گشتيەکانی ئەم بزوتنەوانە:
ئەوەی کە ئەم هەمو ڕێکخراو و  بزوتنەوە و گروپ و  کۆمەڵە و ئەو خۆپيشاندانە جەماوەريانە بە يەکتر ئەبەستێتەوە ئەوەيە کە ئامانجەکانی هەر هەموويان بريتيبون لەئاشتی، يەکسانی، چاکسازی ،گۆڕان وە هەروەها لە بەديهێنانی ئازادی زيادتر لە هەمو بوارەکاندا بە ئاڕاستەی سيستەمێک وە کۆماڵگايەک کە لەسەر بنچينەی دادوەری، يەکسانی لە مافەکان و ئەرکەکاندا، کۆماڵگايەکی کراوەی دوور لە دوفاقی ڕەوشت و سيخناخ لە باسە بڤاويەکان. ئەنجامدەرانی چالاکيەکان، چ لە شێوەی خۆپيشاندانی جەماوەری گەورە و درێژخايەن يان لە نوسينی ووتار و ئەفراندنی هونەر و شانۆ و هتد هەر هەمويان کەم تا زۆر  توێژی لاوان، خوێندکاران، کرێکاران وە ڕۆشنبيران وە سەنديکاکان بوون وە زۆرتر هەڵگری بيروباوەڕی چەپ بوون کە زۆرجار پيتێنرابو بە بيروباوەڕی لێبوردن و ئاشتی و خۆشەويستی ژيان و مرۆڤ کە دروشمی ديينەکەيان بوو. هەرچەندە لە هەموو ووڵاتەکاندا (کەم تا زۆر) قوربانی لێکەوتەوە بەڵام  نەگەيشتە لەدايکبونی شۆڕشی چەکداری جەماوەری وە درێژخايەن.
* * * * *
 هه‌روه‌ک له‌ ژمارەيەکی زۆر له‌ چاوگه‌کاندا ئاماژه‌ی پێکراوه‌، ناوی شۆڕشه‌که‌ به‌ 68ه‌کان به‌ناوبانگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنچينه‌يه‌ی که‌ زۆر له‌و باس و پێکادان و ناکۆکيانه‌‌ی که‌ لە ڕەوتی شۆڕشه‌که‌دا  ئەنجامدران، له‌و ساڵه‌دا به‌ ته‌واوه‌تی ته‌شه‌نه‌يان سه‌ند، واتە گەيشتە لوتکە. ئەم ناوە هەتا ڕادەيەکی زۆر لەلايەن مێژونوس و مێدياکان و ڕۆژنامەنوسان و توێژەرەوە کۆمەڵايەتيەکانی هەمو ئەو ووڵاتانەی کە تيايدا ڕويداوە، دانيپيانراوە هەر لەبەر ئەوەشە کە به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ڤيکيپێدييا و هەمو ئەو چاوگانەدا کە باسی ئەو ماوە مێژوییە ئەکات بەو ناوەوە ده‌ستنيشانکراوه‌.

شایەنی باسە کە بەکارهێنانی دەستەواژەی “شۆڕش” بۆ ناونانی ئەو بزوتنەوەيە لەلايەن کۆنزەرڤەتيڤەکانەوە هەتا ئێستاش بەکار ناهێنرێ و هەوڵ ئەدەن پەراوێزیکەن، ئەمەو لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردەکەیان کە ئەندریامێرکلی ڕاوێژکاری ئێستای ئەڵمانيايە ساڵی پار زۆرێ لەو داواکاريانەی جێبەجێ کرد، کە هەرلەسەرەتاوە، ٦٨ەکان لە پێناویا تێئەکۆشان، نەک تەنها بە بەڵێن و قسە، بەڵکو بە کردار ئەويش (بۆ نمونە) بە  داڕێژکردنی یاسای ئەتۆم وە کوژاندنەوەی ئێستگە ئەتۆمیەکان، کە تا ئەوکاتە کارێکی زۆر زۆر گران بو. ئەو شەڕەی دژی وزەی ئەتۆمی لەلایەن پارتی سەوز و هەروەها لەدوايیدا بە هاوپەيمانی سۆسيال ديموکراتەکان لەگەڵ کۆنزەرڤەتيڤەکان ماوەی ٣٠ سی ساڵ ئەنجامئەدرا بەسەرکەوتنی نەوەکانی ٦٨ەکان کۆتايی هات. سەيرەکە لەوەدابو کە کۆنزەرڤەتيڤەکان بەدەست و هزری خۆیان یاسای ئەتۆمیان دەرکرد کە تەنانەت زۆر جێگەی ڕەزامەندی خودی پارتی سەوزیش بو کە بە نەوەی ٦٨ەکان ئەناسرێ. کورد ئەڵێ ئاسمان کۆڵەکەی ئەوێ!.
هاوينی ٢٠١١ ئەوکاتەی کە پاپای هەمو مەسيحيەکان و بە ڕەگەز ئەڵمانی هات بۆ وڵاتەکەی خۆی. ڕاوێژکارەکانی چەندان باس و گرفتی هەنوکەييان خستە بەردەمی بۆ ئەوەی لە وتەکەیدا بۆ میلەتی ئەڵمانی قسەی لەبارەیەوە بکات. ئەو بڕياريدا لەو پێشوازيە گەورەيەدا بۆی، کە قسە لەسەر باسێ بکات کە ٤٠ ساڵ زياترە ڕويداوە و ئەويش شۆڕشی ٦٨ەکان بوو.
* * * * *
لە مێژوی نوێی ئەڵمانيای دوای جەنگی جيهانی دووهەمەوە ڕۆژی ٢ ی حوزەيرانی ١٩٦٧ وەکو ساڵێکی وەرچەرخان لە مێژوی ئەڵمانيادا سەير ئەکرێ. لەم ڕۆژەدا بێنۆ ئۆونەزۆرگ، خوێندکاری ٢٦ ساڵە لەکاتی خۆپيشاندانێکی جەماوەريدا لە شاری بەرلين دژی هاتنی شا و شاژنی ئێران بۆ ئەڵمانيا بە چەکی دەستی کارل هاينس کوراس ی پۆليس، گييانی لەدەستدا.
شايەنی باسە پێش ئەو ڕوداوەش لە ١١ نيسان ١٩٦٨ ڕۆدی دوشکەی ٣٨ ساڵە کە يەکێکبوو لە سەرکردە چەپە هەڵکەوتووەکانی” هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمێنت”  وە چالاکەوانی هەڵکەوتوی شۆڕشەکە، تەقەی لێئەکرێ و بە خراپی بريندار ئەکرێ. <ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم هەوڵدانی کوشتنەی ڕۆدی دوشکە ئەو شەڕ و پێکادانەی مانگی چواری ١٩٦٨ی سەرتاسەری ئەڵمانيای لێکەوتەوە کە هەروەها بەشێکبوو لە هێماکانی لوتکەی بزوتنەوەی ناڕەزاييەکان. هەرچەندە ڕاوێژکاری ئەڵمانی ئەوکاتە (کورت کيسينگەر) وە ئه‌ندامی ئێن.س.د.ا.پ  ته‌له‌گرامی نارد بۆ هاوسەری دوشکه‌ر (کرێتشن)(بۆ دڵگرانی خۆی بۆ ئه‌و ڕوداوه‌)، لەگەڵ ئەوەشدا، نه‌يتوانی هيچ که‌سێ هێور بکاته‌و له‌ زۆر شوێن ناڕيزايی ده‌رئه‌بڕرا وه‌ خۆپيشاندان ئه‌کرا. (١)٤٠
هەروەک لە هەمان سەرچاوەی پێشودا دانيەل کۆنبەنديت، چالاکه‌وانه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کەی ئەم شۆڕشە، ئاماژەی بۆ ئەکات، دوای دە (١٠) ساڵ دوای ئەو ڕوداوە وە دوای ئەوەی کە پێنج ساڵ ڕائەبورێ (سەرەتای حوزەيرانی ١٩٧٢) بەسەر گرتنی سەرانی ڕێکخراوی ژێرزەمينی ڕۆتەر ئاڕمی فراکسيون (واتە بەشی سوپای سور) (بۆ زانياری زياتر تکايە بڕوانە بڕگەکانی خوارەوەی ئەم وتارە)، وە دوای ئەوەی کە سەرکردەی ئەو ڕێکخراوە ئەندرياس ماينهۆف لە ١٨ ئۆکتۆبەری ١٩٧٧ دا لە بەنديخانەی شتامهايم-شتوتگارت وە خاتو ئولريکە ماينهۆف خۆيان ئەکوژن. دوای ئەوەش سەرکردەکانيتری ئەو ڕکخراوە وەکو خاتو گودرون ئێسلين وە جان کارل ڕاسپەش ڕێگەی خۆکوشتن هەڵئەبژێرن، ئيتر شۆڕشەکە بەرەو کزی ئەڕوات(لە برگەکانی تری ئەم نوسراوەدا دێمەوە سەر هەندێ لە لايەنی ژيانی ئەم ڕێبەرانەی ر.ئ.ف.).
ئەم دەساڵە لە مێژووی ئەڵمانيا وە هەموو ئەو خۆپيشاندان و کارەساتە گەورەو  توندوتيژئامێزانە کە سەرانسەری  هەمو ئەڵمانيا و( چەندجارێکيش دەرەوەی ئەڵمانيا بۆ نمونە مەقاديشۆ،..)ی گرتەوە، بە شۆڕشی ٦٨ەکان بەناوبانگە. هەندێ زانای تر(بۆنمونە گێرد کۆن‌ ) له‌ کتێبه‌که‌يدا که‌ هه‌مان ناوی هه‌يه‌ ناوی ئەنێ “دەيەی سوور”.
< شۆرشی خوێنکارانی زانکۆ کە زياتر ساڵانی ١٩٦٧،  ١٩٦٨، ١٩٦٩ ئەگرێتەوە بەشێکە لەم ماوە مێژووييە کە نەوەی ١٩٦٨ەکان دروستکەرێتی. واته‌ هه‌تاوه‌کو ئاياری 1970 ئه‌وکاته‌ی که‌ ڤيلی براندت بوو به‌ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانيا>(1).
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەم ووتارە تەنها هەوڵێکە بۆ تێگەيشتنی شۆڕشەکەی بەشی ئەڵمانيا، بەتايبەتی. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕوداوەکان وە هۆکارەکانی ئەم شۆڕشە لەهەمو ووڵاتەکاندا کاريگەريان لەسەر يەک هەيە، زۆر جار وا پێويستئەکا کە باسی ووڵاتانيتريش بکەين.
بۆئەوەی کە باسەکە لە پێويست زياتر درێژ نەکەمەوە، هەوڵئەدەم بەگوێرەی توانا کە بەراوردی دور و درێژ نەکەم لەگەڵ ئەو شەپۆل و بزوتنەوە چاکسازيە کە هەمو ناوچەکەی گرتۆتەوە. باوەکو کات و شوێن و بار و دۆخ و ئامانجەکانی ئەو خۆپيشاندانانە لەوانەی ئێستامان جياوازبن، لەگەڵ ئەمەشدا، ئەمە باسێکی زۆر وروژێنەر و سەرنجڕاکێشەرە، بەڵام ئەمەيان زياتر بۆ خوێنەر بەجێئەهێڵم!

ئەڵمانيای شەستەکان :

دەيەی شەستەکان بۆ نەوەی ٦٨ەکان لەڕاستيدا لەلايەنی دابينکردنی پیداوەستيەکانی ژيانەوە(پێداويستی مادی)، دەيەکی پڕ خێر و خۆشی بو، ئەويش لەبەر ئەوەی کە ئابوری ئەم ووڵاتە(ئەڵمانيا) له و ساڵانه‌دا لەگەشەسەندنێکی بێوێنەدا بوو. ئەم گەشەسەندنە پێشتر لە پەنجاکانەوە به‌ داڕشتنی به‌رنامه‌يه‌کی ئابووری و له‌دايکبونی توانايه‌کی نوێی ميلله‌تی ئه‌ڵمان له‌ به‌رده‌وامی ژيان له‌ سايه‌ی ووڵاتێکی پێشکه‌وتو وه‌ بە يارمەتی ووڵاتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا دەستيپێکردبوو(کە بە مارشال پلان بەناوبانگە). تەنانەت بەردەوام باس لە “گەشەسەندنی ئابووريەکی سەرسورمهێنەر” ئەکرا وە هەتا ئێستەش ئەکرێ.
زوتر، واتە لە پەنجاکاندا رۆژنامەی لەندەن تايمس لەبارەی ” گەشەسەندنی ئابووريەکی سەرسورمهێنەرەوە” ووتاری بڵاوئەکردەوە.(1)21
<يەکەم وەزيری ئابوری ئەو ووڵاتە لودڤيگ ئێرهارد(بە يەکێ لە دروستکەرانی بەردی بناغەی ئابوری ئەڵمانيای دوای جەنگی جيهانی دووەم لەقەڵەم ئەدرێ) بوو کە ئامانج وە دروشمی کارکردنی “خۆشيی و شادی بۆ هەموو لايەک، پاراستنی ئاسايشی کۆمەڵايەتی و کاری گونجاو بۆ هەموکەسێ” بوو ئەيووت هەرکەسێ هەندێ کاری کرد، ئەبێ ئەوتوانايەشی هەبێ، هەندێ شت بکات (بۆنمونە گەشتکردن) يان بتوانێ شتومەک بکڕێ.>(1)21
هەروەها ئاسانی پەيداکردنی کار و مسۆگەرکردنی خانەنشينييەکی گونجاو يارمەتیدەربوون بۆ گەشەپێدانی لايەنەکانيتری ئابووری و ژيان، بۆ نمونە گەشت وگوزار و مۆسيقاو ڕۆشنبيری و پێشکەوتنی زانستی و، هتد. ئەم پێشکەوتنانە لەم دەييەدا بە کاتێکی “مێژويی ئاڵتونی” ناو ئەبرێ، کە تا ئەو کاتە لە مێژوی مرۆڤايەتيدا کەم جار بينرابێ.
<هەر لەو ساڵانەدا قەمەرەی بۆقی مليون و يەکی(١٠٠٠٠٠١) دروستکراو و کرێکاری هێنراوی ووڵاتانی دەرەوەی مليون و يەکی(١٠٠٠٠٠١) ئاهەنگی بۆ ئەگێڕرا بۆ بەخێرهاتنی بۆ وڵاتەکەيان. بەکورتی ووڵات لە سەر ڕەوتێکی پێشکەوتنی ئابووری بێوێنەدا بوو.>(1)20
<له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که نەوەی‌ ٦٨ەکان، ئەونەوەيە بوو کە لە هەمو نەوەکانيتر زياتر لەو بوژانەوە ئابوريە وه‌ فراوان بوونی ڕوبه‌ری سه‌رمايه‌داری، سودبەخشتر بوون، کەچی ئەوان زياده‌ره‌وتترين نه‌وه‌ بوون نه‌ک ته‌نها له‌ ئه‌ڵمانيا بگره‌ له‌ هه‌مو ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ له‌ جه‌نگی جيهانی دوهه‌مدا به‌شداريان کردبوو، .ڕێگەی ياخيبونيان هەڵبژارد. کەواتە ئەبێ هۆکاری زۆر کاريگەر چی بێ کە وا لەم توێژە بکات ئەو ڕێگەی ياخيبونە هەڵبژێرێ؟>(1)142
* * * * *
پێش ئەوەی کە وەڵامی ئەم پرسيارە بدەينەوە و بچينە ناو باسەکەوە، حەزئەکەم بێمەوە سەر وتارەکەی د.مەريوان وريا قانع و خاتو سوسەن جێفۆردسە لەمەڕ ئەو پرسيارەی کە بۆچی کەسايەتی ساڵانی هەفتای ئەمه‌ریکا کەسایەتی نەرم ‌و  دژە پاڵەوان‌ و سادە بون؟ ئەوان وەڵامی ئەو پرسيارە بەو شێوەيە ئەدەنەوە کە مرۆڤەکانی ئەوکاتانە له‌پەیوەندییەکی پتەودان بە دۆخی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوری ئەمه‌ریکای ئەو سەردەمەوە (واتە ئەوکاتانەی کە شۆڕشی ٦٨ەکان تيايدا ڕويداوە).
ئەگەر ئەمە ڕاستبێ(کە من خۆم گومانم نيە لە ڕاستيەکەی) ئەوا پرسيارەکە ئەوەيە کە ئايا لەو ئەزمونەوە ئەتوانين چی فێرببين؟! بۆ نمونە ئەو پرسيارەی کە ئايا  ئەم بارو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردوستان و ناوچەکە و تايبەت بەو بزوتنەوە ڕیفۆرمخوازە چ جۆرە مرۆڤێ ئەهێنێتە گۆڕ؟
وەڵامی ئەم پرسيارە بۆ ئەمريکا وە هەم بۆ کوردستانيش لەوە ئەچێ زۆر گران نەبێ، کە ئەویش پەيوەندی بەو ئامانجانەوە هەيە کە لە پێناويدا خەباتی بۆ ئەکرێ.
 لە ئەمريکا، بۆ نمونە، بەشێکی گەورەی خۆپيشاندانەکان و ناڕەزایيەکان دژی شەڕی ڤێتنام و بەديهێنانی مافەکان و يەکسانی و دژی ڕەگەزپەرستی و لە پێناوی ئاشتيدا بو. کەواتە ئەو مرۆڤانەی لەو ژينگەيەدا هەڵسوکەوت ئەکەن و چالاکن، پێی کاريگەر ئەبن و دواتر ئەو ئامانجانە ئەبن بە ئامانجە تايبەتيەکانی خۆشیان و بگرە ئەبن بە بەشێ لە کەسايەتيان چونکە هەروا بە هاسانی ناتوانن دەستبەرداریان ببن. هەر ئەوانيش ئەبن کە لە هەڵبژاردنەکاندا، تەنها ئەو سياسیانە هەڵئەبژێرن بۆ نوێنەرايەتيان کە هەڵگری هەمان دنياديدی و پەيامی سياسی بێت.
نمونەيکی زيندومان هەيە لە خەباتی بەرگری خەڵکی سيڤيلی کوردستانی پێش بەهاری ١٩٩١ی ژێر چەپۆکی بەعسيەکان. ئەوان ئەو سەربازە نە ناسراوانە بوون کە لەسەر نەکردنی واژۆيەک، کە ئەندامێتیەکی پاسيڤی لەو حیزبە فاشيەدا ئەگەياند(ئەگەرچی ئەمە تەنها سەرزارەکیش بوبێت)،  لەکار دەرئەکران، ئازاری گيانی و جەستەیی ئەدران. ئەم بەرگریکردن و بەرخۆدانە گيانی ئەو سەردەمە بوو، کە خەبات تیایدا خۆی لە ئەستەمترین دۆخیا خۆی ئەبينیەوە. هەر ئەم نەوەيەش بو کە منداڵەکانی خۆی بە هەمان گيانی شۆڕشگێڕی پەروەردە ئەکرد. هەر لەبەر ئەوەش بو کە توانرا تا ئاستێکی بەرز بەها نەتەوەی و مرۆيەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بپارێزرێ. ئەو دۆخی بەرگریەی کۆمەڵگای کوردی توانی مرۆڤی کورد بە هەستی لێپرسينەوە بەرامبەر بە گەل و نيشتمان پەروەردە بکات.
لە کوردستاني ئێستاشماندا بە هەمان شێوە ئەو کەسايەتيانەی لە کوانوی خەباتەوە دژی گەندەڵی و پاشاگەردانی ئابوری و سياسی و لاوازبونەوە و بەرەو نەمانچونی بەها نەتەوەییو کۆمەڵايەتی و مرۆيەکان دێنە مەيدانەوە کە بۆ نمونە دوژمنی سەرسەختی گەندەڵی و چەوساندنەوە و پەراوێزخستنی هەژاران و دژی هێڵە سورەکان و سنوردارکردنی ئازادی و بەبادانی سامانی گشتی بۆ مەبەستی تايبەتی و دەستەوسان و پاسیڤ بەرامبەر بە کێشە نەتەوەییە بنچينەییەکان هتد.. بون.
کەواتە ئەبێ ئەم بزوتنەوە ڕيفۆرمخوازە بەردەوامبێ  بۆ ئەوەی کە ئەو نەوە نوێيە بێتە کايەوە، کە ئەتوانرێ متمانەی بە بەڕێوەبردنی کوردستانێکی ئايندە گەشی پێبکرێ.


کۆتايی بەشی يەکەم

لە بەشی دووەمدا:  لەزمانی چالاکەوان و توێژەرەوان و زاناکان، سيماکان، هۆکارەکان وە کاريگەريەکانی ئەم شۆڕشە لەسەر کۆمەڵگای ئەڵمانی ئەگێڕينەوە.

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن …

___________________________________________
سەرچاوەکان:
1968 die Revolte ،Daniel Cohn-Bendit & Ruediger Dammann:(1)
ئەوەی کە شايه‌نی باسە کە دانيەل کۆن بێندیت يه‌کێ بوو له‌ چالاکه‌وانه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی شۆڕشی ١٩٦٨ەکانە لە ئەڵمانيا هەروەها لە هەر فەرەنسا. دوای ئەوەی کە لە ئاياری ١٩٦٨ی پاريس بەشداريەکی چالاکانەی ئەبێ لە بزوتنەوەی خوێندکاريەکەی فەرەنسا لەو وڵاتە دەرئەکرێ. دێتە ئەڵمانيا و درێژە بە خەباتی خۆی ئەدا لەگەڵ یۆشکافيشەر و ئەوانيتر لە يەکيەتی خوێندکارانی سۆسياليستی ئەڵمانی) و “هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمێنت”.) SDS
زياتر لە ١٩ ساڵە وەکو نوێنەری پارتی سەوز(ئەڵمانيا و فەرەنسا) لە پەرلەمانی ئەوروپیدایە و ئێستا سه‌رۆک فراکسيۆنی ئەو پارتەیە‌ له‌و په‌ڕله‌مانەدا. پێشتریش بۆ نوێنەری پارتی سەوز سێ ساڵ لە پارلەمانی شاری فرانکفۆرتدا بوو. دەورێکی باڵای هەبو لە داڕشتن و هێنانەکايەی بيرۆکەی کۆمەڵگای موڵتی کولتور(کۆمەڵگای فرە کولتوری) کە بۆيەکەم جار بوو نەک تەنها لەو شارەدا بەڵکو لەهەمو ئەڵمانيادا بەکراوەيی بخرێتە سەر بەرنامە و جێبەجێکردنەوە لەلايەن پارتی سەوزەوە. هەروەها يەکێکە لە دۆستەکانی کورد. لە زۆرێک لە خۆپيشاندانە زەبروزەنگ ئامێزەکانی (کۆتايی هەشتاکاندا) کوردەکانی شاری فرانکفۆرت لەگەڵ پۆليسدا(بۆ نمونە کاتێ کوردەکان قونسليەی تورکيايان دەگيرکرد)، دەوری ناوبژیکەرو ئاشتکەرەوەی ئەبينی و کوردەکان متمانەيان پێئەکرد.
1998 ,Argon(2): 68 و ئه‌نجامه‌کانی، له‌ نوسينی چه‌ند نوسه‌رێ، ماڵی په‌خشکردنی
)3)
www.deutschegeschichten.de/zeitraum/themaindex.asp?KategorieID=1005&InhaltID=1646
(4)
1968 Vom Ereignis zum Mythos, Herausgegeben von Ingrid Gilcher-Holtey, edition  (١٩٦٨ەکان لە ڕوداوەوە بۆ داستان ) suhrkamp SV
  Wickypedia (زۆرتر بەشی ئەڵمانيەکەی) (5)
پیاوەتی چییە) هەفتەنامەی ئاوێنە، کۆتایی ساڵی ٢٠١١?(٦)(

Previous
Next

Leave a Reply