Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

غیابی ویژدان …. نوری حەمەئەمین

Be First!
by February 25, 2011 گشتی

 

نیکۆس کاتزانزاکی لە کتێبی براکوژیدا لە سەر زاری باوەیانارۆس کە ڕۆڵی ئاشتی و دەیالۆگ دەبینێت دەڵێت : لە ژێر کڵاوی مەرگی ئەو کڵاوە سور وسپیانەی کە بەرهەڵستی یەکتر دەکەن ناسنامەی هاوڵاتیەک هەیە.
ئیتر بەسەو با هەموو لایەک بە ڕۆحێکی ڕاستەقینەو دور لە هەلپەرەستی و قسەی سواوی بێ بنەما، عەقڵەتێکی جەدەلی بەکار ببرێت و بکرێت بە هێڵی پەیوەندیەکی ژیرانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاوی ئەو گرژیو ناسۆریانەی کە عومرێکە لە گەڵماندا دەژی و ڕیشەیەکی مێژووی لە کەلتوری سیاسەتماندا داکوتاوە، ئەمە لە کاتێکدا لە سەروەختی سەرهەڵدانیەوە تا ئێستاش جگە لە نەهامەتی هیچی سەوز نەکردوە. زۆر گرنگە بۆ هەموو لایەک لە هەڵشاخانەوە بگەڕێنەوەو لە سەر کورسی ویژدان دانیشنو ئاڵوگۆڕی تێگەیشتن لە سەر نەخشەی عەقڵ بکەن. من باوەڕم وایە لە کاتێکدا تێگەیشتن چەمکێکە بە بی مرۆڤ بوونی نیە هەرگیز ناکرێت وای لەیەکبدەینەوە کە دەست پێگەشتنیشی دژوار دەبێت.
ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە پشت ئەو ڕەوشەی هەرێمەکەمانی دوچار بەو گەندەڵی وکارەسات و قەیرانانە کردوەتەوە، بە تەنها تەماح و چاوچنۆکی نین، بەڵکو غیابی ویژدانێکیشە لە ناوەڕۆکدا پوکاوەتەوەو هێندە هێزی تیانەماوە پەیوەندیەکی هارمۆنی لەگەڵ عەقڵدا دروست بکات، تا بەرئەنجامێکی لۆجیکی هەبێت.
لۆجیکیش بەشێکی دانەبڕاوە لە گوتارێک کە پێی وایە هەڵەیەکی گەورەیە پێمانوابێت سیاسەت ئەسپێکی کێوی یاخیەو ئەوەی گرتی مافی خۆیەتی بۆ هەمیشە ببێت بە خاوەنی و ئیتر کەس مافی ئەوەی نیە هەر بۆ سوعبەتیش ئاوزەنگی پێوە بژەنێ. ئێمە دەزانین (سیاسەت لە باشترین پراکسیسدا ئەرک و  هونەری بەڕێوەبردنە)، کەچی هێشتا بەو دیدە تەسکە ڕۆژهەڵاتیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە پێی وایە شوان و مەڕو ماڵاتە، ئەمە نەک هەر پێدوایەکی بەسەر چووەو چیتر لە ئێستادا وەک سیستەمێکی هاوچەرخ کاری پێناکرێت، بەڵکو ئەو لەمپەرەش دروست دەکات کە دواتر هەڕۆژانی قوربانیەکی زۆری دەوێت. کارەساتە کەسێک دێتە نێو فەزای سیاسیەوە، بێ خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ نێو ئەو گۆڕانکاریە جەوهەریانەی کە بەسەر خەڵک و خودی چەمکی سیاسەتدا هاتوە، بێ لێکدانەوەیەکی مەعریفیانە بۆ نێو مێژووی ئەو دیاردانەی کە دوابەدوای شۆڕشی رینیسانس و مۆدێرنە دێنە ئاراوە. کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، کەوا سیاسەت لە بەرگێکی نوێدا مانایەکی ئێکسپایەر دەپۆشێو حوکم دەکات بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێت ئەو حەقیقەتەی ئەوی لە سەر بەندە سەردەمێکە کتێبێکی داخراوی بێ کەڵکە. پێویستە دەسەڵاتداران لەوە تێبگەن سیاسەت ئەسپێکی ئازادەو کەس تا سەر خاوەنی شەرعی نیە ئەوە کۆمەڵانی خەڵکن بێ جیاوازی خاوەنین و بۆ ئەوەی سەربکەویت و لێیخوڕیت دەبێت زۆر بە لێهاتویەوە ئاراستەی بکەیت و بە لێبوردەیەوە چاودێری بکرێت و بە هیچ شێوەیەک نەڕەتێنرێت.
لێرەدا زۆر بە گرنگی دەزانم ئەو زەنگە لە پەناگوێی سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردوستاندا بژەنم بۆ ئەوەی لەو خەوە قورسە ڕابن. من ناڵێم لافاوی شەونمە یەکگرتوەکانی بەشێک لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵات ببینن، چونکە ئەمە قسەیەکی نوێ نیە، بەڵکو هیچ نەبێ ڕابن و دراوی کۆنی عەقڵیان لە بازاڕی سەردەمدا وورد بکەنەوە، ئەڵبەتە پێم خۆشە ئەوەتان پێ بڵێم پێویست ناکات توشی شۆک و هەڵچون و هیچ هیستریایەک بن، پێویست ناکات خەنجەر و شمشێرە ژەنگاویەکانتان بەرز بکەنەوە و دراوی عەقڵیەتی سیاسیتان ساغ بکەنەوە، ئێوە واتوانیتان چەند کولێرەیەکی ترتان لە تەنوری نیشتمان دزی، یان توانیتان شمشێرتان خستە گەردنی شارێک و بە زۆر لە خۆتان مارە کرد، من دەزانم دواجار گەرمی شمشێر خۆیەتی بەیانی مەرگی خۆی دەکات، من دەزانم گەرمی شمشێرە شەونمی مەچەکەکان بەردەداتە نێو دۆڵی ئایدیای سادەی گەنجەکانی نیشتمانەوەو لافاوی مەرگی شمشێر دادێنێت. من پێت دەڵێم ئەی شمشێر بگەڕێرەوە نێو زەخرەفەی کێلونەکەت و بڕۆ تا ڕۆژی قیامەت لە (میوزیەم)ێکدا شان دادە، بڕۆو سەر زمانی تیژت بە سەر چوەو دادت نادات، چیتر درەنگەو کۆڵ بدە، یان بگەڕێوە نێو کێلون و خۆت بدە بە دەست ئاسنگەرێکی دادوەر و بوێرانە ویژدانی خۆت لە نێو قوڵایی ئەو خوێنە دەر بهێنە کە ڕشتنت. لێگەڕێ با ئاسنگەرێکی دادوەر بتکات بە دراوی دزراوی ئەو خێزانەی، ها کاتێک مێردەکەیانت سەربڕی و ماڵەکەیانت تاڵان کرد. تۆ ئەزانیت بەو هەموو شانووشکۆتەوە ئاسودە نیت، تۆ دەزانیت پێچەوانەکەی ئاسودەگی بێزاریەو، ئاسودەگیش یەکسانە بە ویژدان، ئاه چەند جوانە ساتەوەختێک مرۆڤێکی تاوانبار کۆڵێک لە تاوانەکانی بەسەر شانەوەیەو دەچێتە بەر دەرگای دادگایەکی بێگەردو دەڵێ جەنابی دادوەر هەڵمژەنە لە داد. ئەزانن ئێوە هەرچەندە لە حەق دور بکەونەوە لە دادگا نزیک دەکەونەوە، چەندەش لە دادگا نزیک بکەونەوە لە سزا نزیکتر.
 سزاش چەمکێکی فرە واتایە کە ئەگەر لەو ڕەهەندەوە تێبینی بکەین کە پاش ئیرادەی تەسلیم بوون و دانپیانان بەرقەرار دەکرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە دەڵێم سەرەڕای قورسی ئەو بڕیارە بڕێک ئاسودەیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وە ئەگەر بە پێچەوانەوە دور لە ئیرادەی تەسلیم بوون تەسلیم بکرێت، ئەم جۆرەیان دەکرێت ناو بنرێت بە شێوازی (سەدامیانە) ئەویش ئەوە بوو وێڕای ئەو شێوازە ناشرینەی دەستگیر کردنی، تا دوا نەفەسی وای نیشان نەدەدا کە لە بەردەم دادگادایە، بۆیە ئەم شێوازە خاڵیە لەو بڕە ئاسودەییەی کە تاوانبارەکان وەک لەزەت لە سزا لە دواجاردا پێی دەگەن.

١٩/٢/٢٠١١

Previous
Next

Leave a Reply