Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
عومەر جەلال….رێگاكانى دابەش بوونم

عومەر جەلال….رێگاكانى دابەش بوونم

Closed
by September 14, 2008 ئەدەب

 ….رێگاكانى دابەش بوونم
  عومەر جەلال
 
 بەسەر هەور دابەش دەبم
 بەشێكم لەتەك باراندا چەترەكەت دەشواتەوە
 بەشێكى دیكەم ئاوێتەى تریفەى مانگ دەبێت
 هەتا ون نەبیت لەچاوم
 بە سەر گۆرانییەكدا دابەش دەبم
 بەشێكم وەك (با) هێرش دێنن بۆ تەنیاییت
 بەشێكى دیكەم دەبێتە خۆر و شانەى پرچت دەكات
 بەسەر دەریادا دابەش دەبم
 بەشێكم دەبێتە ئاو لە روخسارت دەڕوانێت
 ئەو بەشەى دیكەم وەك ئاوێنە
 تەنیا و تەنیا چاوەكانت نیشان دەدات
 بەشێكم لە شیعرێكدا دەنێرم بۆت
 بەشەكەى دیم وەك منداڵ
 كۆڵان كۆڵان بۆت دەگەڕێت
 دابەش دەبم وەك پەنجەرە
 بەشێكم بۆ رامان لە تۆ
 بەشەكەى دیم وەك فرمێسك
 هەمیشە چاوەروانت دەبێت
 دابەش دەبم وەكو خاك
 بەشێكم بۆ كتێبخانە دەبەخشم
 بەشەكەى دیم بۆ خوێندنەوەى چاوەكانت
 دابەش دەبم
 بەشێكم لەم ژیانە ون دەبێت
 بەشەكى دیكەم بەمردووى جێم دەهێڵێت
 دابەش دەبم وەك و سێوێك
 لە تێكم تەنیا تۆ دەیخۆیت
 لەتەكەى تریشم خۆم دەیخۆم
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.