Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

عه‌تری ئێواره‌یه‌ك كاسی كردووم

Be First!
by August 18, 2010 ئەدەب

عه‌تری ئێواره‌یه‌ك كاسی كردووم
نوری بێخاڵی

 

“جار جار نه‌وره‌سیش په‌ڕاگه‌نده‌ ده‌بن و له‌ قوڵایی ده‌ریادا ون ده‌بن و ناگه‌نه‌ وشكانی – ماركیز، نۆڤلێتی ده‌ریاوانه‌ خنكاوه‌كه‌”

شه‌ڵاڵم به‌ عه‌تری ئێواره‌
ئه‌و ده‌مانه‌ی سه‌ر ده‌نێمه‌ سه‌ر باسكی ئێواره‌ی ته‌نیایی
خۆم ون ده‌كه‌م
كه‌ شه‌پۆڵی سورباوی ئاوابوون كه‌ناری خه‌یاڵم ته‌ڕ ده‌كا
چیتر خۆم نیم 
كاتێ‌ زه‌رده‌په‌ڕ ده‌ڕژێته‌ چاوانمه‌وه‌
نیگام سواری سه‌فه‌ر ده‌بێ‌
ئێواره‌ چه‌تری نهێنی پیاسه‌كانمه‌ و
له‌ ته‌ڕێتی بارانی له‌عنه‌تی خه‌ڵك داڵده‌م ده‌دات
هه‌تا ئێستاش
نه‌خشی ماچی خۆرنشین به‌سه‌ر هه‌ردوو لێومه‌وه‌یه‌
عه‌تری هه‌نیه‌ی ئێواره‌یه‌ك له‌ جانتاكه‌م به‌ جێماوه‌
ره‌نگی نارنجی ئاوابوون به‌ناو هه‌ردوو ده‌ستمه‌وه‌یه‌
*****
وه‌كو كه‌نارێكی خامۆش له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌ریادا
سوێی شه‌پۆڵه‌كانی ئێواره‌م بوو
بێن و  تینوێتیم ته‌ڕكه‌ن و
سه‌بری (ئه‌یوب)ی چاوه‌ڕوانیم بشۆنه‌وه‌
نه‌مزانی كه‌ به‌ تاو دێن
 شوێن پێی مانه‌وه‌شم له‌ جوگرافیای چاوه‌ڕوانی ده‌سڕنه‌وه‌ !!
*****
ئیتر ته‌واو…
په‌نجه‌كانم له‌ ناو پرچی زه‌رده‌په‌ڕدا شه‌ته‌ك دراون
چاوه‌كانم له‌ نێو ره‌نگی خۆرئاوابووندا، ئاوابوون
رۆحم داوه‌ته‌ ده‌ستی خلۆر بوونه‌وه‌ی هه‌تاو و
هه‌ناسه‌یشم بین به‌ سێبه‌ره‌وه‌ ده‌نێ‌
ئه‌مه‌ نه‌ چاوه‌ڕوانییه‌ و نه‌ ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌
ئیتر ته‌واو…
تازه‌ ته‌واو…
نه‌ هاوخه‌مێ‌ ئه‌دره‌سم ده‌دۆزێته‌وه‌ و
نه‌ كه‌س شك ده‌با لێره‌م و له‌ هه‌ناوی ئێواره‌دا به‌ جێماوم!!
*****
كاتێ‌ عیشق سواری پشتی شێتی ده‌بێ‌
جه‌سته‌ له‌ ته‌ڕبوون ناسڵه‌مێته‌وه‌
به‌و واهیمه‌ كوشندده‌یه‌ی
( عاشق له‌ باران ناترسێ‌ و پێویستی به‌ چه‌تر نییه‌)*
له‌ باوه‌شی نقووم بووندا دوا وه‌سیه‌تی مه‌رگی ناوه‌ختی ده‌نووسێته‌وه‌ وتێده‌گا
ئه‌وه‌ ته‌نها  بریتی نییه‌ له‌ ته‌ڕبوون
ئه‌وه‌ ته‌نها مه‌له‌ی سه‌ر پشتی شه‌پۆڵ و
كۆكردنه‌وه‌ی ورده‌ لمی قه‌راخه‌كانی ئارامی و
روانین نییه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی پێده‌شتی شین
*****
گه‌مه‌یه‌كی چه‌ند ترسناك بوو كه‌ كردم
شه‌ڕێكی چه‌نده‌ دژوار بوو
قه‌ڵغانێكیشم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌برد بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌!!
من وامزانی قه‌یرێ‌ ده‌ست له‌ ملی یه‌ك ده‌كه‌ین و
به‌تاڵ ده‌بین له‌ تامه‌زرۆیی دیدار
خاڵی ده‌بینه‌وه‌ له‌ مه‌راقی به‌یه‌كه‌وه‌ بوون!!
كه‌چی ئێستێ‌ منی دیل و ئه‌وی ژه‌نه‌ڕاڵی زیندان
له‌ به‌ر قاپی دادی عیشقیدا تاوانبارێكم بێ‌ گوناه
تۆمه‌تبارێكم به‌ گومان
خۆمم به‌ هه‌موو بوونمه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مانه‌ت دایه‌ ده‌ستی
ئێستاش به‌ربینگی گرتووم و
تازه‌ نام داته‌وه‌ به‌ خۆم!! 
*****
چ فاڵچییه‌كه‌ ئێواره‌!!
چه‌ند جادوبازه‌ نسێی ئاوابوون
رایانهێنام
به‌سه‌ر پشتی هیلاكی رۆژ شۆڕ ببمه‌وه‌ و
خۆم بسپێرمه‌وه‌ به‌ سێبه‌ر
تا ئه‌وه‌ی پڕبم له‌ حه‌سره‌تی ده‌سته‌ملانێ‌ و
به‌رپه‌نجه‌ره‌ی هه‌تاو بگرم
ده‌ست بنێمه‌ بینی رۆژ و
ئێوارانم نه‌داته‌وه‌ ده‌ستی ده‌یجوری شه‌وه‌زه‌نگ!!
*****
تازه‌ ته‌واو…
كه‌ نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ‌
كه‌ نه‌توانم ببمه‌وه‌ به‌ تینووه‌ سه‌وداسه‌ره‌كه‌ی ماچی سێبه‌ر
كه‌ خۆرم له‌خۆم تۆراندبێ‌ و
روخسه‌تی خواحافیزیم له‌ گزنگی سپێدان وه‌رنه‌گرتبێ‌
ده‌بێ‌ رابێم
ده‌بێ‌ تا ئه‌وپه‌ڕی ئومێد خۆم شه‌ڵاڵ كه‌م له‌ ره‌نگی نارنجی سورباو
ئیتر ته‌واو…
من گه‌ره‌كمه‌ ئاوابوون له‌ شه‌و بستێنم
تا چیتر لێمی ون نه‌كا
*****
لێم مه‌گره‌ ئێواره‌ی هاوده‌م
ته‌نیایی ده‌منووسێته‌وه‌
غوربه‌ت له‌ ناوه‌وه‌مدا قوڵپ ده‌دا
تازه‌ ناتوانم ته‌نیاییم قه‌ره‌باڵغ بكه‌مه‌وه‌
تازه‌ فریای خۆ كۆكردنه‌وه‌ ناكه‌وم
رێی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵه‌د نیم
چیدی له‌وێ‌ نیم و نابم
من هاتووم له‌تۆدا بڕژێم
تۆش له‌ خۆتمدا نقووم كه‌!!

 

 

Previous
Next

Leave a Reply