Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

شیعری لیریكی به‌ ستایلێكی تر

Be First!
by November 28, 2010 ئەدەب

 

مارف عومه‌ر گوڵ ناوێكی ناسراوی نێو ئه‌ده‌ب و شیعری كوردییه‌، له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ خه‌ریكی نوسین و كاری راگه‌یاندن بووه‌، له‌ناوه‌راستی حه‌فتاكان خوێندكاری كۆلێجی یاسای زانكۆی به‌غدا بووه‌ كه‌ یه‌كه‌م شیعری به‌ناوی (خۆت لێڵ مه‌كه‌) بڵاو كردۆته‌وه‌، تا نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌شتاكان له‌زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ ئه‌ده‌بییه‌ كوردییه‌كانی ئه‌وسادا شیعری بڵاو كردۆته‌وه‌و له‌ كۆڕه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا به‌شداری كردووه‌، له‌ساڵی 1985 شیعره‌كانی له‌دیوانێكدا چاپ ده‌كات به‌ ناونیشانی (هێلانه‌ی نوغرۆ)، له‌ساڵانی 1984-1985 له‌گه‌ڵ زاهیر رۆژبه‌یانی و من له‌كه‌ركوك پێكه‌وه‌ دوو ژماره‌مان له‌ گۆڤاری (نێرگز) ده‌ركرد، پاشان كاك مارف چووه‌ شاخ و بوو به‌پێشمه‌رگه‌، له‌وێشدا چوار ژماره‌ی له‌گۆڤاری (قه‌ندیل) ده‌ركرد كه‌ بریتی بوو له‌گۆڤاری گیرفان، دیوانێكیشی چاپ كرد به‌ناونیشانی (خۆری زیندان)، چه‌ندین شیعری له‌شارو شاخ كراون به‌ گۆرانی و سروود، دواتر چووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌وێ‌ ماسته‌رو دكتۆرای له‌یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست هێناوه‌، كه‌ هاته‌وه‌ بۆ كوردستان كه‌وته‌ نێو كاری زانكۆیی و ئه‌كادیمییه‌وه‌و چه‌ندین كتێبی له‌بواری كوردو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی چاپ كردووه‌، ئێستاش وه‌ك راگری كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی سه‌رقاڵی ئه‌و كاروباره‌ ئیدارییانه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز ته‌واو نابێت، به‌ڵام وازی له‌ شیعرو ئه‌ده‌ب نه‌هێناوه‌و نه‌یتوانیوه‌ له‌كه‌شوهه‌وای شیعری دوور بكه‌وێته‌وه‌، جاروبار شیعری نوسیوه‌و بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌، ئه‌م شیعره‌ یه‌كێكه‌ له‌و شیعرانه‌ی مارف كه‌تاراده‌یه‌ك هه‌مان شێوازی شیعری هه‌شتاكانی ئه‌و، له‌سۆزو وێنه‌ی جوان و نه‌سیمی كوردانه‌و بایه‌خدان به‌ كێش و ئیقاعی لیریكی، هه‌ڵگرتووه‌.
ئه‌گه‌ر شیعری لیریكی له‌گریكی كۆنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می رۆمانسیزم گۆڕانكاریی زۆری به‌سه‌ردا هاتبێ‌، به‌تایبه‌تی له‌لای ۆردسۆرس و بایرۆن و شیلی، ئه‌وا له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشدا ئه‌و وته‌یه‌ راسته‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: شیعر نییه‌ لیریكی نه‌بێت، به‌و پێیه‌ی هه‌موو شیعرێك له‌بنه‌ڕه‌تدا لیریكییه‌ یان شیعری گۆرانییه‌، ئه‌م شیعره‌ به‌ستایلێكی نوێ‌ لیریكییه‌، به‌و پێیه‌ی گوزارشت له‌واقیعێكی نوێ‌ ده‌كات كه‌ زۆرجار واقیعی شاعیره‌كه‌یه‌ به‌ده‌ربڕینێكی جیاواز، ئه‌م شیعره‌ گوزارشتی شاعیره‌ له‌هه‌سته‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی له‌سه‌ر زاری خه‌ج و سیامه‌ند، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌سیماكانی شیعری لیریكی، له‌ته‌ك ریتمی ساده‌و كێشی ئاسان و ده‌ربڕینی سۆزاویی ناسك، ئه‌مانه‌ پێكڕا چێژێكی تایبه‌تی به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌رزه‌ شیعره‌ ده‌به‌خشن. شایانی باسه‌ مامۆستای هونه‌رمه‌ند سه‌ڵاح ره‌ووف به‌نیازه‌ له‌پرۆژه‌ داهاتوه‌كانیدا ئاواز بۆ ئه‌م شیعره‌ دابنێت.

نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

تێبینی: هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ له‌ژماره‌ (238)ی (ره‌خنه‌ی چاودێر)ی رۆژنامه‌ی چاودێردا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ هه‌ڵه‌ی تیادا كرابوو، لێره‌دا هه‌ڵه‌كان راست كراونه‌ته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply