Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
شێواندنی چەمكی تیرۆریزم…..سالار بابەشێخ

شێواندنی چەمكی تیرۆریزم…..سالار بابەشێخ

Closed
by February 3, 2009 گشتی

 شێواندنی چەمكی تیرۆریزم
 سالار بابەشێخ

 رەهەند و چەمكی ئیسلامی سیاسی قسەوباسی زۆری لەسەر كراوە و شتی نەوتراوە لەمبارەیەوە زۆر كەم ماوە، بەڵام پەیڤینی ئەم رەوتە بە جۆرێكە كە بەردەوام هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەكات، بۆیە پێویستە رۆڵە و نەوەكانمان لەو مەترسییانەی ئەم رێچكە ناهۆشیارە بۆیانی دروست دەكات، ئاگادار بكەینەوە.
  خۆخوازییەكی پەتی لە سیمای لایەنگرانی ئیسلامی سیاسیدا بەدی دەكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن هەموو ئامانجێكیان بە بیانووی "قودسییەت و بەها پیرۆز و نەگۆڕەكان" تەنانەت بە سەر هەموو ئایین و ئایینزاكانی دیكەدا بسەپێنن، جیهانێكیان پێویستە لەژێر ركێف و دەسەڵاتی موتڵەقی خۆیاندا بێت. ئەم رەوتە كە زۆرینەیان لە سەرلەبەری دنیا بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی، سەرقاڵی كرداری تیرۆریستی و تیرۆریست پەروەرین، پەنایان بۆ فاشیزمی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی شۆڤینیزمی بردووە، تا بەسیاسەتی توندوتیژیی ولە رێگەی تۆقاندن و ئیرهابەوە، دنیا بەگوێرەی خواستی خۆیان لەقاڵب بدەن. ئاڵوزییەكان و بارگرژی و تەقینەوە و كوشتارە دەستەو كۆمەڵییەكانی ناو عێراقیش نموونەیەكن لەم سەرلێشێواییەی كە زۆر جار بەها پیرۆز و جوانەكانی ئیسلام كاڵ و بێڕەنگ دەكەنەوە!!
  لەمێژووی ئیسلامدا تەوژم و هێمای زۆر هەیە لەسەر سترۆكتۆری خۆشویستن و سلەی رەحم و رێزگرتن لەبیروباوەڕی بەرامبەر، بەڵام لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی، موسڵمانانی ئەمڕۆ بەرەو كلتوورێكی نەناسراو پاڵ پێوە دەنێن كە هیچ پێناسەیەكی بۆ ناكرێت. بیرمەندێك دەبێژی: "هەموو تەمەن و ژیانی مرۆڤێك بەشی خۆشویستنێك ناكات"، لە روانگەیەكی دیكەوە ئاماژە بەوە دەكرێ كە لە سۆفیگەری و خواپەرستیدا جێگەی رق و كین نابێتەوە، ئاشتەوایی و پێكەوە ژیان و خۆشەویستی و یەكتر خوێندنەوە و رێزی بەرامبەر، بەرزترین بەهاكانی خۆ نزیككردنەوە لە (مەعبود)ن. موسڵمانی عاشقی خودا، نە تمووحی بەهەشتی هەیە و نە ترسی لە دۆزەخ هەیە، بەڵكو تەنها بیر لە "قەرابەت" واتە نزیكبوونەوە لە خودا دەكاتەوە، ئەویندارێكە عەوداڵی خوای خۆیەتی، بەڵام هەڵگرانی بیرۆكەی ئیسلامی سیاسی، ئامانجەكانیان جگە لە خۆ سەپاندن و قەبووڵاندنی زۆرەملی و رەتكردنەوەی بەرامبەر، زۆر تاریك و نادیارن. رێگاكانی دیالۆگ وقبوڵكردنی بەرامبەر لە فەرهەنگی ئەم رەوتەدا جێگەی خۆی داوە بە سەربڕین و ترساندن و تۆقاندنی خەڵك، ئەمە جگە لەوەی كە هەزاران دایك و باوكیان بێ رۆڵە و جەرگسووتاو كردووە و قەنارەیان و بۆ بزە و شادی و هەڵپەڕكێ و سەما هەڵخستووە!!.
 لە بەردەم قوتابخانەیەكدا تەقینەوە دەكەن و دەیان منداڵی بێتاوان (بە كلد و ئاشوور و توركمان و كورد، بە مەسیحی و موسڵمانەوە) بریندار دەكرێن و دەكوژرێن، لە شوێنە گشتییەكاندا كردەوەی خۆكوژانە دەكەن و بە شێوەیەكی رەمەكی قوربانی خۆیان وەردەگرن و سەدان بنەماڵە تازیەبار و رەشپۆش دەكەن. لە 1ی شوبات شایی و شیوەنی خەڵكیان تێكەڵ كرد. لە كاتی خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵكی كەركوك، خۆكوژێكی دیكە عەرز و و ئاسمان و ئاڵای كوردستانی خوێنین كرد، هەتا ئێستاش ترسی ئەم شەبەحە نەناسراوانە، هەڕەشە لە شەقامی عەرەبی و كوردی دەكات. ئەم رەوتە سیاسییە تەنانەت مانای تیرۆریشیان شێواندووە، چونكە پێناسەی تیرۆر لە ئامانجێكی دیاركراودا خۆی دەبینێتەوە، ئەم كردەوە خۆكوژییانە چ ئامانجێكی دەستنیشانكراویان هەیە؟ كام نەتەوە و كام دین بە نیازن پاكتاو بكەن؟! ئیسلام بۆ خۆی وەك هێمای ئاسوودەیی و ئاسایش پێناسە كراوە، بەڵام ئیسلامی سیاسی بۆتە مایەی نائارامی و پەرێشانی و دڵەڕاوكێ!! بۆیە لە راستیدا تەنها پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی تەلیسمی جامی تەمنیان دەشكێنێ.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.