Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

شەپۆڵی چوارەمی دیموکراسی و سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Be First!
by February 22, 2011 گشتی

ئەو سیستەمە جیهانییەی لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین سەریهەڵدا لەلایەن شارەزایانی بواری سیاسیی و مێژوو و کۆمەڵناسی بە سیستەمە جیهانییە نوێکە (the New World Order) ناسراوە. چەندین هۆ بوون بە مایەی ئەوەی کە وا لەو شارەزایانە بکات قۆناغی دوای ڕوخانی دیواری بەرلین بە سیستەمێکی نوێ بناسێنن. ڕوخانی دیواری بەرلین و پێشئەویش روخانی سیستەمە تۆتالیتارییەکانی بلۆکی ڕۆژهەڵات (بلۆکی سۆشیالیستی) هەموویان بەسەریەکەوە بوون بە مایەی کۆتایی هاتنی ئەو دابەشکردنەی کە لە سیستەمی سیاسی ئەوکات لە ئاردابوون و جیهانیان بەسەر دوو بلۆکی ڕۆژهەڵاتی (سۆشیالیستی-تۆتالیتاریی) و بلۆکی ڕۆژئاوایی (لیبرال-دیموکراسی) دابەشکردبوو. لەپاڵئەمەش، ڕوخانی دیواری بەرلین وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە کۆتایی بە سیستەمە نادیموکراسییەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات هێناو سەرەتایەک بوو بۆ سەرهەڵدانی دیموکراسی لە بەشێکی گرنگی جیهان. لەوکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە نەتەوەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دووچاری کۆمەڵێک کێشەی سیاسیی-کۆمەڵایەتی-ئابوریی بوونەتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی گواستنەوەیان بۆ دیموکراسی، بەڵام لە هەموو ئەو وڵاتانە پرۆسەکە بە هێمنی و بە ئەسپایی بەبێ گەڕانەوە بۆ دواوە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو دیموکراسی و سەقامگیری هەنگاوی ناوەو دەنێت.

ئەوکات کە ئەم گۆڕانکارییانە لە ئەوروپا ڕوویاندا دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستەمە تۆتالیتارییەکانیان بەرگریی ئەو شەپۆڵە دیموکرسییەیان کرد کە لە زانستی سیاسیدا بە شەپۆڵی سێیەمی دیموکرسی ناوزەدکراوە. جێگای ئاماژەیە کە شەپۆڵى بە دیموکراسیبوون بریتییە لە بزاوتێک کە تیایدا ژمارەیەک سیستەمى سیاسی نادیموکراسی دەگۆرێن بۆ سیستەمى دیموکراسی لە ماوەیەکى دیاریکراودا. بەپێی بۆچوونی سامۆیل هانتینگتن لە مێژوودا تەنها سێ شەپۆڵى بەدیموکراسیبوون رویانداوە بۆهەریەک لەم قۆناغانە فاکتەرى کاریگەرى جیاوازهەیە و بۆ هەر شەپۆڵکێکیش ئەو پێشبینی هەڵگەڕانەوەیەکی کردوە لە دیموکراسی. شەپۆڵى یەکەم کە دوورودرێژترین شەپۆڵ بوو (1828-1926) نزیکەی 22 وڵاتی، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و زۆربەى ووڵاتانى ئەوروپاى رۆژئاوا، گرتەوە. لە دیدی هانتینگتن شەپۆڵى دووەم (1943-1962) لە دواى جەنگی دووەمی جیهانی سەریهەڵدا کە کۆمەڵێک وڵاتی گرتەوە، لەوانە: ژاپۆن، ئەڵمانیا و هیندستان. شەپۆڵى سێیەم (1974- تا ئێستا بەردەوامە)، تا ناوەڕاستى نەوەتەکان 60 ووڵاتى گرتەوە، لەوانە پورتوگال، ئیسپانیا و یۆنان.

لەگەڵ بە زۆر دەرپەڕاندنی زەین العابدین بن عەلی سەرۆکی تونس و “حوسنی موبارەک”ی سەرۆکی میسر دەکرێ باس لە قۆناغێکی نوێ بکرێت لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەکرێت بە سەرەتای سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (A New Middle East Order) دابنرێت، هاوشێوەی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین هاتەکایەوە لە ئەوروپا. هاوکات دەکرێت بە سەرەتای شەپۆڵی چوارەمی دیموکراسی لە جیهان ناوببرێت کە لەگەڵیدا هەموو ئەو وڵات و نەتەوانەی جیهان کە تا ئێستا بە دیموکراسی شادنەبوون، شادبن.

دەکرێت گۆڕەپانی تەحریر لە قاهیرە بە بێشکەی سیستەمە نوێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کانگای شەپۆڵی چوارەمی دیموکراسی دابنێین. لێرەدا پرسیارێک خۆی ڕاپێشدەکات، بۆ گۆڕپانی تەحریر بە بێشکە و کانگای ئەم سیستەمە نوێیەو ئەو شەپۆڵە دیموکراسییە دابنرێت لە کاتێکدا تریشقەی گۆڕانکارییەکان لە تونس دەستیپێکرد. لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین سەرەڕای ئەوەی بڵێسەی ئەو ئاگرەی لە جەستەی توڕەی هاوڵاتی محەمەد بوعەزیزی، کە لە تونس خۆی سوتاند و ڕاپەڕینە گەورەکەی تونسی لێکەوتەوە گرنگی خۆی هەیەو دەبێت بە هەند وەربگیرێت، بەڵام سەرهەڵدانەکان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە، لە میسری کینانەوە، کەوتە سەر سکەی خۆی.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک. یەکەم، ئەگەر ڕاپەڕینەکەی میسر سەرکەوتوونەبایە ئەوە ئەگەری قەتیس مانەوەی یان هەڵگەڕانەوەی ڕاپەڕینەکەی تونس لە ئارادابوو. دووەم، سوربوونی خۆپیشاندەرانی میسر لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی موبارەک و بە ئاکام گەیاندنی داواکانیان بە خۆوەدوورگرتن لە بەکارهێنانی هەر شێوازێکی توندوتیژی ئەزمونێکی ڕاپێشکرد کە دەکرێت بکرێت بە پێشینەیەک بۆ دوپاتکردنەوە لە وڵاتان و هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت وڵاتانی دیکەش لە ئەفریقا و ئاسیا، ئەوانەی تا ئێستا سێبەری هیچ شەپۆڵێکی دیموکراسییان نەگەیشتۆتێ.

لەمانەش گرنگتر، ئەگەر ڕاپەڕینەکەی میسر ئاشوب و ئاژاوەی لێبکەوتابایەوە، وەک ئەوەی کە سەرانی ناوچەکە خەونیان پێوەدەبینی، ئەوە دەبووە پێشینەیەکی خراپ و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە وەک نمونەو پێشینەیەکی خراپ بە هاوڵاتیانی خۆیان دەفرۆشتەوە، بگرە دەشیانترساندن لە ئەگەری هەنگاونانێکی هاوشێوە. بەهەمانشێوە، ئەگەر موبارەک لە گرەوەکەی لەگەڵ خۆپیشاندەرەکانی گۆڕەپانی تەحریر بیبردابایەوە، ئەو گرەوەی کە گوایە گەنجە ناڕازییەکانی میسر بێئەزموونن و هەر چەند ڕۆژێکە ماندوو دەبن و گۆڕەپانی خەبات، تەحریر، چۆڵدەکەن، ئەوە دیسان ئەم ئەزموونە دەبوو بە پێشینەیەک بۆ سەرکردە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە کە گرەو لەسەر ماندووبوونی خەڵک بکەن. خۆشبەختانە ئاراستەی ڕوداوەکان بە قازانجی گەلی میسر و گەلانی دیکەی ناوچەکە شکایەوە. ئەمەش هەرئێستاکانە بووەتە هاندەرێکی چاک و گڕوتینێکی باشیشی داوە بە هەموو ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازانی ناوچەکە.

دیارە لێرە پێویست ناکات باس لە گرنگی مەقامی میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت چونکە لای زۆربەمان ئاشکرایە کە بۆ گۆڕانکارییە میژووییەکانی ناوچەکە، وەک ئەوەی کە ئیستاکانێ لە ئارادایە، هیچ وڵاتێک و گەلێک بە قەد میسر لە ناوچەکە گرنگ نیە. بۆیە دەکرێت بگوترێت تازە ئەم گۆڕانکارییانەی کە ڕویدا بەرەودواوە گەڕانەوەی بۆ نیە.

لێرەدا دەکرێت پێلەسەرئەوەدابگرین کە شەپۆڵی چوارەمی دیموکراسی سەریهەڵداو لە دواڕۆژێکی نزیکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە تا یەک وڵاتی نادیموکرسی مابیت لە ناوچەکە ئەم شەپۆڵە نانیشێتەوە. تا یەک گەلی مەحرومکراو هەبێت شەپۆڵەکە پەنگناخواتەوە. تا یەک گەندەڵچی لە ناوچەکەدا مابێت تازە گڕوتینی جەماوەر دانامرکێتەوە. تا یەک سیستەمی کۆماری و مەلەکی پشتاوپشت لەم دەڤەرەدا مابێت ئازادیخوازان گۆڕەپانی شارە سپیەکان جێناهێڵن. تا یەک حیزبی قائد و سەرۆکی نایاب مابن گەنجانی تینوی ئازادی ناچنە ماڵەوە. تا دزە نەقۆڵاکانی هەموو ناوچەکە دەرنەپەڕێندرێن جەماوەی زەحمەتکێش کۆڵنادەن. تا سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو سیستەمەی کە بناغەکەی لە تونس و میسر داڕێژرا، بە تەواوی جێگیر نەبێت ئەوە یەک دیموکراسیخوازی ئەم ناوچەیە شەونخونی ناشکێنێ. ئەمانە چەند ئەگەرێکن دەکرێت گرەویان لەسەر بکرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٠٦ ی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵابۆتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply