Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

شەوى ناو تابوتەكە

Be First!
by December 10, 2008 ئەدەب

 شەوى ناو تابوتەكە
 هەردى شەفیق

 ئاگام لێیە بەسەر گۆڕەكەمدا دەڕۆىوتابووتەكەم دەشكێنى،بیشكێنە
 ئاگام لێیە دڵى نێو لاشەیەكى مردوو دەردێنى ،دەرى بێنە
 ئاگام لێیە ڕۆحێكى وێران دەبەى ،بیبە
 چیترت ئەوىَ بۆتۆ
 تۆ ئەزانى دەروێشى ئەم نائومێدیە سەوزەو
 كارەسات وخەفەتم
 لەئاوێنى ژێر ئاسمانىَ تەنیا گوللەى تیا دەبارىَ
 زیاتر لەت لەتم
 **
 تف لەو چارەنوسەى غەیبى عیشقى تیا ونە
 لەسەر جێگاى شیعرێكى تر دەگریم
 لەپێخەفى دڵو ڕۆحێكى سوتاودا
 شیعر گۆڕو عیشق و ژیانى منە
 بۆیە دەستەكانم بەبارانى عیشقێكى تر تەڕدەكەم
 ڕۆحم بەعیشقێك مەست و دڵم بەگۆڕێكى تر دەسپێرم
 ئاخر عیشق مناڵێكى زۆڵە
 لەجەستەى فریشتەیەكى كوژراودا
 **
 دڵى منوعیشقى تۆ پێكەوە دەمرن
 ڕۆحى من وعەترى ئەم بەهارە پێكەوە دەڕۆن
 ئەم گوڵەئەستێرە تاقەتى لەوەچووە جگەرەى من داگیرسێنێت
 ئەم مەیخانە تاقەتى لەوەچووە سەرخۆشم كات
 ئەم سواڵكەرە تاقەتى لەوەچووە لەم دەرگا كۆنەبدات
 **
 لەبەر تریفەى مانگدا دەتوانیت نەژادى پەپولەكان بناسیت
 بزانیت گوڵەكان ڕاستەقینەن یانایلۆنن
 كۆترى حەوشەى شاعیرەكان بۆچى سپین
 بۆچى پەپولەكان بە خوێنى شاعیرەكان ئەمرن
 دەتوانیت بزانیت
 بۆچى پەپولەكان هەموویان مەینۆش و
 گوڵەئەستێرەكان بۆچى جگەرەكێشن
 **
 وەك من گۆشەى تاریكى مەیخانە مەكە بەئاوەدانى
 وەك من سیگارەكەت لابەرەو ئازارەكانت بكێشە
 پەیمانەكانت لابەرەو حەسرەتەكانت بنۆشە
 لەڕقان ئاوێنەكە بەدیوارەكەوە بهێڵەوەو دڵى خۆت لەت لەت كە
 ئەها….دەنگى وێران بوونى كەسێك دێت
 لەدەنگى خۆكوشتنى پەروانەیەك ئەچێت
 ئەڵىَ…
 عیشق خوێن بەخشینە لەنەخۆشخانەیەكى وێراندا
 بۆیە ئەوكاتەى گۆڕ بانگت ناكات، تۆ بانگى كە
 **
 پەنجەكانم وەكو ستیان بەسەر مەمكى چەپى كچێكەوە بەجێمان
 ئەو شوێنەى دڵێكى مردوى تێدا نوستوە
 ئەڵىَ ى ئەمشەو خۆڵ دەبارىَ
 ئەڵىَ ى ئەمشەو خوێن دەبارىَ
 لەناو ئەم ژورەبەتابووت بووەدا
 وەك ئەوەى هێشتا نەزانم چى ڕو ئەدا
 ئەڵىَ ى زەوى بەپێچەوانەى كاتێژمێرەكەى منەوە ئەسوڕىَ
 ئەڵىَ ئەم شەمەنەفەرەبۆ گۆڕستان دەچێت
 ئەڵىَ ى باروت كراوەتەچراكانى شارەوەو
 گوڵەكان لەسەر گۆڕى عاشقەكان ڕواون
 خودایە خوێنى چ كارەساتێكەدێت و دەچىَ
 بەناو دڵى ئەمشەوەدا؟؟
 **
 وەك چۆن ئازیز مردویەك مردوەكە لەئامێز دەگرىَ
 بەخۆتەوە بمگوشە
 چى لەدڵى پەپولەیەكدایە پایز داویەتیەدەست تەنیایی؟
 چى لەدڵى ئەو شاعیرەدایە گوڵى خۆشەویستى ئەدات بەمردن؟
 ئەى چى لەدڵى ئەو عاشقەدایە دەچێتە سەر گۆڕى یار؟
 ساحیرێكم نیشانبدە بەمن بڵىَ كەى دەمرم
 خۆم دەزانم لەمێژە عیشق مردوە
 **
 ناترسم بەكاغەزى ئەم شیعرانە پێكى بادەكان پاك كەتەوە
 لەژێر قاپى چێشتخانەكاندا داى بنێن
 كەسێك تەنەكەى خوڵەكەى پێ بسڕىَ
 لەتاقێكى كۆنەدا مێشەكان پاشەڵى پىَ پاك كەنەوە
 دەترسێم جەلادێك بەم هەناسە ساردیەى من
 جەلادێك ،كەكچێنى وەكو پێڵاو لەپێدەكات
 ڕۆحى چواردە ساڵەیەكى پێ بكڕىَ
 **
 مانگ لەتابووتەكەى دڵى مندایە پەریزاد
 خوداش لەپشت هەورە ڕەشەكانەوە وەكو مانگ خەمینە
 ئەوەى لەپشت تفەنگەكانەوە دەجوڵىَ
 ئەقڵى ئاقڵێكە نەك پەنجەى نابینایی
 كىَ ئەم پەردە ڕەشەلائەدات
 ڕوى مانگ لەم خوێنەڕژاوە دەسڕىَ
 ئەوەى لەتفەنگى سەربازێكەوە دێتەدەر
 گوللەى كوشتنە
 نەك گوڵە ئەستێرەى ڕۆشنایی
 **
 پەپولە بەو ناسكیەوە ئەفڕىَو بەو جوانیەوە ئەمرىَ
 خودا چۆن دڵى دىَ وابكا؟
 ئەگەر جگەرەت پێ نەما ڕۆحى من بكێشە ،پەریزاد
 نهێنیەكانت لاى دڵم دانىَ
 ئاخر كەتۆ خەفەت ئەخۆى دڵى من تەنگ ئەبىَ
 بوغوردىَ بەدیوارى ژورەكەمەوە داگیرسێنە
 سەیركە لەناو مندا چ گۆڕستانێك هەیە؟؟
 ئێوارەدرەنگى كردو بارانەكەش ڕەهێڵەیە
 ئەمە گۆرانیەك بوو دێوانەكە وتى
 **
 وەك گۆزیەك بەسەر كچۆڵەیەكى عەیارەوە دەشكێت ،لەت دەبم
 لەم وێرانە دەخۆمەوەو
 لەسەر ئەم گۆڕە پێكە شەرابەكەم دائەنێم
 قەدەرى من وایە هەمیشە تۆ بەنیوە مردویی جێبێڵم و خۆم بەمردویى
 پەنجەى پەلەپیتكەو لولەى تفەنگەكان مۆسیقایان پێناژەنرىَ
 قەدەرى تۆ وایە كورێك دەرگاى دڵت ئەكاتەوە پڕا لەوێرانەى بێوەفایی
 وەكو نیشانە شكێنێكى لە خۆبایی
 كچێنییت ئەداتە بەر گوللەى بێحەیایی
 بیرتە تەبا دەبوین شەڕە ئاومان دەكرد
 گوڵمان دەگرتە یەكترى كاتىَ شەڕمان دەكرد؟
 **
 مەرگى گوڵێك جوانترین تەفسیرە بۆ پایزى عەشق
 وەكو شوشەیەك عەتر ڕۆحى تۆیان شكاند
 بۆیە هەموو بەهارەكان بۆنى تۆى لێدىَ
 وێنەیەكیش لەئاوێنەى ژورەكەمدا بەجێماوە
 ئەشێت من هیچى لێ تێنەگەم و
 ئەویش بێدەنگ بدوىَ
 من دەمەوىَ كوخێك لەگەڵا پایزیەكان
 لەسەر ئەم ڕۆحەمان بۆعیشق دروست بكەین
 گۆڕێكیش لەڕۆح لەسەر دڵمان بۆ هەردووكمان
 **
 پرسەخانەكە ئێرەیە ناو دڵى من
 ئاهەنگەكەش ئەوەتا لەشوێنێكى دور
 تۆ پێویستت بەوەیە بەژیانا پیاسە بكەیت
 كەچى مەرگ بەزۆر دەتبات
 من دەمەوێت چیرۆكێك بنوسم بەر لەتەواوكردنى كاراكتەرەكانى بمكوژن
 دەمەوێت كەسێك بمباتە بەردەمى ئەو كچەى هەمیشە ئەڵىَ:
 ئەم پیاوە نەهلیزیە بەناو خۆمدا وێرانى كردوم
 بمباتەبەردەمى كچىَ
 هەركات دەزانىَ سەرم دێشىَ ستیانەكەى بەناو چاومەوەدەبەستىَ
 هەركات دەزانىَ دڵم ژان دەكات دەستى وەكو مەرهەم لەسەرى دائەنىَ
 بەڵام ئەم شەو لەشەوەكانى ترناچىَ
 من ئە سوتێم وگوڵە ئەستێرەیەك دەكوژێتەوە
 بۆیە دەمەوێت پێى بڵێم
 لافیتەیەك بۆ مردنى من بنوسە
 منیش وەسیەت نامەكەم ئەنوسم
 **
 گیان كێشان هەناسەیەكە بۆ ئەو مەعشوقەى
 دەستى خۆزگەت نایگاتىَ و چاوى ئومێدى لەتۆیە
 یا ئەوەى خوێن ببێت بەسوراو بۆ لێوى باخچەو
 عیشقیش گوڵێك لەسەر گۆڕى یار
 یا شكاندنى پەرداخێك
 پەپولەیەك ئاوى بۆ یاسەمینێك پێدەبا
 یانى ئەوەى هیچ هیوایەك نامێنێتەوە بۆ ژیان
 یانى مردن لەپاڵ خەیاڵ و خەونەكان
 یانى ئەوەى وەكو قەرەجێكى بىَ وڵات
 سێبەرى گۆڕێك بكەى بەنیشتیمان
 ئەمە نامەیەك بووئیزرائیل هێناى
 **
 
 مانگ ئەو ئاوێنە ناوازەى خۆشمان دەویست
 هەمیشە كەدوربووین یەكتریمان ئەدى
 ئێستا مانگ لەپشت هەورەكانەوە دەیەوىَ شتێك بڵىَ
 نازانم…
 ڕەنگە واهەست بكات غوبارى مردنى لێنیشتوە
 یاخود گللەیی بكات بۆچى مەرگ بەتەنیا ئەوى جێهێشتوە؟
 **
 بىَ بەزەییانە هاتیتە ناو دڵى من و
 بێڕەحمانە دەڕۆى
 كىَ ئەتوانىَ ئەو هەموو ڕەنجە بكێشىَ و
 ئەو حیكایەتە غەمینە بنوسىَ
 دڵێك چۆن ئەبێت بە خۆڵەمێش؟
 **
 دڵى نێو ئەم دڵە شێتەم
 ڕۆحى نێو ئەم ڕۆحە وێرانەم
 هاتم بەغوبارو پرسیارى سەدە دورەكانەوە
 هەزار ساڵە لەم تارماییانە هەڵدێم ولەناویاندا نیشتە جێم
 قاچاخچێتى بەم ڕۆحە وێرانەى خۆمەوە دەكەم
 ئەم دڵەى خۆم بۆ دورگە دورەكان دەنێرم
 كەسێبەرەكەى خۆم بۆ كوشتنم دێت
 ئیتر چۆن ئەتوانم لەسێبەركانى تر هەڵبێم؟؟
 **
 دەترسم سەرخۆشێك كچێنیت بدزىَو
 بەدیار چاوى پۆلیسەكانەوە ڕۆژنامەیەكى تێوە بپێچىَ
 دەترسێم ئێوارەیەك كەپایز گۆرانیەكى غەریبانە ئەڵىَ
 گەڵاى دارەكان چیمەنەكان ڕەنگ ئەكەن
 كچێك عەجولانە دەستى خۆزگەكانى بگرىَو
 بۆماڵى عیشقێكى سواڵكەرانە بچىَ
 هەژارانە هاواربكات و لەدەرگا بدات و
 بەرلەوەى هاوارى ئەو بێدەنگى ماڵەكە بشێوێنىَ
 نامەى كوڕێك لەسەر دەرگاى ماڵكە بخوێنێتەوە
 بەخوێنى دڵى نوسیویەتى
 (عیشق لێرە كۆتایی هات)!!
 **
 بەسەر ئەم دەریا مردوەدا دەڕوانم
 قەێیدەیەك ئەنوسمەوە ساڵەهایە شاعیرەكەى مردوە
 گۆرانیەك لەناو دڵى خۆما بۆ تەنیایی خۆم ئەڵێم
  نازانم گریان لە گۆرانیەكە ئەچىَ
 یا گۆرانیەكە لەگریان؟
 ئەو ساتەى داوا لەمردن ئەكەیت ژورەكەت پڕكات لەبۆنى خوێن و
 بەمەكرێكى كچانەوە پێت دەڵێت:(نا)
 ئەم دووبارە بووەنەوەیە چەند وەحشیە!
 ئەم ڕۆژگارەش چ بىَ ئەخلاق !
 12/2003
 

Previous
Next

Leave a Reply